CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 54 میوان

داوا دەكرێت لیستی "داهێنەران" رابگیرێت

هاوڵاتی : ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكان‌و رۆشنبیری‌و راگەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان، داوا دەكات وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان دەستبەجێ ئەو لیستە رابگرێت، تا لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەنانە و زانستیانە بۆ كۆی لیستەكە دەكرێت.

دوای ئەوەی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێگەی لیستێكەوە ناوی 690 كەسی دیاری كرد وەك داهێنەر بۆ ئەوەی لە سندوقی داهێنەران خەڵات بكرێت كاردانەوەی بەدوای خۆیدا‌و هێنا‌و پەرلەمانتارێكیش داوای راگرتنی لیستەكە دەكات.

دڵشاد حسێن، رایگەیاند لەبەر ئەوەی سندوقی داهێنان پەیوەندی بە كۆی رۆشنبیرانەوە هەیە و ناڕەزایی بە دوای خۆیدا هێناوە، "داوا دەكەم وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەست بەجێ ئەو لیستە رابگرێت و تا لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەنانە و زانستیانە بۆ كۆی لیستەكە دەكرێت و ناوی سندوقەكە بگۆڕێت بە شێوەیەك ناوەكەی لەگەڵ ئامانج و رێكارەكانیدا یەكبگرێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەدەكات بۆ ئەوەی پرۆژەكە تەنها وەك خێر بەخشینەوە نەبێت و جێگای خۆی بگرێت بۆ هاندانی هونەرمەندان و رۆشنبیران دەبێت ژمارەی سودمەندان بە پێوەرێك دیاری بكرێت كە ئاست و شێوە و ئامانجی بەرهەمەكە رەچاو بكرێت و دەبێت ئاستی جێبەجێكردنی لیستی ساڵی رابردوو لێكۆڵینەوەی لێ بكرێت.

پێیباشە لە داهاتوش ئەو پرۆژانە لەماوەی دیاریكراودا بەرهەم بێن، لێكۆڵینەوەو دیراسەی ساڵانە بكرێت بۆ هەڵسەنگاندنی كاریگەری ئەم هاوكارییە بۆ بوارەكانی هونەری و رۆشنبیری لە هەرێمی كوردستان.

دڵشاد حسێن، داواشدەكات بەشێوەیەكی ئاشكرا بانگەوازی بۆ بكرێت و بێ جیاوازی ناوچە و شار و رەچاوی ئاستی چالاكی رۆشنبیری و هونەری ناوچەكان بكرێت و "دەبێت ئەو كۆمەكە ئەو كەسانە بگرێتەوە كە توانای داراییان دیاریكراوە".

بریاریشە هەفتەی داهاتوو، لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و پەیوەندیەكانی پەرلەمان، بانگهێستی وەزیری رۆشنبیری و لیژنەی تایبەت بەم كارە بكات بۆ پەرلەمان بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواچوون.