CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 40 میوان

شاری ئاشتی کارێکی هونه‌ری به‌رز بوو

شه‌ڕ دنیایی داگیرکردوه‌ ، ڕۆژانه‌ له‌ده‌رگایی ماڵه‌کانمان ده‌دات گرینگه‌ ئێمه‌ش ئاوڕ له‌ ئاشتی بده‌ینه‌وه‌

ئاسۆ گۆران : ڕۆژی 19 دیسه‌مبه‌ر له‌ شاری له‌نده‌ن  شانۆی شاری ئاشتی  نمایشکرا نوسین و ده‌رهێنانی  کارزان شێره‌به‌یانی بوو هاوکاری نوسین سیمین چایچیه‌،

کاری مۆزیک سه‌روه‌ت کۆیی وه‌ک  به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزیک کاری تیاکردبوو به‌ هاوکاری گروپێکی مۆسیقی مۆسیقای داڕشتبو سه‌ڕه‌ڕای کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ندین گۆرانی جیاواز که‌ ده‌رهێنه‌ر خۆی ئاماده‌ی کردبوو   گروپێک گه‌نجی جوان و به‌ تواناش نمایشیان ده‌کرد,  ڕێبوار سه‌عیدو ئانیتا ڕاجکۆمار کاری  دیزاین و دیکۆریان  بۆ کردبوو، جۆسێ شێره‌به‌یانی کاری دیزاین و جلو به‌رگی کردبوو.  شانۆکه‌ 2 کاتژمێر بوو به‌ گشتی ستاڤی ئه‌م کاره‌ 35 که‌س بوو 8 که‌س له‌سه‌ر شانۆ ڕۆڵیان ده‌بینی.

 

گه‌رچی ئه‌م نمایشه‌ له‌ یه‌کێک له‌ ڕۆژه‌ سارده‌کانی شاری له‌نده‌ندا نمایشکرا  ! به‌ڵام له‌ گه‌ڵ  ئه‌وه‌شدا هێشتا  بینه‌رێکی باش ئاماده‌بوو  له‌ هه‌مان ڕۆژدا له‌ دوو کاتی جیاوازدا نمایشده‌کرا .

شاری ئاشتی .

ده‌توانین به‌ کارێکی زۆر جوان و هونه‌ری بیناسێنین له‌وه‌یه‌ یه‌کێک بێت له‌و کارانه‌ی که‌ پایه‌ هونه‌ریه‌کانی( مۆسیقا.ڕوناکی، دیکۆر، جلوبه‌رگ، ئه‌کته‌ر..)ی ناو ئه‌م شانۆیه‌ زۆر به‌هێزو پڕئیستاتیکا بوو سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌ر‌هێنه‌ر به‌ سه‌لیقیه‌کی هونه‌ری  جوانه‌وه‌ کاری له‌سه‌ر کردبوو.

حه‌زده‌که‌م به‌ کورتی له‌سه‌ر پایه‌ هونه‌ریه‌کانی ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ بدوێم.

مۆسیقا/

گه‌رچی کاته‌که‌ی زۆر بوو به‌ڵام بینه‌ر هه‌ستی به‌ ماندوبون ناکرد چونکه‌ مۆزیک له‌م کاره‌دا به‌شی شێری به‌ر که‌وتبوو  له‌ ئاستێکی به‌رزی هونه‌ریدا دابه‌شکرابوو.

ئێمه‌ هه‌موومان کۆکین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ مۆزیک زمانێکی نێونه‌ته‌وییه‌و هیچ سنورێک ناتوانێ ببێته‌ به‌ربه‌ست  بۆیه‌ له‌ هه‌ر کارێکی شانۆیی یان فراونتر  له‌ هه‌ر کارێکی هونه‌ریدا  داڕشتن و  نه‌خشی جوانی بۆ دابنرێت ئه‌وا ئه‌و کاره‌ هونه‌ریه‌ فراونتر ده‌کاته‌ ناو خه‌ڵکه‌وه‌ له‌سنوربه‌ندی ڕزگاری ده‌بێت و ده‌کرێت بینه‌ری هه‌مه‌ جۆر له‌خۆی کۆبکاته‌وه‌ سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ مۆزیک هه‌مێشه‌ له‌ کاری هونه‌رییدا کۆڵه‌که‌یه‌کی پته‌وه‌ی  ناو پانتایی هونه‌ری شانۆ بوو به‌ تایبه‌ت. بۆیه‌ من پێم وایه‌ شاری ئاشتی بۆ که‌سێک  کوردیش نه‌بوایه‌ تام و چێژی لێوه‌رده‌گرت چونکه‌ وه‌ک وتم مۆزیک تێیدا بالا ده‌ست بوو هه‌ر مۆزیک بوو پانتایی شانۆی داگیرکردبوو ده‌ستی سه‌روه‌ت کۆیی و ئه‌و گروپه‌ خۆشبێت   بۆ ئه‌و داڕشتن و دابه‌شکردنه‌ هونه‌ریه‌ جوانه‌.

