CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 61 میوان

شیعر و شانۆ

نوسینی: دانا محمد عبدوڵا: تیۆرەکانی شانۆ و درامای جیھانی بە شێوەیەک لە شێوەکان ھێندەی سەرەتاکانی ئەدەبی درامی و دەقە شانۆییەکان دێرینە، کتێبی "ھونەری شیعر" (پۆیەتیکا) کە ئەرستۆ نووسیویەتی و خۆی لە ساڵەکانی ٣٠٠ی پ-ز. دا ژیاوە . کتێبێکە دواتر دەبێتە دەروازەیەکی گرنگ و سەرەکی بۆ ھەموو تیۆرەکانی تر کە لەم بوارەدا نووسراون، وشەی شیعر چەندین واتای زیندوی گەیاندووە، ئەرستۆ لە کتێبی (ھونەری شیعر)دا بەوشێوە پێناسەی شیعر دەکات دەڵێت: (شیعر گێرانەوەیە) دواجاریش چەندین واتای داستانی میتافیزیکی گەیاندووە لای گریک و رۆمانیەکان، ھەروەھا داستانی شارستانیەتە دێرینەکانی وەک سۆمەریەکان و بابلیەکان و فیرعەونەکانەکان بە زمانی شیعر نوسراون بۆنمونە داستانی "گلگامیش" لای عێراقیە کۆنەکان و "ئۆزریۆس" لای میسریەکان، ئەگەر لەگۆشەنیگای مێژووی شانۆوە بروانین تەماشا دەکەین بەدرێژایی چواردە سەدە شیعر نەک ھەر دەستەملانی شانۆ بووە بەڵکو خودی خۆی شانۆ بووە، چونکە ھەر لەیەکەم ھەنگاوی دروست بوونی شانۆوە داستانەکان یەکەمین خۆراک و کەرەستەی بوون، باس و خواسەکان لەوێوە ھەڵھێنجراون . بەتایبەتی ئەو داستانانەی کە لە لایەن (ھۆمیرۆس)ەوە ھۆنرابوونەوە وەک "ئەلیادە و ئۆدیسە" شیعرەکانی ھۆمیرۆس بۆ شانۆ لەباربوون چونکە گۆیی بەخولیای تاک نەداوە بەڵکو گرنگی بە خولیا و ئارەزوەکانی ھەمووان داوە . "ئاڵاردس نیکۆڵ" لەبارەی سەرھەڵدانی دراماوە دەڵێت: (شیعری گۆرانیە ئاینیەکان پەرەیان سەندو بوونە گفتوگۆی دوو قۆلی لەنێوان کۆرس و سەرۆکی کۆرسدا). لای گریکیەکان دوو جەژنی سالانەی گەورەی ئاینی بووە، یەکەمیان "لینایا" بوو ئەم جەژنە لە بەھاراندا دەگیردرا، دووەمیان جەژنی (دیۆنسیۆس) کە لە پایزدا سازدەکرا، ئەم دوو جەژنە ئاینییە بوونە چاوگی سەرەکی ھەڵقووڵانی ھونەری دراما، لەیەکەم بۆنەدا سەرگوزشتەی ژیان و مەرگ و، ژیانەوە بەسەر دەکرایەوە، ئەو کۆمەڵە رووداوە کە لە خۆیدا بازنەیەکی پێک دەھێناو خولی تەواوەتی ژیانی دەنواند، ئەم بۆنەیە بووە ھەوێن و مامانی لەدایک بوونی ھونەری تراژیدیا، دووەمیان بووە سەرچاوەی ھونەری کۆمیدیا، لەم بۆنەیەدا ھەر ھەمان سەرگوزشتەی (دیۆنسیۆس)ی خواوەند بەسەردەکرایەوە بەڵام لایەنی پیت و فەر و سک و زار دەنوێنرا . تراژیدیا لاسایی کردنەوەی کردەوەکانە و لە پێناوی نواندن و ژیانەوەی کردەوەکانیش پەنا بۆ کەسایەتییەکان دەبات . لایەنێکی گرنگی دیکەی تراجیدیا دەقە . "ئەرستۆ" تراجیدیا وەک گرنگترین فۆرمەکانی دراما ناوزەد دەکات، دەروازەکانی دونیایەک دەکاتەوە کە تا ئێستا لە ھەموو لێک دانەوەیەکدا بەکاردەھێنرێت و کاریگەرییان ھەیە، بەو شێوەیەش ئەرستۆ بنەما سەرەکییەکانی دراما و تراجیدیا دادەنێت و پالپشتێکی تیۆری بەھێز بۆ دەستپێکی ھونەری شانۆی گرێکی دەستەبەر دەکات . ھەر لەبەر ئەوەشە ئەم کتێبەی ئەرستۆ لە ناو بەرھەم و کتێبەکانی تریدا جێگایەکی تر و تایبەتمەندی ھەیە . ھەروەھا لە کتێبی"ھونەری شیعری" ھۆراشیۆ " دەلێت: دراما بەشێکە لە شیعر . دراما بە تەنیا لە نێوان شێوە ئەدەبیەکانی تردا پەیوەندیەکی توند و تۆڵی لەگەل