CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 22 میوان

شانۆیی ( دۆزەخ )

نووسینی / سلێمان گەڵاڵی

کارەکتەرەکان
کەسی یەکەم خاوەنی جل وبەرگی خۆلەمیشی
کەسی دوەم خاوەنی جلی سپی
کەسی سێیەم خاوەنی جلی رەش
حەمباڵ پیاویکی رەنجدەرە
منداڵ
قوتابی

((سەر تەختەی شانۆ بریتیە لە چەند بەرزاییەکی جۆراوجۆر کەلەسەر شیوازی بازنەیی لەناوەراست و دوولاکەی تر لاکێشەیی یە بەرەنگی تبنی . خۆل . لە ناوەراستی دواوە کالوسیکی رەنگ رەساسی و دوو لاکەی تر سپی و رەش دەبن ھەروەھالەلای پیشەوەی لاکانی شانۆ پەردەیەک شۆر بۆتەوە بە رەنگی ئاگر . مۆسیقایەکی بەھێز لە گەل گۆرانکاریەکان دەگۆردرێت . رووناکی بە شێوەیەکی . (بقع) لەسەر پەردە و دوو کالوسە کەی دواوە ھەلدەگیرسێت و دەکوژێتەوە لە گەل دەنگی موزیک لە شوێنێک قاچ و لەوەی تر دەست و لەوەی تر سەر لە پەنا پەردەو کالوسەکان دەردەچن و بە چەند جولەیەک گوزارشت لەسەرھەڵدان ولە دایک بوون دەکەن . لە سەرەتا تەنھا تەنھا دەردەکەون دواترھەر پێنجیان بەیەکەوە دەر دەکەون . سەر لە ناوەراست ودەستەکان لە پشت کالوسەکانی دواوە .قاچەکانیش لە پەردەکانی پێشەوە . لەگەل دەنگی موزیک دەنگی ئافرەتێک دەبیستین و رووناکی تەنھا لەسەر کالوسی ناوەراست دەمێنێتەوە بە ئازارێکی زۆر و دەرکەوتنی لە سەر خۆ کەسی یەکەم کە خاوەنی جلی خۆلەمێشیە لە دایک دەبیت بە ھەڵزراندنی کالوسی ناوەراست . کالوسەکانی تەنیشت رووناکی لە دواوە لێدەدریت و ئەوانیش ژانی لە دایک بوون دەنوێنن وەک سیبەر یک دەردەکەون . دواتر کەسی یەکەم بە غلۆر بوونەوە دەکەویتە ناوەراستی شانۆ و ئەوانی تریش بۆ لاکانی شانۆ . لەگەل سکە خشێ و گاگۆلەی کەسی یەکەم دووەم سێەم بە ھەمان شێوە تا دەکەونە سەر پێ ،
بەسەر بەرزایەکە دەکەویت بەشیوەیەکی مەلول ریدەکات تا لە پەردەی ناوەراست نزیک دەبێتەوە کەسی سپی پۆش ورەش پۆش دەر ھەڵدەستنەوە .
موزیک لە گۆراندایە رووناکی کزە))

کەسی یەکەم / ئای لەو نەگبەتی. ئێمە بەویستی خۆمان نە ھاتینە ئەم دونیا یە .
سپی پۆش / ئای لەو نەگبەتی. ئێمە بەویستی خۆمان نە ھاتینە ئەم دونیا یە .
رەش پۆش / ئای لەو نەگبەتی. ئێمە بەویستی خۆمان نە ھاتینە ئەم دونیا یە .
سپی پۆش / بەڵام ئاواتی دایک وباوکمان ھێنایە دی و دڵی ئەوانمان خۆش کرد
رەش پۆش / ئەی ئەوان بیریان لە ناخۆشیەکانی دونیا نەکردەوە کەتوشی ئەوان وئَیمەش دەبێت.
کەسی یەکەم / نەخێر ماوەی بیرکردنەوەیان نەبوو غەریزەی ئینسانی رێی بیرکردنەویانی گرتبوو دوای ھەوە سی خۆیان کەوتن.
سپی پۆش / نەگبەتیەکەلێرەوە دەست پێدەکات,کاتێک ئەوان مان ونەمانی خۆیان بەدەست خۆیان نیە,چۆن ئێمەیان ھێنایە بوون
کەسی یەکەم / دایک و باوکمان بە بوونی ئێمە بوونی خۆیان سەلماند , خەمی پێگەیاندن و گەورە کردنی ئێمەیان گرتە ئەستۆ.
سپی پۆش / خەمی پێگەیاندنی ئێمە خەمە سەرەتاییەکانی ئەوان بوو
رەش پۆش / بۆ ئەوەی لە نێو کۆمەَلگادا رۆلی خۆیان ببینن لە بونیاد نانی داھاتوو , ئەرکی پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ کەوتە ئەستۆی ئەوان
کەسی یەکەم / نەوەی نوێ ... نەوەی کۆن ... ئەو نەوانە چییان بۆ خۆشگوزەرانی و بونیادنانیکی تەندروست بۆ کۆمەلگا کرددوە. .