جلوبه‌رگ/

دیاره‌ جلوبه‌رگیش پایه‌یه‌کی تری هونه‌ری شانۆیه‌ که‌ گرینگی دان و رێکخستنی  بێگومان کاره‌که‌ جوانترو هونه‌ری تر ده‌کات چونکه‌ به‌ گشتی جلو به‌رگ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناوڕۆکی  ده‌قه‌که‌یه‌   به‌تێکرای ئه‌م پایه‌ هونه‌ریانه‌ ده‌توانین کارێکی هونه‌ری جوان بهێنینه‌ به‌رهه‌م.

بۆیه‌ له‌ شاری ئاشتیا  جلو به‌رگ گرینگیه‌کی هونه‌ری جوانی پێدرابو چ وه‌ک ڕوکارێکی کۆمیدی چ وه‌ک به‌رجه‌سته‌کردنی  ڕۆڵی ئه‌کته‌ره‌کان  که‌ من پێم وابوو زۆرێک له‌ گفتوگۆکان(حیوار) ئه‌گه‌ر نه‌شوترایه‌ کێشه‌ نه‌بو به‌ڵکو ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی به‌هێزتر ده‌کرد چونکه‌ خودی مۆزیک و جلو به‌رگ ئه‌م حیورانه‌یان ده‌رده‌بڕی به‌ جۆرێکیتر بۆیه‌ سه‌رئه‌نجام  ده‌‌توانم بڵێم جلوبه‌رگ له‌شاری ئاشتیدا ڕوخسارێکی هونه‌ری جوانی نه خشاندبوو.

ڕوناکی/

یه‌کێکی تر  له‌ پایه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی هونه‌ری شانۆ ڕوناکییه‌  (بیریشمان نه‌چێت یه‌که‌م جار شانۆ به‌ هۆی ڕوناکی کاره‌باوه‌ نمایشکرا له‌ له‌نده‌ن بوو له‌ساڵی 1880) بۆیه‌ هونه‌ری ڕوناکی مێژویه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌م شاره‌دا ،بێ ڕوناکی یان بێ ڕێکخستن و دابه‌شکاریه‌کی جوانی ڕوناکی مومکین نیه‌ ئه‌و  شانۆ گه‌ریه‌ سه‌رکه‌وتوبێت و فۆرمێکی هونه‌ری جوانی هه‌بێت بۆیه‌ هه‌میشه‌ ده‌رهێنه‌ره‌کان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ناوه‌ندی شانۆ به‌ ڕوناکیه‌کی هونه‌ری پڕبکه‌نه‌وه.  هونه‌ری دابه‌شکاری ڕوناکی بۆ خۆی تایبه‌تمه‌ندی و سیحری خۆی هه‌یه

که‌من پێم وابێت شاری ئاشتی له‌ ڕوناکیدا سه‌لیقه‌یه‌کی جوان و هونه‌رێکی مۆدێرنیان پیاده‌کردبوو.

ئه‌کته‌ر/

له‌ نمایشی  شاری ئاشتیدا کۆمه‌ڵێک گه‌نج ڕۆڵیان هه‌بوو که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی ته‌مه‌نیان له‌ یه‌که‌وه‌ نزیک بوو ،جگه‌ له‌ کارزان‌  که‌ خۆێ خاوه‌ن ڕۆڵێکی زۆر سه‌ره‌کی بوو  سه‌رجه‌میان ڕۆڵه‌کانیان جوان نمایشده‌کرد توانایان زۆر باشبو سه‌خته‌ نمایشێکی دوو کاتژمێری پیشان بده‌یت و جه‌ماه‌ر هه‌ست به‌ ماندوو بونی ئه‌کته‌ره‌کان نه‌کات که‌سه‌رجه‌م ڕۆڵه‌کان جوله‌ی به‌رده‌وام بون ده‌نگی به‌رده‌وام بون جۆرێک نمایشی سه‌مایی بون  ئه‌مانه‌ له‌ دوو کاتژمێردا قورسه‌ به‌ڵام ئه‌م گه‌نجه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ سه‌رکه‌وتوانه‌ ئه‌م ڕۆڵه‌یان  نمایشده‌کرد دیار بو که‌ له‌ پرۆڤه‌دا ماندوبونه‌و کاری باشیان کردبوو سه‌ڕه‌رایی ئه‌وه‌ هه‌ستت ده‌کرد هه‌مویان به‌ جۆرێک وه‌رزشه‌وانن چونکه‌ توناکه‌یان ئه‌مه‌ی نیشانده‌دا.

