CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 41 میوان

شاندەکەی کوردستان بەسەرکەوتنەوە لەمەریوانەوە گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان

کاروان شێخ زیرەک : لە ڤیستیڤاڵی دووەمی نێودەوڵەتی یارییە میللیەکان کە لەشاری مەریوان سازکرا، تیپی ھونەری میللی سلێمانیء دھۆک پلەکانی یەکەمء دووەمیان بەدەست ھێناو ، گوریس راکێشەکانی سلێمانیش بەپلەی دووەمەوە ھاتنەوە.

رۆژی ھەینی ١١-٥  لەشاری مەریوانی رۆژھەڵاتی کوردستان ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی یارییە میللیەکان بەبەشداری ھەشت تیپی جیاواز چالاکییەکانی کۆتایی پێ ھات، کەژمارەیەکی بەرچاو لەبەرپرسانی حکومیء جەماوەرێکی زۆری ناوچەکەو راگەیاندنکارانء کەناڵە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەت کەناڵی کوردستان لەشاری سنە ئامادە بوون بۆ گواستنەوەی چالاکییەکانء چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشداربوان.
لەڤیستیڤاڵەکەدا، شاندی وەزارەتی رۆشنبیریء ھونەرو وەرزشء لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە ٥٧کەس بوون، لەیارییە میلییەکانی وەک زۆرانبازیء گوریس راکێشان بەشدار بوونء، لەسەر ئاستی ھونەریش، لەھەڵپەرکێی کوردیء نیشاندانی چەند تابلۆیەکی ھونەریدا دەورێکی سەرەکییان گێڕا لەسەر ئاستی ڤیستیڤاڵەکە.
بەڵام تیپی ھونەری میللی سلێمانی سەر بەبەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریو ھونەری سلێمانی دوای نمایش کردنی تابلۆی خاکء چەند تابلۆیەکی دیکە، توانی سەرنجی تەواوی ئامادەبووان بۆ لای خۆی رابکێشێتء ڤیستیڤاڵەکە برازێنێتەوە، بۆیە پلەی یەکەمی لەلایەن دادوەرانی ھونەرییەوە پێ بەخشرا .
لەھەمان کاتدا تیپی ھونەری میللی دھۆکی سەر بەبەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریو ھونەری دھۆک دوای نمایشی تابلۆی مەمء زین ء چەند نمایشێکی دیکە، پلەی دووەمی ڤیستیڤاڵەکەی بەدەست ھێناو، تیپی ساوجی مەریوانیش بۆ پلەی سێیەم دیاری کرا.
لەسەر ئاستی وەرزشی، دوای ئەوەی بڕیار بوو یاری کۆتایی گوریس راکێشان لەنێوان ھەردوو تیپی سلێمانی و ھەولێر ئەنجام بدرێت،بەڵام لەرۆژی دووەمدا جارێکی دیکە تیپی مەریوان گەڕێنرایەوە بۆ ناو کێ بڕکێکانء لەیارییەکدا لەتیپی ھەولێری بردەوە، بەڵام یاری دوای ئەوە کەیاری کۆتایی ڤیستیڤاڵەکە بوو بەرامبەر بە سلێمانی، بەھۆی ھاتنە ناوەوەی خەڵکی ئامادەبووی ڤیستیڤاڵەکەو چەند کێشەیەکی دیکە، نەتوانرا یارییەکە تەواوبکرێت، بۆیە دواتر بڕیاردا ھەردوو تیپی مەریوان ء سلێمانی پلەکانی دووەمیان پێ ببەخشرێت بێ ئەوەی پلەی یەکەم دیاری بکرێت، کەئەمەش مەسجێک بوو بۆ خەڵکەکە بەوەی کە یارییەکان بۆ کەیفء خۆشییەو ئامانج لێی بەشداریء تێکەڵ بوونی یەکترەو گرنگ ئەنجام نییە.
ھاوکات لە یاری زۆرانبازیشدا بەھۆی جیاوازی جۆری یارییەکە لەشێوە یاساییەکەیء،نەبوونی زانیاری تەواو لەسەر جۆری یارییەکە، یاریزانەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی باشیان بەدەست نەھێنا، تەنھا ئەوە نەبێت کەیاریزان (دڵشاد عەبدولعەزیز)لەتیپی سلێمانی لەکێشی خۆیدا پلەی دووەمی دەستەبەرکرد.
لە کۆتایی ڤیستیڤاڵەکەشدا، مامۆسا (جەمال ێابر) وەک سەرۆکی شاند بەناوی وەزارەتی رۆشنبیری و ھونەرو وەرزشء لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وتەی سوپاسء پێزانینی ئاراستی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد بۆ ئەو بانگھێشت نامەیەی کە پێی ئامادەی ڤیستیڤاڵەکە بوون.
وە دواتریش لەلایەن سەرۆکی شاندی سلێمانیء ھەولێرو دھۆک خەڵاتی رێزلێنان بەخشرا بەبەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئامادەبون لەڤیستیڤاڵەکەدا.
ھەروەھا شەوی پێش گەڕانەوەی شاندەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەھۆڵی ھوتێلی زرێوار لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە خەڵاتی رێزلێنانی بڕوانامە بەخشرا بەتیپە سەرکەوتوەکانی خاوەنی خەڵاتی یەکەمء دووەم کە سلێمانیء دھۆک بوو لەنمایشی ھەڵپەرکێ، وە خەڵاتیش بەخشرا بەسەرۆکی شاندی وەزارەتء، دوانیوەڕۆی شەممە ١٢-٥ شاندەکەی کوردستان گەڕانەوەی بۆ خاکی ھەرێمی کوردستان.
بۆ بیرھێنانەوە تیپە بەشداربووەکان بریتی بوون لە تیپی شارەکانی (مەریوان-سنە-ئەسفەھان-گلستان-ئەراک-سلێمانی-ھەولێر- دھۆک).