CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 132 میوان

لە وڵاتی من ، کێ تەنزیر بۆ شانۆ دەکات؟

حەمەسوار عەزیز: یەکێک لە سەیرترین دیاردەکانی نێو شانۆی کوردی ئەوەیە، کەسانێک بێئەوەی ھیچ پێگەیەکی مەعریفی یا ئەکادیمییان ھەبێت تەنزیر بۆ شانۆ بکەن، لەوەش سەیرتر ئەوەیە کاتێک ئەو تەنزیرە لەسەر ھەواو ھەوەس بینا دەکرێت و ھیچ بنەمایەکی لۆژیکی یا مەعریفی پشتیوانی ناکات.

ماوەیەک لەمەوبەر لە سیمنارەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد، پێشبینییەکی زۆر سەیرو عەنتیکە بۆ داھاتووی شانۆی کوردی کراو ئیعلانکرا کە پاش دە ساڵی تر شانۆ لە کوردستان نامێنێت، کەچی ھەر ئەو بەڕێزە لە وتارێکی پێشووترییدا شانۆ کوردی بە ھاوشانی شانۆی ئەوروپی پێناسە دەکات، جا نازانم ئەو برادەرە لە چەند وڵاتی ئەوروپی گەڕاەوەو چەند نمایشی ئەوروپی بینیووە لە کاتێکدا تەنھا لە شارێکی وەک بەڕلین شەوانە زیاتر لە پەنجا نمایشی شانۆیی پێشکەش دەکرێت، کە ڕەنگە نمایشەکان لە کلاسیکەوە تا ئەوپەڕی شانۆی مۆدێرن و پۆست مۆدێرن لەخۆ بگرێت .
من پێموایە ئەو کەسەی کەڕێگە بەخۆی دەدات ئەو جۆرە تەنزیرە بازاڕییە بکات دەبێ ئاگاداری ئەوە بێت کە قسەکردن بەرپرسیارێتییەو لەسەر کەسەکان ئەژمار دەکرێت، بەڕاستی کارێکی سەیرە کەسانێک جورئەتی ئەوە بکەن کە پێشبینییەکی لەو شێوەیە بکەن، لەکاتێکدا ئەو کەسانە پێگەیەکی بەرچاویان نییە لەنێو ھاوکێشەی شانۆ لە کوردستان، تێگەیشتنیان بۆ شانۆش تێگەیشتنێکی ئەوەندە سەلەفیانەیە کە ئێستاش ئەو نمایشانە شانۆییەیانەی سێ یەکەکەی ئەرستۆیان تیا نەبێت لای ئەوان بە نمایش ئەژمار ناکرێت، یا لە باشترین حاڵەتتدا پێیانوایە لە دەرەوەی شانۆی ریالیستی شتێک نییە پێی بووترێت شانۆ و ئەوەی ھەیە جۆرێکە لە شانۆ کە بە( شانۆی بچووک) پێناسەی دەکەن.
سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین سەردەمی پێشبینی سەیرو سەقەت بەسەرچوو، ئێمە لە سەردەمێکداین ھەموو حەقیقەتە ڕەھاکان کەوتونەتە ژێر گومانی دەیان و سەدان پرسیارەوە، ھیچ شتیکَ نەماوە پێیبووترێت (واتا)، بەو مانایەی ئەوەی لای من واتایەکی ھەیە، لای کەسانی تر واتای ترو تێگەیشتنی تری ھەیە، بۆیە ھەموو واتا و حەقیقەتەکان لە بازنەیەکی ڕێژەیی دەخوڵینەوەو شتێک نەماوە بە ڕەش یا بە سپی ناوببرێت، گۆڕانکارییەکانیش ئەوەندە خێرا دێنەپێشەوە کە نەتوانرێت بە چەمکێک بووترێت ڕاستی تەواو و یەکێکی تر ھەڵەی تەواو.