سپی پۆش / ھەموو ھەول وکۆششیکیان خستۆتە گەر , بۆ دابین کردنی ژیانیکی ئاسوودە و دەستیان بۆ ھەموو کارێکی چاک بردووە , ئاقلانە بیریان کردۆتەوە , کاریان کردووە .
رەش پۆش / ئەی ئێمە دەبی چی بکەین؟
کەسی یەکەم / ئێمە چی بکەین ؟ دەبی َ ھەوڵ بدەین بوونی خۆمان بسەلمێنین , کارێک بکەین ھەم خۆمان وھەم نەوەی دوای خۆمانیش سوودی لێوە ببینن
رەش پۆش / بەڵام من تاکە کەسم کە دەتوانم نەمریتان بۆ دابین بکەم . ئەگەر مرۆڤ پابەندی ئامۆژگاریەکانی من بن ئەوا خۆشبەخت دەبن ..
سپی پۆش/ نەخێر من خۆشبەختی دێنم , مرۆڤەکان ئاسودە دەکەم , بە ئامۆژگاریەکانم رێی راستی ژیان دەدۆزنەوە و سەرلێشێواو نابن
کەسی یەکەم / ناخم شتێکم پێدەلێ وئەقلم شتێکی دی خەریکە ووڕێنە دەکەم ئەگەر رێگای راستی نەدۆزمەوە سەرگەردان دەبم .
رەش پۆش / گەورەم رێگای سوک و ئاسان ھەیە بۆ گەیشتن بە داخوازیەکانت ؟
کەسی یەکەم / ئەو رێگایە ئاسانە چیە با بیگرمە بەر ؟
رەش پۆش / بەدوای ھەوەسەکانی خۆت بکەوە و ئارەزوەکانت بەدی بێنە ئەوسا جیھان دەبێتە بەھەشتێکی بێ وێنە و بە خۆشی ژیان بە سەر دەبەیت ؟
سپی پۆش / نەخێر .. نا..نا وانەکەیت گەورەم , ئەو خەریکە لە خشتەت دەبات , ئەو خۆشیانە ی ئەو باسی دەکات کاتیە و رەنگە کارەساتی مرۆیی لێ بکەویتەوە, دەبێ بە ئەقل رەفتار بکەین ئەگینا ھەوەسەکانمان بەرەو ھەڵدێرمان دەبەن .....
رەش پۆش/ کەواتە با من و تۆ گرەو لەسەر ئەوە بکەین کە مرۆڤ لایەنگری من یا تۆ دەبن
سپی پۆش/ باشە با کاربکەین با بزانین کاممان سەرکەوتوو دەبین
( ھەریەکە لەشوینی خۆی دەوەستی لە کاتەدا حەماڵ دێتە ژووری،کۆمەلێ کەل وپەلی ھەڵگرتووەو شەبقەیەکی لەسەرە، جل و بەرگی کۆنەو زۆر ھیلاک و ماندوو دیارە لە بەر خۆیەوە وورێنە دەکات )
حەماڵ / توخوا بەمەش دەلێن ژیان ، لەگەڵ گەردی بەیانی لە ماڵ دَیمە دەرەوە و حەماڵی دەکەم بەڵکو ئەوە خوایە رزق و رۆزی بۆ منداڵەکانم پەیدا بکەم، کەچی ئەوەندەم بە دەست ناکەوێت تێر بە سکی خۆمان بخۆین . ژیان ئەوەندە سەخت یووەپیاو دەرەقەت نایەت . توخوا ئەمە ژیانە، لەلایەکی دیش دایکی مندالەکانم ھەر پرتەو بۆلەیەتی ( لاسایی ژنەکەی دەکاتەوە) ماڵی پوورە قەدری ئەمرۆ کاورێکیان سەر بری ، ھەر گۆشتی حەیوانی دەخۆن بۆیە وا سوورو سپین ، ماڵی باجی خەجێش چوون دوو سندوق مریشکی زیندوویان لە دەواجن ھێنا وچاکیان کردوو لە موجەمیدەیان دانا، کورەکەی مامۆستا یونس دوێنێ تازەترین سەیارەی کری .... ئێمەش با ھەر چاومان لە دەستی تۆ بێت .. بەخوا ھیچمان پێناکریت، ھەر دەبێت چاومان لەدەستی خەلک بێت ،
( دەگەرێتەوە سەر دەنگی خۆی ) ئەوجا ئەمن چی بکەم درێخیم کردیە ؟ ..نەوەڵا ، منیش دەزانم منداڵەکان جل وبەرگیان لەبەر نەماوە .. مامۆستای کچە بچوکەکەشم داوای جل و بەرگی تازەی کردووە گوایە رەنگی جل وبەرگی قوتابخانەکەیان گۆراوە ، دەبیت قاتی جل وبەرگی تازەی بۆ بکرم .... ئای ... من چی بکەم ھەرچی دەکەم دەرقەت نایەم, ئەو ژیانەم لی بۆتە جەھەنەم . ( لەو کاتەدا رەشپۆش لیی نزیک دەبیتەوە بەگوی دەچرپینی)..
رەش پۆش / ئەگەر وایە برۆ ژنەکەت تەڵاَق بدە.
