CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 68 میوان

درامای ڕۆژمێری شارێک یان ڕۆژمێری گەڕەکێک !؟؟

شنە پێنجوێنی
هۆڵەندا ٢٠١٣
بەشی یەکەم
هەڵبژاردنی ناونیشان؛ بۆ هەر بابەتێكی هزری وهونەری و ڕامیاری وهەموو کایەکانی تر مانا و گوزارشتن بۆ ناوەڕۆکی بابەتەکە و دەکرێ ناونیشانەکە ڕیالیزمی یان فەلسەفی و یا سریالی و خەیاڵي، وە یا کۆمیدی بێت، بۆ ئەوەی بتوانرێ لە یەکەم بەرکەوتنەوە بینەر یان خوێنەر وەیان بیسەر بۆ خۆی ڕابکێشێت.

هەر لە گرنگیمانەوە بۆ ئەم باسە شۆرۆڤەی ناونیشانی زنجیرە درامای (ڕۆژمێری شارێك) دەکەین کە لە نوسینی (دڵشاد مستەفا و دەرهێنانی ئەرسەلان دەروێش) ە، بەرهەمی تیپی سالار و کوردساتە و لە ٣١ زنجیرە پێك هاتووە.
ئەم ناوە ناوێكی ڕیالیزمیە، بە پێێ ناوەکەی گەڕانێکە بە مێژووی شارێك لە سەردەمێكدا، ئەم ڕۆژمێرییە لە دیدی سیڤەر و ئازادەوە دەنووسرا کە ڕووبەری نووسینیان لە گەرەکەکەی خۆیان و ڕووداوەکانی گەرەکەکە دەرنە دەچوو و باسەکانیان هەمە لایەنە و گشتگیر و ڕازی کەر نەبوو. زۆر بە کەمی بوون یان ڕۆڵیان هەبوو لە دانیشتنی رۆشنبیران و خوێندکارانی زانکۆدا. گفتوگۆکانی ئەو سەردەمە، هەر بۆیە باشتر وا بوو ناوی ڕۆژمێری گەرەکێکی لێ بنرێ، نەك ڕۆژمێری شارێك. بە پێی گوزارشت وبینینمان بۆ سەرلەبەری دراماکە، دەیەوێت بەتایبەت باس لە ساڵانی ١٩٧٠و ساڵەکانی دوایی شاری سلێمانی بکات. هەرچەندە من بۆ خۆم لەگەڵ تایبەتمەندێتی و جۆرێك لە شارچیتی نیم، بەڵام ئەمەش ئازادیی ڕەهای نووسەرە، وەلێ ناوەکەی و داڕشتنی ناوەڕۆکه‌که‌ی ناتگەیه‌ننە ئەو دەرئەنجامەی بلێێ ئەمە رۆژمێری شارێکە.
دەست بردن بۆ بابەتی مێژوویی زۆر گرنگە و دەبێت لە ئاستی ئەو گرنگيیەدا کاری تەواوەتی چڕ و پڕی لە هەموو ڕوویەکی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەلایەتی و دینی و کلتووری و ڕۆشنبیری و سروشتی دیکۆرەوە بۆ بکرێت.
هونەری هەر درامایەک بە هەڵبژاردنی بابەت یان چیرۆك یان کوالیتیی سینارێۆکە لەلایەن نووسەرەوە بە فاکتەری یەکەم دێ، کە پێم وایە بەردی بناغەی هەر کارێكی هونەریە، دوای هەڵبژاردن و توانای نواندن لەلایەن هونەرمەندانەوە بە فاکتەری دووەم و سێهەمین فاکتەری گرنگ، ڕوانین و جێبەجێکردنی کارەکەیە لەلایەن دەرهێنەرەوە، نەبوونی هەریەک لەم سێ کۆڵەکە گرنگە وەیان کەمتەرخەمی تێیدا، چۆنیەتی دراماکەت بۆ دەست نیشان دەکەن و بەرپرسیارن لە دەرئەنجامەکەی. هەر بۆیە باسەکەمان لە سێ تەوەرەدا شی دەکەینەوە و گرنگيیان پێ دەدەین.