ئەوەی زیاتر جێگەی پرسیارە ئەوەیە کە کەسانێک تێگەیشتنێکی تایبەتی خۆیان بەسەر ھەموو چەمکەکان بسەپێنن و شانۆ بۆ ناوی سەیرو عەنتیکە دابەش بکەن، وەک شانۆی بچووک و شانۆی مەزن، لەکاتێکدا ئەم چەمکە زیاتر دەڵالەتی شوێن دەبەخشێت نەوەکو ستایل، زۆر ھۆڵی شانۆیی ھەیە بەھۆی بچووکی ھۆڵەکە بە شانۆی بچووک ناوزەدەکرێت و تیادا ئەو نمایشە ستایلشکێن و ئەزموونگەرییانەی تیادا نمایشدەکرێت کە بۆ بینەرێکی بژاردە نمایشدەکرێت و نمایشەکان پێویستیان بەژمارەیەکی زۆری بینەر نییەو کەش و فەزای نمایشەکە ئەوە دەخوازێت کە ژمارەیەکی کەم لە شوێنی نمایشەکە ئامادە بن، ھەر بۆ نمونە زۆرجار لە نمایشەکانی گرۆتۆفسکی ژمارەی بینەران لە بیست کەس زیاتر نەبووە، ئایا دەکرێت بە شانۆکەی گرۆتۆفسکی بووترێت شانۆی بچووک؟
نمایشی تریش ھەن کە نمایشی جەماوەریین و لە ھۆڵی زۆر مەزن نمایشدەکرێت و ژمارەی بینەرانیان لە دەیان ھەزار تێپەڕ دەکات، ئایا لەم حاڵەتەدا دەکرێت بەو نمایشە بووترێت نمایشی مەزن یا گەورە ، تەنیا لەبەر ئەوەی ماوەی نمایشەکە لە دوو کاتژمێر زیاترە، ئەگەر بەم پێوەرە بێت دەبێ چ ناوێک بخەیەنە پاڵ نمایشی (مھارابەھاراتما) ی پێتەر بڕۆک کە ماوەکەی نۆ کاتژمێرە؟ بێگومان بە پێیی تەنزیری ئەو برادەرانە بێت دەبێ پێیبووترێت شانۆی (xxxl).
با بێینەوە سەر وەڵامی پرسیاری یەکەم و لەو برادەرەنە بپرسین لەسەر چ بنەمایەک ئەو تەنزیرە دەکەن و پێتانوایە شانۆ دوای دە ساڵی تر لە کوردستان نامێنێت؟ ئایا پێویست دەکات بەبیرتان بێنمەوە کە شانۆی ئەوروپی بۆ ماوەی نزیکەی ھەزارساڵ لە قۆناغی تاریکییدا بوو و کەنیسە دەستی بەسەر ھەموو جومگەکانی شانۆدا گرتبوو، کەچی کەسێک جورئەتی ئەوەی نەکرد بڵێ شانۆی ئەوروپی چەند ساڵێکی تر نامێنێ، چونکە دوای ھەزار ساڵ تاریکی و نەھامەتی، جارێکی تر شەکسپیرو مۆلێرو برێخت و مایرھۆڵد و ستانسلافسکی و ئارتۆو ڤایس و بیکێت پەیدابوون.
با ئەمجارە نمونەکەتان لە شانۆی کوردی بۆ بێنمەوە، شانۆی کوردی دوای زیاتر لە چڵ ساڵ تەقلیدو لاساییکردنەوە، لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان، تەلعەت سامان و سەباح عەبدوڵڕەحمان و ئەحمەد سالار و ئازاد جەلال و عوسمان چێواری بەرھەمھێنا، دوا تر فازڵ جاف و جەلیل زەنگەنەو سەعدون یونس بەرھەمھێنا، دوای ئەوانەش کامەران رەووف و گەزیزەو شەفیق محمەدو شەمال عومەرو نیگاو میدیا و فرمێسک و کەریم عوسمانی بەرھەمھێنا، دوای ڕاپەڕینیش مەھدی حەسەن و نیھاد جامی و ھۆرێن غەریب و ڕزگار ئەمین و کارۆخ ئیبراھیم و محەمەد جەمیل و سەفین ئەنوەرو دڵشاد حوسێن و پێشڕەو حوسێن و گۆران عەلی کەریم و مەسعود عارف و سدیق حوسێن و یوسف عوسمان* و دەیان شانۆکاری گەنجی تر کە ئێستاش کارەکانیان بەردەوامی ھەیەو نمایشی جوان لەسەر شانۆ دروستدەکەن.
سەیرتر لەوە ئەوەیە کاتێک ئەو برادەرانە ئەو نەوە زیندووەی دوای ڕاپەڕین ڕەتدەکەنەوە لە ھەندێ حاڵەتیش بە شانۆکوژو تێکدەری زەوقی بینەر ئەژماریان دەکەن، کەچی لەھەمانکاتدا تەنزیرێکی ئەوەندە سەقەت و عەنتیکە بۆ ئەزموونە شانۆییەکانی ئەحمەد سالار دەکەن و داوا دەکەن کە دەبێ ئەحمەد سالار ستایلەکەی خۆی بنووسێتەوەو بە خەتێکی گەورەش لە ژێریا بنووسێت ھیچ کەس بۆی نییە حەرفێک لەو ستایلەی ئەحمەد سالار بگۆڕێت، لە کاتێکدا لە ئەوروپا شانازییەکی گەورە بۆ شانۆکارانی وەک ئارتۆو گرۆتۆفسکی تۆمارکراوە کە توانیویانە شانۆ لە "دەسەڵاتی نمونە" ڕزگار بکەن، دەسەڵاتی نمونە بەو مانایەی کە ھەمیشە چەند تێکستیکی شانۆیی یا نمایشی شانۆیی وەک نمونەی باڵا سەیر بکرێت و تێکست و نمایشەکانی تری لەسەر پێوانە بکرێت.
