CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 37 میوان

گرنگی دەق لە پرۆسەی نمایشی شانۆییدا

دەق چیە و لە چی پێکدێت؟ ئایا شانۆ لە توخمی ئەدەبە؟ ئایا شانۆ کۆمەڵی هونەر لە خۆدەگرێت؟ ئایا دەقی شانۆیی نووسراو دەتوانێ شانۆ دورست بکات؟ ئایا نووسەری شانۆیی بۆ خوێنەر, یان بۆ بینەردەنوسێت؟ بۆ وەڵام دانەوەی ئەم هەموو پرسیارانە دەڵێن: لەبەرئەوەی شانۆ کارێکی گشتگیریە دەتوانین بڵێن شانۆ لە هەموو لایەنەکان بوونی خۆی هەیە هەموویان تەواو کاری یەکترین ... ئەگەر بەکورتی پێناسەی دەق بکەین دەتوانیین بڵێین دەق بریتییە لە بیرۆکەیەک کە سەرەتاو کۆتایی هەیە وە ،کەسایتیەکان،ململانێ، رووداو، چینین، ئامانج... لە خۆدەگرێت.. دەقی شانۆیی پێناسه‌یه‌کی ئاسایی خۆی هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵیت: "شانۆ، کارێکی هونه‌رییه،‌ کاتێ ئه‌کته‌ره‌کان ده‌قێکی نوسراو ده‌گۆرن بۆ نمایشێکی نواندن له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به‌ ها‌وکاری ده‌رهێنه‌ر، که‌سایه‌تیه‌کان و رووداوه‌کانی شانۆ گه‌رییه‌که‌،‌ که‌ نوسه‌ر نوسیو‌یه‌تی، به‌رجه‌سته‌ی‌ده‌که‌ن و پێشکه‌ش به‌بینه‌ران ده‌کرێت."
به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر شانۆگه‌رییه‌که‌ له‌ هه‌موولایه‌نێکه‌وه‌ سه‌رکه‌وتوو بێت, نمایشه‌کان هه‌ر له ‌به‌زمه‌سات و مه‌رگه‌سات تاوه‌کو بابه‌تی سیاسی، کۆمه‌ڵه‌یه‌تی و فه‌لسه‌فی له‌ خۆده‌گرن. یه‌کێک له‌ بنماکانی نمایش بریتیه ‌له:‌ ره‌گه‌زی ده‌قی ئه‌ده‌بی (شانۆیی).
هه‌ندێک له‌ ره‌خنه‌گران ده‌ڵین: "ده‌قی شانۆیی نابێته‌ شانۆگه‌ری تاوه‌کو به‌رامبه‌ر به‌ بینه‌ران له‌سه‌رته‌خته‌ی شانۆ پێشکه‌ش نه‌کرێت."

هه‌ندێکی تر ده‌ڵین: "ده‌ق ته‌نها پلانێکه‌ ده‌رهێنه‌ر به‌کاری ده‌هێنێت وه‌کو بنمایه‌ك بۆ نمایشی شانۆیی."
نوسەری شانۆیی هەرلەسەرەتایی نووسین ئامانجی ستراتیژی بۆنمایش دەست نیشان دەکات بێگومان توخمی نمایش ئەنجام نادرێت پێش ئەوەی دەق ئامادە نەبێت ئامادەکردنی دەق واتە دەست پێکردنی دەرهێنان و نواندن و دیکۆر و مۆزیک.... بەڵام لەکاتی نمایشدا دەبێت وتاری گشتی دەرهێنان هاوتەریب بێت لەگەڵ زمانی دەقی شانۆیی.
فەیلەسوفی چینی"کۆنفوشیوس" دەڵێت: یەک وێنە لە هەزار وشە باشترە." لەم روانگەوە دەر‌هێنەرە شانۆییەکان زۆرگرنگی بە وێنە دەدەن چونکە زمانێکە پێویستی بە روونکردنەوە ناکات زمانێکی جیهانیە پێویست بە دەربرین ناکات وەکو وشە دەرببرین، وێنە گرنگی خۆی هەیە بۆ گەیاندی مانای گشتی بابەت بەشێوەیەکی پوخت .
