CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 21 میوان

خوێندنەوەیەکی شانۆگەرییەکانی شکسپیر

حەیدەر عەبدولڕەحمان : بێ رکابەر ولیەم شکسپیر (١٥٦٤-١٦١٦) بە گەورەترین شانۆنووس و شاعیری مێژووی مرۆڤایەتی ھەژمار دەکرێت , کە نەک ھەر تەنھا بۆتە ھیمای نیشتمانیی ئینگلیز بەڵکو بە ھۆی شاکارە مرۆییەکانی بۆتە موڵکی سەراپای مرۆڤایەتی لە ھەموو جیھاندا ..

ئەوەتا تاوەکو ئێستاکەشی لە گەڵ دابێت ، دوای تێپەڕ بوونی نزیکەی چوار سەد ساڵ بە سەر ماڵئاوایی کردنی ئەو بلیمەتە داھێنەرە تاوەکو ئێستاکەش بەرھەمەکانی تەختەی شانۆ جیھانییەکان دەھەژێنن و شانۆگەرییەکانی شکسپیر دەبێتە پڕ جەماوەرترین شانۆو خاوەنی زۆرترین داھات ..
رەخنەگرەکان وای بۆ دەچن کە سیحری ھونەری شکسپیر لەوە دایە کە زۆر بە قوڵی درکی بە چۆنیەتی وروژاندنی ھەست و ویژدانی بینەر کردووە بە تایبەت لە شانۆگەرییە تراژیدییەکانی کە پەردەیان لە رووی داستانە مێژوویەکان لاداوەو باسیان لە ململانێ ی مرۆڤ کردووە لە سەر دەسەڵات و خیانەتکارییە گەورەکانی لە پێناوی تێر کردنی غەریزەکانی کە ھەندێ جار سنوورە مرۆییەکانییان تیپەڕاندووە بەرەو وەحشی گەریەتی و خۆ خۆری ..ویڕای ھەموو ئەمانەش شکسپیر خۆی یەکێ بوە لە ئارەزوومەندانی گوێ گرتن
لەو تراژیدیا خوێناویانەی دەیانی خوێندەوە ، یا دەیبیستن ئەو مەرگە ساتانەی مرۆڤایەتی ھەمیشە ھانیان داوە بۆ لە ئامێز گرتنی قەڵەم و بەرجەستە کردنیان بە شێوەیەکی دراماتیکی کاریگەر ..لەو بارەیەشەوە شکسپیر سوودیکی زۆری لە مێژوو نووسی ناوداری ئینگلیز- ھولتشید - وەرگرتووە کە زۆری لە مەڕ مێژووی ئینگلتەرا و ئوسکوتلەندا نوسیووەتەوە و بە تیرو تەسەلی پەردەی لە رووی زۆر لە نھێنییەکانی ژیانی پاشاکانی وڵاتەکەی خۆی کردووە , لەوانەش شانۆگەریییەکانی ماکبیس ، لیر پاشا، سمبلین ،کە ژیانییان پڕ بوون لە رووداوی جەرگ بڕی تراژیدی، ھەروەھا سوودێکی زۆری لە کتێبەکانی مێژوو نووسی رۆمانی (بلو تارک) وەرگرتووە بۆ نووسینەوەی شانۆگەرییەکانی ئەنتۆنیۆ ، کیلۆ باترا .. وێڕای ئەو سەرچاوە بە پێزانەش شکسپیر بەھرەیەکی کەم وێنەی ھەبووە بۆ خوێندنەوەی دەروونیی مرۆڤ و توانیوویەتی زۆر بە شێوەیەکی سایکۆلۆژی بچێتە ناخی کاراکتەرەکانی و ئەقل و دیوی ناوەوەو دەروونی ئەو کاراکتەرانە بۆ بینەر ئاشکرا بکات , وێڕای ئەو بەھرە شیعرییەی ھەیبووە کە وای لێکردووە زۆر جوان بینانە وێنەو و دیمەنە مێژوویی و سۆزدارییەکان بە شێوەیەک بەرجەستە بکات کە بینەر تامەزرۆی بینین و گوێ گرتنیان بکات .
