CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 124 میوان

مژدێن: ئه‌گه‌ر به‌حه‌زكردن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێك رازی نه‌بیت هاوكاريت ناكه‌ن

زۆرن ئه‌وانه‌ی كاتێك باسی كاری هونه‌ریم له‌گه‌ڵ كردوون به‌ر له‌كاره‌كه‌ باسی حه‌زوخۆشویستن ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر پێویست بكا ناوه‌كانم به‌ ئێوه‌ داوه‌ هه‌موویان بڵاو ده‌كه‌مه‌وه

به‌رله‌وه‌ی خۆشه‌ویستیم له‌گه‌ڵ كه‌سێك بگاته‌ عه‌شق‌ غیره‌ی ئه‌و‌ كۆتایی پێهێنا

ئه‌و كه‌سه‌ی توانای ره‌خنه‌ی له‌خۆی هه‌بێت رۆشنبیره‌و ئه‌توانێت گه‌ر هونه‌رمه‌ندیش نه‌بێت ببێته‌ هونه‌رمه‌ند

زو توره‌ ئه‌بم ئه‌گه‌ر بزانم كه‌سێك نوكته‌و پێكه‌نین ئه‌كات له‌كاتی میوزیك ناتوانم یه‌ك تۆن بڵێم

چیمانداوه‌ له‌ خانمانی دنیا ئه‌وان كه‌ خۆیان جوان ئه‌گۆرن میوزیكیش هاوشانی ده‌نگیانه‌، جارێ با تیماری هونه‌ره‌كه‌مان بكه‌ین به‌رگی جوانیشت بۆ ئه‌پۆشم  بینه‌ری خۆشه‌ویست

رزگار ره‌زا چوچانی/ سوید

مژدێن هونه‌مه‌ندێكی ده‌نگ خۆشی كورده‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژی ئێستا خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌مێكی هونه‌رییه‌و چاوه‌ڕێی به‌رهه‌مهێنانی چه‌ند به‌رهه‌مێكی تره‌ به‌ڵام وه‌ك خۆی وتی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ئێستا لای هونه‌رمه‌ندێكه‌ و له‌كاتێكدا كه‌ بریار بوو كار بۆ ته‌واوكردنی‌ بكات سه‌رقاڵی كاره‌ هونه‌ریه‌كانی خۆیه‌تی و كاره‌كانی ئه‌وی پشتگوێ خستووه‌ وتیشی " گۆرانیه‌كی ترم تۆماركردوه‌ ئیشی هو‌نه‌رمه‌ند بڵند عه‌بدوڵایه‌ له‌ میوزیكی زۆر رازیم ستیلێكی جیاوازه‌ له‌ كاری یه‌كه‌مم هه‌روه‌ها میوزیك بۆ گۆرانیه‌كی ترم ئاماده‌یه‌ كه‌ میلودی مژدین و میوزیكی كاك گۆران كامیله‌, هه‌روه‌ها دوو گۆرانی تریش یه‌كیان كاری هونه‌رمه‌ند موكریان ئه‌بوبكر "چه‌لۆیه"‌ له‌ توركیا میوزیكی بۆ تۆماركراوه‌ و ئه‌وی تر ئیشی هونه‌رمه‌ند زانا جه‌به‌لیه‌  كه‌ له‌ داهاتوو بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه‌".

