CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 59 میوان

خۆشەویستی ھەنگاوێک لێمەوە دوور بوو

حەیدەر عەبدولڕەحمان
رەنگە وروژاندنی کێشەی سێکسی لە نێوان ھاوسەرەکاندا لە شانۆ دا بە گشتی و بە تایبەتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا بەو راشکاوی و رووتتییەوە ، خستنە رووییەکی نوێ بێت لە شانۆی کوردی دا ، کە تێیدا رووی راستەقینەی پیاو لەو کۆمەڵگایەدا بە بێ رتووش بەرجەستە دەکات و پێمان دەڵێت کە پیاو چ بوونەوەرێکی سەر سەخت و کەللە رەق و خۆ پەرستە لە ئاست ئافرەتدا ، لە ھەمان کاتیشدا چ فاکتەرو ھاندەرێکیشە بۆ خیانەتی ئافرەت و گەڕان بە دوای ئەو پیاوەی کە دەتوانێت ئارەزووەکانی بەدی بێنێت .
لە نمایشی ( خۆشەویستی ھەنگاوێک لێمەوە دوور بوو ) یان دۆزینەوەی شەھوەت لە نووسینی نووسەری ناسراوی جەزائیری ( فەزیڵە فاروق ) و ئامادە کردن و دەرھێنانی( زاھیر عەبە رەش ) کە لەو رۆژانە لە چوارچیوەی فیستیڤاڵی مۆنۆدرامای بەڕێوەبەرایەتی شانۆو سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان لە لایەن کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی کورد ـ مەڵبەندی گشتی سلێمانی لە ھەولێر نمایش کرا ،گۆڕینی ناونیشانەکەی لە (دۆزینەوەی شەھوەتەوە) بۆ خۆشەویستی ھەنگاوێک لێم دوورە ، ھیچ ئیزافەیەکی نەخستۆتە سەر جوانتر کردنی ناونیشانە رەسەنەکەی کە رۆمانێکی جیھانیی بە ناوبانگی ( فەزیڵە فاروق)ە نەک فەزیڵەمەعروف .. لەو نمایشەدا گوێ بیستی سەربوردەی ژیانی ئەو کاراکتەرە ئافرەتە دەبین کە لە رووی سۆزداری و سێکسییەوە لە گەڵ پیاوی رۆژھەڵاتیدا بە سەری دەبات ، ھەر لە گەڵ مەولودی ھاوسەری تا دەگاتە یەکە یەکەی ئەو پیاوانەی ئەو پێیان سەرسام دەبێت و دەیەوێت لە رێگەی ئەوانەوە ئەو شەھوەت و ئارەزووانە بەدی بێتێت کە مەولودی مێردی بە ئەقڵی چەق بەستووی خۆی نەیتوانی بە دییان بێنێت و ژنەکەی لە خۆی رازی کات ، چ لە وڵاتی خۆیداو چ لە وڵاتی فەرەنسادا .
