CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 53 میوان

شانۆگەری "مێتامۆرفۆز" لە نێوان واقع و خەیاڵدا

ن/ کامەران حاجی ئەلیاس
وەکو هەربینەرێکی شانۆیی سەردانی هۆڵی کۆلیژی هونەرە جوانەکانی هەولێرم کرد، بەمەبەستی بینینی نمایشی شانۆگەری"مێتامۆرفۆز" دوای بینبینی نمایشەکە ،چەند سەرنجێکی خۆم دەخەمەروو .
سەرەتا لە ناونیشانی شانۆگەریەکە"مێتامۆرفۆز"دەست پێدەکەم لەلای زۆرێک لە ئامادەبووان ماییەی تێرامان و لێکدانەوە بوو، بەتایبەتی ئەگەر کەسێك دەقە شانۆییەکەی پێش نمایشەکەی نەخوێندبێتەوە لەکاتی بینینی نمایشەکە من وای لێحاڵی بووم کە مێتامۆرفۆز بەمانای گوێزانەوە یان گۆرین واتە (تەحویل) دێت لە هەمان کاتدا چەمکە فەلسەفەکەی"مێتامۆرفۆز" گوزراشت لە گۆرانکاری هەموو لایەنەکانی ژیان دەکات بەتایبەتی لەو کاتەی فۆرم و ناوەرۆکی کەسێك دەگۆرێت بۆ گوێ درێژ، مانایەکە زۆر بەجوانی روون دەبێتەوە.
پێم باشە پێش ئەوەی باس لە لایەنی هونەری نمایشەکە بکەم باس لە چیرۆکی شانۆگەرییەکە بکەم.. دەستپێکی شانۆگەرییەکە بە دیمەنێکی پێشەکی (مەشهد ئیستهلالی) دەست پێدەکات کاتێ کەسێك(مانیۆس) لە پێشەوەی شانۆ بە چەند پەتێکی رەش کۆت و بەند کراوە لەگەڵ بیستنی دەنگی چەند دیالۆژێک کە گوزراشتە لە دەسڵات دەکات ئەویش(مانیۆس) هەر هەوڵ دەدات خۆی رزگار بکات دوایی چەند جوڵەیەک پەتەکان رادەکێشێت خۆی لە هەموو پەتەکان رزگار دەکات بەڵام تەنها پەتێک نەبێت لە ملی دەمێنتەوە وەکو گوزارشتێک کە ناتوانێ خودی خۆی ببێتە خاوەن ئازادیەکی راهای ئەنجا چ لەبەر هەندێ داب و نەریت بێت.. یان کۆت وبەندی دەسڵات... بۆیە ئەوەمان پێدەڵێت کە هەموو تاکەکان دەبێ لەلایەن خۆیان هەوڵی رزگار بوون و گۆرنکاری بدەن وە لەخۆمان چاك سازی دەست پێکەین.. هەر بۆیە (مانیۆس) بریار دەدات گۆرنکاری لە فۆرم و ناوەرۆکی خۆی بکات بۆ ئەوەی لە نێو ئەم کۆمەڵگایە دەربچێت.
لەدیمەنی دووەم هەمان کەس لەبەردەم پەرستگایەک وەستاوە بێزاری لە ژیانی پێوەدیارە لە کاهین دەپارێتەوە کە فۆرمی بگۆرێت دوای ئەوەی گفتو گۆیەکی زۆر لە نێوان مانیۆس و کاهین باس لە جیاوازی نێوان مرۆڤ دەکەن لەگەڵ بونەوەرکانی تری بەڵام مانیۆس هەر پێداگیری دەکات لەسەر ئەوەی کە بەهەر جۆرێک بێت دەبێ بیگۆرێت چونکە زۆر لەم ژیانەی ئەم کۆمەڵگایە بێزارە ئەویش (کاهین) ئاواتی ئەو جێ بەجێ دەکات کاتێ فۆرمۆ و عەقڵ و هەموو شتێکی مانیۆش دەگوازێتەوە و دەیگۆرێت لە مرۆڤەوە بۆ گوێدرێژ!!!
دوای ئەوەی دەبێت بەگوێدرێژ دووبارە لەلایەن مرۆڤەوە دەچەوسێتەوەو ستەمکاری بەرامبەر دەکرێت، لەهەمان کاتدا وەکو فاکتەرێك بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی کاری نشیاوە ئەنجەم بدەن وەکو دزی کردن و یاری پێکردن و لێدان ئەنجا زۆر ماندو دەکرێت کەچی مافی خۆی پێنادرێت و نانی پێنادرێت و برسیش دەکرێت.