به‌ڵام له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی كاركردنی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ باسی كرد ئه‌وه‌ی خسته‌ روو كه‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ كارو هاوكاریه‌كانیان بۆ كاری هونه‌ری ژنه‌ هونه‌رمه‌ندێك به‌ر له‌كاركردن باسی په‌یوه‌ندی و خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌وه‌ رازی نه‌بێت كاره‌كه‌ی راناپه‌ڕینن" من له‌ هونه‌ر دانه‌بڕاوم و هێشتا تۆبه‌م نه‌كردووه‌ به‌ڵام وابڕوات ئه‌بیت پاشگه‌زبم هونه‌ر‌مه‌ندان ئه‌وانه‌ی كاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م ته‌نها له‌باسی خۆشه‌ویستی و حه‌ز ئاسانكارن نه‌ك بۆ كاری هونه‌ری  ئه‌وه‌ش بۆ خانمانی هونه‌ركار زه‌حمه‌ته‌ كه‌ بۆكار بچێته‌ پێش و به‌رله‌كاره‌كه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ باسی حه‌زو خۆشویستنی له‌گه‌ڵ بكرێت بۆیه‌ ئه‌ڵێم ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رپرس ئاگاداری هونه‌ر نه‌بن و چه‌ند كه‌سێكی شیاو بۆ كاره‌كان ده‌ست نیشان نه‌كه‌ن هیچ هونه‌رمه‌ندێك رازی نابێت كار بكات وه‌ك چۆن رازی نیم من به‌م شێوه‌یه‌ هونه‌ر بكه‌م هه‌ر بۆیه‌ دواش كه‌وتوم له‌كاره‌كانم به‌راستی كار ئاوا ناكرێت من خۆم مه‌سره‌فی كاریشم بكه‌م به‌ڵام كاره‌كانم دوا ئه‌خه‌ن ئه‌گه‌ر به‌حه‌زكردن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێكیان رازی نه‌بیت یان خۆشه‌ویستی یه‌كیانت قبوڵ نه‌بێت كاره‌كان نابه‌ن به‌رێوه‌ و هاوكاريت ناكه‌ن ئه‌مه‌ش واده‌كات ئه‌و خانمه‌ی بیه‌وێت خۆی و كه‌سێتی بپارێزێت له‌كاره‌كانی دوابكه‌وێت، من ئه‌خلاق و ئاكاری جوان هاوكاری به‌كاری هونه‌رمه‌ند ده‌بینم، ده‌بوو ئه‌م جۆره‌ ته‌سه‌روفه‌م نه‌بینیایه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بینیم له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ باسی كارو هاوكاری هونه‌ریم له‌گه‌ڵ كردوون به‌ر له‌كاره‌كه‌ باسی حه‌زو و خۆش ویستن و په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌مه‌ رازی ببیت ئه‌وه‌ كاره‌كانت بۆ ئاسان ده‌كه‌ن و ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن ئه‌گه‌ر رازیش نه‌بیت ئه‌وه‌ كاره‌كان دوا ده‌خه‌ن و ئه‌نجامی ناده‌ن زۆرن ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌و شێوه‌ ته‌عامولیان كردووه‌ و كاتێك باسی كاری هونه‌ریم له‌گه‌ڵ كردوون به‌ر له‌كاره‌كه‌ باسی حه‌زوخۆشویستن ده‌كه‌ن خۆ ئه‌گه‌ر پێویست بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی ناوه‌كانم به‌ ئێوه‌ داوه‌ ناوی هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ بڵاو ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ به‌م شێوه‌ ویستویانه‌ كار بكه‌ن بۆ من له‌بواری هونه‌ر به‌ڵام جارێ نامه‌وێت ناوه‌كانیان بڵاو بكرێته‌وه‌".

مژدێن ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ ‌ كه‌ عاشقه‌ به‌ڵام عه‌شقی میوزیكه‌ و گۆرانی وتنیش خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌‌‌ وه‌ك ده‌ڵێت تۆنی میوزیك هه‌ستی ئه‌جوڵنێت هێنده‌ی كه‌سێك كه‌ عه‌شقی ئه‌بێت، له‌باره‌ی عه‌شقی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ بۆ سڤیل ئاشكرای كرد كه‌ خۆشه‌ویستی هه‌بووه‌ به‌ڵام به‌هۆی غیره‌ی به‌رانبه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌رله‌وه‌ی بگاته‌ عاشق بون وازی هێناوه‌ و وتی" لای كورو كچی ئێمه‌ هونه‌رمه‌ند‌ به‌ قه‌دره‌ هه‌تا ده‌ستیان پێی ئه‌گا پێیان خۆشه‌ هه‌ر به‌ئاسمانه‌وه‌ ئه‌م ئه‌ستێره‌ ببینێت كه‌ پێی گه‌شت ده‌رگای خۆشه‌ویستی لێ داده‌خات له‌ غیره‌یا بێگومان غیره‌ كه‌مێك نیشانه‌ی خۆشه‌ویستیه‌ به‌ڵام من ئه‌ڵێم غیره‌ زۆر بۆ مرۆڤ ناخۆشه‌ ئه‌بێت ئاگادار بین. كه‌س نازانێت كه‌ هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك عاشق نیه‌ به‌ڵام ئیشی بێ هه‌ست نیه‌ هه‌موو ئیشێكی هونه‌ری پر له‌ هه‌سته‌ راسته‌ هه‌ندێكیان كه‌متر به‌ هه‌ست كار ده‌كه‌ن، من تا راده‌یه‌كی زۆر باوه‌رم به‌ عه‌شق هه‌یه‌ و پێش ئێستاش من له‌ خۆشه‌ویستیابووم به‌ڵام خۆشه‌ویستم نه‌یهێشت خۆشه‌ویستسه‌كه‌مان بگاته‌ عه‌شق  چونكه‌ وه‌ك باسم كرد غیره‌ هه‌ندێ كات هه‌یه‌ و هه‌موو كاتیش پۆزه‌تیف نیه‌ به‌ڵكو كوشنده‌یه‌ وه‌ك له‌ ڤیدیو كلیپه‌كه‌شم‌ هۆشیاری به‌ گه‌نجان  و  به‌ ته‌مه‌نه‌كان ئه‌ده‌م كه‌ كۆتایی غیره‌ كردنی زۆر جیابونه‌وه‌ و دوركه‌وتنه‌وه‌یه‌  له‌ خۆشه‌ویستی  نێوانیان، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی منیش به‌رله‌وه‌ی خۆشه‌ویستیم له‌گه‌ڵ كه‌سێك بگاته‌ عه‌شق‌ غیره‌ی ئه‌و‌ كۆتایی پێهێنا به‌ڵام هونه‌ر لای من مانای عه‌شقی مژدێن ئه‌گه‌یه‌نێت په‌یامم هه‌ر عاشقانه‌یه‌و‌ عاشقانه‌ش ئه‌دوێم به‌هیوای ئه‌وه‌م كه‌سێكی عاشقیش ببینمه‌وه‌ له‌ژیانم ".

