CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 65 میوان

چمکی شانۆ لای بیتەر برۆک

خۆ ئەگەرچی بیتەر برۆک لە دایک و باوکێکی رووسی لە لەندەن لە دایک بووە دواتر سەریان ھەڵگرتووە بۆ فەرەنساو لە ئینکلتەرا جێگیر بووە و زۆرترین کارە شانۆییەکانی لەوێ ئەنجام داوە , تا لە ئەنجامدا بۆتە یەکێک لە دیارترین دیاردەکانی شانۆ لە جیھاندا , بە ھۆی کارە شانۆیی و سینەماییەکانی وەک لیر پاشا, فاوست , ماراساد , مھا بارتا , ھاملێت ,کارمن و کۆنگرەی باڵندەکان و چەندینی تر ..

زۆر لە رەخنەگرەکان پێیان وایە نھێنی ھەرە گەورەی داھێنانی بیتەر برۆک لەوە دایە کە شانۆکارێکی بوێرەو زۆر ئازایانە روو بە رووی کۆتوپێوەندە تەقلیدییەکان بۆتەوە , ھەر تەنھا ھەوڵی گۆڕینی وێنەی نمایشی شانۆیی نەداوە , بەڵکو شێوەی نوێ ی شانۆییشی بەرەو رەوتێک بردووە کە ئەو بڕوای پێ ھەیە, بە تایبەت لە رووی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو دیوارە وەھھمییەی کە دەکەوێتە نێوان ئەکتەرو جەماوەر ..بۆیە خۆی دەربارەی سەرەتاکانی کار کردنی لە بواری دەرھێناندا دەدوێ و دەڵێت : لەو کاتانەدا زۆر جاران بیرۆکەیەکی رۆشنبیری ئەوتۆم نەبوو , تەنھا رەچاوی بوونی غەریزەیەکی تایبەتیم دەکردبۆ دروست کردنی چەند وێنەیەک کە سرنج رابکێشی , تەنھا ئارەزوویەکم ئەوەبووکە جیھانێکی ھاوسەنگی ئەوتۆ لە سەر شانۆدا دروست بکەم کە پڕ بێت لە سرنج راکیشان ..
من لە کاری شانۆییدا ھەرگیز ئەوەم نەکردووە کە خەڵکی لە دەرھێنەرێکدا چاوەڕوانی دەکەن , قەت رۆژێ لە رۆژان بیرم لەوە نەکردۆتەوە شانۆگەرییەک دروست بکەم بۆ چەند دەورێک , کە شانۆکارێک رۆڵی تیا ببینێ ' یاخود لە پێناو پرسێکی رۆشنبیریی , ھەمیشە ھەوڵ دەدەم درک بە ھەست و ناخی خۆم بکەم ,
جێگەی رامان بوو کە بیتەر برۆک لە کاری شانۆیی خۆیدا بایەخێکی زۆری بە ئەفریقیا دەدا , ئەوەتا ساڵی ١٩٧٢ لە گەڵ تیپەکەی خۆی زۆر لە شارو شارۆچکەکانی ئەفریقیای بەسەر کردەوەو کارەکانی خۆی تێدا پێشکەش کرد , لەوێدا کاری دەرھێنانی بۆ چەندین شانۆگەری کردووە , لەوانە ھەردوو شانۆگەری , ئای کی و شانۆگەری کۆنگرەی باڵندەکان , ھەروەھا لە گەشتەکانی دوایی بۆ ئەفریقیا شانۆگەری تیرنی بوکار- ی گەورە نووسەری مالی ئادادۆی نمایش کرد , تێیدا باس لە ژیانی زانای سوفی تیرنی بۆکار دەکات کە پێشڕەوایەتی بزووتنەوەیەکی نھێنی ئیسلامی کردووە لە مالی ..دواتر لەو پێناوەدا ئازار دەدرێ و شەھید دەکرێت ..
وەک بیتەر برۆک بۆی چووە شانۆگەری تیرنی بوکار –تیشکێکی نوێ دەخاتە سەر شێوازەکانی توندو تیژی و لێبووردەیی , کە ئەمڕۆکە بۆتە ھەممێکی گەورەی جیھانیی ..
ئەوەتا میخائیل بنتختۆن لە رۆژنامەی گاردیان-ی لەندەنی دەڵێت: ئەو شانۆگەرییە ھەندێ پرسیاری وروژاندووە کە ھیچ کۆتاییەکییان بۆ نیە لە روووی مانای بوون و ململانێ ی ئازاد و لە رووی قەزاو قەدەر .ھەرووەھا شانۆگەرییەکە ململانێ ی بەھا ئەفریقییە ئیسلامییەکان نیشان دەدات لە گەڵ شارستانیەتی رۆژئاوا , بیتەر برۆک لە شانۆگەرییەکەی دا بانگھێشتەی ئەوە دەکات کە پەنا بۆ تێگەیشتن و رۆحی لێبوووردەیی ھاوکوف لە گەڵ سەردەمی نوێ دا ببردرێت نەک توندو تیژی ..