لەناو دەقی شانۆیی رەگەزی "چنین" لە گەڵ رەگەزەکانی تر رۆلێکی سەرەکی دەبینێت لە پێکهاتەی دەق لەم روانگەوە ئەرستۆ دەڵێت: "مەبەست لە چنین رێکخستینی گشتیە بۆ شانۆگەری، وەکو کارێکی ئەندازەیی وایە بەشەکانی شانۆگەرییەکە بۆ بەستنەوەی بەیەکتری". چەمکی چنین بریتیە لە رێکخستینی وشە کە سێ چنینی سەرەکی لەسەر پێك دێت کەبریتین: لەچنینی کردار، چنینی کەسایەتیەکان، چنینی بیرۆکە. کەواتە هیچ شانۆگەرییەک بەبێ چنیین نابێت چونکە روحی پرۆسەی درامییە ، چنین کەسایتیەکان دورست دەکات لە زۆربەی شانۆگەرییەکان چنینی سەرەکی هەیە لەگەڵ چنینی لاوەکی زۆر جارچنینی لاوەکی لەگەڵ چنینی سەرەکی هاوتان یان پێچەوانە دەبێت زۆربەی شانۆگەریەکانی شکسپیر چەندین چنینی لاوەکی لەخۆدەگرێت وەکو شانۆگەرییەکانی لیرشا، هاملێت... هەندێ شانۆگەری لەسەر دۆزینەوەی چنین پێک دێت بە بۆچوونی ئەرستۆ شانۆگەری (شا ئۆدیب)ی سۆفۆکلیس باشترین شانۆگەرییە کە ئەم شێوازە لەخۆ دەگرێت، چونکە ئۆدیب بەداوی کەسێکی ونبوو دەگرێت.

نمایشی شانۆیی بریتییە لە هونەری پێشکەش کردنی زیندوو بەرامبەر جەماوەر بەڵام دەقی شانۆیی بریتییە لە ئەدەب لە پێناو نمایش کردنی لەسەر تەختەی شانۆ بەرامبەر جەماوەر .
نوسەری شانۆیی کاتێ دەقێکی شانۆیی دەنوسێت دەبێ بەشێوەیەك بنوسێت کە مادەیەکی هونەرییە بۆ سەر تەختەی شانۆ واتە "بینین و بیستین" بەجۆرێک چێژو لەزەتی خوێندنەوەو چێژی لەزەتی بینین لە خۆ بگرێت.. چونکە پەیوەندییەکی زۆر گرنگ هەیە لە نێوان دەق و نمایشی شانۆیی کە زۆر پەیوەستن بەیەکتری لەو کاتەی دەق شانۆیی دەگۆریت بۆ دەقێکی نمایش لێرەدا دەق دەبێتە مادەیەکی سەرەتایی بۆ دەرهێنەر دوای خوێندنەوەی دەتوانێ چیرۆکی دەقەکە بگۆرێت بۆ زمانی نمایش و هەموو ماناو مانایە شاراوەکان دیار بکات دەتوانێ زۆر بەی وشەکان یان دیالۆژەکان کە لەناو دەقەکەدا بەشێوەیەکی هونەری بگۆرێت بۆ هێما و ئاماژەکان چونکە زمانی نمایش مەرجە نیە تەنها لە رێگەی دەربرینی وشەکان بێت ئەمەش بۆ زیرەکی دەرهێنەرو ئەکتەر دەگەرێتەوەچونکە لەوانەیە دەقەکە لەلای نوسەر تەنها یەك مانای هەبێت... پەیوەندی نێوان دەق و نمایش بەپێی سەردەمەکان مشتومرێکی زۆری لەسەر کراوە تیمێک کە نوسەری شانۆییەکانن دەڵێن: پێویستە دەرهێنەرەکان و ئەکتەرەکان لەرێگەی نمایش بیرۆکەکان روونتر بکەنەوە بۆ ئەوەی ئامانجی نوسەرەکان بگاتە بینەران تیمێکی تر پارێزگاری لە خۆیان دەکەن دەڵێن: نمایش نوسەرێکی تری هەیە ئەویش دەرهێنەرە، دەق وەکو سەرچاوە دادەنێن بۆ ئەوەی تێرامان و بۆ چوونەکانی خۆی بخانەتە روو.. بۆ گەیاندنی لایەنی بینین دەبێ هۆکارەکانی دەرهێنانی بینین بەکار بهێنێت ئەمەش بەهۆی بەکارهێانی چەند یەکەیەك و موفرەدەیەك دەبێت ئەوەی شایانی باس کردن بێت لەلای خۆمان زۆر گرنگی بەپاند بوون بە دەق نادرێت کەچی لە وڵاتانی ئەوروپی دەرهێنەر بۆی نیە بەشێوەیەکی هەرمەکی دەستکاری دەق بکات چونکە لەم وڵاتانە یاسا هەیە مافی داهێنەر پارێزاروە لەوانەش نوسەری شانۆیی.. زۆر بەداخەوە هەندێ دەرهێنەری کوردی وا هەیە لە چەندین دەقی جیهانی جیاواز لە بیرۆکە،لە فلسفە دەقێک ئامادە دەکات و پێشکەش بە بینەران دەکات بە بۆچوونی خۆم ئەمە کارێکی ناتەندروستە ئەگەر نووسەرەکان لە ژیاندابن یان ئاگاداری بن هەرگیز قبوڵی ئەم حاڵاتەیان قبول نەدەکرد .