ئه‌و ژنه‌ هونه‌رمه‌نده‌ له‌ چۆنیه‌تی دروستبونی به‌رهه‌می هونه‌ری وتی هونه‌ركردن خۆراك دروست كردن نیه‌ مه‌جبور بیت هه‌رچیه‌ك بێت بیڵێیت و گوێی لێ بگری هونه‌ر هه‌ست, عه‌شق, مرۆڤایه‌تیه‌, ئه‌بێت پاش بیركردنه‌وه‌یه‌كی رۆشنبیرانه‌ كاره‌كانت ئه‌نجام بده‌ی به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌ له‌كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر ئه‌گۆڕێت چونكه‌ هه‌ندێ كه‌س كه‌ دێنه‌ دنیای هونه‌ر ته‌نها بۆ ناوبانگه‌ و به‌س, بۆیه‌ من ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ هونه‌رمه‌ند نازانم چه‌ند مودێلێك ئه‌كه‌ن زووش كۆتای به‌هونه‌ره‌كه‌یان دێت.

له‌باری پرۆفیشناڵ بونی هونه‌رمه‌نده‌وه‌ مژدێن پێی وابوو كه‌ هونه‌رمه‌ندبون واتای پرۆفیشناڵییه‌ "به‌ڵام هونه‌رمه‌ندانی ئێمه‌ ئیشی سه‌ره‌كیان هونه‌ر نیه‌ و ناتوانن ببینه‌ گۆرانی بێژی پرۆفیشناڵ ئه‌گه‌ر وا بروا. بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ی گرفتی منه‌ ئه‌وه‌یه‌ نه‌ شوێن هه‌یه‌ بۆ پرۆڤه‌ی ده‌نگ نه‌ كونسرێت هه‌یه‌ ده‌نگی تیا بڵیین نه هاوكاری به‌رهه‌مهینان و نه‌‌هیچی تر به‌ڵام چه‌ند كه‌سێك به‌ختیان تاقی كردوه‌ته‌وه‌ و وه‌ك یانسیب بۆیان ده‌رچوه‌  پاره‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ و هونه‌ریش نازانن. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ نا ئه‌وانه‌ی حكومه‌ت هاوكاری كردوون هه‌موویان هونه‌ر نازانن به‌ڵكو هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ باشیان تیایه‌ به‌ڵام زۆریان هونه‌ری كوردیشیان كوشتووه‌". ‌