ھونەرەکانی تردا ھەیە . دراما لە جەوھەردا ھەربەتەنیا ژانریک لە ژانرەکانی ئەدەب نیە بەڵکو نمایش دەکرێت، سەرباری ئەویش تارادەیەک لە سنوری ئەدەب دەچێتە دەرەوە، چونکە دەکرێت لەشیکردنەوەیدا پشت بە تێوری ئەدەب نەبەسترێت بەڵکو پشت بەتێوری شانۆ دەبەسترێت . ئەو رۆژگارەی ھونەری شانۆی تێدا لە دایک بوو رۆژانی بازاری گەرمی شیعر بووە، لەو دەمەشدا شاعیرانی پەند و فەلسەفە و کەسانی وەک (سۆلۆی) بەھاری شیعر وتنیان ھەبووە یان شیعری لاواندنەوە کە (سۆجینین) پێشرەوایەتی دەکرد ھەروەھا شاعیرانی گۆرانی وەک (سیمونیدیس) و (پندار) کەبە شێوەی گۆرانی دەیان نوسی . پاش ئەوەی شانۆنوسان بیرۆکەی ئەو شیعرانەیان پوخت دەکرد بۆ نمایشەکانیان لەو رۆژانەدا شیعر لەمەودای شانۆوە گەورەترین و فراوانترین پاشای جەماوەری بوو، گۆرانێکی گەورە و دیار لە بوون و شێوەی شیعر و بەرھەمیدا دروست بوو، لەو رۆژگارانەدا بوو ئەسینیەکان سەرکردایەتی گشت گەلانی جیھانیان دەکرد وەک ئەفلاتۆن دەلێت: گریکیەکان وەک مامۆستای گشت گەلیان لێھاتووە گەلان فێری ھونەر و ئەدەب و جەنگ و بەرگری دەکەن، لە ھەمان کاتدا چاکترین کەرەستە و دەرفەت و ھەنگاوی گەورەی بە ئەدەب و ھونەر بەخشی . لە ساڵی (٥٣٥-پ.ز) شاعیر و ھونەرمەندێک بەناوی (سیسپس) لەکۆرس دابرا و ھەندێک شتی بەتاکەکەسی ھێڵایەوە و گۆرانکاری دروست کرد، جگە لەسەرۆکی کۆرس بەتەنھا نواندنی دەکرد، لەم ھەنگاوەوە یەکەم (ئەکتەر)ی شانۆ لەدایک بوو، ھەرلەو ھەنگاوە گرنگەوە بوو کە چەند بینراوێکی ئاینی بە چەند بینراوێکی تراژیدی گۆرایەوە واتا ھەر لە پەندە شیعرییەکەدا گۆرانکاری روویدا شتێکی شاراوە نیە وەھەروەھا دواتر چەند ئەکتەریک زیاد کرا تاوەکو شانۆ بەو شێوە دەقی گرت . ئیشکردن لە ناو ھەرەمی شیعردا خۆی بۆخۆی وردبینیەکی بەرفراوانی دەوێت و چۆن دەرھێنەر بتوانێت رەگەزی درامییەکانی دەرھێنان لە چوارچێوەی ئەو دەقە شیعریەدا بدۆزێتەوە یان بلێین چۆنیەتی بەدەق کردنی ئەو شیعرە لەلایەن دەرھێنەرەوە . شیعر بۆخۆی خاوەن کۆمارێکی باڵایە و لە ناو چوارچێوەی سیستەمی خۆیدا جوڵەیەکی جیوەی و فەنتازی ئامێزی ھەیە، لەگۆرانی دیمەن و رووداوەکان و دەتوانێت بە ئاسانی گۆران لە ھزری بینەر و خوێنەر بکات، وە ھۆشی کێش بکات بۆ مەودایەکی سۆزداری، ھەر بۆیە کاتێک دەرھێنەرێک کار لە سەر دەقێکی شیعری دەکات بۆ ئامادەکردنی بۆ دەقێکی نمایشی شانۆیی پێویستی بە ئەندێشە و خەیاڵی ھونەری زۆر ھەیە، ھەر ھیچ نەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت دەقە شیعریەکان بەمەودای رێرەوی شانۆییەکە بەرێت . ھەروەھا زمان بۆ خۆی لە چوارچێوەی سیستەمی بەرھەم ھێنانی مانادا رۆلێکی دیاری کراوی ھەیە و تاکە ھۆکاریشە بۆ کەشف کردنی ماناو نھێنیەکانی دەقی نمایش، بەڵام شیعریەتی زمان زمانێکی باڵایە جیاوازە لە زمانی رۆژانە وەک دەقەکانی شکسپیر .

سەرچاوەکان
١. شانۆ و ناسنامە، ن: کامەران سوبحان
٢. پەیدابوونی شانۆ لە شیعرەوە، ن: ئەحمد سالار
٣. پۆیەتیکا" دەستپێک بۆ تیۆرەکردنی شانۆ، ن : دانا ڕەئووف
٤. دەروازەیەک بۆ رەخنەی ئەدەبی کوردی، ن. دکتۆر ھیمداد حسێن

نوسینی: دانا محمد عبدوڵا
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.