تەوەرەی یەکەم
بابەت یان سیناریۆ لەلایەن نووسەرەوە:
چیرۆك وهەڵبژاردنی چیرۆك بۆ دراما یەکێکە لەو مەتریالە هەرە گرنگانەی کە چۆنیەتیی باڵەخانەی درامای لەسەر دروست دەکرێ، دەبێت هەموو ئەو ڕەهەند و هێزانەی تێدا بێ کە هەوڵی خۆڕاگری و مانەوەی دەدات.
گەر بمانەوێت چیرۆك یان سیناریۆی ڕۆژمێری شارێكی (دڵشاد مستەفا) هەڵبسەنگێنم، دەگەمه ئەو بیر و رایەی کە بلێم جۆرێک لە پەلەیی و شپرزەیی بە سەر لەبەری سیناریۆکەوە دیارە، جۆرێک لە بۆردی چیرۆك بۆهەموو کارەکتەر و پەیوەندیی نێوانیان و گرێ و ڕووداوەکان و هەموو ئەو وردەکاريیانەی تر کە پێویستە بۆ دروست کردنی درامایەك هەست پێ ناکرێت.
سیناریۆکەی بەرێز (دڵشاد مستەفا) کە لە ٨٠٠ دیمەن پێک هاتووە، دەتوانم بە چەندین خاڵ باسی لایەنە ئەرێنی و نەرێنيیەکانی بکەم و منیش بتوانم بۆردی نووسینم جیا بکەمەوە و هەوڵ بدەم هێندەی تر سەر لە بینەر و خوێنەر تێك نەدەم و مەبەستەکەم بگەیەنم.
زیندوترین خاڵی ئەم سیناریۆیە وەك (تێۆر) بوونی چەند ڕەهەندێكی فەنتازیایە کە خواستی نووسەر بووە ، بۆ ئەوەی ڕەنگێك یان خاڵێكی تازە بۆ ئەزموونی دراما زیاد بکات، ئەویش کارەکتەری وەك (سەعید حەیران و فریشتەی مەلەك) و بوونی باخێكی خەیاڵە لە گەرەکێکدا.
کارەکتەری یەکەم (سەعید حەیران) ە، کە زۆر جار بە خۆی و کۆمەڵێك باڵندەوە لە زۆر شوێن دەردەکەوێت، ئەم جۆرە فەنتازیایە، هێمایە بۆ ئاوارەییەکی هەمیشەیی گەڕانی میللەتێك بەدوای ئازادی و سەربەخۆیی بۆ نیشتمانەکەی.
کارەکتەری دووەم (فریشتەی مەلەک) ە، کە گوایە بەدەرکەوتنی مرۆڤەکان سەرسام دەبن و دەست و پەنجەیەکی ئەفسوناویی هەیە کە توانای چارەسەرکردنی زۆرێک نە خۆشی هەیە و لە هەمووشی گرنگتر و سەیرتر ئەوەیە کاتێ کە دەردەکەوێت، بۆنی گوڵاوی لێدێت و زۆر جار دەرکەوتنی بە جلوبەرگی سپيیەوە هێمایە بۆ خۆشی و دەرکەوتنی بە ئاودامانی ڕەشەوە، هێمایە بۆ مردن.
بوونی باخێك بۆ ئاشقان لە ناو گەرەکێکدا و لەو سەردەمەدا و چوونی زۆربەی ئاشقان کە هەمووی کج و کوڕی گەڕەک بن و بە ئاشکرا وەك بینیمان و بە نووسراویش هەیە، ئاماژەیە بۆ باخێكی خەیاڵ لای نووسەر بۆ خۆشەویستي، دەنا تا ئێستەش درێژکراوەی ئەو کلتوورە دەبینین کە بەو ئازدی وئاشکراییە نيیە.
ئەمە رێچکەیەکی تازەیە کە نووسەر پەنای بۆ بردوە وە یان دەتوانم بڵێم سوودی لە ( جەلادەتی کۆتر) ی بەختیار عەلی لە شاری مۆسیقارە سپیەکاندا وەرگرتوە، کە ڕەمز بوو بۆ کۆچەریی کورد و بێ نیشتمانی ، هەروەها (فریشتەی مەلەک ) ی هاوشانی کارەکتەری نەقیب سامیری بابلی کە کاتێ دەردەکەوت، بۆنی پڕتەقاڵی لێدەهات. هەرچەندە بەداخەوە دەرهێنەر کە بەرێز (ئەرسەلان دەروێش) ە، نەیتوانیوە بەرجەستەی ئەو فەزا فانتازیا و تازەگەريیە بکات، بگرە کارەکتەری (سەعید حەیران) ی بەتەواوەتی سڕیوەتەوە و ئاماژەی پێ نەداوە و بۆ فریشتەی مەلەکیش نەتوانراوە ئەوەی نووسراوە بە وێنەی بکات و بیگەیەنێت.
نووسەر بە باسەکانی دەیەوێت لەم نووسینەدا بۆ ئەم درامایە پردێك و لێكچوونێکی بارە ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و کلتوری و ئایینيیەکانی ڕابردو و ئێستا پێکەوە گرێ بدات و جۆرێک لێک چوونمان بە بیردا بهێنێتەوە و بیسەلمینێت:
1- کە چۆن تا ئێستە وڵاتە زلهیزەکان و وڵاتانی دراوسێ، داگیرمان دەکەن و بێ نیشتمانین. پەرەهەڵدانەوەیەك بوو بۆ خەباتی سیاسیی میللەتی کورد و هەموو ئەو فاکتەرانەی کە بوونه‌تە هۆی سەرنەکەوتنمان کە تائێستەش لەگەڵ هەموو رووداوە رامیاریەکاندا، مامەڵە بە سۆز دەکەین نەك بە هزر.
2- لە لایەکی تریشه‌وه کەمتەرخەمیی پارتە کورديیەکان و ئاژاوەی نێوانیان لە وێنەی ( قادربەگ و میرزا) دا لە پێناوی بەرژەوەنديیە تایبەتيیەکان و گلاندیان بە شەر و ئاژاوەوە، نێوەندێكی بەهێزی تری دروست کرد کە ئەویش (ئیسلامیی سیاسی) بوو لە کارەکتەری (سەیدی جادوکەر) کە بەناوی ئیسلامەوە هەوڵی دەدا لە رێێ گەنجەکانەوە بچێتە ناو هەموو ئەو باسە کۆمەڵایەتی و ڕامیاریانەوە و فەزای تێکهەڵچوون لە نێوان ڕیزەکانی میللەتەتدا دروست بکات و رک و کینە جێگەی بگرێتەوە.
3- پانتاییەکی تەرخان کردبوو بۆ خۆشەویستیی خاك و نیشتمان و خۆشەویستیی مرۆڤەکان بۆ یەکتری.
٤- مەلا شەریفی هێنابوو کە گوایە ئیسلامی راستەقینە مانای خۆشەویستی و پاکيیە، پەیامێكی تری نووسەر بوو.
٥- باسی ساویلکەیی میللەت و کلتورەکەی دەکرد، لە هەمان کاتتدا باسی ئازادیخوازان و ئازادیی ژنانی دەکرد هەروەها وروژاندنی زۆرێك دیدگا و رەهەندی تر کە دەبنە خاڵێ پۆزەتیف بۆ چیرۆکەکە.
راستە نووسەر ویستویەتی زۆرێک بابەت بوروژێنێت وەك سەرە داوێك داویەتی به‌ده‌سته‌وه، بەڵام بە وردەکارییەک و سەلیقەیەکی پڕ ڕەهەندەوە باسی لێ نەکردوە ، ئەوەی جێێ سەرسوڕمانە، زۆربەی بونیادی کارەکتەرەکان و پێوەندی و دوور و نزیکیی کەسەکان، چ لە ڕووی دەرەکی و ناوەکیی کار و ژیانی رۆژانەی زۆربەی کەسه‌کان و ڕووداوەکان، واقیعی و برواپێكراو نەبوون، نموونەشمان بۆ ئەم باسە زۆرە، لەوانە : داڕشتنی کارەکتەرەکان و پێوەندی و ڕووداوەکان.
کارەکتەری قادر بەگ:
داڕشتنی ئەم کارەکتەرە پێجەوانەی ئەو کەسانەن کە لەژیاندا ئێمە دەیانبینین، کەسە دڕندە و فێلباز و بێ ویژدانەکان لە فۆرمدا هێندە بە ئاشکرا دەرناکەون، بە پێجەوانەوە هەموو رێگایەک دەگرنە بەر بۆ پۆشێنی چەندین ماسک تا بتوانن زیاتر وەك کەسێکی ناحەز دەرنەکەون، وەك بینیمان قادر بەگ هەموو کات لەگەڵ هەموو کەسێکدا بەردەوام تورە و ناحەز دەردەکەوێت، بۆ؟ گوایە کاتی خۆی حەزی لە ژنی میرزا کردوە، دوای چەندین ساڵ ئەم مرۆڤە بیری نەچۆتەوە و دەبێ بەو شێوەیە مامەڵە بکات، تەنانەت لەگەڵ ماڵ و منداڵ و کەسە نزیکەکانی خۆیدا رۆژێك نەمان بینی مامەڵەیەکی باوکانە لەگەڵ منداڵەکانيدا بکات، بەتایبەتی لەگەڵ فەرەیدوونی کوڕی کە بەردەوام پاڵپشتی باوکی بوو. زۆرێك پرسیاری تر تاوات لێ دەهات تووشی شۆك ببیت و هەستی بێزاری دەرببڕیت.

: کارەکتەری سیڤەر
داڕشتنەوەی سیڤەرلە جێی خۆیدا نەبوو، بۆ؟ سیڤەر گوایە کەسێكی هێندە بە ئاگایە، رۆژمێری شارێک دەنووسێتەوە لەو کاتە گرنگەدا کە شۆڕش هەرەس دەهەینێت، بارودۆخەکان زۆر ئاڵۆزدەبن، سیڤەر یاداشتەکانی لە کتێبخانەی گشتی هەڵگرت و لە نووسین وەستا، کە دەبوو پێچەوانەی ئەو کارەی بکردایە. هەمیشە لە هەموو سوچێکی ئەو شارەدا سەرگەرمی نووسین و تۆمار بوایە. لەویش کارەساتتر، کاتێ شار بە جێ دەهێڵن و ڕوو لە کۆیە دەکەن بۆ ماڵێ داپیری، لەوکاتە ناسکەدا کە شار خرۆشاوە و تۆپ بارینە و حیزبی بەعس سەگ و گورگی بەرداوەتە میللەت، بە پێی داڕشتنەوەی کارەکتەرەکە، کەسێکی وریا و ئاقڵە و ئەرکی تۆمار کردنی هەموو ڕووداوەکانی شارەکەی لەسەرەوه پێ سپێردراوە، کەچی وەك مندالێك گڕووی چوونە دەروە لە نەنکی دەگرێت، کە گوایە پەیمانی پێداوە کە بە ناو شاری کۆیەدا پیاسە و گەڕانی پێ بکات، ئەم جۆرە ڕوانین و ناسینە دەبێتە دژە کرداری کەسایەتیەکە و کار بۆ ئەوە دەکات بینەر لە خۆی و لە ماناکانی بتۆرێنێ.
کارەکتەری عەباس:
چۆن دەبێت عەباسی خونچە بەو شێوەیە دەربچێت، هێندە شەرەنگێز و سەرەڕۆ، لە کاتێكدا پەروەردەی ماڵی میرزایە، چۆن دەکرێ من بگەیەنیتە ئەو تێگەیشتنەی کە لە دوای ئەو هەموو کارەساتە بەسەر عەباسدا هات، چۆن میرزا و فەرهادی کوڕی و شیرین توانیان بەو شێوەیە وەلای نێن و گرنگیی پێ نەدەن، بەتایبەتی لەدوای مردنی دایکيیەوە؟ چۆن نەتوانرا زەمەن و ڕووداوەکان ئەو منداڵە بەرەو تەقینەوه و گٶڕان بەرن و رێرەوی بیرکردنەوە و مامەڵەي، گۆرانکاریی بەسەر بێ؟ وەکو بیینیمان لە دوای مردنی دایکی لە ماڵی گوڵە دەمایەوە، ئایا چۆن ئەمە بەسەر نووسەردا تێ دەپەڕێت کە گوایە فەرهاد و میرزا هێندەی گوڵەیان پێ نەدەکرا کە عەباسی بردە لای خۆی؟ ئەم جۆرە کارەکتەرە و پێوەنديیەش کار دەکەنە سەر ڕیتم و بەرەو پێشچوونی دراماکە و دەتوروژێنن و پرسیارێكی زۆرت لا دروست دەکەن کە بێ وەڵامن.
