CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 41 میوان

ڕاپۆرته‌ هه‌واڵ له‌ (یانه‌ی کوردی میدیـای ئه‌مستردام)ه‌وه‌

یانه‌ی کوردی"میدیـــا" له‌ ئه‌مستردام له‌ مه‌راسیمێکى شکۆداردا یادی 24 ساڵه‌ی جینۆسایدی هه‌ڵه‌بجه‌ کرده‌وه‌‌

ڕاپۆرته‌ هه‌واڵ... هۆڵه‌ندا.. له‌ (یانه‌ی کوردی میدیـــای ئه‌مستردام)ه‌وه‌

ڕاگه‌یاندنی "میدیــــــــا"

 

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی ڕێکه‌وتی 18-03-2012 کاتژمێر یه‌کی پاشنیوه‌ڕۆی دا له‌ هۆڵی  مێرفارت، نیشته‌جێی نوێی "میدیـــا" له‌ شاری ئه‌مستردام به‌ هاوکاری ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی ڕێکخراوه‌ دیموکراتیه‌کانی (ی.ن.ک)، یانه‌ی کوردی "میدیـــا" ی هۆڵه‌ندا، له‌ چه‌ند چالاکیه‌کی هه‌مه‌ جۆر و مه‌راسیمێکى شکۆداردا، یادی 24 ساڵه‌ی جینۆساید و کیمبارانی خه‌ڵکی سڤیلی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رز و پیرۆز ڕاگرت.

سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن (مه‌به‌ست جه‌عفه‌ر و سۆزان که‌رم)ه‌وه‌، به‌ ده‌قیقه‌یه‌ک وه‌ستان بۆ گیانی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی قوربانیانی چه‌کی کۆمه‌ڵکوژ و کیمیایی، مه‌راسیمه‌که‌یان کرده‌وه‌ و به‌ ناوی ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رستیاری یانه‌ی "میدیـــا"ی ئه‌مستردامه‌وه‌، به‌ خێرهاتنی ئاماده‌بووانیان کرد و کرۆک و مه‌به‌ستی یاده‌وه‌ریه‌که‌یان بۆ ئاماده‌بووان ڕوونکرده‌وه‌، له‌ پێناوی به‌رزوپیرۆز ڕاگرتن و چه‌سپاندنی ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌ی جینۆسایدی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ نێودڵ و ده‌روونی جگه‌رگؤشه‌کان و نه‌وه‌ی نوێ و ناساندنی به‌ خه‌ڵکانی هۆڵه‌ندی، "میدیـــا" ساڵانه‌ به‌ شێوازی جۆربه‌جۆر ئه‌م یاده‌ ده‌کاته‌وه.

مه‌راسیمی ماته‌مینیه‌که‌ چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌کی له‌ خۆ گرتبوو، که‌ بریتی بوون له:‌

ته‌وه‌ره‌ی یه‌که‌م:

هونه‌رمه‌ندی لاو حه‌مه‌ به‌کری کلارنێت، به‌ دوو گۆرانی لاواندنه‌وه‌ و ئاوازێک بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شداری کرد، زامی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ ته‌نیا جێم مه‌هێڵه‌.

 

ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م:

پێشه‌نگای شێوه‌کاری هونه‌رمه‌ندان ئاراس که‌ریم و موحه‌مه‌د ئیسماعیل، به‌ چه‌ند تابلۆیه‌کی شێوه‌کاری و پۆسته‌ری کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، که‌ له‌ "میدیـــا"ی ده‌نهاخه‌وه‌ له‌ لایه‌ن مامۆستا (عه‌ونی خۆشناو) و له‌ کۆمه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیری کورد له‌ شاری خرۆنیگن له‌ لایه‌ن ئاکۆ فه‌رج)ه‌وه‌ ئاماده‌کرابوو‌.

ته‌وه‌ره‌ی سێهه‌م:

خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند پارچه‌ شیعرێک بۆ ئه‌م یاده‌وه‌ریه‌، له‌ لایه‌ن: به‌ڵقیس حه‌سه‌ن و نیهاد قازی به‌ زمانی عه‌ره‌بی، که‌مالی حاجی سه‌عید و سایه‌ چیرۆک و چامه‌ی (ژیلەى هەڵچوونى مەرگ)ی مینەشاعیر به‌ زمانی کوردی له‌ لایه‌ن (سه‌ردار فه‌تاح ئه‌مین)ه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ لایه‌ن له‌یلا ئه‌حمه‌د، به‌ زمانی هۆڵه‌ندی پارچه‌ شیعرێکی خوێنده‌وه‌.

ته‌وه‌ره‌ی چواره‌م:

گێڕانه‌وه‌ی چه‌ند یاده‌وه‌ریه‌ک له‌ لایه‌ن عومه‌ر زاوێته‌یی وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین له‌ ناوچه‌ی ده‌ڤه‌ری بادینان و گه‌لی بازێ له‌ کاتی ڕوودانی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ و دره‌نگ گه‌یشتنی ئه‌و هه‌وڵه‌ به‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان.

هه‌روه‌ها (دکتۆر غاندی قه‌زاز) وه‌ک پزیشکێکی پسپۆری نه‌خۆسیه‌کانی پێست، یاده‌وه‌ری خۆی له‌ کاتی قه‌ومانی ئه‌م کاره‌ساته‌دا گێڕایه‌وه‌، که‌ چۆن به‌رکه‌وتووان به‌دزیه‌وه‌، ده‌هاتنه‌ لای پزیشکه‌کان چۆن چاره‌سه‌ریان ده‌کردن.

ته‌وه‌ره‌ی پێنجه‌م:

پێشکه‌شکردنی نمایشێکی شانۆگه‌ری پانتۆمایم له‌ لایه‌ن تیپی شانۆی (ژێرزه‌مینی ڕوناک)، که‌ تیپێکی شانۆگه‌ری هۆڵه‌ندیه‌ و هونه‌رمه‌ندی کورد ئیحسان موحه‌مه‌د موحێدین سه‌رپه‌رشتی ده‌کات و له‌م یاده‌دا نمایشی یاده‌وه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌یان پێشکه‌ش کرد.

ته‌وه‌ره‌ی شه‌شه‌م و کۆتایی:

باسێک به‌ناونیشانی رۆڵی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و کاریگه‌ری رۆژنامه‌گه‌ری، له‌ به‌ دونیا ناساندنی ده‌رئه‌نجامی به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا، توێژینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی بوو له‌ لایه‌ن نوسه‌ر (سه‌ردار عه‌بدولکه‌ریم)ه‌وه، پێشکه‌ش کرا‌.

له‌ ئاماده‌کردن و ڕێکخستنی ئه‌م یاده‌دا ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری "میدیـــا"ی ئه‌مستردام بڕیار عه‌لی و ئیبراهیم سه‌عید و سۆزان که‌ره‌م و سه‌ردار فه‌تاح ڕۆڵی گرنگ و دیاریان هه‌بوو، و (ئالان ئه‌مین)یش وه‌ک خۆبه‌خشێک له‌ کۆتاییدا چه‌پکه‌ گوڵی سوپاس و ڕێزلێنان، پێشکه‌ش به‌ به‌شداربووان کرا.

مه‌راسیمه‌که‌‌ سێ سه‌عاتی خایاند و جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئاماده‌بووان بوو.