CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 52 میوان

ئەنجامی کۆبوونەوەی سەنتەرە رۆشنبیریەکان و رێکخراوەکانی لاوانی سۆران

توانا تەھا- سۆران: دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی ١٢-٨-٢٠١٢ لە ھۆڵی لاوانی دیانا، سەرجەم سەنتەرە رۆشنبیریەکان و رێکخراوەکانی لاوانی سۆران کۆ بوونەوە بۆ قسەکردن لەسەر کێشەو گرفتەکانی گەنجان و دانانی چارەسەر بۆ کێشەو پاشان ئاگادار کردنەوەو دانی داواکارییەکان بە حکومەت، بە کۆی دەنگی رێکخراو و سەنتەرەکان و چالاکوانانی بەشدار بوو، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەمانەی خوارەوە کێشەو گرفتی گەنجانی سۆرانن و بەپێویستی دەزانین لایەنە پەیوەندیدارەکان پەلە بکەن لە چارەسەر کردنی ئەو کێشانە کە ئێستا لە سنورەکە دەبندرێن:
١- بێکاری کێشەیەکی سەرەکیی لاوانی دەڤەری سۆرانەو ھۆکارە بۆ سەرگەردان بوون و تێکچوونی بەرنامەی ژیانی گەنج و بێ ئامانجیی، داواکارین حکومەت چارەسەر کردنی کێشەی بێکاری بکاتە پێشینەی کارەکانی.
٢- دروستکردنی دامەزراوەیەکی گشتیی بێ لایەن بۆ لاوان ( ماڵی لاوان) کە زۆربەی بەشەکانی وەک ( دەروونی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و ھونەری و رۆشنبیری و وەرزشی و ...ھتد ) لە خۆ بگرێت بە جۆرێک خواستەکانی لاوان بھێنێتەدی و لە ئاست پێداویستیەکانیان بێت.
٣- چاودێریکردن و لێپرسینەوەی سەرجەم ئەو رێکخراو و سەنتەرانەی لەو دەڤەرە بە ناوی گەنجان کار دەکەن بۆ کارا کردن و چالاک کردنیان.
٤- رەخساندنی فەزایەکی ئازاد بۆ جولانەوە مەدەنیەکانی لاوان بۆ تەعبیر کردنی ئازادانە لە بیرو بۆچوون و مومارەسە کردنی چالاکیەکانیان و ھەڵگرتنی ئەو کۆت و بەندانەی کە داندراون لە بەردەمیان.
٥- حکومەت بە ھەماھەنگی کەرتی تایبەت، دروستکردنی شاری لاوان و چارەسەر کردنی کێشەی نیشتەجێبوون، بخاتە بەرنامەوە تا زۆرترین گەنج لێی سوودمەند بن.
٦- پلاندانان بۆ بڵاو کردنەوەی ھۆشیاری پەروەردەیی و خێزانی و گەشەپێدانی ناخ و بیری گەنج.
٧- ھەوڵدان بۆ رێگرتن لە کێشە کۆمەڵایەتیەکانی وەک ( تەڵاق – قەیرەیی- جیاوازی رەگەزی...ھتد) و چارەسەر کردنیان بە بەرنامەو پلانی جۆراوجۆر.
٨- بەشداری پێکردنی گەنج لە بڕیاردان.
٩- فرەوان کردن و بەرەو پێشەوە بردنی کتێبخانەی گشتی سۆران و بایەخ پێدانی و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی تری شیاو تا زۆرترین گەنج رووی تێبکات بە جۆرێک خوێندنەوە لە نێویاندا ببێتە کولتوور.
١٠- راگەیاندنە کوردییەکان لە بڕی ئەوەی ببنە ھۆکار بۆ رووخاندن و شێواندنی گەنج، یارمەتیدەر بن و ببنە پاڵنەر بۆ گەشەپێدانی لاوان و ھۆشیار کردنەوەیان و پەیامی لاوان بگەیەنن.
١١- سەنتەرو رێکخراوەکان بجووڵێن و ھەست بە بەرپرسیاریەت بکەن و لە ئاست کێشەو خواستەکانی لاوان کەمتەرخەمی نەنوێنن و بە ئەرکی خۆیان ھەڵسن لە پێناو چارەسەر کردنی کێشەکانی لاوان و بەجێ گەیاندنی خواستەکانیان.
١٢- دروستکردنی دامەزراوەی تایبەت بە چالاکیەکانی وەک ( وەرزشی) تایبەت بە ئافرەتان و بایەخ دان بە رۆڵی ئافرەت و بەشداری پێکردنیان لە کایە جۆراوجۆرەکان.
١٣- سۆران تا ئێستا پارکێکی گشتیی نییەو چەندین ساڵە ئەوە داواکاریی گەنجامانە، بۆیە ئێمەش داوا دەکەین حکومەت دروستکردنی پارکێکی گشتی لە سۆران بخاتە بەرنامەوە.
١٤- داواکارین پەلە بکرێت لە کردنەوەی نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە سۆران.
١٥- حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ھەوڵی جددی بدات بۆ چارەسەر کردنی ئەو گرفتانەی سەرەوەو ھەوڵیش بدرێت پەرلەمانی کوردستان لە رێی دەرکردنی یاسایەکەوە بپرژێتە سەر کێشەکانی گەنجان و چارەسەری گونجاویش دابنێت بۆیان.




١٢-٨-٢٠١٢
دەستەی ئامادەکاری