کارەکتەری فەرەیدوون:
بۆ دەبێ هێندە نامرۆڤ بێت؟ هەموو ئەو کارەساتانە کە بەسەر خێزانەکەی هات، هیچ جۆرە گۆرانکاريیەک لە بونیادی ئەم مرۆڤەدا دروست نەبوو بەهەمان شێوەی ئەوانی تر، دەکرێ نووسەر پێم بڵێ لەو جۆرە مرۆڤانانەمان زۆرە کە دڵرەق و خراپن ،بەڵام نووسەر دەبوو دەستنیشان و بەرجەستەی پاش و پێشینە و زەمینەی بۆ ئەو کارەکتەرانە خۆش بکردایە و نەبوونایە بە کەموکوڕیی بۆ داڕشتنی کەسایەتیەکە، نووسەر لەلایەك پێم دەڵێ کە فەرەیدوون نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات و هەر زوو وازی لە مەکتەب هێناوە، ئەی خێرە ئەو بەو زمانە ئارەبيیە دەتوانێ قسە بکات؟ چٶن نووسەر دەیەوێت بە منی بینەر بڵێ ئەوە هێشتا قادر بەگی باوکی ماوە، چۆن دەتوانێت هەڵسوکەوت بە سەروەت و سامانی باوکیەوە بکات، گوایە لەکاتی بێهۆشیدا ئیمزای بۆ ئەم کورەی کردوە، ئەی نووسەر بیری چووە کە ئه‌گەر ئەوەش ڕوو بدات، دەتوانێت لە رێگای پارێزەرەوە ئەو موڵك و ماڵ و بەرپرسیارێتيیە بگەرینێتەوە بۆ خۆی؟ لە کاتێكدا کورەکەی خۆی پارێزەرە، بۆ ئەم کەسایەتيیە دوایی دەستی لەگەڵ بەعسدا تێکەڵ کرد و بۆ منی بینەر نەمتوانی ئەو زەمینە خۆشکەرە ببینم و بڕوام هەبێت کە ئەو مرۆڤە بەو شێوەیە دەربچێت و دوایی لە رۆژی ژنهێنانی براکه‌یدا بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکات و زۆرێكی تر لە کار و کرداری ئەم کەسایەتيیە دەبنە هۆی سەرسوڕمان کە چۆن دەبێت هەموو ئەم کەم و کوڕيیانە بەسەر نووسەردا تێپەرێت؟.
کارەکتەری شیرین:
داڕشتنەوەی ئەم رۆڵەش تێر نەبوو لە هەموو رەهەندەکانی کەسێكی ئاسایی، بۆ نموونە کەسێكی وەك خونچە کە بە پێێ سیناریۆکە وەک دایکی سەیری شیرینی کردوە و بە درێژایی ژیانی لە خزمەتی دا بوە کاتێ کە سووتا چۆن وە بە چ بەهانەیەک شیرین بۆ ٣ مانگ دەچیتە بەغداد؟ لە کاتێكدا ئەو لە گەرمترین ئەشق و لە گەورەترین لەکیس دانی کەسێکی وەک خونچەدایە، من لێرەدا ئەو پرسیارە لە نووسەر دەکەم ؟ کە کەسێكی وەک گوڵە بۆ دوو سێ رۆژ لەلای خونجە مایەوە کە چی وەفای ئەو ئافرەتە وای کرد بە درێژایی ئەو ماوەیە لە خزمەتیدا بێ، ئەی نەدەبوو بەهەموو داب و نەریتێكی ئەو خێزانە کە شیرین و ماڵی باوکیەتی، کە نووسەر خۆی بۆی داڕشتوون، ئاگایان لە عەباس و دایکی نه‌بوو، بۆیە نەبوونی هەر تۆکمەییەک بۆ داڕشتنی کەساییەتیەکان لە کۆتاییدا کەلێنێكی گەورە بۆ داڕشتنی کۆی نووسینەکە دروست دەکات.