زۆربەی رەخنە گرو توێژەرەوەکان لە سەر ئەوە کۆکن کە بەرھەمەکانی شکسپیر دابەشی سەر چوار قۆناغی سەرەکی دەبێت :
قۆناغی یەکەم:
لە ١٥٩٠-١٥٩٤ دەگرێتەوە , کە چەند شانۆگەرییەکی مێژوویی گرتۆتە خۆی ، لەوانە – کۆمیدیای ھەڵەکان ، ھنری شەشەم ،تیتۆس ئەندرونیکوس،دوو بەڕێز لە فیرۆنا خۆشەویستی ھەوڵێکی ون بووە ,جۆن پاشا ،ریتشاردی سێیەم .
قۆناغی دووەم :
کە ساڵانی ١٥٩٥- ١٦٠٠ دەگرێتەوە ،قۆناغی شانۆی گۆرانییە کە دیارترین قەسیدەکانی و ھەندێ سووکە شانۆگەری تێدا دەرکەوتووە، وەک ریتشاردی دووەم ، خەونی نیوەشەوی ھاوین ، بازرگانی ڤینیسیا ، لە گەڵ چەندین شاکاری دیکەی وەک رۆمیۆ جولێت ، ھنری پێنجەم، یۆلیۆس قەیسەر ، زۆربەشییان وەرگێڕدراونەتە سەر چەندین زمانی جیھانیی ، ھەر لەو قۆناغەدا شکسپیر شانۆگەری ژنە ئاسوودەکانی وندرسونی نووسی ..
قۆناغی سییەم:
ساڵانی ١٦٠٠-١٦٠٨ دەگرێتەوە ، بە گرنگترین و بە پێزترین قۆناغی ژیانی شکسپیر دادەندرێت ، کە تێیدا ناودارترین شانۆگەرییە تراژیدییەکانی نوسیووە لەوانە : ھاملێت ، ئوتیللۆ , لیر پاشا ،
ماکبیس ، ئەنتۆنی ، کیلۆباترا ، بریکلیز ،کریۆلینس ، تیمونی ئەسینی کە ھەر یەکێ لەو شانۆگەرییانە زێتر لە ١٠ جار وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی عەرەبی .
قۆناغی چوارەم
١٦٠٩ -١٦١٣دەگرێتەوە ،کە قۆناغی کۆتایی ژیانییەتی و تێدا چەندین شانۆگەری نوسیووە لەوانە : ھنری ھەشتەم ، گەردەلوول ، چیرۆکی زستان ، سمبلین .
لەو پێودانگەوە دەکرێ شانۆگەرییەکانی شکسپیر دابەشی سەر سێ تەوەری سەرەکی بکەین کە بریتین لە :تراژیدیاو کۆمیدیا ، شانۆگەری مێژوویی ، شانۆی رۆمانسی –یان تراژیکۆمیدی - وەک رەخنەگرەکان ناویان ناوە ..
ناودارترین شانۆگەری شکسپیر ھاملێتە کە ساڵی ١٦٠١ نووسییوویەتی و تا ئێسقان بە نێو پرسە مرۆییەکاندا قوڵ بۆتەوە و بە نێو ھێزو بێ دەسەڵاتیشدا روو چووە ، ھاملێت چیرۆکی پاشایێکی دانیمارکی دەگێڕێتەوە ،کە دەبێتە قوربانیی تاوانی مامەکەی و لاوازی دایکەکەی ، ئەو راستیەی کە بە کوشتنی باوکی لە سەر دەستی مامەکەی روو دەدات ،کە تێیدا ھاملێت دەکەوێتە نێو گێژاوێکی دوو دڵی و نیگەرانی و وتو وێژێکی دەروونی سامناک ،بۆ بیر کردنەوە لە تۆڵە سەندنەوە ,ئەو ململانێیەی ھاملێت لە گەڵ خۆیدا تا
ئێستاکەشی لە گەل دابێت بۆتە جیگەی مشتو مڕو قسە لە سەر کردنی توێژەران..کە تێیدا کاری خێرخوازی لە ھەمبەر خیانەت و دەبەنگی دەڕمێت و راستییەکان وەک خۆیان بەرجەستە دەکرێن .
