CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 159 میوان

مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا- بەشی سێیەم

٣-٤

نوسینی: ڕزگار حەمە ڕەشید

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )

لاقەکردنی نەخۆشێك لەلایەن سادەوە:
لە یەکێك لە ساتەکانی نمایشدا، ساد دەڵێت: "پڕ بە دڵ حەز دەکەم کچێك لە باوەش بگرم"، دواتر کچێك لەناو دەستەکاندا هەڵدەبژێرێت و داوای لێدەکات لەو کاتەدا کە ئەم باسی شۆڕش دەکات، ئەو کچە بە قامچییەك بکەوێتە وێزەی ( کە بەڕای من ئەمە یەکێك بوو لە ساتە زۆر جوان و تایبەتەکانی نمایشەکە) دواتر و لە نزیکی کۆتایی نمایشەکەدا ساد هەمان ئەو کچە دەفڕێنێت بۆ ژێر زەمینەکە. لێرەوە دەمەوێت باسی ئەوە بکەم کە کرداری لاقەکردنەکە بە کێشەیەکی نا ئاساییدا تێدەپەڕێت. ئێمە ساد دەبینین وەك هەڵۆ هەڵدەکوتێتە سەر کچەکە و دەیڕفێنێت، کچەکە زۆر بەرگری دەکات و لە ژێرزەمینەکەشەوە گوێمان لە دەنگی هاواری ناڕەزایەتیەکانیەتی. کەچی دواتر کە دێتە دەرەوە سوپاسی مارا دەکات و یەکەم کەسیشە گۆرانیەکە دەڵێتەوە: خێری شۆڕش دەبێت چی بێت گەر نێر و مێ تێکنەئاڵێن. دیارە ئەگەر پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی تێبپەڕیایە، دەمانتوانی بیر لەوە بکەینەوە ئەمە دەشێت ئەو کچە منداڵە ١٤ ساڵانەیە بێت کە ساد لە نەخۆشخانەکە ( وەك ئەوەی لە مێژووی ڕاستەقینەی ژیانی ساد دا هەیە) کردوێتی بە دۆستی خۆی. واتە پەیوەندی سێکسی نێوان ساد و دۆستەکەی. بەڵام هەمیشە لاقەکردن پەرچەکرداری زۆر دوژمنکارانەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت نەك سوپاسگوزاری و بڕوا هێنان. ئێمە چۆن لە ساد تێدەگەین و خوێندنەوەی بۆ دەکەین و چیرۆکەکانی دەبیستین، ئەوە تێڕوانینی ساد خۆیەتی، بەڵام کرداری لاقە کردنەکە نەك سیکسکردن، کەسێکیتر تێوە دەئاڵێت کە لەناو دەستەی خەڵکەوە فڕێنراوە ( مجامیع) و یەکێکە لە نەخۆشەکان.
سەماکە وەك ساتێک بۆ پشووی بینەران:
لە ڕووی هونەرییەوە سەماکەی کۆردی و دۆبریێ ساتەوەختێکی ئیستاتیکی گرنگە بۆ نمایشێکی دوو سەعاتی، پشوویەك بە بینەرەکانی دەدات و لێیان دەگەڕێت هەناسەکی تازەبوونەوە بدەن، 

بەڵام سەمای فلامینگۆ بۆ کارەکتەری کۆردی چ ئەکتەر و چ بینەران دوور دەخاتەوە لە باکگراوندی ئایینی کەرەکتەرەکە، ئەمەش دابڕانێکی قووڵە لە سەرجەم هێڵە درامییەکانی داڕشتنی تایبەتمەنێتیەکانی و 

هۆکاری ڕاکێشانی ئەو کارەکتەرە مێژووییە، لەناو چەندەها کارەکتەری گرنگیتردا، بەو پیشاندانە وردانەوە کە بریتین لە ژیانی ئەو لەناو نەخۆشخانەکەدا و ڕابردووی ئەو لە ژیانی دێر و کەنیسە و سرووتە ئایینیەکاندا. خەواڵوویی کارەکتەرەکە زۆر نزیکە لە بەرجەستەکردنی کاریگەری ئایین لەسەر زیهنییەتی ئەو کەسانەی دوای کەوتوون. ئەوەی مارا دەکوژێت کەسێکی ئایینیە نەك نەیارێکی سیاسی، بەڵام ئەوانەی تلیاکی عەقیدەیان دەرخواردی کۆردی داوە و خستوویانەتە سەر ڕێگای کوشتنی کەسێك، نەیارە سیاسییەکانن. کۆردی گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی بە کوشتنی مارا، سەرجەم کێشە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان چارەسەر دەکرێن، کۆردی: مارا، من هاتووم تۆ بکوژم تا هەموو خەڵك ئازاد بن. گەیشتنی کۆردی بەم فاکتە ڕەهایە، پەیوەندی بەو ئامادەییەوە هەیە مرۆڤی دیندار هەیەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە دنیاییەکانی خۆی، بۆ مسۆگەر کردنی ژیانێکی باشتر لەو دیو پەردەی ژیان خۆیەوە. ئەم کارەکتەرە، وەك ئەوەی لە دەقەکەدا هەیە، بەشداری هیچ چالاکییەکی دەستەکان ( مجامیع) ناکات و کاتەکانی خۆی بە خەوتنەوە بەسەر دەبات، عاشقی دۆبریێیە، بەڵام 

