CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 99 میوان

با وەھمە پیرۆزەکان تێکبشکێنین

حەمەسوار عەزیز: ئەوەی ئەمڕۆ لە نێوەندی شانۆی کوردییدا دەبینرێت حاڵەتێکی زۆر سەیرو سەرسوڕھێنەرە، ڕەنگە جیاواز بێت لەمێژووی زۆینەی ئەو میللەتانەی کە پێگەیەکی دیارو بەرچاویان ھەبووەو ھەیە لە کاروانی شانۆی جیھانییدا.

ئەگەر بۆ ساتێک لاپەڕەکانی مێژووی شانۆ ھەڵدەینەوە دەبینین زۆرینەی نووسەرە گەورەکانی دونیا بەڕێژەیەکی ھاوتەریب لەگەڵ ھەڵچوونی تەمەن و کەڵەکەبوونی ئەزموون، کارە شانۆییەکان گۆڕانکاری چۆنایەتی بەرچاوی تیدا بەدیھاتووە، بەشێوەیەک کە نایابترین کارە شانۆییەکانیان کە بۆ ئێمە ماوەتەوە ئەو کارانەن کە بە دوایین کارەکانی ئەم کەڵە نووسەرانە دەژمێردرێت، سەلماندنی ئەم بۆچوونەش کارێکی ئەستەم نییە، دەکرێت نووسەرەکانی وەک شەکسپیر و ئەبسن بە نمونە وەربگرین.
ڕامانێک لەنێوەندی شانۆی کوردی ڕێک پێچەوانەی ئەم حاڵەتەمان نیشان دەدات، ھەر بۆ نمونە نووسەرێکی وەک تەلعەت سامان لە دەسپێکی کارەکانی تێکستێکی وەک ( نەفرەت لێکراو) دەنووسێت، دواتریش لەسەر ئەم رێچکەیە تێکستەکانی (خانزادێکی تر، قەڵ و ڕووتە و شاری ئەوین) دێنێتە بەرھەم، کەچی جێگەی داخە ئێستا زیاتر لە چارەکە سەدەیەک تێپەڕیووە ، لەو ماوە دوورودرێژە نەوەکو ھەر تێکستێکی شانۆیی باڵاتر، تەنانەت تێکستێکی ھاوشێوەی ئەو تێکستانەشمان لێی نەبینیووە.
بە ھەمان شێوە ئەگەر سەیری کاروانی مامۆستا ئەحمەد سالار بکەین دەبینین تا ئێستاش ( نالی و خەونێکی ئەرخەوانی) بە یەکێک لە نایابترین کارەکانی ئەحمەد سالار دەژمێردرێت وەک تێکست و کرداری دەرھێنان، ئەوەی کە جێگەی پرسیارێکی گەورەیە ئەوەیە نەدەبوو ئەو ئەزمووونە کەڵەکەبووەی مامۆستا سالار پاش نزیکەی سی ساڵ تێپەڕبوون، بەرھەمی باڵاتری ھەبێت؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە لەخودی تێکست و ئەزموونەکانی مامۆستا سالار دوای ڕاپەڕین دەبینینەوە کە زۆرینەیان لەڕووی ھونەری و فۆرمی داھێنەرانە بەو تێکستانە ناگەنەوە کە پێش ڕاپەڕین نووسراون.
بۆ شڕۆڤەکردنی ئەم دیاردە سەیرە پێویستە بۆ خودی ئەو قەڵەمە ڕەخنەییانە بگەڕێینەوە کە لەو کاتەو دوای ئەوەش بەدواداچوونی کارە ھونەرییەکانی مامۆستا سالاریان کردووە، دەبینین زۆرێک لەو قەڵەمانە نەیانتوانییوە تەجاوزی ئەو ئەزموونەی ئەحمەد سالار بکەن و ھەندێکیان رۆڵێکی زۆر ستایشکارانەیان ھەبووە لە خوێندنەوەو شڕۆڤەکردنی ئەو ئەزموونانەی مامۆستا سالار، بەشێوەیەک ھەندێک لەو قەڵەمانە ئەوەندەی خەریکی پیرۆزکردنی ئەحمەد سالار و ئەزموونەکەی بوون، ئەوەندە نەپرژاونە سەر ھەڵوێستەی جیدددی ڕەخنەگرانە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم ئەزموونە و ھەڵوێستە کردن لەسەر کەلێنە دیارەکانی ئەم ئەزموونە، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ تیۆڕێژەکردنی ئەو ئەزموونە لەچوارچێوەی قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی بەدەر لە دەرمارگیری نەتەوەیی.
بێگومان ئەم ڕوانینە ھەموو قەڵەمەکان ناگرێتەوە کە ھەندێکیان ھەوڵیانداوە زۆر بابەتییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئەزموونە بکەن و خاڵ بخەنە سەر پیتەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمانە چەند قەڵەمێکی دیاریکراو بوون، ڕوانینەکانیان بەھەند وەرنەگیراوە.
ئەوەی مایەی نێگەرانییە ئەوەیە کە ئەم جۆرە مامەڵەیە تەنھا ئەزموونەکانی ئەحمەد سالاری نەگرتەوە، بەڵکو زۆرێک لە ئەزموونەکانی تەلعەت سامان، سەعدون یونس و سەباح عەبدوڵڕەحمان بەمشێوەیە پیرۆزکران، ئەمەش وایکرد خودی ئەو شانۆکارانە ببنە دیلی ئەو ئەزموونانەو جورئەتی ئەوە نەکەن کە تەجاوزی ئەو کارانەیان بکەن و بەدوای فۆرمی تازەو دەروازەی تازەدا بگەڕێن.
بۆیە سەیرنییە ئێستا دوای تێپەڕینی ئەو ماوە دوورودرێژە ئەو نەوەیەی کە خۆی بە نەوەی زێڕینی شانۆی کوردی دەناسێنێت، دەستەوسان وەستاوەو ھەموو سیحرێکی خۆی لەدەستداوەو ھەموو ھێلەکانی تەماسی لەگەڵ بینەر پچڕاوە، ئەمەش دەرەنجامی خۆجوێنەوەو دووبارەکردنەوە بوو کە لە ئەنجامی بەپیرۆزکردنی کارەکانی ڕابردوو تووشی ھاتن.
بەداخەوە ئەم ڤایرۆسە لەمکاتەدا گەیشتە ھەندێک لە شانۆکارە لاوەکان کە خەریکن ھەندێ بەرھەمی پێشوویان بەپیرۆز دەبینین، یا خۆیان پێش بینەر پیرۆزی بە باڵای بەرھەمەکانیان دەدوورن، ئەمەش پەتایەکی ترسناکە خەریکە جەستەی شانۆی کوردی لاواز دەکات و ئەگەر زوو بەئاگا نەیەن ڕەنگە داھاتووی ئەم نەوەیەش وەک ئەوەی ڕابڕدوو بێت
بۆیە ھیوام وایە جارێکی تر بەو پیرۆزییە درۆیینەدا بچینەوە کە گیانی جوانبینی و داھێنانی لەنێو نمایشەکان کووشتووەو ھەموو ئەو بتەپیرۆزانەش فەرامۆش بکەین کەڕێگرن لەبەردەم گەڕان بەشوێن دیدگای تازەو داھێنانی تازەدا.