کارەکتەری مەلا شەریف، گوایە ئیسلام نموونەیە بۆ خۆشەویستی و پاکی بە بیر و ڕای نووسەر؟ بەڵام کاری مەلایەك پێم وایە هێندەی خەتم کردنی قورئان و نوێژ کردنە هێندە گوێگرتن نيیە لە کتێبی لەیل و مەجنون، یان گوێ گرتنی شەو و رۆژی لە چیرۆك وهۆنراوە و گریان بەدیاریەوە، ئەمە کەی و لەکوێ بەو شێوەیە ڕووی داوە و ئایا ئه‌وه پەسەندە؟.
کارەکتەری مستەفا:
چەقۆتیژکەرە، دووهێندەی کارەکەی وەك سیاسی و ئەدیب و حیکایەت خوانێك و کەسێكی کۆمیدی و دوا بەدوای ئەمانەش کەسێكی شٶڕشگێڕ و لە کۆتایشدا وەك کەسێكی ئاشق دەردەکەوێت، ئایا ئەم هەموو بەرپرسیاریەتيیە چۆن دەبێت وە بۆ؟ ؟ ئایا دەکرێ سەرنجی منی بینەر بۆ خۆی ڕابکێشت ؟ وە بۆچی ئەم هەموو تێكەڵيیە بە بێ پاساو، هەروەها دروست بوونی چەندین پرسیار و گۆمانی تر لەم کەسایەتیە که ناچێتە هزری بینەر و سەیرکەرەوە ؟.
کارەکتەری ئەحمەدی کەشتی:
بەهەمان شێوەی کاك مستەفا، ئەویش پێشمەرگە و شیکەرەوەی هۆنراوە و ئەدەبیات بوو، لە جیاتی ئەوەی ببینرایە کە سەرگەرمی کارێكی ڕیالیستی بێت وەک دارتاشێك بۆ کەل و پەلی ناو ماڵ کە پیشانی بدات بژێوی ماڵ و منداڵی لەسەرە، نەك دروست کردنی کەشتيیەك کە نەك ئەو کاتە خەیاڵ بوە و دوور بووە لە راستيیەوە، بگرە ئێستەشی لەگەڵدا بێ و بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافیمان بەو شێوەیە ئاشنایەتیمان لەگەڵ ئاو و دەریا و کەشتیدا نيیە، ئیتر بۆ دەبێ کەسێک بەم ناو و کارەوە بێتە ئەم باسەوە، ئەمە چ جۆرە باسێكی بۆ سەر دراما و ڕێرەوی نووسینەکە زیاد کرد؟ گەر نووسەر دەڵێت ئەمەش جۆرێکە لە فەنتازیا، دەبوو ئیتر باسەکان چڕ نەکاتەوە کاتێ کە لەدەروەیە پێی دەڵێن ئەرێ ئەوە کاک ئەحمەد کەشتیەکەت چی لێ کرد، واتە پرسیار لە واقیعێك دەکرێ ئەویش دەڵێ وەڵڵا لای مام عەزە دامناوە ، پیاوی چاکە زۆر ئاگای لێدەبێ، ئەمە دەچێتە چ قاڵبێكه‌وه، کۆمیدیا یان تراژیدیا؟.