حەماڵ / وەلا خۆ فکرەیەکی خراپ نیەھەرچی زووە ئەو ژنە زۆر بلێیەم تەڵاق بدەم ھەموو شتێک چاک دەبَیت ھەمووی لە بن سەری ئەوە ,. ( سپی پۆش بۆلای خۆی رایدەکێشێ)
سپی پۆش/ نا ...نا .... نەکەی بیر لە شتی وا بکەیتەوە ئەو شتە خراپە چی بوو بە مێشتکا ھات . چاکتر وایە خۆ راگر بیت و ھەول بدەی مندالەکانت بە چاکترین شێوە پەروەردە بکەیت ولەناوخەڵکدا سەربەرز بژیت ھەژاری ,عەیب نیە .
حەماڵ / منیش دەڵێَم عەیب نیە ئەی من چی بکەم ھیچ چارەیەکم نیە ، چۆن بتوانم دڵی منالەکان و دایکیان رازی بکەم .. تاتۆزێ ژیانم خۆشتر بیت .
رەش پۆش / من فیکریەکی ترم ھەیە ، با منالەکانت واز لە خوێندن بێنن وئیش و کاریک بکەن بات ئەوانیش پارە پەیدا بکەن تاکو ژیانتان خۆش بێت , تۆش ئیسراحەت دەکەیت .
حەماڵ / راست دەکەی رەشۆ ئەویش فیکرەیەکی چاکە ( دەیەویت بۆ لای بچێت سپی پۆ ش رێی پێ دەگریت )
سپی پۆش / نا .. نا ... نەکەی ئەوە کاریکی باش نیە نەکەی مندالەکان لە خویندن بکەیت دواتر نەفرەتت لی دەکەن . دەتوانی بە قسەی خۆش تێیان بگەینیت کە تۆ ئەوەی لە توانات دایە بۆیان دەکەیت . ژیانی ھەژاریش ھەر تەواو دەبیت .. نەکەی منالەکان لە خوێندن بکەیت ئەگینا دوارۆژ نەفرەتت لێ دەکەن .
حەمال / بە بێزاریەوە ) نەفرەت لە و ژیانە .... دەبێ ھەوڵ بدەم بە قسەی خۆش مناڵ و ژنەکەم رازی بکەم تاکو بەوە رازی بن کە ھەیە ... ئا .. ئا رازیان دەکەم ئەو کات ژ یانمان خۆش دەبێت و چاو لە دەستی کەس نابین بەو جۆرە ژیانمان لێ دەبێتە بەھەشت . ( دەیەوێت بروات سپی پۆش رێی لێ دەگرێت وقسەی لەگەڵ دەکات رەش پۆشیش بە چوار دەوری دەخولێتەوەی بۆ ئەوەی لە خشتەی ببات )
سپی پۆش / ئازیزم ھەر کەسێک لە ژیانە بەش وبەختێکی ھەیە ، ھەر کەسێک باوەری بە خۆی ھەبێت و بەوە رازی بێت کە لە ژیان بەدەستی دێنێت ,ئەوا بێ گومان خۆشبەخت دەبیت , نابێت ئێمە گلیەیی لە بەختی خۆمان بکەین ئەوەی قەدەر بۆی دەست نیشان کردووین ھەر ئەوەمان بە قسمەت دەبێت ، بەلام دەبێت لە ھەوڵدان بەردەوام بین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان .
رەشپۆش / با بچێت دزی بکات ، ھەر بە دزی پیاو دەگاتە ئامانجی خۆی و دەوڵەمەند دەبێت .
حەمال َ/ ( سەر دەلەقێنێت ونارازیە ) من ... دزی بکەم بەخوا برا پیاوی دیتەوە من و دزی کوجا مەرحەبا .
( دەیەویت بروات )
رەشپۆش / بۆ کوێ دەچی ؟
حەماڵ / بۆ جەھەنەم .......( دەروات )
رەشپۆش / ئەویانم پێ خۆشە ...
کەسی یەکەم / ھاھاھاھاھاھاھا... دەزانم ئەوت پێ خۆشە کە ھەمووکەس بۆ جەھەنەم بچێت تۆش قا قا پێبکەنیت . تۆ قەت ریگای راست نیشانی خەلک نادەیت .... ھەی بە نەفرەت بیت .
رەشپۆش / ( بە مەکرو نازەوە ) من چاکەی ھەموو کەسم دەوێت کەچی ئەوان بە قسەم ناکەن ونەفرەتم لی دەکەن تەنانەت ئەوانەی بە قسەشم دەکەن پاش ئەوەی دەستی خۆیان دەبینن و دەولەمەند دەبن ھە ر نەفرەتم لی َ دەکەن. .
(حەمال بە ھەلەداوان دەگەرێتەوە )
حەمال / ئەھا من بیرۆکەیەکی باشم بۆ ھاتووە بزانم ئێوە دەلێن چی ؟
(رەشپۆش لێی نزیک دەبێتەوە )
رەشپۆش / ئا دەی بزانم ئەو بیرۆکەیە چیە؟
حەمال / من کچێکی چواردە پانزە ساڵانم ھەیە دەڵێم بیدەم بە شوو , پیاوێکی دەوڵەمەند بدۆزمەوە وبیدەمە ئەو, بە ڵکو ئەوە خوایە بەسای کچەکەم ژیانمان خۆش بێت.
