CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 38 میوان

بڕیار وایە بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما هەڵبوەشێتەوە

راپۆرتی: دەرباز یونس : بەپێی بریارێك لە پەرلەمانی كوردستان، كە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كراوە بڕیار وایە بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما لە كوردستان هەڵبوەشێتەوە، ئێستاش بڕیارەكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان "مەسعود بارزانی" بەرزكراوەتەوە، لێرەوە سینەماكارانی كوردستان بەیەك داوا دەكەن كە سەرۆك ئەم بڕیارە واژوو نەكات و رەتی بكاتەوە، چونكە پێیان وایە ئەم بڕیارە غەدرێكی زۆر لەو سینەمای كوردی دەكات و بەر تەسكی دەكاتەوە. لەمبارەیەوە ناسر حەسەن بەرێوەبەری گشتی سینەما لە لێدوانێكی گوتی "هەڵوەشانەوەی بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما زیانێكی زۆر گەورە بە رەوتی سینەمای كوردی دەگەیەنێت، چونكە ئەو خزمەتانەی لە رێگەی ئەو بەرێوەبەرایەتییەوە پێشكێش دەكرێن نامێنێت".

زیاتر گوتی "ئەگەر هەر كەموكوڕییەك لە بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما هەبێت پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری لێژنەیەك پێك بهێنێت و بێت لە كەموكوڕییەكان بكۆڵێتەوە، ئەگەر كەمتەرخەمی لە بەرێوەبەرایەتییەكەیە با بیگۆڕیت، ئەگەر نا هەڵوەشاندنەوەی بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما هیچ كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر رەوتی هونەری سینەما دروست ناكات، بەڵكو بەپێچەوانەوە بەرتەسكی دەكاتەوە".

حەسەن ئەوەشی گوت كە ئەو هیچ چاوەڕێی مانەوەی نییە لە پۆستی بەرێوەبەری گشتی سینەما، بەڵكو ناوبراو لە كۆتایی ئەمساڵ خانەنشین دەبێت و زیاتر گرنگی بەكارە سینەماییەكانی دەدات نەوەك بە پۆستی بەرێوەبەرایەتی سینەما.

ئەم بڕیارە بەرزكراوەتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان و لە دانشتنێك بەزۆرینەی دەنگ پەسەند كراوە، هاوكات ئێستا بڕیارەكە بۆ واژووكردنی لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرزكراوەتەوە، ناسڕ لێرەوە دەڵێت "داواكارم لە كاك مەسعود بارزانی كە من بانگ بكات و سەبارەت بەو بڕیارە قسەم لەگەڵ بكات، هاوكات من دژی هەڵوەشانەوەی بەرێوەبەرایەتی سینەمام".

نەبوونی نوێنەری هونەرمەندان لە نێو پەرلەمانی كوردستان بەبۆچونی سینەماكاران بۆتە هۆی پەسەند كردنی ئەو بڕیارە، هونەرمەندان بەگشتی هیواخوازن بۆ داهاتوو نوێنەرێكیان لە پەرلەمان بێت بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بكات لەو بڕیارانەی چارەنووسی هونەری میلەتێكی پێ بەستراوەتەوە لە لایەن خودی هونەرمەندانەوە لە پەرلەمان تاوتوێ بكرێت.

بەگوێرەی بریارەكەی پەرلەمانی كوردستان كە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كراوە بەرێوەبەرایەتی سینەمای شارەكان دەبنە بەشێك لە بەرێوەبەرایەتی هونەر و رۆشنبیری ئەو شارە.

ئێستا وەزارەتی رۆشنبیری عێراقی لە هەوڵی دروستكردنی بەرێوەبەرایەتییەكی تایبەتە بە هونەری سینەما، چونكە لەوێ بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما و شانۆ پێكەوەیەو سینەماكارانی عێراق داوایان كردووە ئەو ئەزمونە سەركەوتووەی كوردستان لای ئەوانیش بەكاربهێندرێت و بەڕیوەبەرایەتی گشتی سینەما جیا بكرێتەوە، لە كاتێكدا كە عێراق خەریكە ئەزمونی كوردستان بەكار دەهات كوردستان دەیەوێ دووبارە بەرێوەبەرایەتییەكان پێك ببەستێتەوە.

لەم بارەیەوە عەقیل مەندەلاوی بەرێوەبەری گشتی پەیوەندییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری عێراقی لە لێدوانێکا گوتی "ئێمە ئێستا لە هەوڵی جیاكردنەوەی بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما و شانۆین بۆ دوو بەرێوەبەرایەتی جیاواز، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە ئەزمونی هەرێمی كوردستان وەردەگرین چونكە ئەزمونێكی سەركەوتووە".

زیاتر گوتی "بیستوومە لە كوردستان خەریكە بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما هەڵدەوەشیتەوە، بەبۆچونی من ئەمە زیانێكی گەورە بە سینەمای كوردی دەگەیەنێت و هیوادارم بەو بڕیارە دابچنەوە".