پەیوەندی دەرهێنەر و نوسەری شانۆیی زۆرجار لەیەك تێنگەیشتنێک لە نێواندا روودەدات بەتایبەتی کاتێ دەرهێنەر خوێندنەوەی تایبەتی بۆ دەکات وشەیەک کەم دەکات یان وشەیەك زیاد دەکات بەوەی کە دەر‌هێنەر سەربەستە بۆ راڤەکردنی دەق و بەکار هێنانی فاکتەرەکانی هونەری بۆ گۆرینی فاکتەرکانی ئەدەبی بۆ فاکتەرەکانی بینین ، نوسەرکە بەهیچ شێوەیەک ئەمە قبوڵ ناکات بەبیانوی ئەوەی بیرۆکەی سەرەکی شانۆگەرییکە دەگۆرێت.. کەواتە قودسیەتی دەق لە کوێدا کامڵ دەبێت؟ ئەو پەیوەندیە نهێنییە سروشتیە چییە لە نێوان دەرهێنەرو نوسەری شانۆیی؟ یان ئەو سنورە چییە کە دەبێ دەرهێنەر نەیبەزێنێت لەکاتی کار لە دەقێکی شانۆیی دەکات چ دەقێکی کلاسیک یان هاوچەرخ بێت بەمانایەکی تر دەرهێنەر چۆن دەتوانێت داهێنان بکات، وە چۆن دەق سەرلەنوێ دادەرژێتەوە؟ ئایا دەرهێنەر بۆ هەیە کەم و زیاد لە دەق بکات ،بەجۆرێک ناوەرۆک و روداو و کەسەیتیەکان بگۆرێت؟ بۆ ئەوەی لەگەڵ بیرۆکەی دەر‌هێنانەکەی بگونجێت ببێتە نوسەری دووەمی دەقەکە؟ یان بە پێچەوانەوە بەهیچ شێوەیەک دەستکاری دەقەکە ناکات رێز لە عقڵ و هۆش و خەیاڵی وبیرۆکەی نوسەر دەگرێت.
هەندێك لە دەرهێنەرەکان دەڵێن: دەق کردارێکی مردووە ، دەرهێنەرەکە رۆح بە دەقەکە دەداتەوە نووسەر زۆر لە پرۆسەو نهێنی دەرهێنان ناگات نوسەر بەئارزوو و خەیاڵی خۆی دەنوسێت بێ ئەوەی بە وردی ئاگاداری بنەماسەرەکیەکانی دەرهێنانی شانۆ بێت وەکو ریتم و جوڵە.. ئەوەی پێشکەش بە بینەر دەکرێت دەقی نوسەر نیە بەڵکو نمایشێکی شانۆییە دەرهێنەریش نوسەری نمایشە خاوەنی داهێنانەکەیە،دەقی شانۆیی تەنها دەبێتە توخمێکی نمایشی شانۆیی کە دەرهێنەر کاری لەگەڵ دەکات.
دەقی شانۆیی بەتەنها فاکتەری سەرکەوتنی نمایش نیە لەوانەیە دەرهێنەری باش دەقێکی خەراپ لەرێگەی دەرهێنانەوە بکاتە دەقێکی زۆر باش سەرکەتوو بە پێچەوانەشەوە لەوانەیە دەقێکی زۆر باش بەهۆی دەرهێنەرێکی خەرابەوە دەقێکی ناسەرکەوتووی لێبکێتەوە .