دیکۆر/

یه‌کێکی تر له‌ پایه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی هونه‌ری شانۆ دیکۆره‌ . دیکۆر ڕه‌نگدانه‌وه‌و به‌رجه‌سته‌کردن و فۆرمه‌له‌کردنی  ده‌قه‌. شاری ئاشتی  له‌ دیکۆردا ئیستاتیکایه‌‌کی هونه‌ری  گه‌وره‌یان جێبه‌جێکردبوو که‌ به‌ڕاستی شانۆکه‌ی ڕازا‌ندبوه‌وه‌ له‌ ئاستێکدا بوو مرۆڤ هه‌ستی به‌ هارمۆنیای دیکۆرو مۆزیک و نمایش ده‌کرد له‌ یه‌ک کاتدا . ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار هه‌ستی فڕینت له‌ ناو ئه‌م هه‌رمۆنیایه‌دا له‌ دروست ده‌بوو ده‌ستی دیکۆریسته‌که‌ی خۆشبێ

 

ده‌ق/

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت من ده‌مه‌وێت له‌ دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌ باسی ئه‌م ده‌قه‌ بکه‌م .

جه‌مسه‌ری یه‌که‌م که‌ پۆزه‌تیفه:‌ ئه‌و‌یش ئه‌وه‌یه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی توانایه‌ بۆ چینێک له‌ کۆمه‌ڵگا که‌ کۆمه‌ڵگا به‌ که‌م ده‌ست و که‌م توانا ده‌یبینی یان ڕونتر ئه‌وه‌یه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیراده‌یه‌ بۆ بێ ئیراده‌کان یان گه‌ڕانه‌وه‌ی قودره‌ته‌ بۆ بێ قودره‌تاکان به‌ پێی پۆلێن‌کردنی کۆمه‌ڵگا‌  دابه‌شه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان هه‌میشه‌ وابوو.

کارزان له‌ شاری ئاشتیدا ئه‌مه‌ی پیشاندا که‌ به‌خشینی ڕۆڵێکی گه‌وره‌بوو به‌ مشکێکی بچکۆڵه‌ که‌ سه‌رجه‌م ئاڵوگۆڕه‌کان له‌سه‌رده‌ستی ئه‌و دابوو   گه‌رچی سه‌رجه‌م شانۆگه‌ریه‌که‌ ڕویه‌کی کۆمیدی ئامێزی تێدا بوو به‌ڵام پرسیارێکی گه‌وره‌و به‌ ئاگاهێنانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌تری ئه‌م ڕۆڵه ئه‌وه‌ ‌بوو  که‌ پیشانیدا مرۆڤ خاوه‌ن توانایه‌کی گه‌وه‌ره‌یه‌ به‌خته‌وری و ئاشتی و ئازادی له‌سه‌رده‌ستی مرۆڤ دێته‌دی  گرینگ نیه‌ ئه‌م مرۆڤه‌ کێیه‌ ؟ گرینگ ئه‌وه‌یه‌ چۆن ده‌ست بۆ ئاڵوگۆڕه‌کان ده‌به‌یت.

وه‌ پیشانی دا که‌  گه‌له‌ ژێرده‌ستاکان مرۆڤ و چینه‌ و تۆێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌توانن  ئیراده‌ی خۆیان به‌کار بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به‌ ئازادی ڕه‌ها  بگه‌نه‌ به‌ ئاشتی به‌ خۆشبه‌ختی که‌ من پێم وایه‌ ئه‌م یه‌کێکه‌ له‌ ئه‌رکه‌ گه‌وره‌کانی هونه‌ری شانۆ.

جه‌مسه‌ری دووه‌می ئه‌م ده‌قه‌ لایه‌نی نیگه‌تیڤیه‌تی:

ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه‌ ‌ كارزان  خۆی ئاڵاندبوه‌ به‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی ناسیۆنالیستیه‌ وه‌ که‌ به‌ زه‌قی ماندوبون دیار بو پێوه‌ی  جه‌ماوه‌ر هه‌ستی پێده‌کرد ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ ی کوردو کوردایه‌تی بوو که‌ ئه‌گه‌ر کارزان خۆی له‌م ته‌وقه‌ ناسیۆنالیستیه‌ ڕزگار بکردایه‌ من پێم وابو کاره‌که‌ زۆر ناسکترو مۆدێرنترو جوانتر ده‌بوو له‌ زهنی جه‌ماوه‌ردا چونکه‌ ئه‌و خۆی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی نێونه‌ته‌ویی ئه‌سڵی کاره‌که‌ی داڕشتبوو یان به‌کار هێنانی ئه‌و حیوارانه‌ی باسی کوردبونو هه‌وڵی پێشکه‌وتنی کوردی ده‌کرد ده‌کرا به‌ شێوه‌یه‌کی هونه‌ری دایبڕێژیت و ئه‌ونده‌ ساکار نه‌بێت .