ئەو لە وێنەی پیاوێکی وەک مەولودی ھاوسەری کە بە پیاوێکی نەزان و ناشارستانی لە قەڵەمی دەداو دەڵێت : مەولود ئەو پیاوە نەبوو کە من دەمویست ، منیش ئەو ژنە نەبووم کە ئەو دەیویست ، وێنەی ئەو پیاوەمان نیشان دەدات کە لە پەنای ئاینییەوە گەورەترین تاوانەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن ، لە مانگی رەمەزاندا چ رەفتارێکی ناشیرین و ناشایەستەی ئایینی ھەیە بە زۆرە ملێ لە گەڵیدا ئەنجام دەدات ، وەک نموونەیەک بۆ پیاوی رۆژھەڵاتی کە بە گشتی زۆرینەیان لە ئاست ژنەکانیان بی ئەقڵو بێ دڵ و بێ شەھوەت و خائین و دوو روون ،ئەوەتا ژنەکەیە وای بۆ دەچێت کە ئەو ماچەی مەولود دەیکات لە لێوێکی داخراودا لە تابوتێک دەچێت کە تەرمێکی تیادا راکشابێت و ماچەکەی ئەلیاسی براشی بە ماچێکی نوێژو خوا پەرستی دەشوبھێنێ .. کاراکتەرەکە ھەمیشە گلەیی ئەوەی ھەیە کەھەرگیز ھەوڵی ئەوەی نەدەوە روو بە رووم بێتەوە ، یان لە زمانی جەستەی بگا ، ئەوەتا دەڵێت : بۆ ماوەی ھەفتەیەک خۆم رادەستی نەکرد ، بەڵام لە رۆژی حەوتەمدا خەریک بوو شێت بێت و لە ناندینەکەدا پەلاماری دام و جلەکانی لە بەردا دڕاندم و فڕێ ی دامە سەر زەویەکەو بە چەند خولەکێک کۆتایی بە ھەموو شتێ ھێنا ، پاشان خوێنی بوکینیمی لە گەڵ پارچە کلینیکسێک فرێ دایە ناو زبڵدانەکەوە ، دواتر جگەرەیەکی سەرکەوتنی داگیرساند بۆ ئەوەی چێژەکانی خۆی تەواو بکات ، منیش بە تێکشکاوی بەرەو گەرماوەکە چووم ، برینەکەی خۆم شۆری و گریام ..
لەو نمایشەدا ئافرەت وەک بوونەوەرێکی ون بوو بە دوای دۆزینەوەی راستیەکانی خۆیدا دەگەڕێت ، تا ئاستی ئێسقان یاخییە لە پیاو ، لەرێگەی گێڕانەوەی یادگارییەکانی ،کە دژ بە واقعێکی توندو پڕ لە دژایەتیە لە گەڵ ئافرەتدا، تەنانەت لە گەشتەکەشی دا بۆپاریس ، ئەو فشارە دەروونیانە لە ھەموو لایەکدا تەنگی پێ ھەڵەچنێ ، لەوێ ئاشنا بە دراوسێیەکی خۆیان دەبێت و زۆر بە ژیانی ئەو سەرسام دەبێت و دەڵێت : ئەو دراوسَییەمان ئەو کەسە بوو کەمن بە دوایدا دەگەڕام ، پاشان ھۆگربوونی بە گەنجێکی تری کۆبانێ ، کەچی بۆی دەردەکەوێت کە ئەویش دیسان تەنھا لە گۆشەی مێیەتیەوە تەماشای ئافرەت دەکات ، لە ئاکامدا دوای ھەموو ئەو پەیوەندییانەی بینی و لە ھەر ھەموویاندا دووچاری ناکامی و بێ ئومێدی دەبێت ،دەگەڕێتەوە و لەوێ ئەلیاسی برای ئامۆژگاری دەکات کە بگەڕێتەوە لای مەولودی مێردی و وەک سەگ بەرامبەری دا چۆک بد و تا مردن لە گەڵیدا بژیت ، خوشکەکەی کە ژنێکی بەستەزمانی سەردەمی کوێیلایەتییە بە دەست پیاوەوە وا ھەست دەکات سک دەرکەوتن لای باوکی و براکەی شەرمە بۆیە پێی دەڵێ : ببینە پیاوان چۆن گێچەڵت پێ دەکەن ، ھەموویان بە سۆزانیت دەزانن و قسەو قسەڵۆکت پێ ھەڵدەبەستن ، بێ ئەوەی کەس رەحمت پێ بکات ...ھەموو ئەو رووداوو کاراکتەرانە بۆ ئەو کاراکتەرە ژنە خەون و خەیاڵێک بوون لە ئەنجامی ون بوونی یادگاکەی کە رەنگدانەوەی واقعێکی چەسپێندراو بوو بە سەر ئافلرەتدا ،ئەو لە نێوان خەیاڵو راستیەکاندا بە دوای خۆیدا دەگەڕا ، کەچی نەیدەتوانی تێیان بگا ..