له‌باری ره‌خنه‌و ره‌خنه‌ له‌خۆ گرتنیش مژدێن ده‌ڵێت "ئه‌و كه‌سه‌ی توانای ره‌خنه‌ی له‌خۆی هه‌بێت رۆشنبیره‌و ئه‌توانێت گه‌ر هونه‌رمه‌ندیش نه‌بێت ببێته‌ هونه‌رمه‌ند زۆر جار ره‌خنه‌م له‌ كه‌سایتی خۆم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر به‌سۆزم زوو ئه‌گریم له‌ كاتی گۆرانی وتن ئه‌ویش باش نیه‌ بۆ ده‌نگ هه‌تا نه‌ڵێن خاسیه‌تی باشی خۆی باس كردوه‌ نیگه‌تیفیش ئه‌ڵێم كه‌ ئه‌وه‌یه‌ زو توره‌ ئه‌بم ئه‌گه‌ر بزانم كه‌سێك نوكته‌و پێكه‌نین ئه‌كات له‌كاتی میوزیك ناتوانم یه‌ك تۆن بڵێم چونكه‌ سه‌خته‌ بچمه‌ ئیحساسی گۆرانیه‌كه‌وه‌ كه‌ به‌وه‌ش توره‌بوم  كاره‌ جێ ده‌هێڵم و ئه‌رۆم".

وه‌ك تێڕوانینی خۆیشی بۆ ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ی كه‌ له‌كلیپه‌كانی ژنانی هونه‌رمه‌ندی كورد به‌به‌راورد به‌ جلوبه‌رگی هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌كانی تر مژدێن وتی"به‌رگی مرۆڤ ته‌نها ئه‌و چه‌ند ره‌نگه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌یان بینی به‌ڵكو كه‌سایه‌تی ته‌واوی هونه‌رمه‌ند یاخود مرۆڤ نیشان ئه‌دات، له‌لای ئێمه‌ هه‌موو به‌رگێكی رووت یان نیوه‌ روت عه‌یبه‌ ته‌نانه‌ت وتم نیوه‌ روتیش ئیتر چۆن به‌راورد ئه‌كرێ به‌ وڵاتانی تر كه‌ چه‌ندێك له‌ پێش ئێمه‌وه‌ن هیچ نه‌بێت ئه‌وان كۆمپانیایان هه‌یه‌ میوزیكیان گوێ بگره‌ چه‌ند پێشكه‌وتون، ئه‌وه‌ی من ده‌رباره‌ی جلوبه‌رگ بیڵێم، بۆ خۆم ئه‌وه‌ی پێم چوانه‌ له‌گه‌ڵ له‌شی خۆم ئه‌یپۆشم به‌ كه‌مێك ره‌چاوی ئه‌م كه‌لتوره‌ دواكه‌وتوو كۆنه‌ی خۆمان كه‌ هه‌ر چه‌ند كچان خۆیان جوان ئه‌گۆرن هه‌ر دواكه‌وتون وه‌ك كه‌لتور هه‌ر ئه‌ڵێن عه‌یبه‌ و عه‌یبه‌. رای شه‌خسی مژدین ئه‌ڵێ سه‌رنج راكێشبه‌ ئه‌وه‌ش نه‌وه‌ك ته‌نها روتی و نارێك كه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌نده‌كه‌ و روشانی رۆشنبیری و كه‌سایه‌تی خۆی. من له‌باری قبوڵكردنه‌وه‌ له‌ گۆمه‌ڵگه‌ جیاوازی ده‌بینم له‌كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان و كۆمه‌ڵگه‌كانی تر بۆیه‌ ده‌ڵێم ‌ چیمانداوه‌ له‌ خانمانی دنیا ئه‌وان كه‌ خۆیان جوان ئه‌گۆرن میوزیكیش هاوشانی ده‌نگیانه‌، من باسی هونه‌رمه‌ند ئه‌كه‌م ئێمه‌ جارێ با تیماری هونه‌ره‌كه‌مان بكه‌ین به‌رگی جوانیشت بۆ ئه‌پۆشم  بینه‌ری خۆشه‌ویست".

هونه‌رمه‌ند مژدێن ئه‌وه‌شی وت كه‌ ئیمه‌یلی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م دیمانه‌یه‌ دابنرێت تا وه‌ڵامی ره‌خنه‌و راكانی هه‌ركه‌س بداته‌وه‌ كه‌ هه‌ركه‌س رایه‌كی هه‌بوو ده‌توانێ بۆ ئه‌م ئیمه‌یله‌ی موژدێن خانی بنێرن ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

تێبینی/ به‌هۆی هه‌ندێك گرفت و كاری تایبه‌ت ئه‌م دیمانه‌یه‌ی هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست مژدێن خانم زۆر له‌كاتی خۆی دواكه‌وت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ بۆیه‌ داوای لێبوردن له‌و هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویسته‌ ده‌كه‌م و سوپاسی ده‌كه‌م كه‌ وێڕای ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ی دواكه‌وتنمان ره‌خنه‌ی نه‌كردین

 

رزگار ره‌زا چوچانی/ سوید

www.nwche.net