CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 34 میوان

سیناریۆیی مه‌لیك کش کش مه‌لیك

نووسینی  ڕزگار باهیر:

1... رۆژه‌ ... یاریگایه‌که‌ ... ده‌ره‌وه‌یه‌ .

چاوی کامێرا له‌ نێو سه‌رقه‌بران  وکێلی سپییه‌وه‌ داده‌به‌زێ بۆ نێو یاریگایه‌کی وه‌رزشی ،که‌ گۆڕه‌پانێکی دوو گۆڵییه‌ و به‌ده‌وریا جێگه‌ی دانیشتنی بینه‌رانه‌ ، به‌ڵام هیچ بینه‌رێکی لێ نییه‌ ... له‌م کاته‌دا کاره‌کته‌ری( جه‌مال لێکسس) که‌ته‌مه‌نی (60)ساڵ ده‌بێت و پیاوێکی قه‌ڵه‌وی ریش و سمێڵ ماشوبرنجی  به‌قاتێکی شیکی

ڕه‌ش و جانتایه‌کی دیبلۆماسییه‌وه‌ خۆی ده‌کات به‌نێو گۆڕه‌پانه‌که‌دا و ده‌چێته‌ سه‌ر فه‌رشه‌ سووره‌که‌ ی ده‌چێت بۆلای مێزی ناوه‌راستی گۆڕه‌پانه‌که‌ که‌ جێگه‌ی یاری شه‌تره‌نجه‌که‌یه‌ ... له‌هه‌مان کات دا (شه‌مزه‌دین ئیرۆ) که‌ته‌مه‌نی (52) ساڵه‌ له‌سه‌رێکی تری گۆڕه‌پانه‌که‌وه‌ به‌قاتێك شاڵو جامه‌دانییه‌که‌وه‌ خۆی ده‌کات به‌ژوورداو هه‌نگاو ده‌نێت و ده‌چێته‌ سه‌ر فه‌رشی سووری لاکه‌ی تر که‌به‌رامبه‌ر  مێزی ناوه‌راستی گۆڕه‌پانه‌که‌یه‌  .

 

2... ڕۆژه‌ ... ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانه‌ ... ده‌ره‌وه‌یه‌ .

مێزێك و دووکورسی که‌ جه‌مال لێکسس و شه‌مزه‌دین ئیرۆ به‌رامبه‌ر یه‌کتری له‌سه‌ری دانیشتوون  له‌ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانه‌که‌یه‌و په‌رده‌یه‌کی ڕه‌شی پێدادراوه‌ یاریه‌کی شتره‌نجی ڕه‌ش و سپی له‌سه‌ر مێزه‌که‌یه‌ ئاماده‌یه‌ بۆیاریکردن  ، له‌پاڵیدا  گوڵدانێك دانراوه‌ چه‌پکێك گووڵی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی زۆر جوانی تێدایه‌ .

 

3... ڕۆژه‌ ... ژێر مێزه‌ ... ناوه‌وه‌یه‌ .

له‌ ژێر مێزه‌که‌یه‌... په‌رده‌ ڕه‌شه‌که‌ی دراوه‌ به‌سه‌ر مێزه‌که‌دا به‌ چوارده‌وریدا هاتۆته‌ خوارێ و هه‌موو لایه‌کی مێزه‌که‌ی گرتووه‌. هه‌ردوو قاچه‌کانی جه‌مال لێکسس ده‌بینرێ که‌ جووتێ پێڵاوی سپی له‌ پێدایه‌ ...هه‌روه‌ها هه‌ردوو قاچی شه‌مزه‌دین ئیرۆ ده‌بینرێ  که‌ جووتێ پێڵاوی ڕه‌شی له‌ پێدایه‌ جوڵه‌ ده‌کات بۆلای پێڵاوی سپی ، له‌هه‌مان کاتدا جووته‌ پێڵاوی سپیش جوڵه‌ ده‌کات بۆ لای پێڵاوی ڕه‌شو ده‌ده‌ن به‌ یه‌کتریدا .

 

4... رۆژه‌ ... ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانه‌ ... ده‌روه‌یه‌ .

هه‌ردوو یاریکه‌ر.جه‌مال لێکسس و شه‌مزه‌دین ئیرۆ ، سه‌رقاڵی یاری کردن و بیرکردنه‌وه‌ ،جار به‌ جارێك یه‌کێکیان ده‌ست بۆ ئه‌سپ یان قه‌ڵا یان سه‌رباز یان وه‌زیر ده‌بات و بیر ده‌کاته‌وه‌ .

 

5... ڕۆژه‌ ... ژێر مێزه‌ ... ناوه‌وه‌یه‌ .

له‌ ژێر مێزدا گه‌رمه‌ی شه‌ڕو پێکدادانی جووته‌ پێڵاوه‌کانی پێی جه‌مال لێکسس

 و شه‌مزه‌دین ئیرۆیه‌ . که‌هه‌ر جاره‌ی یه‌کێکیان ده‌دات له‌ پێڵاوی ئه‌وی تریان ...واته‌ سپی و ڕه‌ش .

 

6... ڕۆژه‌ ... ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانه‌ ... ده‌روه‌یه‌ .

گه‌رمه‌ی یاری کردنی شه‌تره‌نجی نێوان ، جه‌مال لێکسس و شه‌مزه‌دین ئیرۆیه‌ ... یارییه‌که‌ له‌ بارێکی سه‌ختو دژوارو گرژییه‌کی گه‌وره‌دایه‌ له‌ دواساته‌کانی کۆتاییدایه‌ ، تا ئه‌و کاته‌ی به‌یه‌کتری ده‌ڵێن .

                                                           جه‌مال لێکسس /

                                            کش مه‌لیییییییییییییییییییك .

                                                         شه‌مزه‌دین ئیرۆ /

                                         مه‌لییییییییییییییییییك کششش .

7... ڕۆژه‌ ... ژێر مێزه‌ ... ناوه‌وه‌یه‌ .

ژێر مێزه‌ . پێ و پێڵاوه‌ کان  جوڵه‌ و پێکدادانیان زۆر توند بووه‌  و گه‌رمی به‌هێزی شه‌ڕه‌که‌ ده‌گاته‌ سه‌قفی مێزه‌که‌ وده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ .

 

8... ڕۆژه‌ ... ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانه‌ ... ده‌ره‌وه‌یه‌ .

توندوتیژی وشه‌ڕی به‌هێزی ژێر مێزه‌که‌ ده‌گاته‌ سه‌ر مێزه‌که‌و ، یاریه‌که‌یان تێك ده‌چێ و سه‌ربازو فیل و ئه‌سپ و قه‌ڵای هه‌ردوولا   تێکه‌ڵ به‌یه‌کتر ده‌بێت و گوڵدانه‌که‌ و چه‌پکه‌  گوڵه‌که‌  ده‌که‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی و شووشه‌ ی گوڵدانه‌که‌ ده‌شکێت و گووڵه‌کانیش په‌رژو بڵاو ده‌بن و ده‌ژاکێن ، چاوی کامێرا له‌ تێکه‌لاو بوونی سه‌رباز و فیل و قه‌ڵاو ئه‌سپی ڕه‌ش و سپیی و گووڵدانی شکاو گووڵی ژاکاوه‌ وه‌ سه‌رقه‌بران نیشان ده‌دات.

 

                                                      کۆتایی .

ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.