دەرھێنان :
دەرھێنەر ( زاھیر عەبە رەش ) بونیاتێکی درامی بۆ گێڕانەوەی ئەو روداوانە داڕشتووە و لەوەشدا پشتی بە کاراکتەری سەرەکی بەستووە کە ژنەکەیە ، ھەموو ئەو یادگاریانەی خستۆتە نێو چوارچیوەی وێنە درامیەکان ، کۆمەڵی پیاوی دروست کراو لە مۆدێل و لاستیک و بووکۆکە کردۆتە ھێمای کەسایەتیەکانی ، لەوانە باوکی ، مەولودی ھاوسەری ، خوشکەکەی ، ئەلیاسی برای ، دۆستەکانی ، کە بوونەتە بووکە شووشەیەک بە دەستییەوە ، وێڕای ئەو دەست و پەنجە دروست کراوانەی کە ھێمای دەستی ئەو پیاوانەن کە ئەو بۆ بەدی ھێنانی ئارەزووەکانی خۆی بەکاریان دێنێ .
دەرھێنەر لە نێو ئەو وێنە جوانانەی لە جەسستەی ئەکتەردا دروستی کردوون ، گەلێک دیمەنی جوانی دروست کردووە ، لەوانەش دیمەنی سەمای کاراکتەرەکە ، دیمەنی ماچەکان و راکشانی کاراکتەرەکە لەسەر پێخەف و خۆ تێک ئاڵانی بە دۆستەکەی ، دیمەنی ناو کافتریاکە لە پاریس و چەندین دیمەنی کاریگەری تر ، کە بە سینۆگرافیایێکی سیحراوی و موزیک و گۆرانی درامی سرنج راکێش بەرجەستە کراون ، بەڵام دیمەنەکان بەر لەوەی بینەر لە جوانیی خۆیان تێر بکەن ، زوو کۆتاییان پێ دەھێندرێ و لە نرخ و بەھای وێنەکان کەم دەبنەوە ، بینەر ھەست بەوە دەکات کە ئەگەر بواری زێتر بە ئەکتەر بدرابوایە پانتایی چێژ وەرگرتنەکە زۆر زێتر دەبوو لەوەی ھەبوو .
دەرھێنەر ھەوڵی ئەوەی داوە ھەندێ ئەکشنی سێکسی لە جەستەی ئەکتەردا دروست بکات بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی ستاتیکای نمایشەکەی و چێژ وەرگرتنی بینەر لە بەکارھێنان و بەرجەستە کردنی ئەو جەستەیە ، کە ھەندێ جار دەبن بە تابلۆیەکی ھونەریی سرنج راکێش ، بە تایبەت لە دیمەنی راکشانی سەر پێخەفەکە و لە باوەش گرتنی دۆستەکەی و راکێشانی دەستی کوڕە دراوسێکەیان و چەند وێنەیەککی تر ..
بەڵام لە ھەمان کاتیشدا دەستی ھەبوو لە شێواندنی ھەندێ دیمەن ، بە ھۆی تێک ھەڵکێش کردنی دەنگی ناوازەی حیکایەت خوانێک کە لە باگ راوندا لە ئەنجامی ھەندێ لە رووداوەکاندا ئاگادارمان دەکاتەوە .
ھەروا دووبارە کردنەوەی ئاوێتە کردنی دەنگی محەمەد ساڵح دیلان لە دیمەنەکاندا بە راددەیەکی زێتر لە پێویست کەش و ھەوای دیمەنەکەی لاوازکرد .