بەڕاستی سەیرە کە کەسانێک خۆیان بەڕەخنەگر بزانن و داوای ئەوە بکەن کە قالبێک دروستبکرێت و ئەزموونی شانۆکاران تیاییدا بتوێنرێتەوە، وەک ئەوەی ئەزموونەکانی ئەحمەد سالار کارگەی دروستکردنی نمایشی شانۆیی بێت و ستاندارێکی جیھانی وەرگرتبێت و کەس بۆی نەبێ لەو پێکھاتەیە بگۆرێت نەبادا تامی نمایشەکان تێک بچێت.
من گومان دەکەم کەسێک لە چەمکی ھونەر تێگەیشتبێت بەمشێوەیە تەنزیر بۆ شانۆ بکات و کۆت و بەند بخاتە سەر خەیاڵ و بیرکردنەوەی شانۆکار و داوای لێبکات لەناو قالبی ئامادەکراو کار بکات، ئەگەر بۆ بۆچوونی ئەو برادەرانە بێت دەبووایە ئێستاش شانۆکانی جیھان لە فۆرمی شانۆی ئەرستی بخوڵێتەوەو کەسێک بۆی نەبێت ئەو یاسا پێرۆزانە بشکێنێت کە کاتی خۆی ئەرستۆ تایبەت بە شانۆی کلاسیک دایڕشتوون.
بەلای منەوە تاکە یاساو بنەمایەک لە ھونەر ئەوەیە کە (ھیچ یاسایەک نییە)، ھونەر بۆ ئەوە دەکرێت کە خەیاڵ و جوانبینی تیاییدا کارابێت و سنوورو یاسا دروستکراوەکان تێبشکێنێت، ئەگەر ھونەر ئەوە نەبووایە ھەرگیز کەسانی وەک شکسپیرو برێخت و ستانسلافسکی و مایرھۆڵدو کامۆو پیتەر بڕۆک و گرۆتۆفسکی و ئاریانا منوشکێن و باربا نەدەبوون.
لێرەدا پێمخۆشە ئەوە بڵێم لەکاتی خۆییدا کە تێکستەکەی (بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆ)ی ساموێل بیکێت نمایشکرا، ھەندێک لەو بەناو ڕەخنەگرە سەلەفیانە ھێرشێکی زۆر تووندیان کردە سەر ئەو نمایشەو بە بێ بەھاترین و پووچەڵترین نمایشی شانۆیی ناویان برد، کەچی پاش ماوەیەک ئەو نووسەرە خەڵاتی نۆبڵی پێدراو ئەو تێکستەکەش بوو بە یەکێک لە گرنگترین تێکستە شانۆییەکانی سەدەی بیستەم و کە تائێستاش بە فۆرم و شێوازی جیاواز نمایش دەکرێت و بۆتە سەرچاوەیەکی بە پێت بۆ داڕشتن و نووسینەوەی دەیان و سەدان تێکستی شانۆیی لە ھەموو جیھاندا، لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەیە لەپێناسەکردنی چەمکی چاوەڕوانی ئەو تێکستە وەک زەمینەیەکی مەعریفی و سایکۆلۆژی سوودی لێوەرگیراوەو چەندین تێڕوانینی زانستی لەسەر داڕێژراوە.
لەکۆتاییشدا لەھەموو جیھان پەیمانگاو ئەکادیمییای تایبەت ھەیە بە پشت بەستن بە داتاو ڕاپرسی و زانیاری وورد کۆمەڵێک پێشبینی دەکات و تەنھا وەک پێشبینیش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، کەچی لای ئێمە ھونەر ئەوەندە ڕیسوابووە کە والێھاتووە کەسێک پێمان بڵێت باشترە بچنەوە ماڵەوەو کتێبەکانتان بسوتێنن چونکە تەواو دەساڵی تر شانۆ لە کوردستان نامێنێت!، سەیرە ئەو شانۆیەی کە پێش ماوەیەک ھاوشانی شانۆی ئەوروپی بوو، ئەو شانۆ کوردییەی کە بەپێی بۆچوونی ئەو بەڕێزە "ئەوەی بڵێت شانۆی کوردی نییە وەک ستالین بیردەکاتەوەو بوونی کورد وەک نەتەوە ڕەتدەکاتەوە"، چەند سەیرە پاش دە ساڵی تر نەمێنێت!، ئەی خودی ئەو ھەموو پێشبینییە سەیرو دژ بەیەکەی ئەو برادەرە لە قوتوی چ عەتارێک جێگەی دەبێتەوە؟!!!.