رەخنەگرەکان دەڵێن : برۆک ھەلسوو کەوتێکی ئازادانەی لە گەڵ دەقدا ککردووە , ھەرگیز خۆی بە پیرۆزی دەق نەبەستۆتەوە , وەک ئەو ھەلسوو کەوتە ئازادانەی لە گەڵ شانۆگەرییانەی شکسپیر بیندراوە , ھەمیشە تێڕوانینێکی رەخنەییانەی بۆ دەقە کلاسیکی و نوێَکاندا ھەبووە , بەڵکو ھەوڵی داوە ساکاری لە بیرۆکەکان و پاکیزەیی لە ژیاندا بەرجەست بکات , ئەو خۆی دەڵێت : ھەقیقەتێک لە تۆو ھەقیقەتێک لە من و ھەقیەتێکیش لە ھەقیقەت خۆی دایە , ئەمە لای من ئەوەیە کە پێی دەگوترێت شانۆی پیرۆز ..مارگرێت کۆریدن لە گۆڤاری شانۆی ئەمریکی دا دیمانەیەکی لە گەڵ یتەر برۆک بڵاو کردۆتەوە , لە پرسیارێکا کە پێی دەڵێ : چی ووای لێکردوی ئەو بایەخە زۆرە بە ئەفریقیا بدەیت ؟ لە وەڵامدا دەڵێت: کێشوەری ئەفرقیا بە بەراورد لە گەڵ کیشوەرەکانی تر , کیشوەرێکی کەم مەعریفەیە , ھەرگیز ئەو کاریگەربوونەم بە ئەفریقیا لە سەردانی یەکەمم بۆی لە بیرناچێتەوە , سەردانی پاشام کرد لە کۆشکەکەی خۆیدا کە بریتی لە کوخێکی لە قوڕ دروست کراو , دەرگاکەی ئەوەندە نەوی بوو دەبوا خۆتی بۆدابێنیتەوە , مەبەست لەمەدا پەڕپووتی بونیات نان نەبوو بەڵکو بەشێک بوو لە کولتووری ئەوان ..
کاتێکیش مارگرێت لێی دەپرسێت ئەگەر پێت بڵێن شێوازی دەرھێنان لای تۆ چۆنە چییان پێ دەڵێیت ؟ برۆک وەڵام دەداتەوە دەڵێت: بێ ماناترین شتێ بۆ دەرھێنەر , یا ئەکتەرو دیزایین کار یاخود موزیک ژەنی شانۆیی بەشتێ دەست پێ بکات ناوی چمک بێت , چونکە دەبێت تۆ ھەمیشە بە دوای شتێکا بگەڕێیت کە زۆر واقیعی تر بێت لە ناوەرۆک , سەقامگیر بوون لە سەر گەڕانماندا دەوەستێت , ئەوەتا پێش ساڵێک لەگەڵ یەکەم پرۆڤەدا , وۆرک شۆپێکمان لە شاری ئیفجنون ساز کرد , کە زۆرترین ستافی نواندن بەشدارییان تێدا کرد, ھەموومان یەکەم ھێڵکاری شانۆگەرییەکەمان خوێندەوەو موزیکمان بەلاوە نا , ئەم ھەوڵەمان یەکەم ھەنگاو بوو بۆ چوونە ناو کارەکە , دواتر ھەموومان لە گەڵ بەرپرسی موزیک و بەرپرسی رووناکی چووینە ئەفریقیا , بە مایدا تێپەڕین تا چووینە ئەو شوێنەی تیرنی بۆکارتێیدا لە دایک بوو , تێیدا ماڵئاوایی کردبوو , لەوێ کۆمەڵێ وێنەو فیلمی شوێنەکەمان گرت , کە پرۆڤەشمان دەست پێکرد , زەوی بەردین و زەوی لماوییمان تاقی کردەوە , دوای ئەوە لە گەڵ تیپەکەمان وۆرک شۆپێکمان لە شاری فاس لە مەغریب کردەوە , بەم شێوەیە ئێمە توانیمان زەمینە بۆ شانۆگەرییەک خۆش بکەین .