لە شانۆگەری ئەنتۆنی و کیلۆباترا١٦٠٦ شکسپیر باس لە خۆشەویستی مەحروم کراوی سیاسی و ئەخلاقی نێوان سەرکردەیەکی رۆمانی و کیلۆ باترای شاژن دەکات ،وەک رەخنەگرەکان دەڵێن تا ئێستا کەس نەیتوانیووە وەک شکسپیر بەرجەستەی ئەو خۆشەویستیە بکا بەو شێوازە مرۆیی و جوانکارییەی کە شکسپیر لەو شانۆگەرییەدا باسی کردووە .
ھەروەھا لە ماکبیس دا ١٦٠٦ شکسپیرپیاوێک شی دەکاتەوە کە خۆی دەداتە دەست ئارەزووەکانی و لە ئەنجامی لاوازی کەسایەتی مرۆیی خۆی لە بیر دەکات .. بۆ بەدی ھێنانی ئارەزووی بینەری ئینگلیزی و تۆمار کردن و نیشاندانی پاڵەوانەکانی مێژووی ساڵانی ١٢٠٠ تا١٥٥٠ی ئەو وڵاتە و پەند وەرگرتن لە مێژوودا، بە تایبەت لە شەڕی ناوخۆیی وڵاتەکەی ، شکسپیر چەندین شانۆگەری ئەنجام داوە , لەوانەش ھنری شەشەم ، پاشا ریتشاردی سێیەم ، کە تێیدا باس لە دەسەڵاتی لاوازی پاشایەک دەدات کە بەھۆی دەبەنگی ھەموو دەسەڵاتێکی خۆی لە دەست دەدات ..
لە رووی دیالۆگەوە رەخنە گرەکان وای بۆ دەچن جوانترین شانۆگەری شکسپیر شانۆگەری ھاملێتە , چونکە لەو شانۆگەرییەدا شکسپیر زۆر پەنای بۆ مۆنۆلۆژە دەروونییەکان بردووە و ھەوڵی داوە
دیوی ناوەوەی ناخی کاراکتەرەکان بە بینەر ئاشنا بکات ، ھەروەھا ئەو ململانێیەی ھاملێت لە ناخی خۆیدا ھەیبووە ،بەڵام لە ئۆتیللۆدا شکسپیر ویستوویەتی شیکردنەوەیەکی قوڵی دەروونی سەرکردەیەکی رەش پێست بکات کە دەبێتە قوربانی بەخیلی پێبردنی دەزدەموونەی ژنە دلسۆزە سپی پێستەکەی ،لە رێگەی ئەو پیلانە شەرانگێزییەی یاگۆ دایدەنێتەوە ، بە ھۆی قۆرخ کردنی نامۆ بوونی گەورە کەی بەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژیت .. بە کورتی دەتوانین شاکارەکانی شکسپیر بەم شێوەیە دیاری بکەین :
کارە مێژووییەکان:
١.جۆن پاشا ٢.رتشاردی دووەم ٣.ھنری چوارەم – بەشی یەکەم ٤.ھنری چوارەم –بەشی دوو ٥ .ھنری پێنجەم ٦.ھنری شەشەم – بەشی یەکەم ٧. ھنری شەشەم –بەشی دووەم ٨. ھنری شەشەم –بەشی سێ ٩.ریتشاردی سێیەم ١٠.ھنری ھەشتەم .
تراژیدیاکانی: رۆمیۆو جولێت ، کوریولانوس،تیتۆس ئەندرۆنیکوس ،تیمون ئەسینی ،یولیۆس قەیسەر ،ماکبیس ، ھاملیت ، ترویلوس وکریسیدا ،لیر پاشا .