لای خۆیەوە تاهیر حەموود بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری عێراقی سەبارەت بەم بابەتە گوتی "ئێمە ئێستا خەریكین بەرێوەبەرایەتی سینەما لە شانۆ جیا دەكەینەوە، نازانم بۆچی دەبێ لە كوردستان بەرێوەبەرایەتییەكی چالاكی وەك سینەما هەڵبوەشێتەوە ؟!، سینەمای كوردی سینەمایەكی چالاكەو پێم وایە بەم كارە بەرتەسك دەبێتەوە".

لە هەفتەی رابردوو یەكەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمایی عێراق و دراوسێكانی لە بەغدای پایتەختی عێراقی فیدڕاڵ هاتە سازكردن، تیایدا فیلمە سینەماییە كوردییەكان لە كۆی گشتی ٨ خەڵات ٥ خەڵاتی سەرەكی فێستیڤاڵەكەیان بەدەست هێنا كە خەڵاتی "باشترین ئەكتەر، باشترین دەرهێنان، باشترین وێنەگرتن، باشترین دووەم فیلم، باشترین سێیەم فیلم" بوو بۆ هەرسێ فیلمی "سرتە لەگەڵ با، شوێنی بۆ یاری، گەڕەكی دەهۆڵەكان"

مەهدی عەباس كە سەرۆكی فێستیڤاڵەكە بوو، سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی سینەما لە كوردستان گوتی "پێم وانییە لە هیچ وڵاتێك كەسێك هەبێت بتوانێت بەرێوەبەرایەتی دوو هونەری جیاوازی وەكو "شانۆ، سینەما" هەڵبسوڕێنێت، ئێمەش ئێستا وەك سینەماكارانی عێراقی خەریكین ئەزمونی كوردستان بەكاردەهێنین و بەرێوەبەرایەتییەكی تایبەت بەسینەما دادەمەزرێنین".

زیاتر گوتی "فیلمە كوردییەكان لە ئاستێكی سینەمایی بەرز خۆیان دەنوێنن، پێم وایە ئەوەش كاریگەریی بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەمای كوردستانە، پێم وایە ئەگەر ئەو بەرێوەبەرایەتییە هەڵبوەشێتەوە رەوتی سینەمای كوردی دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە داوا دەكەم پەرلەمانی كوردستان بەو بڕیارە بچێتەوەو بەرێوەبەرایەتی سینەما هەڵنەوەشێتەوە بەڵكو پەرەی پێ بدرێت و فراوانتر بكرێت".

شانۆكارانیش لە هەڵوەشاندەوەی بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما نەڕازین، هەروەك ئیبراهیم حەكیمی هونەرمەند دەڵێت "پێم وایە ئەوەش هەڵەیەكی تری وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە پێناو چەوساندنەوەی هونەرمەندان، ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیری راست دەكات با بێت چاكسازی لە نێو بەڕێوەبەرایەتییەكان بكات، نەوەك كەسێك كە دەرچووی كشتوكاڵە ببێت بە سالاری هونەرمەندان و ئێمەی لە ژێر دەست بچەوسێندرێتەوە".

لای خۆیەوە شانۆكار سەباح عەبدولرەحمان لەم بارەیەوە گوتی "ئەو بڕیارە ئاڵۆزییەك لە رەوتی هونەری سینەما و شانۆ و هونەرەكانی تر دروست دەكات، هاوكات ئەو خزمەتەی بە بوارەكان دەكرێت بەر تەسك دەبێتەوە، من پێم وایە ئەو بڕیارە هیچ راوێژێكی هونەری بەدواوە نییەو بەبێ بەرنامە پەسەند كراوە".

زیاتر گوتی "ئەوانەی ئەو بڕیارەیان داوە دەیانەوێ بزاف و رەوتی شانۆ و سینەما و هونەرەكانی تر بخنكێنن و بەرتەسكی بكەنەوە، دەبوایە لە كۆنفڕانسێك یان لە كۆبونەوەیەك بۆچونی هونەرمەندان لە بارەیەوە وەربگیرێت ئینجا پەسەنە بكرێت".

سەلام كۆیی شانۆكاریش هەمان بۆچوونی هەیەو دژی هەڵوەشاندنەوەی بەرێوەبەرایەتی سینەمایەو دەڵێت "بەداخەوە نازانم ئەو بڕیارە چۆن درا ؟!، كێ دای ؟!، چۆن دەبێت بەڕیوەبەرایەتی گشتی سینەما هەڵبوەشێتەوە ؟!، ئەو بڕیارێكی هەڵەیەو داوا دەكەم سەرۆكی هەریمی كوردستان ئەو بڕیارە واژوو نەكات و بیگەرێنێتەوە پەرلەمانی كوردستان".