دواتر مارگرێت لێی دەپرسێ : بەو تەمەنەش ھەر مکوڕی لە سەر گەڕان بە دوای نھێنی تر لە شانۆدا ؟ بیتەر برۆک دەڵێت : تەمەنی من شتێکی نھێنی نیە , بەڵام من وەڵامی ئەو جۆرە پرسیارانە نادەمەوە , من لە ئێستادا دەژیم , ئا لەم چرکەیەدا , ئێستا دەرھێنان بۆ ئەم شانۆگەرییە دەکەم , من بە دوای شتی شاراوەدا دەگەڕێم , رەنگە بۆ شەش مانگی تر شتی ترم بەڕێوە بێت , بەڵام ھێشتا کاتی قسە لەسەر کردنی نەھاتووە ,

بیتەر برۆک چۆن تێکستە شانۆییەکانی خۆی ھەڵدەبژێری ؟

بیتەر برۆک یەکێ لەو دەرھێنەرە بەدەگمەنە جیھانیانەیە کە شاکارەکانی جۆرێک لە جیاوازی و تایبەتمەندی خۆی تێدایە لە گەڵ دەرھێنەرانی دیکەدا ، وێڕای قورسایی تیۆرە شانۆییەکانی و تێڕوانینە تازەگەرییەکانی بۆ شانۆ ، کە لە توێ ی چەندین کتێبدا بڵاو بوونەتەوە ، لەوانەش ( خاڵی گواستنەوە ، شوێنی خاری ، ھیچ نھێنیەک لە ئارادا نیە ) وێڕای چەندین کتێب و وتارو نووسینی دیکەو دیمانەی رۆژنامە نووسی کە تیشکییان خستۆتە سەرتێڕوانین و شێوازی تایبەتی برۆک و ئەزموونیی شانۆیی ئەو .
مارتن ئەسلن ـ ی رەخنەگر دەڵێت : ھەموو ئەو کتێب و تیۆرو ئەزموونانەی برۆک بۆ شانۆ ، بێ شک روداوێکی پڕ بەھا بوونە ، کە دەرھێنەرو شانۆکارانی دیکە بە دوای ئەوەدا گەڕاون کە سوود لەو ئەزموونانە وەربگرن بۆ کارەکانی خۆیان و تێگەیشتنیان بۆ شانۆ ، لەو روانگەشەوە ئەو دەرھێنەرانە بە دوای وەڵامی پرسیارێکدا گەڕاون ئەویش ئەوەیە ئاخۆ بیتەر برۆک چۆن تێکستی بۆ شانۆگەرییەکانی خۆی ھەڵبژاردووە ، ئەو فاکتەرانە چین وایان لە برۆک کردووە بڕوای بەم تێکست و بڕوا نەبوونی بەوەی تری لە سەر بونیات نابێت ، بەلای برۆکەوە کاکمە تێکست شایەنی ئەوەیە کاری لە سەر بکرێت ، یان تێکست بەلای ئەوەوە چ پێگەیەکی ھەبووە لە کاری شانۆیی دا ؟
بێگومان بەشێک لە فاکتەرەکانی ئەو ھەڵبژارنە پەیوەستن بە خودی دەرھێنەرێک و نیگەرانیە ئایدۆلۆژیەکانی ، ھەڵوێست و بۆچوونی دەربارەی ھەندێ پرسی مرۆیی ، یا خواستی خەڵک و ئەو ھەلو مەرجەی کە تێیدا شانۆ دەبێتە رەنگدانەوەو وەڵامی پرسیارەکانی سەردەم و بەرەژانەکانی ، وێڕای ئەو بونیاتە رۆشنبیریی و ھزرییەی کە دەرھێنەر پەیدای کردووە بۆ شانۆ رەنگە ئەو دوو فاکتەرە کلیلێک بن بۆ چوونە ناو دنیای خەیاڵی دەرھێنەرو ئاراستە شانۆییەکانی ، بیتەر برۆکیش خۆی ئەو پرسیارە دەکات و دەڵێت : چۆن تێکست بۆ شانۆگەریەکانمان ھەڵدەبژێرین ؟ ئایا بە رێکەوت ھەڵیان دەبژێرین یان بە بژار ؟ دواتر برۆک خۆی باس لەو ھۆکارانە دەکات کە وایان کردووە بۆ چەند جارێک لە سەر یەک تێستەکانی شکسپیر ھەڵبژێرێ و و دەیانگەڕێنتەوە بۆ غەریزەی یەکەمی دەرھێنەر ، دواتر دەڵێت : من حەز دەکەم ئەو تێکستە ھەڵبژێرم ، بەڵام دەشپرسم بۆ حەز دەکەم ؟ لە بەرچی ؟ بەم شێوەیە برۆک باس لە سەرەتاکانی دروست بوونی بیرۆکەی ھەڵبژاردنی تێکست دەکات ..