CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 47 میوان

راپۆرتی گشتی: سەنتەری رایەڵ R.C.E پەیوەندییە کەلتورییەکانی گەلی کورد و ئەمریکا فراواندەکات

بەمەبەستی فراوانکردنی پەیوەندی ئاڵوگۆری کەلتوری نێوان ھەردوو شاری رانیەو شاری  (Duluth)ی ئەمریکا, کە ماوەی ٤ ساڵە پەیوەندییەکی ئاڵوگۆری کەلتوری و دەستەخوشکی لە نێوان ئەو دوو شارەدا ھەیە, سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری  R.C.E کە سەرپەرشتی ئەو پەیوەندییە دەکات دووەمین شاندی کەلتوری سەنتەرەکەی لە شاری رانیە و بە میوانداری فەرمی حاکمی شاری  Duluth کۆنگریسمانی ولایەتی میناسۆتا, ناردە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. شاندەکە پێک ھات لە ٦ کەس کە بریتی بوون لە ( پرۆفیسۆر د. محمد عەلی, سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکی شاندەکە, د . بەھزاد رەسوڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ, پەیمان رەمەزان بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی زانکۆ, خالید قادر بەرێوبەری سەنتەری چالاکی گەنجانی رانیەو سەرپەرشتیاری سەنتەری رایەڵ, مامۆستا مەلا عبداللە وەسمان ئادەم لێپرسراوی لقی رانیەی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام, نیشتمان قەرەنی مامۆستای ئامادەیی و ئەندامی پەیوەندییەکانی سەنتەری رایەڵ). شاندەکە لە ١٣-٩-٢٠١٢ لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر  بەرەو ئەمریکا کەوتە رێ, لەو سەردانەدا شاندی ناوبراو چەندین سەردان و چالاکی و کۆبونەوەی گرنگیان ئەنجامدا کە لە میداکانی ئەو وڵاتە گرنگی زۆری پێدرا, ھەر لەو سەردانە شاندەکە بەشداری کۆنفرانسی ساڵانەی رێکخراوی دەستەخوشکی نێودەوڵەتی لە شاری  Duluth کرد کە تێیدا بە فەرمی سەنتەری رایەڵ بوو بە ئەندامی ئەو رێکخراوەو دەستەخوشکی ھەردوو شاریش خرایە ئەجێندای ئەوانەوە, ھەر لەو سەردانە زانکۆی راپەرین لێکتێگەیشتن و پەیوەندی لەگەڵ ٣ زانکۆی ئەو وڵاتە لە بواری گۆرینەوەی مامۆستا و خوێندکار و لایەنی زانستی دروستکرد, ھەروەھا شاندەکە سەردانی ئۆفیسی چەند کۆنگریسمانێک لە کۆنگریسی ئەمریکا کرد و لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش کۆبونەوەیەکی گرنگیان ئەنجام داوە, جگە لە پێشکەشکردنی چەند بابەتی ئاینی بۆ کەسایەتیە ئایینەکانی ئەو وڵاتەو سیمناری زانستی لەسەر ناساندنی گەلی کورد. ئەم شاندەی رایەڵ لە بواری گەنجان و بە گژداچونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و خوێندنی ئامادەیی و گۆرینەوەی چالاکی ھونەریء پەیوەندی لەگەڵ جالیەی ئیسلامی و بەشداریپێکردنی مامۆستایانی ئاینی لە کۆنگرە ئیسلامیە جیھانیەکان و  چەندان