رەشپۆش / بیرۆکەیەکی زۆر باشە جێ بەجێ بکە.
سپی پۆش / دیسان بە ھەڵە چووی ئازیزم , پیاو چۆن دەبێت منالەکانی خۆی بکاتە قوربانی , دواتر کێ دەلێت ئەو کچە بەو تەمەنە منالیەوە بەو پیاوە رازی دەبیت ، نابێت غەدر لە منالەکانت بکەیت ,ئەو تەمەنەی ئەو کەی تەمەنی شوو کردنە , تۆزیک بیر بکەوە .تۆ دەتەوێت خۆت رزگار بکەیت وکچەکەت بخەیتە دۆزەخ .
حەمال / ( تۆزیک بیر دەکاتەوە بە مەلولی ) کەواتە ئەوەشمان فت . ( دە ردەچێت )
رەشپۆش / ( روو لە سپی پۆش دەکات ) بۆ چی تۆ لێناگەرێت پیاو کارێک بکات دڵی پێی خۆش بێت
سپی پۆش / من حەز دەکەم ھەموو کەسێک دڵی خۆش بێت ,بەڵام نەک لە سەر حیسابی ئەوانی تر
کەسی یەکەم / ململانی نیوانتان گەرمە منیش چاوەروانی ئەوەم بزانم کامتان سەر دەکەون ھەر چەندە دڵنیا نیم مرۆڤەکان بۆ خۆشبەختی کامە رێگا ھەڵدەبژێرن , بەڵام لەوە دڵنیام کە من گوێ لە دەنگی ئەقل دەگرم و ھەوڵی خۆ دۆزینەوەی خۆم دەدەم .
رەشپۆش / کەواتە با چاوەروانی کات بکەین بزانین چیمان دێنێتە پێش .
سپی پۆش / بەڵام دەبێت لە ھەر چرکەیەکی کات سوود وەربگرین چونکە کات دەروات و ناگەرێتەوە .
کەسی یەکەم / کات وتەمەن گەرانەیان نیە بۆیە دەبێت مرۆڤ ھەموو کاتی تەمەنی بۆ کاری بە سوود بەکاربێنێت وھەڵ لە دەست نەدات .ھەولی رۆشن کردنەوەی رێگای خۆی و ئەوانی تریش بدات بۆ ئەوەی مێژوو نەفرەتی لێنەکات . ھەموو قۆناغەکانی ژیان پێگەیەکی بەنرخە نابێت لە دەستی بدەین .
( لەو دەمە منالێک دێتە سەر شانۆ تۆپێکی دراوی بە دەستەوەیە وجل و بەرگێکی ھەژارانەی لەبەرە بە خەمناکیەوە سەیری تۆپەکەی دەستی دەکات )
مناڵ /زۆرم حەزم دەکرد کوری پیاوێکی دەوڵەمەند بومایە ,ھەرچیم حەز لێ بووایە باوکم بۆی دابین بکردمایە ، ئەوھا خەمم لە تۆپە درواکەو جل وبەرگە شرەکەم نەدەخوارد . دەلێم باوکە بمبە بۆ شاری یاری ,ئەویش دەلێت ئاخر کورم شاری یاری پارەی دەوێت منیش ئەو پارەیەم نیە . کاتێک سەیری ھاورێکانم دەکەم لە ژیانێکی خۆش دەژین ئیرەییان پێ دەبەم.
رەشپۆش / ھیچ خەم مەخۆ کوری خۆم من رێگایەکی وات نیشان دەدەم کە بتوانی ھەر چیت دەویت بۆ خۆت بیکریت .
منال / چۆن ؟ ئەو رێگایە چیە ؟
رەشپۆش / کە چویتەوە ماڵەوە چاودیری باوکت بکە بزانە پارەی گیرفانی لە کوێ دادەنێت بە سوک و ئاسانی لێ ببە و برۆ بۆ بازار حەز ت لە چی بوو بۆ خۆ ت بیکرە .
منال / ئاخر چۆن دەبێت من پارەی باوکم بد زم ؟ .
رەشپۆش / ئەوە دزی نیە پارەی باوکتە خۆ ھی خەلکی تر نیە
منال / نا ...نا واناکەم باوکم ئەگەر پارەی ھەبیت ھەرچیم بوێ بۆم دەکرێت.
سپی پۆش / ئافەرم, کوری زیرەک وا دەبیت ,خەم مەخۆ برۆ تۆپەکەت پر کە لە پەرۆی کۆن و بیدوورەوە, ئینجا یاری پێبکە.کوری خۆم یاری ھەر یاریە جا بە تۆپی ئاسایی بێت یا تۆپی پەرۆیین , ئەوەش باش بزانە ژیان خۆی یاریەکی گەورەیە و دۆران و بردنەوەی تێدا نیە, گرنگ بەردەوام بوونە , لەو ژیانەو بتوانیت سوود بگەێنیت و بوونی خۆت بسەلمێنیت .