ھەروا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاستی تێکستی ئەدەبی کاریگەری ھەیە لە سەر بڕیاری دەرھێنەر ، ھەندێ جار ئاستی ئەو تێکستە ئەدەبیە دەبیتە فاکتەرێکی ھەرە گرنگی سەرکەوتنی دەرھێنەرێک ، ھەندێ جاریش تێکستی ئاست نزم دەرھێنەری باشیش دەڕوخێنێ ، ئەوەتا ھەندێ تێکستی درێژ ساردن و بینەر دووچاری مەیین دەکەن ، دەیانقرتێنین کەچی ھێشتا رزگارمان نابێت لەو ساردییە ، بۆیە وەک برۆک گوتەنی لەو حاڵەتانەدا دەبێت دەرھێنەر بە دوای فۆرمێک بگەڕێت کە بۆشاییەکانی تێکست پڕ کاتەوەو بە جوانیی خۆی بینەر لە سارد بوونەوە رزگار بکات ...بۆیە برۆک دەڵێت دەبێ دەرھێنەر وریا بێت لە سارد بوونەوەی بینەر، چونکە کاری بینەر دیقەت دانەو ناتوانێت سێ سەعات ، یان دوو سەعات گوێت لێ بگرێ ، تۆ دەبێ ئەو سێ سەعات و دوو سەعاتەی بۆ بکەیت بە سێ خولەک و خۆت لە تێکستی پڕ لە قسە رزگار بکەیت ، بۆیە بە بڕوای برۆک دەرھێنەر مافی ئەوەی ھەیە تێکست بقرتێنێ بەو شێوەیەی کە لە قازانجی شانۆگەرییەکەی دایە و رێگە خۆشکەر دەبێت بۆ بەرجەستە کردنی ئەوەی دەرھێنەر دەیخوازێ .
تەنانەت برۆک لای خۆیەوە ئەو تیۆرەشی رەت کردۆتەوە کە دەسکاری تێکست نەکرێت ، لەوانەش شانۆگەرییەکانی شکسپیر و ئەو کارەش بە ( سەخافەت ) ناو دەبات و دەڵێت : من ھەرگیز لە گەڵ رێگە گرتن لە نوێکردنەوەی کارەکانی شکسپیردا نیم ، بەڵام بێ ئەوەی ناوەرۆکە رەسەنەکەی بسوتێنین ، ئەو خۆی لە ھەڵسسوو کەوت کردنی لە گەڵ شانۆگەرییەکانی شکسپیردا ھەموو ئازادییەکی بە خۆی داوە .
پاشان دەڵێت : کاتێ ئێمە تێکستێک ھەڵدەبژێرین دەبێ ئەو ئەکتەرانەمان ھەبێت دەسەڵاتی بەرجەستە کردنی پاڵەوانەکانی ئەو تێکستەیان ھەبێت ، ھەر بۆ نموونەش کە دەتەوێت ھاملێت نمایش بکەیت ، ئەوە دەبێت ئەو ئەکتەرەت ھەبێ کە توانای ئەدای ھاملیتی ھەبێت ..ئەگەرنا ئەگەر بۆ چەندین ساڵ پرۆژەیەکت لە خەیاڵدا بێت ئەوە ناتوانیت لە جێ بەجێ کردنی دا سەرکەوتوو بیت ئەگەر ئامرازەکانی جێ بە جێ کردنت نەبێ بۆ بەرجەستە کردنی ئەوەی تۆ وەک دەرھێنەر ئاواتی بۆ دەخوازی ، بە تایبەت ئەکتەر ..ئەگەر ئەو تیمە جێ بە جێ کارە بەردەست بوون ئەو کات دەرھێنەر ھەموو ئازادییەکی رەھای خۆی بۆ بەرھەمی شانۆیی بەردەست دەبێت .
لە کاتی بڕیاردان لە سەر کار کردن لە سەر تێکستێک برۆک دانیشتنی دەرھێنەر لە گەڵ ئەکتەرەکان بۆ خوێندنەوەی تێکست رەت دەکاتەوەو دەڵێت : دەبێ ئەو ئامانجەی ئیمە کاری بۆ دەکەین ئاوێتەی ھەموو گیانمان بێت ، بە تایبەت لە کاتی پرۆڤە جەستەیی و دەنگییەکان ، ھەوڵیش بدەین تێڕوانینی خۆمان وەک دەرھێنەر لە نێو تێکستەکەدا بتاوێنینەوە ..چۆن برۆک ئامادەیی دەکات بۆ کارەکانی ، بەڵام لە ھەمان کاتدا پێی وایە کە دەرھێنەر دەست لە و قالبانە ھەڵگرێ و خۆی نەکاتە کۆیلەی ئەو نەخشەو قالبە بۆ کێشراوانەو ببێت بە دەرھێنەرێکی مردوو کە ئازادی لە خۆی زەوت بکات لە پێناو پەیوەست بوون بەو قالبانەوە .