ئەکتەر:
شایی رەزا نەجار ، کە ئەکتەری مۆنۆدراماکەیە ، تێگەیشتنێکی ھوشیارانەی ھەبوو لە گەڵ کاراکتەرەکەی خۆی و بەرجەستە کردنی ئەو کاراکتەرە وەک پێویست ، ئەو تێگەیشتنە یەکێک لە فاکتەرە بنەڕ ەتیەکانی سەرکەوتنی ئەکتەر بوو لە گەیاندنی فەلسەفەی شانۆگەریەکە ، لە ھەمان کاتیشدا ئەدای بەھێزی یاریدەدەرێکی کاریگەر بوو بۆ ئەوەی ریتمی شانۆگەریەکە بە شێوەیەکی ھاوسەنگ بەڕێوە بچێت دوور لە ھەڵچوون و بە فۆرمێکی ھارمۆنی .
ئەکتەر بە بوێرییەکی ھونەرییانەی پڕ لە بڕوا بە خۆ بوون بەرجەستەی رۆڵی خۆی دەکرد ، بوێری بەرامبەر بە کاراکتەرەکەی خۆی و ئەو دیمەنە سێکسیانەی لێی دەخوازرا ، ھەروا بوێری بەرامبەر بە بینەرو فۆرمی نواندنی سروشتی لە سەر شانۆدا ..کە رەنگە ئەو بوێرییە یەکێک لە سەرچاوەکانی سەرکەوتنی بوو لەو نمایشەدا .
شایی ـ وێڕای ئەوەی لەشو لارێکی نەرم و لاستیکی ھەیە بۆ دروست کردنی ھەر دیمەنێک ، کە پشت بە جەستە ببەستێت ، لە ھەمان کاتدا قژی درێژی ئامرازێکی ئێجگار ئەکتیف بوو بۆ بەکارھێنان و دروست کردن و ئارایشت کردنی دیمەنەکان و سرنج راکێشانی بینەر .
شایی ـ وێڕای سەرکەوتنی لە بەرجەستە کردنی کاراکتەری خۆی لە ھەمان کاتیشدا ھەمان دەسەڵاتی ھەبوو بۆ لاسایی کردنەوەی کاراکتەرەکانی دیکەی و بەرجەستە کردنی کەسایەتیەکانیان بە تایبەت لاسایی کردنەوەی خوشکە دوو گیانەکەی و لاسایی کردنەوەی باوکی .
سینۆگرافیا :
رووناکی و سینۆگرافیای شانۆیی و ئەو موزیکە ئەوروپیانەی بۆ بەرجەستە کردنی دیمەنەکان لە لایەن دەرھێنەرو ( ھەڵمەت مەحموود ) ەوە بەکار ھاتبوون ، دیمەنەکانیان خستبووە نێو چوارچیوەیەکی ھونەریی پڕ لە جوانیی ، بە تایبەت رووناکیە سیحراوییەکانی ( ئازاد تۆفیق و شێرکۆ حەمە سەعید ) کە خوێنیان بە دیمەنەکان بەخشی بوو و بینایی بینەریان نغرۆی نێو رەنگ و تاریکی پڕ لە فەلسەفەی درامی دەکرد .
تەنھا لە دیمەنی نەخۆشخانە نەبێت ، کە یەکێک بوو لە دیمەنە کۆتاییە سادەکانی نمایشەکە رووناکی بە رەنگی سوور پەخشی سەر پێخەفەکە دەبێت ، پێم وابوو ئەو رەنگە سوورە زۆر دووبارە کرایەوە ، پاساوێکیشمان نەبینی بۆ بەکارھێنانی ئەو رەنگە بۆ نەخۆشخانە ، کە دیارە رەنگی سەوزی تاریک یاخود شین زێتر بۆ نەخۆشخانە بەکار دی نەک رەنگی سوور .
لە ھەموو حاڵەتێکا مۆنۆدرامای ( خۆشەویستی ھەنگاوێک لێمەوە دوور بوو ) وێڕای سرنجەکان ، یەکێک بوو لە بەرھەمە جوانەکانی ئەو فیستیڤاڵە کە رەنگە تام و چێژی بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ لە خەیاڵماندا کاڵ نەبێتەوە .