لەدیمەنی یارییەکە کە لە نێوان پاشا و ئامادەبووان دەکرێت کورسیەك دادنرێت یەکێک دەبێتە پاشا لەسەر کورسییەک دادەنیشێت کە هێمای دەسڵاتە بەڵام دوای دەردەکەوێت کە کورسییەکە کورسی( w.c)یە وەکو هێمایەک بۆ خراپی بەکار بردنی دەسەڵات لەیارییەکە چەندین لایەنی ژیان بە هەردوو لایەنی سبلی و ئیجابی دەخەرێتە روو. کاتێ چەند بریار دەدەرێت چەند هونەرمەندێک خەڵات دەکرێت بەتایبەتی کابی هونەرمەندی شێوەکار(پەیکەرتاش) خەڵاتە رەت دەکاتەوە بەهەمان شێوە هونەرمەندی موزیسیانیش خەڵاتەکە رەت دەکاتەوە هەردووکیان زۆر بە روونی پارێزگاری لە هاوپیشەی خۆیان دەکەن... کەچی هونەرمەندی شانۆکار ناتوانی ببێتە پارێزەری شانۆکاران چونکە خەڵاتە کە وەردەگرێت.. ئایا بۆ شانۆکار بەم شێوەیە رازیە وەڵامەکە لای دەرهێنەرە....
لەم حاڵاتەدا گوێدرێژ بە کەرایەتی خۆی هەست بەبێ زاری ئەم ژیانە دەکات لە نێومرۆڤدا بۆیە دووبارە دەچێتە لەلای کاهین داوا دەکات بیگەرێنتەوە دۆخی جارانی واتە بیگۆرێت بۆ مرۆڤ دوای پارانەوە هەوڵێکی زۆر لەگەڵ کاهین مانیوس دەگەرێتەوە سەرشێوەو فۆرمی جاران بەڵام زەمەن تێپەرەیوە مانیوس پیر بووە بێ هیوا بووە چونکە هیچ گۆرنکاری لەدەسڵات و حوکمرانی و مرۆڤەکان روینەداوە .
هەردەم کارەکانی دەرهێنەر کاک یوسف هاوسەنگیەک لە نێوان دەرهێنان و نواندن هەبووە بەجۆریك هەردووکیان تەواوکەری یەکتر بوون بەشێوازیك کە ستاتیکایەکی زۆر جوانی بەخشیەوە بەڵگەش بۆ قسەکانم نمایشی (دیمەنێکی خامۆش) کە کاری پێشتری هونەرمەند یوسف بوو،ئەگەرچی لەم نمایشەدا چ وەکو دەرهێنان چ وەکو نواندن نەگەیشتە ئاستی نمایشی (دیمەنێکی خامۆش) بەڵام لە شانۆگەری "مێتامۆرفۆز" ئاستی دەرهێنان باشترو سەرکەتووتر بوو لە نواندان .
دەرهێنەر تارادەیەک سەرکەتوو بوو لە هەردوو پێکاتەی بیینین و بیستن بەجۆرێك هاوسەنگی و پێکاهاتەی تەواو مانابەخشی دەبەخشی بەڵام ئەوەش مانای ئەوە ناگەیەنێت کە کارەکە بێ کەمووکوریبێت بۆ نموونە لەهەندێ دیمەن لە نێوان (مانیۆس و کاهین)دا بەتایبەتی دیمەنی سێبەرەکانی دوای سایک فۆرمەکانیان وەکو یەک دەبوو لەوانەیە لە هەندێ دیمەن مەبەستی بێت پێمان بڵێت هەموو تاکەکان وەکو یەک وان بەڵام گەورەیی و قودسییەتی کاهین جیاوازی دەبێت.. بەکارهێنانی روناکی و کارتێکەرە دەنگیەکان بە گشتی سینۆگرافیا بەجوانی لە خزمەتی نمایشەکە بوو بەتایبەتی موزیک و رووناکی لەکاتی گۆرینی مانیۆس لەمرۆڤەوە بۆ گودرێژ .. کەچی لەکاتی گەرانەوەی بۆ مانۆیۆس لە گودرێژ وە بۆ مرۆڤ هەمان موزیک و هەمان رووناکی بەکار هات بەبۆچونی خۆم ئەمە هەڵەیە چونکە کردارەکە جیاوازە دەبوایە مۆزیک و رووناکی بەشێوەیەکی تر و بەجۆرێکی تر بەکار بهاتایە.. کە لەخزمەتی روداوەکە بوایە نەک هەمان موزیک و رۆناکی پێشوو .. لە دیمەنی کۆتایی کاتێ مانیۆس لەسەر شانۆ دەردەکەوێت پیرو بووەو بێ هێوا بووە بەڵام هەمان داری کاهینی پێیە ئەمەش هەڵەیەکی گەوەرەیە لە بەر دوو هۆ: یەکەم چونکە زەمەن گۆڕاوە دووەم : داری دەستی کاهین دارێکی پیرۆزە کەچی لەدەستی مانۆیۆسە بێ ئەوەی هیچ گۆرنکاریەک لە فۆرم و جۆری دارەکەدا روودابێت.