( دەنگیک لە دەرەوە)
ژیان بۆ خۆی یاریەکی گەورەیە ( چەند بارە دەبێتەوە)
سپی پۆش / ژیان بۆ خۆی یاریەکی گەورەیە .
رەش پۆش / ژیان بۆ خۆی یاریەکی گەورەیە .
منال / زۆر سوپاس بۆ ئەو ئامۆژگاریە
( لەگەل سپی پۆشیەتی ، ئینجا مۆرەیەک لە رەشپۆش دەکات ودەردەچێت )
(پاش دەرچوونی مناڵەکە رەش پۆش نیگەران دەبێت و خەمباریەوە )
رەش پۆش / ئای .. ئای خۆ ئەو مناڵە بەھیچ شتێک رازی نیە . سەرەرای ئەوەی ئامۆژگاری دەکەم ھێشتا مۆرەم لێ دەکات، نابێ ھیچی تر ئامۆژگاری خەڵک بکەم.
(دەیەوێت بروات ) .
کەسی یەکەم / وەرە بۆ کوێ دەچێت... ناھەقی مەگرە ئەگەر بەقسەی تۆ سەغلەت بێت . چونکە رێگای راستت نیشان نەدا.
رەش پۆش / من ویستم دڵخۆشی کەم .. کەچی ئەو گالتەی بەقسەکانم دێت.
( دەردەچێت )
سپی پۆش / (لەگەل کەسی یەکەم دەدوێت) بەرێزم خۆت سەغەلت مەکە.. ئەو ھەروایە.. ئەگەر یەکآ بەقسەی نەکات ھەڵدەچێت و زۆری پێ ناخۆش دەبێت .
کەسی یەکەم/ راست دەکەی ... ئەو خەسلەتی وایە کەچی من بەبآ ئەو ناتەواوم ... لایەنێک لە کەسایەتیم کەم دەبێتەوە. بۆیە پێویستە ھەم تۆ و ھەم ئەویش لای من بونتان ھەبێت . مرۆڤـ وا دروست کراوە کە ھەردوو لایەنی تێدایە... جا مرۆڤـ دەکەوێتە سەر خۆی کە کامەلایەن دەسەڵاتی زیاتر بآ سەردابشکێت و کۆنترۆلی بکات .
سپی پۆش / بەڵام یەکێکی وەک من کە ھەردەم بەلای چاکەو کردەوەی چاک خۆم دەبینمەوە بۆیە پێویستە مرۆڤـ زیاتر لایەنی من بگرێت نەک ئەو .
کەسی یەکەم/ ئەوەشیان دەگەرێتەوە سەر چۆنیەتی گەشە سەندەن و گەورەبوونی تاکەکان ، لەژێر کاریگەری پەروەردەی خێزان و ئەو ژینگەیەی تێدا دەژیت .
سپی پۆش/ بەڵام ئەقڵ رۆلی خۆی ھەیە لەھەموو دەورو زەمانێک, ئەگەرژیرانە بیربکەینەوە ئەوارێگای راست بەئاسانی دەدۆزینەوە.
کەسی یەک/ راستی وون نابیت ئەگەر خۆمان وونی نەکەین ,
(دەنگی کەسی سێ یەم لەدەرەوەی دێت )
رەش پۆش / ( لەرۆڵی ئافرەتێک دێتەوە سەر شانۆ )
ئەوە چیە ھەموو کارەساتێک کە لە ژیان روو دەدەن بەسەر مندا دەشکێتەوە . ئێ من چی بکەم ( دێتە سەر تەختەی شانۆ) کە ئافرەتم .. بۆچی دەبێ بەرگەی قورسی ژیان بگرم و جێ ی چاوی خەلک بم . بۆچی دەبێ ئازاری بوونێکی تر من بیچێژم و ئەرکی قورسی ژیان لە ئەستۆی مندا بێت ھەر لەبەر ئەوەی کە ئافرەتم بۆیە بەردەوام پەنجەی تاوان بۆ من درێژ دەکرێت و دەکەومە بەر لۆمەی ئەوانی دی .
کەسی یەکەم / ئەی بۆچی باسی پیاو ناکەیت، کە چ بارگرانیەک دەکەوێتە ئەستۆی . پێک ھێنانی خێزان و دابین کردنی شوێنی حەوانەوە و بژێوی ژیان، خەرجیە جۆراوجۆرەکانی دی ... نەگبەتیەکانی ژیان ھەمووی رووبەرووی پیاو دەبێتەوە نەک ئافرەت. پیاو جەنگ دەکات ، بونیاد دەنێت، دەروخێنێت. تێ دەکۆشێ شۆرش دەکات ... چەندانی تریش .
رەش پۆش/ بەڵام ھەر پیاویشە ئافرەت دەچەوسێنێتەوە وتوندوتیژی بەرامبەر دەکات.. ... ھەندێ جاریش بکوژی ئافرەت ھەر پیاون ,یاخود ھۆکاری خۆلەناوبردنی ئافرەتان پیاون.