چالاکی و پەیوەندی تریان ئەنجامداوە کە ئاستی ئەو پەیوەندییە کەلتورییە بە شێوەیەکی باش گەشەپێدەدات و لە ئایندەیەکی نزیکدا لە بواری پراکتیزەییدا چەندان ھەنگاو لە نێوانیاندا دەنرێت, ھەروەھا کار کراوە ئەو پەیوەندییە کەلتورییە بۆ ئاستی ھەرێمی کوردستان فراوانبکرێت کە بریارە لە رێگای سەنتەری رایەڵەوە کاری لەسەر بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە و خستنە رووی ناوەرۆکی سەردانەکە ( خالید قادر) ئەندامی شاندە کەلتورییەکە  وتی : چالاکیەکانمان بریتی بوون لە دوو پرۆگرام  بەشی یەکەمیان وەک شاندێکی کەلتوری شاری رانیە لە شاری  Duluth ئەمریکا چەندین کۆبونەوەی گرنگ لە نێوانماندا ئەنجامدرا کە ئەم چالاکیانە بەشبێکن لە پرۆگرامی ئاڵوگۆری کەلتوری ھەردوو شار کە بۆ ماوەی ٤ ساڵە لە کاری لەسەر دەکرێت, لە بەشی دووەمی چالاکیەکان لە شاری واشنتنی پایتەختی ئەو وڵاتە بە ھاوکاری نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە ئەمریکا شاندەکە وەک شاندێکی کەلتوری ھەرێمی کوردستان و گەلی کورد چەند کۆبوەنەیوەکی گرنگی ئەنجامداوە, پاشان خالید قادر وردەکاری کارو چالاکیەکانی ئەم شێوەیە خستە روو : دەستپێکی چالاکیەکان لە سەر لە بەیانی رۆژی ١٤-٩-٢٠١٢  لە کتێبخانەی گشتی شاری Duluth لە ئەمریکا, بە ئامادەبوونی  (دۆن نیس) حاکمی شاری  Duluthو نوێنەری (ئاڵ فرانکن) کۆنگیریسمانی ولایەتی میناسۆتاء تیمی ئاڵوگۆری کەلتوری ئەمریکی و بەشێکی زۆر لە خەڵکی  Duluth مەراسیمێکی فراوان بۆ بەخێرھاتن و رێزگرتن لە ھاتنی شاندەکە بەرێوە چوو, پاشان لە لایەن ( دکتۆر بەھزاد وسوو) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی, بابەتێکی نیوو کاتژمێری لەسەر مێژووی کورد لەسەر فەرشێکی چنراو بە ٤٠ تابلۆی مێژووی کورد, پێشکەش کرا, ھەروەھا بەشەکانی کتێبخانەی گشتی شاری Duluth بەسەر کرایەوە, پاشان شاندەکە سەردانی ئەو گەلەرییەیان کرد کە خەڵکی شاری  Duluth لە ناو کتێبخانەی گشتی بۆ شاری رانیەیان کردۆتەوە, لە ئێوارەی ھەمان رۆژ  لە ماڵی ( میشیڵ نار) گفتوگۆیەکی سەرەتایی لەسەر ھاتنی سێیەمین شاندی شاری  Duluth بۆ رانیە کرا کە بریارە نزیکەی ٣٠ کەس لە تیپی ھونەری ئاشتی ئەو شارە بەشداری تێدا بکەن, دواتر لە رۆژی ١٥-٩-٢٠١٢  شاندەکە ناوچە گەشتیارییەکانی (two harbors)لەسەر دەریاچەی سوپرییە و شوێنی بارکردن و گواستنەوی ئاسنی بەسەر کردەوە, ھەروەھا  سەردانی سەنتەری جالیەی ئیسلامی لە Duluth  کرا کە چەندین ھاوڵاتی فرە رەگەزی ئیسلامی زۆربەی وڵاتانی تێدا بوو,  لەو سەردانەدا توانرا لەگەڵ چەندین ھاوڵاتی چەند وڵاتێکی جیاواز  پەیوەندی ببەسترێت و بە کێشەی کورد ئاشنا بکردرێن. دواتر لە سەر لەبەیانی رۆژی ١٦-٩-٢٠١٢ شاندەکە لە لایەن یەکێک لە ئەندامانی تیمی ئاڵوگۆری بەناویAdeline لە شوێنی کارەکەی خۆی لە ناو شاری  Duluthمیوانداری کرا, کە چەندان مامۆستای زانکۆ و کەسی چالاکوانی تێیدا ئامادەبوون و تێیدا گفتوگۆ لەسەر فراوانکردنی پەیوەندییەکە کرا. پاشان  شاندەکە باخچەی کەلتورە جیاوازەکان ( سوید, یابان, کەنەدا, روسیا)ی لە شاری Duluth بەسەرکردەوە. ھەروەھا گفتوگۆ کرا لەسەر دروستکردنی باخچەیەکی تایبەت بە ناوی رانیە لەو شارەدا کە وا بریارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەو شارەدا دروستبکرێت,  ئێوارەی ھەمان رۆژ رادیۆی مەرکەزی شاری  DULUTHمێزگردێکی کراوەی لەشێوەی بەرنامەیەکی تایبەتدا بۆ شاندەکە رێکخست کە چەندین پرسیار و وەڵامی ھەمەجۆری لە خۆ گرتبوو, دوا بە دوای ئەوە شاندەکە بەشداری لە کۆنفرانسی ساڵانەی رێکخراوی دەستەخوشکی نێودەوڵەتی کرد, کە ئەو رێکخراوە تۆرێکی جیھانی ئاڵوگۆری کەلتوری لەنێوان (ئەمریکا, کەنەدا, سوید, روسیا, یابان) ھەیە,  لەو کۆنفرانسە لە لایەن ( خالید قادر) لیپَرسراوی سەنتەری رایەڵ وتەیەک خوێندرایەوە کە تێیدا داوای کرد سەنتەری رایەڵ بە فەرمی بێتە ناو ئەو رێکخراوەو دەستەخوشکی ھەردوو شاری رانیەو  Duluth بخرێتە ئەجێندای کاریانەوە, بۆ ئەو مەبەستە رێکخراوی ناوبراو ئەو داوایەی پەسند کرد. بەمەش ئاستی پەیوەندییە کەلتورییەکان  دەتوانرێت بە شێوەیەکی باش فراوانبکرێت, دواتر  لە سەر لە بەیانی رۆژی ١٧-٩-٢٠١٢  شاندەکە سەردانی زانکۆی  UMDکرد کە سەرەتا لە لایەن دکتۆرە  cindy M.christianلێپرسراوی پەیمانگای خوێندنە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆی UMD بە گەرمییەوە پێشوازی کران,  پاشان لە کۆبونەوەیەکی تایبەتدا کە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆیUMD بۆ کارویاری خوێندنی باڵاو, راگری کۆلیژەکانی زانستء ئەندازیاری, کارگێری ئابووری, زانستە مرۆڤایەتیەکان, ھونەرە جوانەکان, پزیشکی, تێیدا ئامادەبوون شاندەکە چەند زانیارییەکی لەسەر رەوشی خوێندی باڵا باسکرد, ھەروەھا چەند داواکارییەکی تایبەت بە پەیوەندی ھەردوو زانکۆی راپەرین و umd خرانە روو. لە  ئێوارەی ھەمان رۆژ لە لایەن ( مامۆستا مەلا عبداالە) بەرپرسی لقی رانیەی یەکیـَتی زانایانی ئاینی و ئەندامی شاندەکە, بابەتێک لەسەر (ئیسلام لە کۆمەڵگای کوردیدیدا) بۆ کۆمەڵێک لە خوشکانی کریستیانی پێشکەش کرا کە رەنگدانەوەیەکی باشی بەسەر ئامادەبوانی کۆرەکەدا بە جێھێشت. دواتر لە رۆژی ١٨-٩-٢٠١٢ شاندەکە بۆ دووەم جار سەردانی زانکۆی UMD کردەوەو لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی  UMD بەرێز (ledley C.Blak) کۆبونەوە. لەو کۆبونەوەیەدا  سەرۆکی زانکۆی راپەرین