 

ناهێڵێت هیچ پەیوەندییەکی جەستەیی لە نێوانیاندا دروست ببێت، پێیوایە لە ژیانەکەیتر دەتوانن بەیەك بگەن وبەختەوەر ببن. گۆڕینی ئەم ڕوخسارە بە کچێکی دنیایی و سەماکەر، تا ڕاددەیەک تێگەیشتنەکانمان بۆ ئەو کارەکتەرە و گرنگی بوونی ئەو هێڵە مەعریفییەی نمایشەکەمان لێ ئاڵۆز دەکات. لە دیزاینی کارەکتەرەکەدا و ئامادەیی جەستەیی کۆردی لەسەر ستەیجەکە و جووڵانەوەکانیدا، ئەوەی جێگای سەرنج و دەستخۆشییە جووڵە ڕێکەکانیەتی. بە درێژایی نمایشەکە ئێمە کۆردی دەبینین بەسەر کۆمەڵێك هێڵی ڕێکدا هەنگاو دەنێت، یان بە جووڵانەوەکانی کۆمەڵێك هێڵی ڕێك دروست دەکات. سەرەتا دەیبینین بە شێوەیەکی تەریب بە بینەران ڕاکشاوە، دواتر بە هەمان شێوە بەرز دەکرێتەوە و دەهێنرێتە پێشەوە بۆ ناساندن، ئیتر لە هەموو پاڵکەوتنەکانیدا ئەو شێوە تەریبەی وەر گرتووە و هەموو جارێکیش کە بە ئاگای دەهێننەوە، بە چالاکییەکەوە کە لە کەسی خەتوو ناوەشێتەوە، هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێت و هەنگاوەکانیشی لە کۆمەڵێك هێڵی ڕێك زیاتر نین. هێڵی ڕێکیش وەك ئاشکرایە هێمایە بۆ فەرمان بەجێهێنان، هاوشێوەیی، ڕێکوپێکی و پاراستن و دووری لە
ترس و دڵەڕاوکێ. زۆر جاریش هێڵی ڕێك هێمایە بۆ سپیریچوالیزم. هەموو ئەو تایبەتمەندێتیانەش فۆرمی ڕاستەقینەی کارەکتەری کۆردین بە نواندنی نەخۆشێکی دەروونی کە خۆیی لەناو ئەو کارەکتەرەدا تواندۆتەوە، دواجاریش بە نواندنی خوێندکارێکی شانۆ لە سەرەتاکانی کارکردنیدا وەك ئەکەرێك ( دیە عەلی ) بۆ بەرجەستەکردنی هەردوکیان. وەك لەسەرەتادا باسمان کرد، ئەو وردەکارییە لە جیاکردنەوەی شێوازی جووڵانەوە و ڕۆیشتنەکانی سەر شانۆ، یەکێکە لە خاڵە پرشنگدارەکانی ئەم نمایشە کە هەست دەکەیت ئەکتەرەکان بە یارمەتی دەرهێنەر ( هیوا فایەق) تایبەتمەندێتییەکانی کارەکتەرەکانیان لەسەر هەڵچنیوە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم وەك چۆن باسی هێڵە ڕێکەکانی کۆردیمان کرد، دەربارەی هەندێك لە کارەکتەرەکانی تریش قسە لەسەر هێڵی جووڵانەوەکانیان بکەین لە پانتایی نمایشەکەدا، چونکە وا دەردەکەوێت هەر یەکەیان و شێوازێکی تایبەتییان بۆ دەستنیشانکراوە، ئەمەش ڕێگایەکی دروستە بۆ گەیشتن بە کارەکتەرەکە.

