CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 179 میوان

مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا

بەشی دووەم
٢-٤
نوسینی: ڕزگار حەمە ڕەشید
(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )

مارا ساد باس لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی دەکات بە ناوی شارنتۆن کە لە ساڵی ١٦٤٥ەوە دامەزراوەو بە چارەسەرە مرۆییانەکەی بۆ نەخۆشەکانی ناسراوە، بە تایبەتیش لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ لە ژێر چاودێری کۆڵمیێر دا. ئەو خەستەخانەیە کۆمەڵێك نەخۆشی بەناوبانگی گرتۆتە خۆی، لە ناویاندا مارکیز دو ساد ١٨٠١ تا ١٨١٤. ساد وەك ئەرستۆکراتێك و فەیلەسوفێك و نوسەرێك و تاوانبارێك ناوی دەرکردووە، نوسینەکانی پڕ بوون لە دیمەنی ئاشکرای سێکسی و توندوتیژی و سوکایەتیکردن بە کەنیسەی کاسۆلیکی. لە ماوەی شۆڕشی فەرەنسیدا بە نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵبژێردرا، ١٣ ساڵی کۆتایی تەمەنی لە نەخۆشخانەی دەروونی بەسەر برد، زۆربەی کارەکانی لە زیندانەکان نوسیوە. ساڵی ١٨٠١ بە هۆی کتێبی جەستین و جولییەت، ناپلیۆن بۆناپارت فەرمانی گرتنی دەرکرد و دواتریش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی چارنتۆن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە "کۆڵمیێر" ڕێگەیدا هەندێك لە شانۆنامەکانی خۆی لە ڕێی نەخۆشەکانەوە ئامادە بکات و بۆ خەڵك نمایشیان بکات، کۆڵمیێر بەوە ناسرابوو وە ڕەخنەی لێدەگیرا لیبراڵانە هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆشەکانیدا دەکات و ڕێگەی دەدان بە هونەر گوزارشت لە خۆیان بکەن.
ڤایس بۆ کۆکردنەوەی چەندین چیرۆك و چەندین دەنگی جیاواز، شێوازی شانۆ لەناو شانۆی بەکار هێناوە. دەیەوێت لە ڕێگەی باسکردنی شۆڕشی فەرەنسییەوە چەندین بابەتی گرنگ و هەستیار بخاتە ژێر تیشکی لێوردبوونەوەوە. ساد دەکات بە نوسەری گریمانەکراوی ئەو چیرۆکەی لە نەخۆشخانەکەدا نمایش دەکرێت، بۆیە بینەران بە بەردەوامی بەدوای جیاکردنەوەی چیرۆکەکەی سادەوەن لە چیرۆکەکەی ڤایس. ڤایس لە ڕێگەی ڕووداوەکانی شۆڕشی فەرەنسا و فیگەری دی سادەوە پرسیاری گەیشتن بە دونیایەکی باشتر لە چەندین ڕووەوە دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و تێڕامانەوە. ئەو شۆڕشەی بە یەکێك لە ڕوداوە گرنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت، دە ساڵ و نیو بەردەوام بوو، ١٧٨٩- ١٧٩٩ ماوەیەکی درێژ لە هەڵگەڕانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەو شۆڕشە کۆتایی بە سیستمی پاشایەتی هێنا و بە کۆماری جێگای گرتەوە. بە چەندین ناڕەزایەتی و هەڵگەڕانەوەی پڕ لە توندو تیژیدا تێپەڕی و دواجاریش لە سەر دەستی ناپلیۆن گەیشتە قۆناغی دیکتاتۆری و زۆربەی پرنسیپەکانی شۆڕشی بە ئەوروپادا بڵاو کردەوە کە پێکهاتبوو لە بۆچوونە لیبراڵ و ڕادیکاڵەکان، وە گۆڕنکاری قووڵی لە مێژووی نوێدا دروستکرد.
ئەگەر شۆڕش جۆرێك بێت لە یاخیبوون لەو سیستمەی لە ئارادایە، ڤایس هێڵەکانی ئەو یاخیبوونەمان بەم شێوەیە بۆ دەکێشێت:
ساد نوێنەرایەتی ئەو جۆرەیە لە یاخیبوون کە تەنیا لەپێناوی یاخیبووندایە و هیچ پلانێکی بۆ مانەوەو شوێنپێدانان نییە. هەرچەندە چەندین پرسیاری ئەنتۆلۆجی و گرنگ دەوروژێنێت، ساد: " مارا من چاک دەزانم ئەم شۆڕشە بەرەو کوێ دەمانبات، بەرەو نەمانی مرۆڤ وەکو خودێکی تەنیا، تا هێدی هێدی دەتوێتەوە، دەخرێتە نێو ئەوانیتر، یەك ڕەنگ و یەك شێوە." بەڵام تەنیا ئەو چرکە ساتە دەژی کە تیایدایە: ساد: " ئەو کاتەش کە نامێنم و لەناو دەچم، دەمەوێت هیچ شوێنەوارێك لەدوای خۆم بەجێ نەمێنێ، تا بۆم بکرێ ئەسەری بوونم بسڕمەوە." لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەو جووڵە خێرایانەی ساد بکەم لە نمایشەکەدا، کە زۆر بە وردی ئەم حاڵەتەی بەرجەستە دەکرد و وەك کارەکتەرێکی نهێلیست هەستت دەکرد بە قاچ پێش خۆی و دوای خۆی دەسڕێتەوە. جۆری جووڵانەوەی ئەکتەرەکان بۆ بەرجەستەکردنی ژیانی کارەکتەرەکان یەکێکە لەو لایەنە سەرنجڕاکێشانەی وردبینی نەخشەکانی دەرهێنان و نواندنمان بۆ ئاشکرا دەکەن. لە درێژەی ئەم نوسینەدا هەندێك لەو وردەکاریانە خوێندنەوەیان بۆ کراوە.
مارا نوێنەرایەتی جۆرێکیتری یاخیبوون دەکات ئەویش یاخیبوونە لە پێناوی شوێنپێداناندا، بەڵام لە شوێنێکدایە کە هێشتا قاچێکی لەناو پێشینەکانی خۆیدایە، ئەو پێشینانەی مومارەسەی توندوتیژی دەکەن بە بیانووی شۆڕشگێڕانە و لە کۆتاییشدا یاخیبوونەکانیان بە خۆشکردنی شوێنپێیەك کۆتایی دێت کە هەمان ئەو جێگایەیە ئەوانەی پێش ئەو زەمەنێکی نەگۆڕیان تیادا دروست کردبوو. واتە دەشێت گۆڕانکاری لە فۆرمی حوکمڕانیدا بکات، بەڵام هەرگیز نایەوێت خودی حوکمڕانی و دەسەڵات لەناو ببات، ئیش بۆ دروسکردنی فۆرم و زەمەنی جیاواز دەکات لەناو هەمان زەمینەکانی پێشخۆیدا، هەرگیز ئەو سەرکەشییە ناکات تێکڕای زەمینەی ململانێکان بگۆڕێت. مارا دەستپێکی هەمان ئەو هێڵەیە کە ناپلیۆنی لێوە بەرهەمدێت، سەرقافڵەی بیری لیبرالیزم بەرەو جیهان، ئەوەی هیگڵ بە سوارچاکی کردنەوەی دەرگای کۆتایی مێژوو ناوی دەبات. لە نمایشەکەشدا لە جۆری ئەدای کارەکتەری مارادا، هەمیشە هەست بە جێگیری دەکەین، یان لە هەر جووڵەیەکدا چاوی لەوەیە چۆن بگەڕێتەوە ناو داڵدەکەی خۆی، بانیۆکە، ئەو شوێنەی لەم نمایشەدا و لە زۆر نمایشی تری "مارا ساد" یشدا شێوەی تاکە پێڵاوێکی دراوەتێ. وەك دەڵێن پاش کوژرانی مارا هەر بەو شێوەیە وەسفی بانیۆکەی کراوە کە لە تاکە پێڵاوێك چووە.
کۆردی نوێنەرایەتی تێکڕای ئەوانە دەکات کە هەرگیز خەونی تێپەڕاندن و سڕینەوەی ئەو داڵدە ئاسوودەیەیان نییە کە لە پێشینەکانیانەوە دامەزراوە، بە هەموو توانایەکیانەوە شەڕی هەر نەیارێکی سەرکەش دەکەن ئەگەر بیەوێت ببێتە مەترسی بۆ ئەو مەنزڵگا ئارام و ڕەها و ئاسوودەیە. کۆردی: "مارا من هاتووم تۆ بکوژم تا هەموو خەڵکی ئازاد بن." یان هەموو هەوڵێك دەدات ئەوەی لەدەست چووە بیگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی و هەموو شتەکان بە شێوەکەی جارانی ڕێکبخاتەوە، کۆردی: " ڕۆژێك دێ ئەو خەونە بێتە دی، وای لێ دێ مرۆڤ لەگەڵ خۆی و خەڵکیدا ئاشت بێتەوە، لەوپەڕی ڕێکی و تەباییدا بژی."

دکتۆر نوێنەر و نموونەی دەسەڵاتە، لە سیستمی هەرەمیی خەستەخانەکەدا، لە دکتۆرەوە بۆ کارمەندەکانیتر، لە مومارەسەکردنی سەرکوت و دەمکوت و سزا و دیسیپلینکردنەوە تا ڕامکردن و بە کۆیلەکردنی هەموان. لە تێکستەکەدا دکتۆر نموونەی پیاوێکی لیبراڵە کە بەتەواوی لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی ناپلیۆندایە. ئەوەی ئەو قەدەغەی دەکات، ئەو بەشانەیە کە دژی کەنیسە و دەسەڵاتە، بەتایبەتی ئەو بەشانەی دیالۆگەگانی ساد دژی شۆڕش و بەدگومانیەکانی سەبارەت بە شۆڕش و ئەو ڕەخنانەی مارا لەسەر گەندەڵکاران. لە نمایشەکەدا ئەمە زیاتر فراوان کراوە و ڕاستەوخۆتر کاری لەسەر سزا جەستەییەکان کردووە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبەرچاوی بینەرانەوە. ئەمەش بۆ خەستەخانەیەك کە دەیەوێت خۆی وەك نموونەیەکی شارستانی پیشان بدات و وەك دکتۆر باسیدەکات گوایە دەیانەوێت لە ڕێگای هونەرەوە یارمەتی نەخۆشەکانیان بدەن، داواش لە بینەران دەکات لەوە تێبگەن ئەمانە تاوانبار نین و هەر یەکەیان بەر لەوەی بچنە ئەو شوێنە ئەرکی کۆمەڵاتییان هەبووە ڕایپەڕێنن. کەچی ئەو دکتۆرە بەڕێزە بە نواندنی ئەکتەری بەتوانا ( ڕۆژە فایەق) دەگۆڕێت بۆ جەللادێکی ڕووداماڵراوو بەربادێکی پڕ لە هاوار و پاش سەربڕینی سمۆرەکەشی بەدەستی ساد، ئیتر وەك نەخۆشێک بەو ناوەدا دێت و دەڕوات و تەنانەت لە کاتی لاقەکردنی یەکێك لە نەخۆشەکانیشدا، هیچ هەڵوێستێکی جددی نانوێنێت و هەر بە ئازاری سمۆرەکەیەوە دەناڵێنێت.



ماویەتی