هەندێك لە نوسەران نیگەرانن لە دەسڵاتەکانی دەرهێنەرەکان زۆر جاریش بە دکتاتۆر ناویان دەبین، بەجۆرێک داهێنانی نوسەرەکان ون دەکەن وەکو زانروە پیشەی دەرهێنانی شانۆیی تەمەنی ناگاتە سەدەیەك لەئەنجامی پیشەی کارگێری هاتە کاییەوە... بۆیە نوسەرەکان دەق بە داینەمۆی نمایشی شانۆیی دادەنێن لەبەرامبەر دا دەرهێنەرەکان دەڵێن: ئێمە دەتوانین بەبێ نوسەرەکان واتە بەبێ دەقی شانۆیی نمایشی خۆیان ئەنجام بدەن ئەویش لەرێگەی بەکارهێنانی فاکتەرکانی گوزر و لەرێگەی دانانی کۆمەڵی.. ئەم مشتوومەرەی نێوان دەرهێنەران و نوسەران ناکۆیی لێ دەکەوێتە بەجۆرێك بەهۆی بوونی یاسای ماف لە زۆر بەی وڵاتان وەکو وڵاتی بەریتانیا کێشەکان لە دادگا یەکلا دەبێتەوە.

لە پرۆسەی دەرهێنانی شانۆدا سێ توخمی سەرەکی هەن بۆ کامڵ بوونی کارەکە ,کە بریتین لە(دەق، ئەکتەر، بینەر) بەنەبوونی یەکێک لەم سێ توخمەدا هیچ دەرهێنەێک ناتوانێت کاری دەرهێنان ئەنجام بدات لەوانەیە بەبێ) دەرهێنەر، دیکۆر، مکیاژ، رووناکی،کارتێکەر دەنگیەکان...) بتوانێت کارەکە ئەنجام بدات بەڵام لێرەدا ئەوەی مەبەستمانە دەقی شانۆیییە کە دەمانەوێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین .
دەقی شانۆیی هاوکێشەیەکی ئاڵۆزرە چونکە چەندین توخمی تر تێکەڵ بەیەک دەبن لە پێناو بەرهەمێکی شانۆیی کەلەوانەیە لە بواری نوسینێکی تردا نەبێت.. نوسەری شانۆیی پەیوەست دەبێت بە پرۆسەی نمایشای شانۆیی هەر بۆیە دەبێت خاوەنی چەندین سیفەتی تایبەت بێت وەکو: توانای نوسینی دەقی شانۆی هەبێت، خاوەن ئەزمونێکی باش بێت لەهەموو بوارەکانی رامیاری و ئابوری وکۆمەڵایەتی و فکری و مرۆڤایەتی... وەتوانای گەیاندنی چەمکی دەقەکەی لەرێگەی فۆرم و ناوەرۆکەدا هەبێت ئەمەش بەهۆی خوێندنەوەی دەق کلاسیییەکان بوونی زانیاری لەسەر شێوازەکان و قوتابخانە شانۆییەکان دەبێت.
دەق بۆ دەرهێنەر فۆرمێکی گشتیە وە وتارێکی زمانەوانیە بۆ وەرگر یان بۆ بینەر دەرهێنەر ئەم فۆررمە دەگۆرێت بۆ فۆرمی تایبەت (بینین، زمان، بیستن) سحری وتاری شانۆیی والە بینەردەکات لەگەڵ روداوەکان بژیت ئەویش بەهۆی جوڵەو گوزرشتەکان و هێمای و ئاماژەکانی ئەکتەر..
شانۆ هه‌موو هونه‌ره‌کانی تر له‌ خۆ ده‌گرێت وه‌کو: نوسه‌ر، ده‌رهێنه‌ر، دانه‌ری دیکۆر، جلوبه‌رگ، رووناکی، ماکیاژ وموزیک.