مارا زۆربەی کات لەناو بانیۆکەیدا دانیشتووە، بە درێژایی نمایشەکە سێجار شوێنی بانیۆکە دەگۆڕدرێت ( لە سەرووی لای ڕاستەوە بۆ ناوەڕاستی لای چەپ و دواجاریش بۆ خوارووی لای ڕاست) ئەم سێ جووڵەیەی مارا و بانیۆکەی شێوەی سێگۆشەیەك دروست دەکات. وەك دەزانین سێگۆشە لە هەزاران ساڵ پێش زایینەوە بە چەندین دەلالاتی فیکری و ڕۆحی و کۆمەڵایەتی بار کراوە، بەڵام هەر کاتێك قسە دێتەوە سەر سێگۆشە، ناتوانین خۆمان لە ژمارە سێ بدزینەوە، چونکە سێگۆشە لە زۆربەی زمانەکاندا پەیوەستە بە ژمارە سێ وە. زۆربەی وانەکانی تەسەووفیش ژمارە سێی لەخۆ گرتووە. لە کۆنەوە وەزیفەی ژمارەکان بەم جۆرە جیا کراونەتەوە، ژمارە ١ بریتییە لە هێز، دەسەڵات، نێر، ڕەچەشکێن و ئاکتیڤ، بەڵام بیرکەرەوە و فەلەسوف نییە، بەڵکو شەڕکەر و هێرشبەرە. ژمارە ٢ فێمینیانە، هێزێکی مێینەی ئاشتیخوازە، تاکتیک و دیبلۆماسییەت بەکار دەهێنێت بۆ فەراهەمکردنەوەی ئاشتی. لێرەوەیە ژمارە ٣ بریتییە لە فەزیلەت و حیکمەتی ڕاستەقینە، بۆیە سێگۆشەش لەناو ئەو مێژووە ڕەمزییەدا هەمان ئەو مەدلوولانە هەڵدەگرێت و لێرەوەیە ئەو سێگۆشەیەی بە مارا و بانیۆکەی دروستدەکرێت شوێنی مارایە وەك شۆڕشگێڕێك و حەکیمێکی شۆڕشی فەرەنسی، بەو شێوەیەی خۆی بانگەشەی بۆ دەکات. ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی بکەین شێوە نواندنی کارەکتەری مارایە لەلایەن هونەرمەند ( تەها محەمەد)ەوە. جیاوازی مارا و ساد، لە جیاوازی ئەدا کردنیاندا تا ڕاددەیەك هێڵەکانی گوتاری نمایشمان بۆ دەکێشن، مارا لە شێوە جووڵانەوەکانیدا بە کردنەوەی زۆری جەستە و جووڵانەوە فراوانەکانی و بە تۆنی دەنگدا شێوازێکی کلاسیکی نواندنمان پیشاندەدات، بە پێچەوانەی شێوە نواندنی کارەکتەری سادەوە لەلایەن هونەرمەند ( ئاکام تاهیر)ەوە، کە پڕە لە جووڵانەوەی ئازاد و مۆدێرن. لێرەوە ئەگەر بە کورتی ئەو خاڵە بووروژێنم، لە سیاقی ئەدای کارەکتەری مارا و ساد دا وەك دوو جەمسەری گرنگی ململانێ فیکرییەکە لەم نمایشەدا، دەبینین مارا نوێنەرایەتی شێوازێکی کۆنی بیرکردنەوە دەکات کە بریتییە لە شۆڕش و بەردەوامیدان بە
شۆڕش، تا پاککردنەوەی دەسەڵات لە گەندەڵکاران و بازرگانەکانی شۆڕش، لە نمایشەکەدا ئەمە وەك شێوە کلاسیکییەکەی بیرکردنەوە پیشاندراوە. بەڵام ساد، وەك کارەکتەری سەر تەختەی شانۆ، نەك نوێنەرایەتی فۆرمی خودی ساد ناکات، بەڵکو بەشێوەیەکی زۆر مۆدێرن و لە فۆرمێکی گەنجانەی پڕ وزەدا ئامادەییەکی چڕی لەسەر شانۆ هەیە و تێکڕای ڕوبەرەکەی داگیر کردووە و بەکار هێناوە. ئەم دوو شێوازەی بەرجەستەکردن، تای تەرازووی هەڵسەنگاندنی حەقیقەت لە نێوان مارا و ساد دا بەلای ساد دا دەشکێنێتەوە، هەرچەندە خودی دەقەکەش و گفتوگۆی ستافی نمایشەکەش جۆرێك لە بێلایەنییان ڕاگەیاندووە، بەڵام دابەشکردنی جۆری ئەدای کارەکتەرەکان ئەو بەد گومانییە دروست دەکات.
هەر لە درێژەی هێڵەکانی جووڵەی کارەکتەرەکاندا دەبینین زۆرجار ساد بە هێڵی بازنەیی و نیو بازنەیی پانتایی ستەیجەکەی بە جووڵەی ئازاد پڕ دەکردەوە و گوزارشتی لە خۆی دەکرد. بازنە لە زۆربەی کەڵچەرە جیاوازەکاندا هێمایە بۆ خۆر، لەو دیوەیەوە کە سەرەتا و کۆتایی نیە، ئەمەش بەشێکە لە تایبەتمەندێتییەکانی ساد، جگە لە مەدلوولە زۆرەکانیتری. هەروەها جاك رۆ ( تایەر عەبدولواحید) بەردەوام بە هێڵی چەماوە و جووڵەی نێگەتیڤ و جەستەیەکی تووڕە گوزارشتی لە یاخیبوونەکانی کارەکتەرەکە دەکرد لە ئایین و دەسەڵات و شۆڕشگێڕە گەندەڵەکان، جگە لە بەکارهێنانی ئێکس لە فۆرمی جووڵە وەستاوەکانیدا بۆ گوزارشت کردن لە خواستی ڕەتکردنەوەو یاخیبوونی کارەکتەرەکە.


ماویەتی

ڕزگار حەمە ڕەشید