دیالۆژ یاخود زمان لە هەموو دەقێکی شانۆیی گرنگە... دەبێت ئەکتەر بەووردی ئاگاداری دەربرینی دیالۆژەکان بێت چونکە زۆر جار مانای وشەیەک یان رستەیەك بە زیاد کردنی یان کەم کردنی پیتێک دەگۆرێت ئەوەی لەم نمایشە بەدیم کرد لەدیمەنی یەکەمدا وتاربێژ لەمیانی وتارەکەیدا لەجیاتی بڵێت گەل وتی گەڵ ئەوەش جیاوازی ئەرزو ئاسمان لەنێواندا هەیە.
دەرهێنەر جۆرە کۆمیدیایەکی لە رێگەی چەند جوڵەیەک و تێکەڵکردنی هەندێ هەڵوێستی سەرنج راکێش لەنێوان واقع و خەیاڵدا سەرکەوتوو بوو بە واتایەکی تر بەکارهێنانی هەندێ سحر و جاد و بەستنەوەی لەگەڵ کێش و گرەفتەکانی واقعی ژیان بە جوانی مەیسەری کردبوو.
سەرجەم ستاڤەکە لەکۆتایی نمایشەکەدا بەجلوبەرگی پێشمەرگە سڵاویان لە ئامادەبوانی نمایشەکەکرد.. لێرەشدا مەبەستیان بوو بڵێن هەندێ لە هونەرمەندان و کەسانی تریش تەنها بۆچەند چرکەیەك جلوبەرگی پێشمەرگە لەبەر دەکەن دەچنە بەرەکانی جەنگ و وێنە دەگرن نمایشی خۆیان دەکەن بێ ئەوەی بەراستی هەست بەو ئەرکە پیرۆزەی پێشمەرگە بکەن... تەنها بۆخۆدەرکەوتن ئەم جلوبەرگە دەپۆشن دوای لە تۆرەکۆمەڵاتیەکان وەکو فیسبووک بڵاودەکەنەوە..
لەکۆتاییدا سەرجەم ستاڤی ئەم شانۆییە خۆبخشانە ئەم کارەیان ئەنجام دابوو بێ ئەوەی هیچ پاداشتی مادی بەرامبەر ئەم کارەیان وەربگرن کە مافێکی سروشتی هەموو هونەرمەندێکە لەبەرامبەر ئەنجامدانی هەرکارێکی هونەری پادشتی مادی مەعنەوی بکرێن.. بۆیە سڵاو و دەستخۆشیان لێ دەکەم بەهیوای سەرکەوتن.
شانۆگەری "مێتامۆرفۆز" بەرهەمی تیپی شانۆی(تیشک) بوو لە نوسینی د. موحسین ئەحمەد عومەر و ئامادەکردن و دەرێهێنانی یوسف یوسفی ئەکتەرەکان: د. ساڵح عومەر..دڵزار کافرۆش. محمەد مەهدی. دیلان خەلیل خۆرانی. خۆشەوەی ئەرجان. ئاراس مەجید. هاوکار فازڵ. دڵسۆز ماوەتی. ئەحمەد هیوا. محمەد شێرازاد. نەریمان حازم.
ی. دەرهێنەر: محمەد ساڵح .بەرێوەبەری شانۆ: ئاراس مەجید. بەرێوەبەری بەرهەم سلێمان گەڵاڵی.دیکۆر:ئەحمەد نەجات، رێباز پەروەر، رەسەن بێجان.دیزاینەری روانکی: دەرهێنەر. جێبەجێ کردنی روناکی: هەورامان کاکە. ئامادەکردن و جێبەجێ کردنی مویزک: محمەد ساڵح. میکیاژ: دڵسۆز ماوەتی. جلوبەرگ وئێکسسوا: مەرێوان زەنگەنە. پۆستەر و ڤۆڵدەر: محمەد ساڵح. راگەیاند: پۆڵا قاسم، هاوتا ئەسوەد، شیفان شێرزاد، هێمەن خەلیل، سەدار ئەکرەم. فۆتۆ: دیار ئازاد.