چەند داواکارییەکی گرنگی خستە روو,  ھەروەھا بریار درا لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەردوو زانکۆ ئەنجام بدرێت و بە تایبەت بۆ پرۆگرامی گۆرینەوەی خوێندکارو مامۆستا لە نێوان ھەردوو زانکۆ, دواتر لە کاتژمێر ١١  پێش نیوەرۆ شاندەکە  سەردانی سەنتەری کەلتورە جیاوازەکانی زانکۆکەی کرد کە ئۆفیسی چەندان گەل و نەتەوەی جیاوازی لێکراوەتەوە و تایبەتە بە خوێندکارە کەلتورە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە, لەو ئۆفیسەدا ئاڵای کوردستان لەناو ئاڵای وڵاتان بەفەرمی ھەڵواسراوە. کە لە میانەی شاندی یەکەمی سەنتەری رایەڵ لە ساڵی ٢٠١٠ پێشکەشیان کرابوو. لە کاتژمێر ١٢ نیوەرۆی ھەمان رۆژ لە ھۆڵی زانکۆیUMD سیمنیارێک لە لایەن (پرۆفیسۆر  د. محمد عەلی) سەرۆکی زانکۆی راپەرین , لەسەر ( ناساندنی گەلی کورد و باس کردن لە خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان)  پێشکەش کرا لەو سیمینارەدا کە رێژەیەکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران تێیدا ئامادەبوون تیشک خرایە سەر ناساندنی مێژووی گەلی کورد و خوێندنی باڵا, لە کاتژمێر ٢:٣٠ دوای نیوەرۆی  ھەمان رۆژ شاندەکە سەردانی زانکۆی سێنت سێکۆلستیکای کرد و بە شێوەیەکی مەیدانی کۆلێژی پەرستاری بەسەر کردەوە , دواتر لە کۆبونەوەیەکی ھاوبەشدا لەگەڵ جێگری سەرۆکی زانکۆ بریار درا ھاوکاری و ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو زانکۆ لە ئایندەدا ئەنجام بدرێت.  لە درێژەی چالاکیەکانی ئەم رۆژەدا
کاتژمێر ٥ ئیوارە  شاندەکە سەردانی ماڵی یەکێک لە ئەندامانی تیمی ئاڵوگۆری کەلتوری ئەمریکا لە شاری Duluth ی بە ناوی( دێڤد و ھاوسەرەکەی دکتۆرە ئانا)ی کرد کە کەسێکی پسپۆری بواری بەیالۆجییە, خاوەنی کارگەیەکی بەرھەم ھێنانی جۆرێکە لە بەرھەم لە داری ماپڵ, ئەو شێوە دارە تەنھا لە وڵاتی کەنەداو باکوری وڵاتی ئەمریکا دەروێت,  لەو سەردانەدا کارگەکە بەسەر کرایەوە و لەسەر وردەکاری کارەکەی زانیاری گۆردرایەوە. بۆ رۆژی داھاتوو واتە ١٩-٩-٢٠١٢ , لە ھۆڵی کەنیسەی مێژووی ئەو شاری  Duluth, بە ئامادەبوونی رێژەیەکی زۆر لە پیاوانی ئاینی و پەیامنێرانی رۆژنامەی  Duluth news, سیمینارێک بۆ بەرێز (مامۆستا مەلا عبداللە وەسمان ئادەم) لێپرسراوی لقی رانیەی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام, بەرێوە چوو لەسەر (ناساندنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و شیکردنەوەی لێبوردەیی لە ئیسلامدا) بەرێوە چوو. دوا بەدوای ئەوە شاندەکە سەردانی تاوەری (ئەنگەر تاوەر)ی کرد کە بەسەر زۆبەی ناوچەکانی شاری دولوس و ویسکانسن دەروانێت, ھەروەھا زەنگی ئوھارا بەسەر کرایەوە کە بریتیە لە رەمزی ھاورێیەتی نێوان وڵاتی یابان و ئەمریکا. لە کاتژمێر ٢:٣٠ دوای نیوەرۆی ھەمان رۆژ وەفدەکە سەردانی قوتابخانەی  ئامادەیی رۆژھەڵات (EAST HIGH SCHOOL  ) ئەو شارەی کرد بەشەکانی خوێندگەکەیان بەسەر  کردوە. ھەروەھا گفتوگۆ لەسەر دروستکردنی لینکێکی ھاوبەش لە نێوان ئەوان و خوێندگەیەکی شاری رانیە کرا کە ئەوان ئامادەییان بۆ ئەو پەیوەندییە دەربڕی. ھەر لەو سەردانەدا لە ھۆڵی چالاکیەکانی خوێندگەکە شاندەکە دیالۆگێکی کراوەیان لەسەر چەند تەوەرەیەکی تایبەت بە گەلی کورد و کوردستان لەگەڵ  خوێندکارانی دوو قۆناغی ئامادەیی ساز کرد,  پاشان لە سەر لە بەیانی رۆژی ٢٠-٩-٢٠١٢ شاندەکە لە ئۆفیسی سەرەکی رادیۆی Duluth لە زانکۆی مینیسۆتا چاوپێکەوتنێکی تایبەتیان لەگەڵدا ئەنجام درا, دواتر  سەردانی ئۆفیسی سەرەکی (پرۆگرامی بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزانیان) کردو لە لایەن (لیندا) لێپرسراوی ئۆفیسەکە پێشوازی کران. دواتر لە کۆبونەوەیەکدا ستافی باڵای ئۆفیسەکە باس لە ھاتنی ئەوان بۆ ھەرێمی کوردستان بە گشتی شاری رانیە بە تایبەتی کرا بۆ ئەنجامدانی ۆرک شۆپ و چالاکی, ھەروەھا ناردنی شاندێکی ژنان بۆ راھێنانیان لەسەر بەگژداچوونەوەی توندوتیژی  بۆ ئەم مەبەستەش  ئەو داوایەی رایەڵ پەسند کرا کە بریارە لە ئایندەدا کاری لەسەر بکردرێت. لە کاتژمێر ١٢ بۆ ١ ی ھەمان رۆژ لەگەڵ بەشێک لەو ژنانەی کە دووچاری توندوتیژی خێزانی بوونەوەو دانیشتێکی کراوەیان ئەنجام دا کە تێیدا لەسەر ھۆکارەکانی توندوتیژی و شێوازی چارەسەری کێشەکانیان گفتوگۆیان لەگەڵ کرا, دوا بەدوای ئەوە لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە شاندەکە لەگەڵ پسپۆریکی بوای بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزان لە کۆمەڵگای ئیسلامدا بە ناوی (سەلما عبدللە) کە خەڵکی وڵاتی میسرەوەو لە  ئەمریکا نیشتەجێیە, ئەنجام دا, کە لەسەر چەندین تەوەرەو پرسیاری تایبەت بە کەم کردنەوەی بواری توندوتیژی زانیاری لە نیوانیان گۆردرایەوە, پاشان شاندەکە سەردانی ھەر یەک لە ئۆفیسە سەرەکیەکانی(Domestic violence intervention  )و (men as peacemaker )ی کرد کە تایبەتن بە بواری ئاشتەوایی خێزانی و کەم کردنەوەی توندتیژی خێزانی, لەم دوو سەردانەدا شاندەکەی رایەڵ لەسەر چەندین زانیاری و پرۆگرامی نوێ گفتوگۆی لەگەڵدا کردن کە بریارە بۆ ئایندەی ئەو پەیوەندییە سوودیان لێوەربگیرێت. کاتژمێر ٤ لە  (پرۆگرامی بەگژداچوونەوەی توندوتیژی خێزانیان)  لە لایەن لێپرسراوی ئۆفیسی باڵاوەو بڕوانامەی رێزلێنانیان بەسەر شانەکە دابەشکرا, ھەروەھا چەندین دیاری و خەڵات لە نێوانیاندا گۆردرایەوە. ھەروەھا لە لایەن نوێنەری فەرمی کۆنگریسمانی ولایەتی مۆناسۆتا ( ئاڵ فرانکن) پەیامێکی نوسراو  لە رێگای شاندەکەوە  بۆ شاری رانیە ناردەوە کە تێیدا ئەو کۆنگریسمانەی ئەمریکا داوای فراوانکردنی ئەم پەیوەندییە کەلتورییە دەکات و پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوام بوونی دەردەبرێت.  