CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 42 میوان

زانکۆی سۆران و سێ دەسکەوتی زانستی و ستراتیجی تر

نووسراوە لە لایەن : توانا تەھا
ئەمڕۆ سێ شەممە رێکەوتی ١١/٢/٢٠١٤ لە ھۆڵی کۆنفڕانسی کەمپی نوێی زانکۆی سۆران و لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێزان "د. حەمید دەربەندی" نوێنەری جەنابی"کاک مەسعود بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و "نەوزاد ھادی"نوێنەری جەنابی"کاک نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و "د. ئامانج سەعید" گەورە راوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەکی بەرچاوی دیکە لە کاربەدەستانی حکومی و ئەندام پەرلەمان و کەسایەتی ئەکادیمیی، "زانکۆی سۆران" سێ رێکەوتنی گرنگی زانستی لەگەڵ "زانکۆی لیستەر"، لە زانکۆ بەناوبانگ و پێشەنگەکانی بەریتانیا و جیھان و خاوەن چەندین داھێنانی گرنگی زانستی، واژۆ کرد.

بە پێی ئەم رێکەوتنە ھەردوو زانکۆی ناوبراو بە ھاوبەشی، سەنتەرێکی تایبەت بە توێژینەوەی سەرچاوە سرووشتیەکان و سەنتەرێکی تاقیکردنەوەی زمان (پێرسن) دادەنێن و ھاوکات بەرنامەو کارەکانی (سەنتەری کڵاد)یش، کە سەنتەرێکی تایبەتە بە زمان و گەشەپێدانی مرۆیێ، پەرەپێدەدەن و بەڕێوە دەبەن.
لە سەرەتای ئەو رێورەسمەدا و دوای بەخێرھێنانی میوانەکان، بەڕێز"د. موسلیح مستەفا" وتارێکی پێشکەش کرد.
دوای ئەوە گوتاری "زانکۆی لیستەر" کە لە لایەن "پرۆفیسۆر مارتن ھاڵی وێل"ەوە پێشکەش کرا. دواتر بەڕێز"نەوزاد ھادی" بە نوێنەرایەتی لە لایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، وتارێکی پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمەکەدا بەڕێز"د. ئامانج سەعید" گەورە راوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، وتارێکی پێشکەش کرد.
دوای قسەکانی ناوبراو ھەرسێ رێکەوتنەکان واژۆ کران و ئینجا ئامادەبوان تێکڕا سەردانی سەنتەری تاقیکردنەوەی (پێرسن)یان کرد.
ھەموو ئەوانەی لەم رێوڕەسمەدا وتەیان پێشکەش کرد، پڕۆژەکەیان بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی و ژێرخانیی بۆ کاری زانستی لە کوردستان لە قەڵەم داو، دەستخۆشیان لە سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران و کۆی ستافی زانکۆ کرد، لەھەمبەر بەدەستھێنانی ئەم دەسکەوتە مەزنە زانستییانە.