وێڕای ئەوانە شکسپیر چەند شاکارێکی دیکەی ھەیە لەوانە : خەونی شەوی ھاوین ،کاروبارەکان بە کۆتاییەکانیانەوە ،وەک حەزت لێیەتی ، سیمبلین ،خۆشەویستی ھەوڵێکی ونە ،بازرگانی ڤینیسیا ،ژنە بەختەوەرەکانی ویندرسون ،کۆمیدیای ھەڵەکان ، گەردەلوول ،شەوی دوانزەھەم یا وەک خۆت حەز دەکەیت ،دوو بەڕێزە فیرۆنییەکان ، دوو نزیکە نەجیب زادەکان ،حیکایەتی زستان و چەندینی تر ..
شانۆگەرییە کۆمیدییەکانی شکسپیر :
وەک چۆن شکسپیر لە تراژیدیادا نووسەرێکی شانۆیی کەم وێنە بووە لە ھەمان کاتیشدا لە شانۆی کۆمێدیشدا باڵا دەست بووە ،لە سەردەمی ئەلیزابیسی دا کۆمیدیا مانایێکی جیاوازی ھەبوو لە گەڵ کۆمێدیای نوێ دا ، کە زۆر جاران بە ئەنجامێکی بەختەوەر کۆتایی دەھات ،زمانی شانۆگەرییە کۆمیدییەکانی شکسپیر سووک و سانا ترو شەفاف تر بوون لە شانۆگەرییەکانی تری ، کە بەشی زۆریان لەم خاڵانەدا گرد دەبوونەوە :
*پشتی بە دیمەن و رووداو دەبەست نەک کەسایەتی .
*ململانێ ی گەنجە دلدارەکان کە زۆر جاران کێشەیان لە گەڵ گەورەکانییان دابوو .
*لێک جودا بوونەوەو گەڕانەوە بۆ باوەشی یەکتر .
*تەڵەکەبازی و ئەنجامەکانی .
*خزمەتکاری زیرەک
*کێشەو گرفتەکانی ناو خێزان .
دیارترین ئەو شانۆگەریانەی شێوازی شانۆی کۆمێدی لای شکسبیر وەردەگرن ، بریتین لە چوار شانۆگەری (کۆمیدیای ھەڵەکان ،دوو بەڕێز لە شاری فیرۆنا ،وەک تۆ حەز دەکەیت ،زۆر قسە لەسەر شتێ ) لە شانۆگەری کۆمێدیای ھەڵەکاندا شکسپیر باس لە دوو شاری بازرگانی گەورە دەکات کە بریتین لە ھەردوو شاری ئەیفیسۆس و سیراکوس و شەڕو پێکدادان لە نێو ئەو دوو شارەدا روو دەدات ،والی ئەو شارە فرمانێک دەکات کە ھەر پیاویک لە شاری سیراکوس بەدیل بگیرێ دەبێ یا پارە بۆ رزگار کردنی ژیانی خۆی ببەخشێ , یا لە سێدارە بدرێ ،کە ئایفون – ی پاڵەوانی شانۆگەرییەکە یەکێ دەبێت لە بەدیل گیراوەکان و پارەی ئازاد بوونی خۆی پێ نابێت , کەواتە چی بکات بۆ رزگار بوونی خۆی ؟ دیمەنەکانی ئەو شانۆگەرییە لە چوارچیوەی ئەو ھەوڵانەدا دەخولێنەوە کە ئایفۆن دەیدات بۆ رزگار بوونی خۆی و شکسپیر بە زمانێکی پاراوو پڕ لە تیرو توانجی سرنج راکێش دایڕشتووە .
دنیای شکسپیر دنیایێکی بێ سنوورە بۆیە تا ئێستا ئەدەبو ھونەری جیھانیی و توێژەرورەخنە گرەکان نەیانتوانیووە تەنھا پارچەیەک لە ھونەرو داھێنانی ئەو کەلە بلیمەتە بخەنە روو کە ئەو پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە .