CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 47 میوان

دووه‌مین كۆنفرانسى نووسینگه‌ى سۆرانى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان به‌رِێوه‌چوو

توانا تەھا: ئەمڕۆ شەموو  دووەمین کۆنفرانسی نووسینگەی سۆرانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بە بەشداری ٨٨ ئەندامی کارا لەھۆلی بۆنەکان لەشاری سۆران بەڕێوەچوو .

محەمەد حاجی کەریم سکرتێری نووسینگەی سۆرانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بە ماڵپەڕی زاری کرمانجی راگەیاند" ئەمڕۆ نووسینگەی سۆرانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بە بەشداری ٨٨ ئەندامی کارا دووەمین کۆنفرانسی خۆی گرێدا، تەنیا ئەو ئەندامانەش بەشداری کۆنفرانسیان کرد، کە ئابوونەی ساڵانەیان داوە".
ھەروەھا گوتی" لە دوای سێیەمین کۆنگرەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، نووسینگەی سۆران، پێش ھەموو نووسینگەو لقەکانی تر ئامادەکاری بۆ کۆنفرانس کرد".
لەسەرەتای کۆنفرانسەکە ئازاد حمەدەمین نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی"  ئەو کۆنفرانسە لە کاتێکدا دەبەسترێ کە ئەمڕۆ ئەرکی رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە قۆناغێکی جیاوازتردایە بە دۆخێکی ھەستیارتر تێدەپەڕن، زیاتر گوتی، ئەگەر تا ئێستە کاری سەرەکی ئێمە تەنیا رۆژنامەنووسی بووبێ، ئەوە لە داھاتوو ژیان و گوزەران و پاراستنی گیانی رۆژنامەنووسان و بەرگریکردن لە مافەکانیان ئامانجی سەرەکی ئێمە".
دواتریش کرمانج عزەت قایمقامی سۆران لە گوتەیەکدا باسی لە رۆڵی رۆژنامەنووسانی سۆران کردو گوتی" نووسەرو رۆژنامەنووسانی دەڤەری سۆران رۆڵێکی گرینگیان ھەبووە، لە پێش خستنی دەڤەرەکە، ئەوان توانیان کەموکوڕییەکان بۆ ئێمە دەست نیشان بکەن، ئێمەش بەپێی توانا چارەسەریان بکەین".
زیاتر گوتی" متمانەیەکی وا لە نێوان خەڵک رۆژنامەنووسەکانی دەڤەرەکە دروست بووە، کە وای لێھاتووە، خەڵکەکە بۆ کێشەو گرفت و کەموکوڕییەکان، پەنایان بۆ دەزگەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان بردووە، لە ھەمان کاتیشدا لە دەڤەری سۆران کەمترین توندوتیژی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان کراوە، ئەوەش جێگەی دڵخۆشیە بۆ ئێمە".
دوای خوێندنەوەی راپۆرتی گشتی و راپۆرتی دارایی لەلایەن سکرتێرو ئەندامانی نووسینگەی سۆران، لە دانیشتی کۆتایی ھەڵبژاردن بە شێوازی لیست بەڕێوەچوو، کە تێیدا بەبێ رکابەری ھیچ لیستێکی تر، لیستی ئازادی زیاتری رۆژنامەگەری ھەڵبژێردران، کە لە ٥ کەس پێک ھاتبوون. لەوانە ئیسماعیل ئیبراھیم خدر، نوێنەری پارتی بۆ سکرتێری نووسینگە، ھەژار ئیبراھیم رەسول، نوێنەری حزبی شیوعی، ئاکۆ حەمەد حمەدەمین ، نوێنەری رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ، مستەفا محەمەد، نوێنەری دەزگاکانی راگەیاندنی یەکێتی لە سۆران، ئیڤان جانێ، نوێنەری دەزگانی راگەیاندنی ئاشووری.

نووسینگەی سۆرانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە ٢٤ ئاب/ ئۆگەستسی ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە،   تا ئێستە ١٠٠ ئەندامی کاراو ٥٠ ئەندامی بەشدارو  ١٥ ئەندامی تری لە قۆناغی راھێنان دان، ئەوە دووەمین کۆنفرانسە دەبەستی.