بۆ رۆژی دواتر لە ٢١-٩-٢٠١٢ شاندەکە سەردانی  بەریوبەری گشتی پلانی شارستانی ئیدارەی سانت لیوس کە سەرپەرشتی ٧٠ شارەوانی سنوری ئەو سنورە دەکات, کە بەشێکە لە ئیدارەی ولایەتی میناسۆتا و شاری  Duluth یەکێکە لە شارەوانیەکانی ئەو ئیدارەیە, کرد و لە گەڵ (tony)  بەرێوبەری ئیدارەکەوە کۆبونەوە, لەو سەردانەدا بەرێزیان ئامادەیی  خۆیان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکە دەربڕی. پاشان لە دوا پرۆگرامەکانی شاندەکە کە لە شاری  Duluth بۆیان دانرابوو,  شاندەکە بۆ دووەم جار سەردانی بەرێوبەرایەتی کتێبخانەی شاری  Duluth کرد و لە مەراسیمێکدا کە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی  پرۆگرامی ھاورێیەتی ھەردوو شار تێیدا ئامادەبوون, چەندین خەڵات و دیاری تایبەت, لە لایەن شاندەکەی رانیەوە پێشکەشی ئەندامی پرۆگرامی ئاڵوگۆری کەلتوری شاری Duluthء ئەو گەلەرییە کرا کە لەناو کتێبخانەکەدا بۆ شاری رانیە کراوەتەوە ھەروەھا بە ئامێزی پر لە خۆشەویستی شاندەکە ماڵئاوایی لە تیمی ئاڵوگۆری کەلتوری ئەو شارە کرد و بەرەو واشنتن:کەوتە رێ.  لە بەشی دووەمی چالاکیەکانی شاندەکە کە بە ھاوکاری نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە ئەمریکا بۆ شاندەکە رێکخرا, رۆژی ٢٤-٩-٢٠١٢  شاندەکە بە یاوەری (نەجات  عبداللە) بەرێوبەری کاروباری کەلتوریء( کاروان زێباری) بەرێوبەری کاروباری ئەکادیمی لە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە واشنتن, سەردانی بینای کۆنگرێسی ئەمریکایان کرد و لەگەڵ ( میشیڵ پلات) بەرێوبەری ئۆفیسی کۆنگرێسمان ( مارشا بلاک بێرن )  ستافی نوسینگەکەیانەوە کۆبۆوە. دواتر لە کاتژمێر ٦ ئێوارەی ھەمان رۆژ  سەردانی زانکۆی ئەمریکایان کرد و لە لایەن( جۆرج بێرک) مامۆستای عەرەبی لە بەشی زمان و خوێندنی دەرەکی زانکۆی ئەمریکی پێشوازی کران, پاشان لە کۆبونەوەیەکی ھاوبەشدا باس لە دروستکردنی پەیوەندی و ھەماھەنگی نیوان ھەردوو زانکۆی راپەرین و زانکۆی ئەمریکا کرا, بۆ  رۆژی دواتر لە کاتژمێر ١٠:٣ لە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە واشنتن شاندەکە لەگەڵ (کاترین پۆرتەر) سەرۆکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە ئەمریکا کۆبونەوە, لەو کۆبونەیەدا بەرێزیان لە رەوشی سەر سنورەکانی ھەرێم ئاگادار کرایەوە, ھەر بۆ ئەو مەبەستە ناوبراو بڕیاریدا لە سنوری مانگە ١٠ سەردانی شاری رانیە بکات. لە