لە خۆ دەگرێت
زۆربەی دەقە شانۆییەکان دەقی خوێندنەوەن، تا ئەو کاتەی دەچێتە سەر تەختەی شانۆ دەبێتە کرداری درامی لەوێ خوێندنەوەی تر بۆ وشەکان دەکرێت لێردا جیاوازی زمانی دەق و زمانی نمایش دەردەکەوێت.. کردار توخمێکی سەرەکی نمایشەکەیە لەسەر جۆرو شێوازی کردارە کە جوڵە یان کۆمەڵی جوڵەی ئەکتەرەکان لەسەرهەموو ساتە وەختەکان بونیاد دەنرێت، کە دەبێتە وێنەی کۆتایی نمایش بۆ گەیاندنی واتا بۆ جەماوەر لەبەر ئەوە بەهیچ جۆرێك درامای شانۆیی لە توانای دانییە ئەم توخمە فەرامۆش بکرێت وەکو توخەمەکانی تری بۆنموونە دیالۆژ.. کەواتە کردار بیرۆکەی سەرەکی دەقە کە دەرهێنەر چەند جوڵەیەکی لۆژیکی بنیاد دەنێت.. سیفەتی درامی بە هەر وتارێكی هونەری یان ئەدەبی دەگوترێت کە هەندێ مەرجی درامی سەرەکی لە خۆ بگرێت وەکو (کردار، ململانێ، کەسایتیەکان، دیالۆژ، لوتکە،ئەنجام) ئەگەر یەکێك لەمانە لەووتاری شانۆیی ئامادەبوونی نەبوو ئەوا سیفەتی درامی هەر لەخۆ دەگرێت بۆ نموونە دیالۆژ زۆر لە نمایشی نواندنی بێدەنگ (پانتۆمامیم) بێ دیالۆژن یان بەبێ کەسایەتی مرۆیی وەکو شانۆی بوکەڵە فیلمی کارتۆن بەڵام ئەگەر رەگەزی( کردار، ململانێ) لە وتاری شانۆیی بوونی نەبوو ئەوا ناتوانین سیفەتی درامی پێببخشین چونکە ئەم دوو رەگەزە ناوەرۆک و تروپی وتاری شانۆیین
شیکردنەوەی دەق و راڤەکردنی رەگ و ریشەی دەق زۆرگرنگە بۆ ئەوەی لە چەشنی زانستی پیرۆزی دەق وە لە هەردوو جیهانی دەرەوە و ناوەوەی تێبگەین ، راڤەکردنی دەق واتا گەرانەوە بۆ ناوەوەی ناخ یان بەمانایەکی تر گەرانەوە بۆبەراییەکانی گشت بونەوەرەکان .... خوێندنەوەی دەق کارێکی ئاسان نییە لەم روانگەوە نووسسەر (ئۆجست سسترند برج)ی سوێدی دەڵێت: خوێندنەوەی دەقی شانۆیی وەکو خوێندنەوەی نۆتەی مۆسیقا وایە ئەمەش پێویستی بە توانستی باش دەبێت.
لەکاتی خوێندنەوەی تێکستی شانۆیی شارەزایی لە زانستی هێما و ئاماژەکان دۆزینەوەی زۆر گرنگە بۆ بەرهەمی نمایش شانۆیی، زانستی هێماکان زانستێکی کۆنە بەپێی سەردەمەکان گۆرانکاری بەرسەرداهاتووە مێژووەکەشی بۆ فیلەسوفی یۆنانی (ئەرستۆ)٣٨٤- ٣٢٢ دەگەرێتەوە کاتێ لە پێناسەکەیدا گووتی: هێماکان فاکتەرێکی شێوەییە بۆ زانیین. چەندین جۆریش هەیە..
له‌ هه‌ڵسوکه‌وت کردنی رۆژانه‌ زمانی ئاماژه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه ، به‌وه‌ی که‌ باشترین شێوازه‌ بۆ ئاڵوگۆرکردنی زانیاره‌کان و بیر و بۆچوونه‌کان له ‌نێوان مرۆڤه‌کاندابه‌بێ به‌کار هێنانی زمانی دیالۆژی قسه‌کردن.
له‌دوای زمانی قسه‌کردن زمانی ئاماژه‌ هۆکارێک بووه له‌ هه‌موو شارستانییه‌کان‌‌ بۆ له‌یه‌ک حاڵیبوونی مرۆڤه‌کان، لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان ده‌ڵێن ده‌توانرێت نزیکه‌ی حه‌فت سه‌د هه‌زار هێما و ئاماژه‌ له ‌رێگه‌ی ده‌ست و شانه‌کان دروست بکرێت. له‌ شانۆشدا ئه‌کته‌رانی درامای هیندی توانیویانە نزیکه‌ی هه‌شتسه‌د هێما و ئاماژه‌ له‌رێگه‌ی ده‌ست و گوزارشته‌کان دابهێنن.