لای خۆیەوە دەرهێنەری سینەمایی شەوكەت ئەمین  گوتی "پێم وایە ئەو بڕیارە هیچ خزمەتیك بەرەوتی سینەما ناكات و بڕیارێكی هەڵەیە، منیش داوا دەكەم بەبڕیارەكە دا بچنەوەو پەشیمان ببنەوە"

عومەر چاوشینیش كە ئێستا باشترین ئەكتەری سینەمایی عێراقە، هاوكات خەڵاتی باشترین ئەكتەرە لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانی دەڵێت "ئەوەی ئەو بڕیارەی دەركردووە زۆر بێ ئەقڵە، هەركەسێك بیەوی رەوتی سینەمای كوردی بەر تەسك بكاتەوە سەری دای لە بەرد، ئەو بڕیارە زۆر شێتانەیەو هەڵوەشاندنەوەی سینەما بچووكردنەوەیەتی".

بەگشتی سینەماكاران و دەرهێنەران و شانۆكاران و ئەكتەرە سینەماییەكان دژی هەڵوەشاندنەوەی بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەمان، هەمووشیان بەیەك دەنگ دەڵێن "سەرۆك تكایە ئەو بڕیارە واژوو مەكە"، هەروەكو نزار مامەی دەرهێنەر لەو بارەیەوە گوتی "داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەم، ئەو بڕیارە واژوو نەكات و بیگەرێنێتەوە بۆ پەرلەمان، ئێمە لە بڕی تەسكردنەوەی رەوتی سینەما دەبێت هەوڵی فراوانكردنی بدەین".

بەكر مەعروفی سینەماكاریش وەك هەموو سینەماكاران پێی وایە هەڵوەشاندنەوەی سینەما زیان بە رەوتە هونەرییەكەی دەگەیەنێت و دەڵێت "ئەگەر كەموكوڕیەك لە بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما هەیە دەبێت چاكسازی تێدا بكرێت، منیش دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەرێوەبەرایەتییەم داواكارم پێداچوونەوەی بۆ بكرێت"

لای خۆیەوە دكتۆر كاوە مەحموود وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (كوردمیلۆدی) گوتی "ئەو یاسایە زیاتر لە ساڵێكە كاری لەسەر دەكرێت، ئێمە لە یەكگرتنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان هەوڵی كەمكردنەوەی بەرێوەبەرایەتییەكانمان داوە، نەك بۆ ئەوەی سنوری كاركردنیان كەم بكەینەوە، بەڵكو بۆ ئەوەی بەرێوەبەرایەتییەكان یەك بگرنەوەو هاوكات خەرچی زیادیش نەكرێت".

زیاتر گوتی "ئێمە بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما هەڵدەوەشێنینەوە، بەڵام بەرێوەبەرایەتی سینەمای شارەكان هەر دەمێنێت و لە كاركردنی خۆی بەردەوام دەبێت، كاتێك قسە لەسەر یاسایەك دەكرێت دەبێ بزاندرێت جەوهەری ئەو یاسایە چییە، ئێمە كە دەڵێین بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەما هەڵبوەشێتەوە مانای ئەوە نییە كە سینەما نەهێڵین، بەڵكو بەمانای رێكخستنی بەرێوەبەرایەتییەكانە".

"ئێمە ئێستا هیچ بەرێوەبەرایەتییەكمان نییە بەناوی بەرێوەبەرایەتی چالاكی هونەری منداڵان، لەگەڵ ئەوەش لە زۆربەی شارۆكەكانیش خانەی منداڵانمان هەیەو چالاكی رۆشنبیری منداڵان زۆر فراوانە، بگرە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەماش فراوانترە، ئەمە واتەی ئەوەیە شەرت نییە بوونی بەرێوەبەرایەتییەكی گشتی سنوری كاركردن دیاری بكات" وەزیری رۆشنبیری وای گوت.

هەر لە درێژەی لێدوانەكەیدا كاوە مەحمود گوتی "وەزارەتی رۆشنبیری لوبنان بەهەمووی ٧٠ كارمەندی هەیەو كارەكانیشی لەو پەڕی پێشكەوتویی بەرێوەدەچێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە بوونی زۆری بەرێوەبەرایەتی مانای كاری باش نییە".

"ئێمە ساڵیكە دیراسەی ئەو یاسایە دەكەین و لە رۆژنامەكان بڵاومان كردەوە، هاوكات لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكاندا هونەرمەندان خۆیان لە بارەیەوە وتوێژیان لەگەڵ كردین" هەر لە درێژەی لێدوانەكەی كاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیری.

لای خۆشیەوە پەرلەمانتار ئاسۆ كەریم سەرۆكی لێژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان لەمبارەیەوە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی "ئەمە بڕیارێكی پەرلەمانەو بەزۆرینەی دەنگ پەسەند كراوە، بەپێی ئەم بڕیارە لە هەموو كوردستان ١١ بەرێوەبەرایەتی گشتی دەبێت و بەرێوەبەرایەتی سینەمای هەر شارێكیش دەكرێتە بەشێك لە بەرێوەبەرایەتی هونەر و رۆشنبیری ئەو شارەو دوای پەسەند كردنی ئەم بڕیارە لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەمای هەموو شارەكانی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە”.

راپۆرتی: دەرباز یونس ـ بەرپرسی لاپەڕەی هونەری هەفتەنامەی (باس).

تێبینی: لە ژمارە ٢٣ ی هەفتەنامەی (باس) بڵاوکراوەتەوە.