کەسی یەکەم / من وای بۆ دەچم کە ئافرەت و پیاو ھاوبەش بن لەھەموو نەھامەتی و گیروگرفتەکانی ژیان . پێویستە ھەردوولا ھەوڵ وکۆششی ئەوە بکەن کە ژیان جوانتر بکەن و ئاسودەیی بۆ ژیان بگەرێننەوە نەک ھەریەک ەوی دی تاوانبار بکات بەم جۆرە ژیان ناچێتە سەر
رەشپۆش/ بەڵام دەبێ مافی ئافرەت لەلایەن پیاوەوە پێشێل نەکرێت وحیسابی بەندەی بۆ نەکریت, چونکە ئەویش خاوەن ھەست وکەسایەتی خۆیەتی.
کەسی یەکەم/ من کە وتوومە نێوان دوو بەرداش ... یەکێکیان بۆ لای راست رامدەکێشێ و یەکێکیش بۆ لای چەپ .
سپی پۆش/ گەر بەلای مندا بشکێتەوە ئەوا ھاوسەنگ دەبێت و ھیچ شتێک گۆمی ژیانت شێلو ناکات.
رەش پۆش/ (ئەو پارچە قوماشانە فرێ دەدات کە لەرۆڵی ئافرەتەکە پۆشی بوو دەگەرێتەوە سەر کەسی سێیەم) بەڵکو دەبێت بەلای مندا بشکێتەوە چونکە رێگای خۆش گوزەرانی لای منە نەک لای تۆ .
سپی پۆش / وەرە بۆ لای من و بەقسەی من بکە
رەش پۆش / وەرە بۆ لای من و بەقسەی من بکە
کەسی یەکەم/ لە نێوان ھەردووکیانە و ھەرجارێک بۆ لایەک لار دەبێتەوە و دەیەوێت تاکو ھاوسەنگ دەبێت و بەرێکی دەوەستێ ئەوان بەردەوامن لە (بۆلای من) ئینجا کەسی دووەم و سێ یەم بەرەوەی پێشەوەی شانۆ ھەنگاو دەنێن ... دوو فایل ھەلدەگرن کە کۆمەلێک پەرە کاغەزی تێدایە و ھەریەک لای خۆی دەبەش دەکات بەسەر ئامادە بووان کە بەخەیالڕ لەسەر شانۆ دەیانبینین .. ھەر لاپەرەیەک ووتەیەکی تێدایە لەکاتی دابەش کردنی لای کەسی دووەم و سێیەم دەخوێندرێتەوە ...
سپی پۆش/راستگۆ بە لەگەل خۆت و ئەوانی دی .
رەش پۆش / درۆ بکە درۆ بکە تاپێت بروا دەکەن.
سپی پۆش/ متمانەت بە خۆت ھەبێت . دەبیتە جێ ی متمانەی خەلک.
رەشپۆش/ بە فرت وفێل ئامانجەکانت بە دی بێنە.
سپی پۆش/لە کار کردنت دڵسۆز بە.
رەش پۆش/ پیلان بۆخەلکانی تر دابنێ وسەرەو ژێریان بکە.
سپی پۆش/ خەلکانی ترت خۆش بوێت وەک چۆن خۆت خۆشدەوێت
رەش پۆش/ لە ھەمووشتێک بە گومان بە.
سپی پۆش/ ھەوڵی خۆدۆزینەوەی خۆت بدە.
رەش پۆش/ خەلکانی دی بکە بە پردی پەرینەوەت.

دوای تەواو بوون لەدابەش کردنی لاپەرەکان دەچنە ئەو لاو ئەولای کەسی یەکەم کەلە ناوەراستی شانۆ چۆکی داداوە
کەسی یەکەم / (دۆش داماوە) ھاورێیان تەواو بوون لەسەر دەرخستنی نیازو رازەکانیانن .. کە ئەمە ھەلوێستی دوولایەنی جیاوازن.
سپی پۆش / ئەوەی من باوەرم پێ یەتی ھەر ئەوە دەکەم .
رەش پۆش/ منیش ئەوە دەکەم کە باوەرم پێ یەتی .
کەسی یەکەم / کەواتە ھەردوو لا خۆتان بەراست دەزانن بەلام بابزانین کێ راستەو کێ ھەڵەیە.
رەش پۆش / جا ئەوە چۆن بزانین؟
سپی پۆش / ھەموو کەس دەزانێ کەمن راستم و تۆ ھەڵەی
رەش پۆش / نەخێر تۆ ھەڵەی
سپی پۆش / نەخێر تۆ ھەڵەی
( چەند جارێک دوبارە دەبێتەوە تاکو کەسی یەکەم ھاواری لێ ھەڵدەستآ )
کەسی یەکەم / بەس ... بەس ... ئەو ململانێ یەی ئێوە کەلەناخی کەسەکان دادەژیت ژیانیان کردۆتە دۆزەخ.
حەماڵ/ (دێتەسەر شانۆ دڵی خۆشەو گۆرانی دەلێت) ئەو کارەم زۆر باشە پارەیەکی باشم دەست دەکەوێت و دڵی خێزانەکەم خۆش دەکات.
