CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 40 میوان

تیپی شانۆی بێ سنوور له‌ باخچه‌ی پرته‌قاڵی ئاپڵدۆرن

خه‌ندان - تیپی‌ شانۆی‌ بێسنوور له‌گه‌ڵ چه‌ند گروپێكی‌ تردا له‌ چه‌ند ڕۆژی‌ ڕابردوودا له‌ وڵاتی‌ هۆڵندا به‌شداری فیستیڤاڵی‌ مۆندیوه‌لیان كرد كه‌ فیستیڤاڵێكی‌ هونه‌ری‌ كه‌لتووری بوو له‌ باخچه‌ی‌ پرته‌قاڵی‌ شاری‌ ئه‌پیلدوورن نمایشكرا، به‌هۆی‌ ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی‌ شانۆگه‌رییه‌كه‌شه‌وه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی‌ داهاتوودا له‌ خوێندگاكانی‌ هۆڵندا نمایش ده‌كرێته‌وه‌.  به‌كۆ سۆرانی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ شانۆی‌ بێ سنووری‌ له‌ هۆڵندا به‌ ئاسۆی‌ ڕاگه‌یاند "زیاتر له‌ 10 گروپی‌ جۆراوجۆر به‌شدارییان له‌م فیستیڤاڵه‌دا كرد، ئێمه‌ش به‌ شانۆی (چالاكییه‌كانی‌ بابل) به‌شداریمان كرد".

هه‌روه‌ها وتیشی‌ "ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ سه‌رقاڵی‌ ئه‌م تێكسته‌ بووم تاوه‌كو ئاماده‌م كرد، شانۆییه‌كه‌ له‌ نواندنی‌ زاگرۆس جه‌بار و هاوژین به‌ختیار ‌و فه‌یسه‌ڵ سابیر و چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی‌ تره‌، باسی‌ له‌ گه‌ڕان به‌ دوای‌ نه‌مریدا له‌ خودی‌ مرۆڤدا ده‌كات، شانۆییه‌كه‌ تێكه‌ڵه‌ی‌ چه‌ندین كاری‌ تر بوو وه‌ك زه‌مانی‌ جه‌سته‌ و مۆسیقای‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌". سۆرانی‌ ئه‌وه‌شی‌ وت "ئه‌گه‌رچی‌ له‌و شانۆگه‌رییه‌دا بینه‌رێكی‌ زۆر ئاماده‌ی‌ بوون، به‌ڵام ئه‌و پارچه‌ میوزیكه‌ كوردییانه‌ی‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند حه‌ماو مام به‌كر پێشكه‌شی‌ كردن ‌و زاگرۆس جه‌باریش چه‌ند گۆرانییه‌كی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌وت جێگه‌ی‌ سه‌رسوڕمانیان بوو هه‌ر ئه‌م جیاوازییه‌ بوو وایكرد ڕێگه‌ بده‌ن له‌ چه‌ند ڕۆژی‌ داهاتوودا له‌ چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی‌ ئه‌و شاره‌دا نمایشی‌ بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كه‌لتووری‌ ئه‌و وڵاته‌دا شانۆكه‌مان گونجاند بوو".
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گروپی‌ شانۆگه‌ری‌ بێ سنوور ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد "ئه‌گه‌رچی‌ چه‌ند ڕۆژێك به‌سه‌ر ئه‌م فیستیڤاڵه‌ تێپه‌ڕیوه‌ كه‌چی‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ ئاگاداركراوینه‌ته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ داهاتووش له‌ هه‌مان شاردا به‌شدار بینه‌وه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی‌ وڵاتانی‌ له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ماندا به‌شدارییان تێدا كردبوو، به‌شداریكردنی‌ ئه‌وانیش له‌گه‌ڵماندا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاشكرامان كرد بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌لتووره‌ جیا جیاكانی‌ دنیا له‌ كه‌لتووری‌ كوردی‌ نزیك بكه‌ینه‌وه‌".
له‌ باره‌ی‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌شه‌وه‌ كه‌ پێشكه‌شی‌ گروپه‌كه‌یان كرا به‌ كۆ سۆرانی‌ ئه‌وه‌شی‌ ئاشكرا كرد "تیپه‌ هونه‌ریه‌كه‌مان له‌لایه‌ن ڕێكخه‌ری‌ فیستیڤاڵه‌كه‌وه‌ خه‌ڵاتی‌ ڕێزلێنانی‌ وه‌رگرت ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ خه‌ڵاتێكی‌ هونه‌ریشی‌ پێشكه‌شكرا".

 

 

خه‌ندان