کارەکتەری محە:
بەراستی تەنها لە فۆڕمدا وەك شێت دەردەکەوت، دەنا محە وەک هەموو کەسێكی ئاسایی و بگرە زۆر جار ئاقڵتریش لە کەسە ئاساییەکان دەردەکەوت، بەڵام بە وشەی پچر پچڕ، دەنا کۆی وشەکان مانای رستەی تەواوەتيی دەدا بەدەستەوە، کە دەبوو نووسەر ئەم شێتەی بۆ خزمەت کردنی ڕەوتی دراماکەی بەکار بهێنایە و هەندێک کردار و کارەکتەری ئەم شێتەی بە نهێنی هەڵبگرتایە و زۆرێك لە سەرە داوەکان و گرێکانی دراماکەی پێ بکردایەتەوە، واتە تەنانەت لای بینەریش ئاشکرا نەبوایە کە بەڕاستی شێتە یان کەسێكی ئاقڵە و تا لە کۆتايیدا و بە مەبەست کارەکتەری ڕاستەقینەی بناسێنایە. یان داڕشتنی کەسایەتيیەکی شێتی بەتەواوەتی بۆ بەرجەستە بکردایە، واتە دەبوو نووسەر بە ڕوونی مەبەستی بۆ ئەو کەسایەتيیە دەستنیشان بکردایە، نەك بەهەمان شێوەی کارەکتەرەکانی تر لە باخی دڵداران و لە چاخانە و لە هەموو کوچەیەکدا دەبینرا و قسەی خۆی لەگەڵ ژن و پیا و کچ و کوڕدا دەکرد، ئەم جۆرە دروست کردنە جێژ و و بروا و متمانەی منی بینەری بەدەست نەهێنا. بە شێوەیەکی گشتی زۆربەی ڕۆڵەکانی تر وەك سەيیدی جادوکەر و بلە و فەرهاد و سەلما و برای مستەفا و مامۆستا جەمال و هەندێكی تر کە ناکرێ باسی هەموویان بکرێ، هەمان چارەنووس و داڕشتنیان هەبوو، دەوڵەمەند نەبوون و نەتوانرا بوو سەرکەوتووانە ئەو کەسایەتيیانە وەک نووسین لە یەکم هەنگاودا بەرجەستە بکرێن.
لێكچوون و بیرکردنەوە و دارشتنی زۆرێك لە خێزان و کەسایەتيیەکان:
بەشێوەیەکی گشتی کەش وهەوای زۆربەی خێزانەکان وەک یەک وابوون، وەک یەک بیریان دەکردوە، بەتایبەتی چونیان بۆ سینەما، راستە لەو سەردەمانەدا خەڵكی یان خێزانەکان ڕوویان دەکردە سینەما، بەڵام بەو شێوەیەش نا، هەستت بە جۆرێك لە زیاده‌ڕۆیی دەکرد کە دەبوە جێێ گومان، زۆربەی ئاشق، زۆربەی ئافرەتەکان ڕۆشنبیر، لە ماڵی بەکری بەريد دا هیچ جۆرە باسێك نەبوو تەنها گرفتی کۆکردنەوەی ئەو پولانە نەبێت. لەگەڵ مردنی چەندین کەس لەم درامایەدا، دەبوو مژدەی لە دایک بوونی چەندین نەوەی نوێی بدایە و جۆرێك سەرقاڵیی بۆ داراماکە و ناو ماڵەکان دروست بکرایە.
بوونی خێزانی گەورە و ڕاکە راکردنی منداڵان لە شەقام و کوچەکاندا، بوونی قوماش فرۆشێک کە جاران بارەکەیان دەدا بە کۆڵدا و مەترێکیان پێ بوو، نەوتفرۆشێك، سەوزە فرۆشێك بە عەرەبانەیەکی دەستيیەوە سروشتی مێژووی ئەو سەردەمەت بەیادا بهینێتەوە.
