CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 55 میوان

کەنی، تەنیاییم فوارە دەکا! کتێبی ئەزموونی شیعریی؛ (هێمن حەمە جەزا) بڵاوبۆوە...

(هێمن حەمە جەزا)ی شاعیر، سەبارەت بەم کتێبە شیعرییە تازە چاپ بووەی؛ لە وتارێکی تایبەتیدا، کە لە سەرەتای کتێبەکەیدا و وەک پێشەکی نووسیویەتی و بەناوی؛ (ئەزموون و خۆنووسینەوە)وەیە؛ دەڵێت:

ئەم کتێبە؛ هەوڵدانێکە بۆ تاوتوێکردنی ئەزموونی شیعرییم، بۆ شەنوکەوکردن و پاشان کۆکردنەوەی قۆناغی یەکەمی ئەزموونکردنم لە شیعردا. ئیتر هەر لە دەستپێکەوە؛ لە ساڵی (2002)ەوە تاکو ئێستا (2014)... واتە؛ مشتوماڵی (12) دوازدە ساڵ کارکردنم لە شیعردا. بەرهەمی ئەم ساڵگارانەش، بریتی بوو لە (3) سێ کتێب؛
(سروودەکانی یاخیبوون/2002 ... هەمیشە ئەم گۆرانییە دڵم پڕ دەکا/2006 ... ماڵی من سێبەر و دڵی تۆش باخچە/2009) و هەروەها چەند دەقێکی کەمیش؛ کە لە دەرەوەی کتێبدان و تەنها لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوبوونەتەوە.

هێمن-ی شاعیر بەردەوام دەبێت و دەڵێ:
هەرچی سەبارەت بەم چاپکراوە نوێیەشمە؛ (کەنی، تەنیاییم فوارە دەکا)، ناوی لێدەنێم؛ (ئەزموونی یەکەمی شیعرییم) چونکە؛ لە کۆتایدا و لێرەبەدواوە، ئەوەی تۆی خوێنەر لەم کتێبەدا دەیخوێنیتەوە، دەبێتە سەرجەم بەرهەم و کۆی دەقە شیعرییەکانم... بەڵام چۆن، کام دەق و کام بەرهەم و کامە و چ کتێبک؟
من، هەموو ئەم ساڵانەی کە دەستم لە نووسین داوە، تەنیا و ڕاستەوخۆ ئەزموونی شیعرم کردووە، ئەویش جگە لە پرۆڤەکردنێک؛ کە لە پێناو دەست ڕاهاتن لە پانتاییەکانی شیعردا و بەکاربردن و کەڵک وەرگرتن لە زمان و شێوازێکی جودا و دانانی پەنجەمۆری خۆم و جودابوونەوەم لەو هەموو لێکچوون و یەکدی نووسینەوە و زێدەگۆییە لە خۆڕا و بە کڵێشەبوون و بێ ئەرزش بوونی شیعر؛ لە نێو کایە و گەمەی هونەرەکاندا، هیچی دیکە نییە. واتە؛ ئەم کتێبە؛ کە دەبێتە ئەزموونی یەکەمی شیعرییم، تەنیا ئەو دەقانە تیایدا جێیان بۆتەوە کە بە بڕوای خۆم شیعرن، هەڵبەت ئەو دەقانەش؛ نە وەک ئەوەی کە نووسرابوون و هەبوون! بەڵکو بە هەڵوەشاندنەوەیان و دەستکاریی کردن و کارکردنەوە تێیاندا و جارێکی دیکە؛ سەرلەنوێ بەرهەم هێنانەوەیان.

بە کورتی؛ کتێبی شیعریی (کەنی، تەنیاییم فوارە دەکا)، ئەزموونکردنێکە؛ لە نێو خۆم و لەسەر ئەزموونەکانم. ئەزموونکردنێک؛ کە بێ ڕەحمانە مامەڵە لەگەڵ ڕابردووی بەرهەم و کارکردنتدا دەکەیت و بڕیاردانت لەسەر تیپەڕبوون و مانەوەی نە تەنیا دەقێک، بەڵکو بۆ وشە بە وشە؛ تا دوا سنوور قاسیی و دڵڕەقانەیە. ئەم کتێبە؛ کە دەبێتە (ئەزموونی یەکەمی شیعرییم)، جگە لە هەڵبژاردنی چەند دەقێکی کەمی لە پێشوتردا نووسراو و لە ئێستاشدا دەستکاری کراو؛ زێدەتر نییە، بەڵام بە دەستکارکردن و گۆڕانکاری لە جەوهەردا، بە کارکردنەوە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێوە، بە ئەندازەیەک؛ کە خوێنەرانم، هەر زوو دەرک دەکەن... هیواداریم ئێوەی خوێنەرانیش؛ هەربەوەندە، لێم ڕازی نەبن و چاوەڕوانی زێدەتریان لێم هەبێت. کتێبی یەکەمی ئەزموونیشم؛ تەنها وەک یەکەمین خشتی بناغەی باڵەخانەیەک چاولێبکەن، من زووتر گوتبووم؛ "کە شاعیربوون کەڵکەڵەمە".

شایەنی بە بیر هێنانەوەیە؛ کتێبی شیعریی (کەنی، تەنیاییم فوارە دەکا!)، بە دیزاین و چاپێکی جوان، لە قەبارەیەکی تایبەتی (260) لاپەڕەیدا چاپ بووە و لە ئێستاشدا بڵاوبۆتەوە و خوێنەران دەتوانن بە دەستی بهێنن، لای زۆرێک لە کتێبخانە و کتێبفرۆشییەکان، لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەست دەکەوێت...