له‌وه‌یه‌ هه‌ندێ جار ده‌ربڕینی ساده‌ی ئاوا کارێکی باشبێت و خزمه‌ت بێت به‌ ده‌قه‌که‌ به‌ڵام له‌ شاری ئاشتیا نا چونکه‌ کارزان ویستی کارێک بکات سنوری ناسیۆنالستی بشکێنێت و به‌رگێکی گشتگیری و ئینسانی  بکات به‌ به‌ر شاری ئاشتیا به‌ڵام سه‌رئه‌نجام که‌وته‌وه‌ ناو داوی ناسیۆنالیستی که‌به‌ بڕوای من زۆر زیاده‌بوو چونکه‌ گرینگه‌ هونه‌ر په‌یامه‌که‌ی ئینسانی بێت .

ئه‌وه‌ی که‌ ماوه‌ بیڵێم له‌ کۆتاییدا چه‌ند تێبینیه‌کی  تره‌ تایبه‌ت به‌ ده‌قه‌که‌ که‌ هیودارم هاوڕێیانه‌ لێم وه‌ربگرێت  کارزان.

1- ماوه‌ی شانۆ گه‌ریه‌که‌ زۆر درێژبوو که‌ ئه‌گه‌ر کورتیش بکرایه‌ته‌وه‌‌ ده‌کرا هه‌مان ئامانج بپێکێت.

2- له‌ کاتی نمایشداو به‌ تایبه‌تی له‌ نزیک کۆتاییدا!  جه‌ماوه‌ر توشی مه‌له‌ل ده‌بوو چونکه‌ چه‌ندجارێک وامان ده‌زانی ته‌واو ده‌بوو  به‌تایبه‌تی کاتێک( ڕوبات )له‌ چالاکی ده‌که‌وت (activity))به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بونه‌وه‌ له‌ نمایش  به‌ جۆرێک بوو که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان خۆیان به‌و جۆره‌ی که‌ ته‌واویان کرد ته‌واو نه‌بوایه‌ ئێمه‌ هه‌رگیز نه‌مان ده‌زانی  که‌ی مه‌شهه‌دی کۆتاییه‌.

3-له‌کۆتایی شانۆگه‌ریه‌که‌دا جۆرێک له‌ ڕیکڵامی تێدابو بۆ کارزان و شاری ئاشتی که‌ به‌ڕاستی زۆر زیاده‌بوو، ئه‌وه‌ی که‌ سێ ساڵه‌ خه‌ریکی پرۆڤه‌ین، ئه‌مه‌ یه‌که‌م کاره‌ کارزان ده‌یکات و تا ئێستا کاری وا نه‌کراوه‌  ................... هتد.

4- به‌ بڕوای من شاری ئاشتی یه‌که‌م کاری شانۆیی گۆرانی نییه‌(مسر‌ح غینائی) یان به‌ قه‌ولی خۆیان مۆزیکاڵ پێشتر له‌م جۆره‌ کاره‌ کراوه‌ زۆر. نازانم کارزان بۆ که‌وتۆته‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه‌  ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی له‌ ئه‌وروپابێت کاری شانۆی له‌م جۆره‌  نه‌کراوه‌ ئه‌مه‌یان ده‌کرێت وابێت.

سه‌ر ئه‌نجام /

شاری ئاشتی به‌ گشتی هونه‌رێکی جوان بوو  ده‌ستی کارزان و هه‌مو ستاڤه‌که‌  خۆشبێت ده‌کرێت شاری ئاشتی له‌ ڕووی ده‌رهێنانه‌وه‌ وه‌ک کارێکی گه‌وره‌و دانسقه‌  بێته‌ ناسین.

به‌ هیوای کاری به‌رده‌وام.  سه‌رکه‌وتوبن .

ئاسۆ گۆران / له‌نده‌ن

ڕوبات/ یه‌کێک له‌ ڕۆڵه ‌سه‌ره‌کیه‌کانی شانۆگه‌ریه‌که‌ بوو.