CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 27 میوان

حەوت کەم یەک ...فیلمێکی نمایشکاری

حەیدەر عەبدولڕەحمان
ئەزموونێکی تر ..

حەسەن عەلی گەنجێکی سینەماکاری نەوەی دوایینی سینەمای کوردییە و لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵی رابووردوودا چوار فیلمی درێژی بە بەرھەم ھێناوە کە بریتین لە ( ، گەڕەکی داھۆڵەکان ، شیرین و فەرھاد ، ئەمریکانۆ ، حەوت کەم یەک ، کە دوا فیلمی

دەرھێنەرە ...خۆ ئەگەر بەراوردێکی ساڵانی ھونەریشی لە گەڵ ژمارەی بەرھەمەکانی بەراورد بکەیت ئەوە ھەست دەکەیت کە جۆرێک لە خێرایی لە خستنە رووی بەرھەماکانیدا ھەیە ..زۆر جاران ئەم جۆرە خێراییە لە بەرھەم ھێناندا لە بەرژەوەندی دەرھێنەر ھەڵناکەوێتەوە ، بە تایبەت لە پرۆسە سینەماییەکاندا کە دەرھێنەر پێویستی زۆری بە خۆ ئامادە کردن ھەیە ، بۆیە دەرھێنەرێکی گەورەی وەک مستەفا عەقاد لە ھەموو ژیانیدا تەنھا دوو فیلمی ھەبووە ، کە مانایێکی گەورەتر لە خۆیان بە سینەما بەخشی ، من مەبەستم ئەوە نیە بەراورد لە نێوان دەرھێنەرێکی جیھانیی و دەرھێنەرێکی گەنجی سینەماکاری خۆمان بکەین بەڵام دەکرێ سوود لە ئەزموونی کار کردنی ئەوان وەربگرین و کەمێک بە ھەستیارییەوە ھەڵسوو کەوت لە گەڵ سینەمادا بکەین و کاریک نەکەین ئەوەی پێشتر چاندومانە بە ئاسانی بە بای بدەین ، یان ئەگەر ناونیشانێکمان دروست کرد ، بیزڕکێنین ، بۆیە من دەپرسم ئەو ریتمە خێرایەی کارکردن لە کوێوە سەر ھەلدەدات ؟ ئایا بڕوا بوونە بە خود لە دەسەڵاتی ھونەریدا ، یا خود ھەست نەکردنە بە بەرپرسیاریەتی ھونەریی ؟ یاخود لە ھەردوکیان گەڕێین قۆرخ کردنی ھەلی بەرھەم ھێنەرە بۆ کارێکی سینەمایی ؟ ئایا ئەو ریتمە خێرایەی ئێمە باسی لێوە دەکەین کاریگەریی لە سەر ئاستی بەرھەمەکانی حەسەن عەلی دا ھەبووە وەک دەرھێنەر ؟
بێگومان کاریگەری ھەبووە ، ئەو کاریگەرییەش لە سەر یەکە یەکەی فیلمەکاندا ھەستی پێ دەکرێت ..حەسەن عەلی لە فیلمی ( گەڕەکی داھۆڵەکاندا ) کە فیلمی فیستیڤاڵ بوو ، توانی وەک سەرەتایەک لە گەڵ ئەزموونی فیلمی درێژ ھیوایەک بە بینەر ببەخشێ و چەند خەڵاتێکیش لە فیستیڤاڵە نێو دەوڵەتیەکاندا بە دەست بێنێ ، بەڵام لە فیلمێکی رۆمانسی وەک (شیرین و فەرھاد ) دەرھێنەر بە ئاراستەیەکی دیکەی رۆمانسی و بازرگانیدا چوو ، ئامانجی ھەرە بنەڕەتیشی لە فیلمەکەی دا بەر پەنجەرە بوو ، ئەگەرچی فیلمەکە بوو بە ھاندەر بۆ گەڕانەوەی بەشێک لە بینەران بۆ ھۆڵەکانی سینەما کە سەردەمانێکی زۆر بوو لێی دابڕابوو ، بەڵام لە رووی ھونەرییەوە فیلمەکە نەیتوانی خۆی لە ئاستی گەڕەکی داھۆلەکان بدات ، ئەگەرچی ئەو ھەوڵی ئەوەی دابوو دوو ھونەرمەندی ناسراو( شوان عەتوف و بەیان عوسمان ) بکات بە فاکتەر بۆ راکێشانی بینەر ، بەڵام نەیتوانی ئەوە بە دەست بێنی کە لە گەڕەکی داھۆڵەکاندا بە دەستی ھێنا لە رووی مەعنەوییەوە ، دیسان بە ھەمان ئامانجی بازرگانی و بە رەچاو کردنی خواستی بینەری سادەو تینوویەتی بۆ کۆمیدیا کۆمەڵێ ئەکتەری کۆمێدی وەک سەعدون یونس و ئەیام ئەکرەم و گۆڤار ئەنوەرو چەندینی دیکەی لە فیلمی ( ئەمریکانۆ ) لە فیلمێکدا بە یەک گەیاند ، بەو نیازەی کە ئەو ئەکتەرانە بازاڕیان گەرمەو دەبنە ھۆکار بۆ راکێشانی بینەر ، بەڵام ئەنجامەکە وا دەرنەچوو بەڵکو فیلمەکە بە شکستێکی گەورەی ھونەری بۆ حەسەن عەلی ھەڵکەوتەوە .. لە چوارەم فیلمیدا ( حەوت کەم یەک ) کە دوا فیلمیەتی ، ئەمجارە حەسەن سەرکێشی لە گەڵ ئەزموونێکی نوێ دا کردو فیلمێکی سوریالی ئاوێتە بە رۆمانسیەت نمایش کرد ، کە سیناریۆکەی لە لایەن فەرھاد پیربالەوە نووسراوە ..