کاتژمێر ٢ دوای نێوەرۆ لە ھەمان شوێن, تیمەکە چاویکەوت بە (ئیرک گۆستافسۆن) بەرێوبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ھاندانی گەنجان و دابینکردنی ئاشتی لە عیراق, کۆبۆوە, لەو کۆبونەوەیەدا  ناوبراو ئامادەیی خۆی بۆ چالاکی ھاوبەش لە بواری گەنجاندا نیشاندا, لە کاتژمێر ٤ ئێوارە شاندەکە بۆ دووەم جار سەردانی بینای کۆنگریش کراو لە گەڵ ( ئاندی تایلەر) یاریدەدەری یاسایی (میشێل میکوەڵ) کۆنگیرسمانی ولایەتی تەکساس و ستافی نوسینگەی ئەو کۆنگریسمانەوە کۆبۆوە, کاتژمێر ٥:٣٠ ئێوارەی  ھەمان رۆژ لە بارەگای نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ( ئیمام دکتۆر محمد ماجد ) سەرۆکی کۆمەڵەی ئیسلامی ئەمریکا کۆبۆوە, لەو کۆبونەوەیەدا بریار درا لە مامۆستایانی ئاینی بەشداری کۆنفرانس و کۆنگرە ئیسلامیە جیھانیەکان بکەن. بۆ رۆژی دواتر واتە رۆژی ٢٦-٩-٢٠١٢ شاندەکە سەردانی بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای کردء لەگەڵ (ماسیو لیوزیەن) بەرێوبەری بیرۆی کاروباری کەلتوری و پەروەردەیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی کران, پاشان لە کۆبونەوەیەکی فەرمیدا کە (لیزا کراوس ) یاریدەدەری تایبەت بۆ کاروباری سیاسیء (ئەندرۆ ماستلۆسکی) فەرمانبەری پرۆگرام, (ئەندرۆ کیم) فەرمانبەری کاروباری دەرەوە, (سارا فێرچیچی) فەرمانبەری پلان دانان, چەندان بەرپرس لە تۆری دەستەخوشکی جیھانی و بەرێوبەری پرۆگرانی فۆلبرایت تێدا ئامادەبوون  کۆبۆوە لەو سەردانەدا  چەندان زانیاری لەسەر خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان و بە دەستەخوشکردنی شارەکانی کوردستان و ئەمریکا و پرۆژە و چالاکی ھاوبەشی گەنجان لە نێوانیان ئەنجامدرا, نیوەرۆی ھەمان رۆژ شاندەکە بۆ دووەم جار سەردانی زانکۆی ئەمریکی کرد و لە گەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر (محمد ابو نمر) پرۆفیسۆری بواری ئاشتیء چارەسەری کێشەکان, سەرۆکی دامەزراوەی بەرقەرارکردنی ئاشتیء گەشەپێدان و ( ئەنتۆنی وانس) مامۆستا و پرۆفیسۆری یاردیدەر و ( محمد عبدالمنعم) مامۆستای وانەبێژی زانکۆکە, کۆبۆوە کە تێیدا باس لە ھاورێیەتی و پەیوەندی زانکۆی راپەرین و زانکۆی ئەمریکی کرا,  رۆژی ٣٠-١٠-٢٠١٢ شاندەکە لە رێگای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە گەیشتە ھەرێمی کوردستان, بۆ رۆژی دواتر لەشاری رانیە لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین بەشێکی زۆر مامۆستایانی ئاینی و گەنجان و نوسەرو رۆشنبیرانی ناوچەکەء کەناڵەکانی راگەیاندن, لە مەراسیمێکدا شاندەکە بەخێرھاتن کرایەوە, بەم شێوەیە پرۆگرامی کارو چالاکی دووەمین شاندی کەلتوری سەنتەری رایەڵ کۆتایی ھات.
