CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 42 میوان

دەشتی کەڵھوری: "ئەوەی مەقام نەزانێت ھونەرمەند نیە"

سڤیل: دەشتی عەلی : ھونەرمەندی دەنگخۆشی لاو (دەشتی کەڵھوری) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سڤیل باس لە کارە ھونەریەکانی دەکات و ئاماژەش بەودەکات کە ھەر ھونەرمەندێک مەقام نەزانێت، ھونەرمەند نیە.

دەشتی کەڵھوری لەشاری کەرکوک لەدایکبووە، بەوتەی خۆی دوای ئەوەی بنەماڵەکەیان لە خانەقینەوە ئاوارەی کەرکوک دەبن، لەو شارەدا دێتە دونیاوە، پاشان لە تەمەنی ٤ ساڵیەوە ماڵیان دەگوازنەوە بۆ ئەو قەزایەی کە بەوتەی خۆی تیایدا فێری کوردپەروەری و مەقامە رەسەنەکانی کوردی کردووە ئەویش قەزای کەلارە، قۆناغی ئامادەیی لەو شارۆچکەیەدا تەواوکردووەء ئێستاش بۆ ماوەی ١٣ ساڵە لەوڵاتی ئەڵمانیادا ژیان بەسەردەبات.  
سڤیل: چۆن دەستتکرد بە گۆرانی وتن، ئایا پێت وانیە درەنگ بوو ؟
دەشتی کەڵھوری: دەمێکە خۆم ئامادە دەکەم، نەمویست بەبێئاگا کاری ھونەری ئەنجام بدەم یەکەمجار ھەوڵمدا فێری مەقامبم، چونکە بەراستی ھەر ھونەرمەندێک نەتوانێت مەقام بڵێت پێم وایە ھونەرمەند نیە، سوپاس بۆ خوا کە گەرمیانیم، چونکە ئەو ناوچەیە پڕە لە مەقامی کوردی رەسەن وەکو قەتارء مەقامی خورشیدی، دووەمجار  ھەوڵمدا فێری ئامێری عودء تاربم، بۆیە پێموانیە درەنگ بێت گرنگ ئەوەیە بتوانی کاری باش بکەیت.
سڤیل: یەکەم گۆرانیت کە بەناوی "دڵم ئەمشەو" بوو بۆ تەنھا لەسەر پێگە ئەلیکترۆنیەکانی ئینتەرنێت بڵاوکردەوە؟
دەشتی کەڵھوری: ئەو گۆرانیە ئاوازی فارسی بوو ھۆنراوەی خۆمبوو، وەک تێستێک بوو حەزمکرد بزانم رای گشتی چۆنە، سوپاس بۆ خوا تێستێکی باش بوو خەڵکی پێشوازیەکی باشیان لێکرد.
سڤیل: ئەگەر لەو تێستە وەکو خۆت دەڵێیت، جەماوەر پێشوازییان لێنەکردایە تۆ بەردەوام دەبویت لە گۆرانی وتن؟
دەشتی کەڵھوری: بەپێچەوانەوە ھەوڵمدەدا کاری باشتر بکەمء کێشەکە بدۆزمەوە، کە ئایا ئەو کێشەیە لە دەنگە یان لە ئاواز یاخود لە ستایلی چڕینە.
سڤیل: لەماوەی پێشودا لەگەڵ ئۆرکێسترای ھۆڵەندایە دەرکەوتی تائێستا چەند کاری ھونەریت ئەنجامداوە لەگەڵیاندا؟مەبەست لەم کارە چیە؟
دەشتی کەڵھوری: ئەوە کارێکی زۆر گەورەیەء بەراستی ئاسان نیە لەگەڵ ئۆرکێسترایەکی زەبەلاح کاربکات، من بۆ دوو ساڵە بەشداری دەکەم، ساڵی یەکەم بە دوو گۆرانی شەوی بەراتء گۆرانیەک لەگەڵ ھونەرمەند ناسری رەزازیء پەیمان عومەر، ساڵی دووەم بە چوار گۆرانی بەشداریمکرد، مەبەست لەم کارە ناساندنی ھونەری کلاسیکی کوردیە بە رۆژئاوا، چونکە کاتی ئەوەھاتووە کە ناسنامەی خۆمان لە ھەموو بوارەکان بە دونیا بناسێنین.
سڤیل: بیرۆکەی ئەم کارە چۆن سەریھەڵدا، تاچەند موزیکسانء جەماوەری ئامادەبوو مۆزیکی کوردیان بەلاوە پەسەندبوو؟
دەشتی کەڵھوری: مامۆستا نامدار قەرەداغی ھەستا بە ئامادەکردنی ئەم کارە، ئەوەی کە زۆر جێگەی پرسیار بوو لەلای ھۆڵەندیەکان بە تایبەت مۆزیکژەنەکان، ئەو تەکنیکانە بوو کە من بەکارمھێنا لە گەروما، چونکە ئەو تەکنیکە لە مۆزیکی ئەوروپیدا نیەء مۆڵکی گۆرانیء ھونەری کوردیە.