زانایانی ده‌روون ده‌ڵێن%60 ی حاڵه‌ته‌کانی قسه‌کردن و له‌یه‌ک گه‌یشتن له‌ نێوان جه‌ماوه‌ردا له‌ رێگه‌ی هێما و ئاماژه ‌و گو‌زارشته‌کان ده‌بێت نه‌وه‌کو له‌ رێگه‌ی قسه‌کردن، له ‌هه‌مان کاتیشدا پێنج ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزتر ‌و کاریگه‌رتره‌ له‌ شێوازی قسه‌کردن له‌و کاته‌ی کۆنترین فاکته‌ری مرۆڤ بووه که‌‌ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ گوزارشتی له‌ هه‌ست و نه‌ست و سۆزه‌کانی خۆی کردووه.

له ‌هونه‌ری درامی ئه‌کته‌ر سوودێکی زۆری له‌ هێما و ئاماژه‌ بینیوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ هونه‌ری (پانتۆمیم)، چونکه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ پشت بەگوزارشته‌کانی هێما و ئاماژه ده‌به‌ستێت ، ئه‌مجۆره‌ نواندنانه‌ ده‌توانرێت بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک و له‌ هه‌موو وڵاتێک پێشکه‌ش بکرێت، به ‌بێ ئه‌وه‌ی زمانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ یان ئه‌و وڵاته‌ بزانیت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی ئاماژه‌ و هێما زمانێکی گشتگیریه‌، بۆنموونه‌ فیلمه‌کانی چارلی چاپلن له‌لای‌ زۆربه‌ی گه‌لانی جیهان نمایشکراون و لێشی حاڵی بوون، چونکه ‌پشتی به‌ ‌هێما و ئاماژه‌ به‌ستووه‌ نه ‌وه‌کو زمانی قسه‌کردن، به ‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌کته‌ری به‌زمه‌سات مسته‌ر بین و چه‌ندین ئه‌کته‌ری تر.

که‌واته‌ هونه‌ری شانۆ و فیلم و دراما به‌گشتی ئاماژه ‌و هێما وه‌کو زمانێکی جیهانی به‌کارهێناوه‌، به‌جۆرێک له ‌زۆربه‌ی ڤیستڤاڵه‌کان زیاتر هونه‌ری پانتۆمیم هه‌ڵده‌بژێرن، چونکه‌ فاکته‌رێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بووان و له‌ چه‌مکی شانۆگه‌رییه‌که‌ بگه‌ن، بێگومان موزیک، دیکۆر، ئارایشت و جلوبه‌رگ رۆڵێکی سه‌ره‌کی ده‌بینن له ‌گه‌یاندنی په‌یامی شانۆییه‌که‌.
لەدوای ئەوەی دەرهێنەری شانۆ دەقەشانۆییەکەچەندین جار زۆر بەجوانی دەخوێنتەوە لەگەڵ ئەکتەرەکە بەدوای ئەو مانایە شاراوە دەگرێن کە لەژێر رستەکانەوەن ئنجا کار بۆ ئەوە دەکەن چۆن دەریبخەن لەرێگەی دەموو دوو و جوڵەو دیالۆژ و هێما و ئاماژەکانی ئەکتەرەکان نموونەیەکی ئاسایی لە ژیانی رۆژانەدا:
وادابنێ کە هاورێکت باس لە دوێنی ئێوارە دەکات لەگەڵ هاورێکانیداکە کاتێکی خۆشی بەسەربردووە، کاتێ لێی دەرپرسیت ئەو هاورێیانە کێبوون لەو ئێوارەیە ئامادەبوون کاتێ ناوی هاورێکان دەڵێت بەبێ ئەوەی هیچ زیادو کەمی بخاتە سەر ناوهێنانیان بەڵام دەتوانیت پەیوەندی ئەو هاورێیە لەگەڵ ئامادەبووان بزانێت چۆنە؟ ئەویش لەرێگەی شێوازی ناوهێنانی هەریەکێکیان بەواتایەکی تری دەموو دووی ناوەکان جۆری پەیوەیندییەکە دیار دەکات بەم شێوەش پەیوەندی ناوەوەی ئەو هاورێیە لەگەڵ کەسەکان دیار دەکات.
سەرچاوەکان:
١-سحر المسرح نووسینی عبدالفتاح راوس قلعە.
٢-فی الادب و الفن نووسینی د. شاکر حاج مخلف.
٣-فی دنیا الکتابە نووسینی ئەلفرید فەرج.
٤-سیمیولوجیا المسرح بین النص و العرض نووسینی هانی ئەبو ئەلحسن سلام.

ن/ کامەران حاجی ئەلیاس