رەشپۆش/ ھا .... دیسان چی بووە لەبەر خۆتەوە دەدوێیت.
حەماڵ/ ئەمرۆ دڵم زۆر خۆشە . مناڵەکانم لە قوتابخانە دەرچوون , منیش شیرینیم بۆیان کری.
سپی پۆش / زۆر چاکت کرد .. ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بێنێت دەبێ خەڵات بکرێت.
حەماڵ/ تۆ دەزانیت دوێنێ خێزانەکەم سەردانی ھەندێ خزمانی کردبوو .. دەیوت پیاوەکە ئەو فەقیرانە نانیان نیە بیخۆن , کەسیشیان نیە کارێکیان بۆ بکات . ئێمە زۆر لەوان باشترین.
سپی پۆش / ئازیزم .. ژیان بەقەناعەتەوە خۆشە .. ئەگەر قەناعەت بەوە بکەیت کە دەست دەکەوێت ... ژیانت ئاسودە دەبێت .. تۆ قەناعەتت نی یە بۆیە ژیانت لی َ بۆتە دۆزەخ و ئاسوودە نیت.
حەماڵ / من چی بکەم . زۆر حەز دەکەم وەکو خەڵکانی دی بژیم و لەگەل خێزانەکەم ئاسوودە بم
رەش پۆش/ تۆ گوێ لەمن بگرە.. خەڵکانی دی چیان لەتۆ زیاترە ھەموو شتێکیان ھەیە و تۆ نیتە... ئەوان بەھەوەسی خۆیان دەژین و دەخۆن و دەخۆنەوە . کەچی تۆش ھەر گلەیی لەبوونی خۆت و ژیانت دەکەی.
حەماڵ/ ئەی چی بکەم ... من رۆژانە کار دکەم بۆ ئەوەی مناڵەکانم چاویان لەدەستی خەڵک نەبێت... ھەر ئەوەندە دەرقەت دێم.
سپی پۆش/ زۆر چاک دەکەیت بەڵام دەبێت مرۆڤــ بەردەوام سەیری ئەوانە بکات کەلەخۆیان نزمترن و سەیری سەرووی خۆیان نەکەن. ئەگینا ئاسودەیی لەدەست دەدەن.
حەماڵ/ تۆ راست دەکەی ... دەبێ مرۆڤــ بەو بەشە رازی بێت کەخودا پێ ی داوە.
سپی پۆش / ئەگەر وا بیر بکەیتەوە ئەوا ئاسودە دەبیت و بەسەربەرزی دەژیت و سوودت بۆ خۆت و دەوروبەر دەبێت .
رەش پۆش/ مرۆڤـ چی لە دەوروبەر بکات ئەگەر خۆی رازی نەبێت بەو بەشەی دەستی دەکەوێت... دەبێ ھەموو ھەوڵ و کۆششت بۆ خۆت بێت و ئەوانی دی بخە ژێر پێت.
کەس یەکەم/ ئیتر بەسە تۆ بێ تامت کرد (( لەگەل کەسی سێ یەمیەتی)) تۆ ئەی (حەماڵ) بیر لەوە بکەوە کە ئایا تۆ رێزت ھەیە لەلایەن خەڵکانی دی ئەگەر وابوو تۆ زۆر بەختەوەری.
حەماڵ / بەڵێ بیرم کردۆتەوە ... من و خێزان و مناڵەکانم لەنێو خەڵکدا رێزمان ھەیە و پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان پتەوە .
کەسی یەکەم / کەواتە سەرکەوتووی .
سپی پۆش / بەڵێ سەرکەوتووی و خۆشەویستی دەورەبەرت بەدەست ھێناوە .. کە ئەوەش بەسەروەت وسامان بەدەست نایەت.
رەش پۆش / سەروەت وسامان ھەموو شتێک بەدەست دێنێ.
سپی پۆش / نەخێر تەندروستی مرۆڤـ و رێز وخۆشەویستی لای خەڵک بەپارە و سامان بەدەست نایەت.
حەماڵ/ زۆر راستە ... کەواتە ئەمن پیاوێکی ئاسودەو بەختەوەرم بیرکردنەوە لەشتی مەحاڵ و نابەجێ ژیانت لێ دەکات بەدۆزەخ... زۆر سوپاس بۆ ئێوە کە ئامۆژگاریتان کردم و دڵ و دروونم ئاسودە بوو. تۆش ( لەگەڵ کەسی سێ یەم) ھەر رێگای چەوت بەخەڵک نیشان بدە.. بروا بکە خەڵکانێکی یەکجار کەم.. ئەوانەی نەفسیان نزمە باوەرت پێ دەکەن خواتان لەگەڵ من رۆیشتم. (دەردەچێت.)
کەسی یەکەم / خوات لەگەڵ ... خۆت یەکلایی بکەرەوە و ململانیەکانی ناخت کۆتایی پێ بێنە .
رەش پۆش / ململانێ ی ناخ ئەزلیە و ھەرگیز کۆتایی نایەت .
سپی پۆش / ئەگەر مرۆڤـ بوو بە خاوەن ئیرادەیەکی بەھێز ململانێ ی ناخ ھەرەس دێنێ.