سڤیل: لە کلیپی گۆرانی (دولبەرامن) زیاتر ناوبانگت پەیداکرد، پێتوانیە کلیپ رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە ناساندنی ھونەرمەنددا؟
دەشتی کەڵھوری: بەراستی کلیپ زۆر گرنگە بۆ ھونەرمەند، پێموایە گۆرانی وەکو شیعرێک وایە لە کتێبیکدابێت، ئەگەر کەسێک نەیخوێنێتەوە تۆزی لێدەنیشێت، ئەگەر گۆرانیش نەکرێت بە کلیپ لەم رۆژەدا بەئاسانی بەھونەردۆستان ناگات.
سڤیل: لەزۆربەی گۆرانیەکانتدا مەقام ئەڵێی ھۆکارەکەی چیە؟
دەشتی کەڵھوری: حەزئەکەم ناسنامەی ھونەری کوردی بە ھونەردۆستان ئاشنابکەم، ئێمە خاوەنی زۆربەی مەقامەکانین کە بەداخەوە ئەمرۆ ئێرانء تورکیاء عەرەب بوو بە خاوەنی، زۆربەی ناوی مەقامەکان کوردین بۆ نمونە (سێ گا، چوارگا).مەقام وتن ئاستی ھونەرمەندء تۆنی دەنگی پیشاندەدات، پێموایە ھەموو ھونەرمەندێک پێش ئەوەی دەست بکات بە گۆرانی وتن ئەبێت مەقام فێربێت.
سڤیل: بەچەند زاراوە گۆرانیت وتووە؟
دەشتی کەڵھوری: لە سیدی (دەبا بەسبێت) کە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکرایەوە، بە زاراوەکانی (سۆرانی، بادینی، کەڵھوری) گۆرانیم وتوە.
سڤیل: پەیوەندیت لەگەڵ ھونەرمەنداندا چۆنە؟ زیاتر گوێ لەچ ھونەرمەندێک ئەگریت؟
دەشتی کەڵھوری: رێزء خۆشەویستیم بۆ ھەموو ھونەرمەندان ھەیەء پەیوەندیەکی زۆر باشم ھەیە لەەگەڵیان، بەردەوام گوێ لە مامۆستا ھەمیشە زیندوو عەلی مەردانء حەسەن زیرەکء سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی ئەگرم.
سڤیل: لەچەند چاوپێکەوتنێکدا باست لەوەکردووە کە ئێستا خۆنیشان دەدرێت لەباتی ئەوەی ھونەر نیشان بدرێت؟
دەشتی کەڵھوری: راستە خۆنیشاندان پێویستە لە ھونەردا، بەڵام بەداخەوە ئەوەندە خۆنیشان دەدرێت ھونەر نیشان نادرێت، ئەوانەی کە ھونەر نیشاندەدەن بە چەنجەی دەژمێردرێن.
سڤیل: بۆ کارە ھونەریەکانت، زیاتر سود لە ئاوازء ھۆنراوەی کێ وەردەگریت؟
دەشتی کەڵھوری: بەراستی ھۆنراوەکانی ئەحمەد مەحمود فێری ئاواز دانانیانکردم، وێنە شیعریەکانی زۆر کاریگەرە لەسەرمء زۆر یارمەتیم دەدات بۆ دانانی ئاواز، زۆربەی ئاوازی گۆرانیەکان خۆم دایدەنێمء لە سیدی ٢٠١٠دا ھۆنراوەی (ئەحمەد مەحمودء ئەحمەد باوەڕء ئەحمەد باڵەیی)لەگەڵ یەک ھۆنراوەی خۆم پێک ھاتبوو.
سڤیل: گۆرانی نیشتمانیت نیە تائێستا، بە نیاز نیت گۆرانیەکی نیشتمانی یان ئاینی تۆمار بکەیت؟
دەشتی کەڵھوری: سرودی نەورۆز لەگەڵ ئۆرکێسترای ھۆڵەندا تازەمکردۆتەوە، بڕیارە لەم رۆژانە بڵاوببێتەوە، لەداھاتوشدا بەنیازم گۆرانیەکی نیشتمانی بڵێم.
سڤیل: وەک ئەزانین دەشتی کەڵھوری نازناوە، بۆچی ئەم ناوەت ھەڵبژاردووە؟
دەشتی کەڵھوری: لە منداڵیەوە حەزم لە مەقامی (دەشت)ە، عاشقء شەیدای مەقامەکانی دەشتم، حەزمکرد کە کاری ھونەریم کرد ناونیشانی ناوی ھونەری بێت، ئینجا من کەڵھوریمء زاراوەی دایکیشم ھەر کەڵھوریە.