زۆرێكی تر لەهەموو ئەو وردەکاريیانە کە زیاتر نزیک دەبویتەوە لە سەردەمەکە. نەبوونی و چنینی ڕووداوەکان واتە بە شێوەیەکی زۆر سانا دەردەکەوتن، بیرچوونەوەی زۆرێک لە رۆڵی کەسایەتيیەکان لە زۆربەی زنجیرەکاندا و زۆرێك لە هەڵە و پەڵەی زۆر کە منی بۆ ساتێکش نەدەگەڕاندەوە بۆ ئەو سەردەمانە، لەگەڵ زۆر جار پێکەنین و باسی زۆر بێ مانا کە نەیتوانی بوو ئەو خۆشی و پێکەنینە لەگەڵ منی بینەردا بەش بکات. هێزی نوسین نەیتوانیبوو ئەو پێوەنديیە لە نێوان بینەر و کەسایەتیەکاندا دروست بکات بەو مانایەی ئەوان سەرگەرمی پێکەنین و دانیشتن بوون کاتێ من سەیرم دەکرد، نەمدەتوانی بەشداریی ئەو خۆشی و پێکەنینە بکەم تا زۆرجار تووشی حەپەسان و سەرسوورمان دەبوویت. ئەم هەموو بەرپرسیارێتيیە، پێم وایە پێش هەموو هەنگاوێك ئەرکی نوووسەرە و لە دەرئەنجامەکەی بەرپرسیارە.
زمانی داڕشتنی سیناریۆی ڕۆژمێری شارێك:
راستە زمانی دراما دەبێت زمانێكی سادە و میللی بێت، بەڵام خۆ ناشکرێ فۆتۆکۆپیی واقیع بێت، زمانی ئەم سیناریۆیە زۆر بە زەقی دەبیسرا و دەتوانم بڵێم گەیشتبوە ڕادەی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هەموو ئەم گاڵتە پێ کردن و ناو و ناتۆرەیە بە یەکتری، لە خزمەتی کارە دراميیەکەدا نەبوو. بۆ نموونە قادر بەگ و فەرەیدون و بلە و حەسەن و بەکر و مستەفا و عەباس و هاورێکانی و حەمەی بەرید و کە زۆر جار دەبووە هۆی تووڕە بوونت ، کاری هونەر تەنها گەرم کردنەوەی تێکستەکان نيیە بۆ ئەمرٶ هەڵبەتە ئەرکی هونەر بازهەڵدانە بەسەرهەموو ئەو سروشتانەی کە هەندێ جوانی و بەهای مرۆڤەکان بزر دەکەن.
: کات، بۆ داڕشتنی درامای رۆژمێری شارێك
لێرەدا مەبەستم لە دوو جۆر کاتە، یەکەمیان بە شێوەیەکی گشتی بە ڕوونی کاتەکان دەستنیشان نەکراوە بۆ سەرلەبەری دراماکە، دووەمیان کاتی حیوارەکان هەست دەکەیت هێندە دیمەن و گرتەی درێژی تێدایە کە رەچاوی کات نە کراوە، بەتایبەتی کاتێ بینەر هەست بە گرێ ناکات لەم درامایەدا لەو کاتەدا گرنگیت بۆ کات زیاتر لا دروست دەبێت و دەبێتە هۆی دووجار بێزاری بۆ بینەر.
داڕشتنی نووسینی ئەم درامایە هەر لە دەستپێکەوە نەیتوانی هەست و نەستی بینەر بجوڵێنێت و یاری بە هەڵچوون و داچوونی بکات و لە کۆتايیشدا بە شێوەیەکی زۆر خێرا کۆتایی بەهەموو ئەو رەگەز و فاکتەرانە هات و هەرچەندە کوتومت کۆتایی ( رایەت بیضاء ) ی جمیل راتبی بەیاد هێنامەوە، بەڵام ئەمەیان بە بێ بوونی بەهانەیەك و به‌بێ ئه‌وه‌ی مەبەستێك بپێکێت کە لە خزمەتی هێڵە دراميیەکە دا بێت.
هەڵبەتە هیچ کارێک لەسەروو رەخنەوە نییە بە باسەکەی منیشەوە، بەڵام هیوادارم هەموو لایەك گازندە و رەخنەکانمان قبوڵ بکەن و سوپاسی هەموو لایەک دەکەم و گەر بوونی ئەم درامایەش نەبووایە بوونی ئەم بابەتەی منیش نەدەبوو. هەر بۆیە هەموو کات بوونی هەر بەرهەمەێك باشترە لە نەبووني، بەو هیوایە رۆژێک بێت و ئێمەیش بتوانین دەربازی ئەم قەیرانە ببین.