کەسی یەکەم / بوونی ململانێ پێویستە بۆ بەردەوامی ژیان
( منالەکە دێتەوە سەر شانۆ تۆپە دراوەکەی پرکردوە لەپەرۆی کۆن و جوان دووریوەتەوە . یاری پێ دەکات )
مناڵ / ھآی ھآ کاکەبرا ( لەگەل سپی پۆشیەتی) وەرە سەیرکە تۆپەکەم چاککردەوە
سپی پۆش / زۆر چاکە دەستەکانت خۆش بەیەکەوە یاری بکەین؟
مناڵ/ بەڵێ بایاری بکەین بەڵام ئەو رەزا قورسە بایاری نەکات لەگەڵمان .(لەگەل کەسی سێیەمیەتی ) .
سپی پۆش / باشە بایاری بکەین. ( تۆپەکە بۆیەک ھەڵدەدەن و دەیگرتەوە کەسی یەکەمیش تۆپی بۆ دەچێت و بەخۆشیەوە یاریان لەگەلڕ دەکات بەلام کەسی سێ یەم بەمۆرەوە سەیریان دەکات و لێوی دەکرۆژێت )
مناڵ / ھابیگرە ...
سپی پۆش / گرتم .. ھا تۆ بیگرە ( بۆ کەسی یەکەم)
کەسی یەکەم/ ( پێدەکەنێ) ھا تۆ بیگرە
مناڵ/ ( تۆپەکە دەگرێتەوە )
(چەند جارێک دووبارە دەبێتەوە بەبێ دەنگی لەولاوە قوتابی بەدەردەکەوێت کەخەریکی وانە خوێندنە .)
سپی پۆش/ با بەبێ دەنگی یاری بکەین چونکە ئەو قوتابیە خەریکی خوێندنە.
مناڵ / باشە ... ( تۆپە ھەڵدەدات و کەسی یەکەم دەیگرێتەوە و بۆ کەسی دووەمی دەھاوێت بەم شێوە، بەلام کەسی سێیەم بۆ لای قوتابیەکە دەچێت و بێ دەنگیەکە دەشکێنێ )
رەش پۆش / ھا چی یە ئەوە دەخوێنی
قوتابی / بەڵێ .. دەخوێنم بەیانی تاقی کردنەوەم ھەیە .
رەش پۆش / ئەھا ... باشە ئەو خوێندنە ھیچ سوودی ھەیە .
قوتابی / ئەی چۆن خوێندن پاشەرۆژی مرۆڤـ رۆشن دەکاتەوە و سوودی بۆ ھەموو لایەک ھەیە.
رەش پۆش / چ سوودێک ؟
قوتابی / سوودی بۆ ھەموو مرۆڤایەتی ھەیە، بیری مرۆڤـ رۆشن دەکات و داھاتووی مسۆگەر دەکات.
رەش پۆش/ داھاتوی چی ؟ تۆ بۆ ئەمرۆ بژی و بۆداھاتوو بیر مەکەوە .
قوتابی / چۆن بیر لەداھاتوو نەکەمەوە ... ژیان خۆی بریتی یە لە چیرۆکێک کەسەرەتاو ئێستاو داھاتووی ھەیە .. ژیانی مرۆڤیش ھەوڵ و کۆششی دەوێت .. ئەی نەت بیستوە کە دەڵێن ئەگەر دەمانچە بەرابردوو وە بنێ ی داھاتوو تۆپت پێوە دەنێت .
رەش پۆش / ئەھا... کەواتە لەگەڵ تۆ سوودی نی یە . تۆ ھەر لەسەرەتاوە رێرەوی ژیانی خۆت دیاری کردووە کە ھیچ شتێک کاری تێنەکات و رێرەوی ژیانت پێ ناگۆرێت .
قوتابی / بەڵێ وایە .. من لەسەرەتای ژیانمەوە ھەوڵ بۆ داھاتوو دەدەم و رۆژگار کاریگەری بەسەر منەوە نی یە ! چونکە بەبیروباوەرێکی پتەو کار بۆ داھاتووی خۆم وکۆمەڵگە دەکەم ...
((کەسی یەکەم و دووەم و مناڵەکەش وازیان لەیاری کردن ھێناوەو گوێیان بۆ قوتابیەکە شل کردووە. دوای تەواو بوونی چەپلەیەکی قایمی بۆ لێدەدەن و بەیەکەوە))
(دەست خۆش) .
سپی پۆش/ دەست خۆش ... مرۆڤـ دەبێ وەکو تۆ بێت خاوەن بریارێکی راست بێت و رێرەوێکی دیاریکراو بۆ ژیان دەستنیشان بکات .
کەسی یەکەم / بۆ ئاسودەیی وخۆشگوزەرانی دەبێ خاوەن باوەری پتەو بین و ململانآی ناخمان یەکلا بکەینەوە چ بۆ لای راست ... چ بۆ لای چەپ . مرۆڤـ خۆی سەربەستە .
سپی پۆش/ مرۆڤـ خۆی سەربەستە .
رەش پۆش / مرۆڤـ خۆی سەربەستە

کۆتایی بەھاری ٢٠١٣