جێگای ئاماژەیە سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆری کەلتوری لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە مۆڵەتی یاسایی پێدراوە, کار لە بواری ئاڵوگۆری کەلتوری لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات دەکات کە تا ئێستا توانیویەتی چەندان چالاکی گرنگ لەو بوارەدا ئەنجام بدات.

بەرھەمی سەردانەکەی دووەمین شاندی کەلتوری سەنتەری رایەڵ بۆ وڵاتی ئەمریکا
١-    لێتێگەیشتن و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆی راپەرین و ٣ زانکۆی ئەمریکا بە ناوەکانی ( زانکۆی  umd , زانکۆی سێت سکۆلیستکا, زانکۆی ئەمریکا)
٢-    بە ئەندام بوونی سەنتەری رایەڵ لە تۆی جیھانی رێکخراوی دەستەخوشکی نێودەوڵەتی شاری  Duluth کە لە رێگایە دەتوانرێت پەیوەندی ئاڵوگۆری کەلتوری لەگەڵ وڵاتانی ( سوید, کەنەدا, روسیا, یابان) ئەنجام بدەین.
٣-    دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسی کۆمەڵەی ئیسلامی ئەمریکا کە رەزامەندی نیشاندا لە مانگی ١١ ئەمساڵ دوو مامۆستای ئاینی بانگھێشتی کۆنگرەیەکی ئیسلامی بکردرێت و لە سنوری مانگی ١٢-٢٠١٢ چەند مامۆستایەکی تر بانگھێشت بکردرێن.
٤-    دروستکردنی لینکێک لەگەڵ خوێندنگەیەکی پێشکەوتووی شاری  Duluth.
٥-     بەرێوبەرایەتی بەگژداچونەوەی توندوتیژی خێزان کە خاوەنی ئەزمونێکی دەوڵەمەندی جیھانیە لەو بوارەدا, بریاریدا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەرێوبەرەکەیان سەردانی رانیە بکەن و کاریش لەسەر ئەوە بکەن تیمێکی ژنان بۆ راھێنان لەو بوارەدا بانگھێشتی ئەمریکا بکەن و بە پێچەوانەش ۆرک شۆپ و چالاکی لە رانیەو ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.
٦-    کاترین پۆرتەر بەرێوبەری مافی مرۆڤ,  بریارە لە سنوری مانگی ١٠ سەردانی شاری رانیە بکات و لە رەوشی سەر سنوری ھەرێمی کوردستان بکۆڵیتەوە.
٧-    تیپی ھونەری سەدای ئاشتی ئەمریکا بریارە لە نەورۆزی ساڵی ئایندە سەردانی شاری رانیە بکات و چەند چالاکیەکی ھونەری ئەنجام بدات.
٨-    لە بواری حکومی ئامادەیی نیشاندرا کە ئاستی ئەو پەیوەندییە فراوانبکرێت و بە تایبەت لە نێوان شارەوانیەکان.
٩-    وتنەوەی بابەتێکی گرنگ لە زانکۆی  umd لە لایەن سەرۆکی زانکۆی راپەرین و دوو بابەتی ئاینی گرنگ لە لایەن مامۆستا مەلا عبداللە.
١٠-     لە بواری گەنجان دەتوانرێت چالاکی ھاوبەش لەگەڵ گەنجانی ئەو  وڵاتە ئەنجام بدرێت. بە تایبەتیش دەتوانرێت کار لەسەر ناردنی شاندێکی گەنجان لە ئاستی ھەرێمی کوردستاندا بکەین بۆ ئەو  وڵاتە.
١١-    گرنگی پێدانی میدیای ئەمریکا بە سەردانەکە کە چەندان کەناڵی رادیۆ, رۆژنامە, tv چەندین راپۆرتیان لەسەر سەردانەکە بڵاوکردەوە.
١٢-    پەیامێکی کۆنگریسمانی ولایەتی میناسۆتا  لە رێگای شاندەکەوە ئاراستەی خەڵکی رانیە کرا کە تێیدا ناوبراو ئامادەیی خۆی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکە دەردەبرێت.