فۆرم
رەنگە دەرھێنەر ئاگای لەوە بێت کە ئەگەر بتەوێت فیلمێکی بازرگانی بە بەرھەم بێنی ئەوە دەبێ بزانیت کە بینەر لە سینەمادا چی دەوێ ، ئەگەریش مەبەستت بەرھەم ھێنانی فیلمێک بێت بۆ فیستیڤاڵ ئەوە بە چ ستایلێک کار دەکەیت ، بەڵام ئەگەر وەک حەسەن عەلی نەتوانیت نەخشەی کار کردنت لە سەر فۆرمێکی دیاری کراو بونیات بنێیت و لە سەر رێچکەی ئەو فۆرمە کار بکەیت ، ئەوە بێ شک دەست بەرداری ھەردوکیان دەبیت .. وەک لە( حەوت کەم یەک ) دەست بەرداری بووە .. دەرھێنەر ھەموو پارسەنگی ھونەریی خۆی خستۆتە سەر کەسایەتی پاڵەوانی فیلمەکەی ( فەرھاد پیربال) وەک کەسایەتیەکی ناسراوی جەماوەری ، ئەو پێی وابووە ناوداریەتی فەرھاد بۆی ھەیە کەلێنە ھونەرییەکانی بۆ پڕ کاتەوە ، بەڵام ئاگای لەوە نەبوو کە نەک کەسایەتی فەرھاد بەڵکو ھەر کەسایەتیەکی دیکەی ناوداری کۆمەڵایەتی ، سیاسی ، رۆشنبیریی ..چەند ئەوەندەی پلەو پایەی لە ناوەندی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیدا بەرز بێت ئەگەر لە سینەمادا ئەو کەسایەتیە وەک پێویست تەوزیف نەکرا ، ئەوە نەک ھەر تەنھا فیلمەکە دووچاری شکستی گەورەی ھونەریی دەبێت ، بەڵکو کەسایەتیەکەش لەکەدار دەکا .. ئەوەبوو ھۆی ئەوەی کە مستەفا عەقاد بە دەیان ساڵ کاری بۆ دروست کردنی فیلمێک دەکرد لە مەڕ سەلاحەدین ئەیوبی بەڵام لە ترسی گرنگی بابەتەکە و یەکلا کردنەوەی کەسایەتیەکەی تا ئەو رۆژەش ماڵئاوایی لە دنیادا کرد نەگەیشتە ئەو ئامانجەی ئەو خوازیاری بوو ..
بینەر ھەست بەوە دەکات کە فیلمەکە تەنھا فۆرمێکی دیاری کراوی نیە بەڵکو چەند فۆرمێکی سوریالی و رۆمانسی و واقیعی ئاوێزانی یەکتر بوونە .. دەرھێنەر نەیتوانیووە نە سەرکەوتوو بێت لە ئاوێتە بوونی فۆرمەکان لە گەڵ یەکتریدا نە توانیوویەتی ھاوسەنگی لە فۆرمەکاندا دروست بکات ، چونکە ھەست بەوە دەکرێت کە دەست تێوەردان ھەیە لە ستایلی کارکردنی دەرھێنەر لە لایەن پالەوانی فیلمەکەوە کە ھەم سیناریۆکەی نووسیووە ، ھەم رۆڵی حەوت کەسایەتی دەبینێ ، ھەم دەیەوێت دەست لە کاری دەرھێنانەکەش وەربدا ..
سیناریۆ
حەسەن عەلی پشتی بە سیناریۆی فەرھاد پیربال بەستووە ،کە رەنگە نووسینی سیناریۆی سینەمایی بۆ فەرھاد کارێکی سەخت و دژوار بێت و ئەو ئەزموونێکی ئەوتۆی لە گەڵ نووسینی سیناریۆی سینەمایی دا نەبێت ، فەرھاد سیناریۆکەی بە شێوەیەک گۆشە گیر کردووە کە تێیدا حەوت کەسایەتیت بۆ دەخاتە روو ، بەڵام بواری ئەوەت بۆ نارەخسێنێ ئاشنا بە ناوەرۆکی کەم لە کەسایەتیەکان و فەلسەفەو ھزرو سایکۆلۆژیەتی ئەوان و رەگ و ریشەکانیان بیت .. ئامانج لە سیناریۆکەدا تەنھا نمایشکردنی کەسایەتی فەرھادە بە چەندین شێواز و فیلمەکە بەم شێوەیە بۆتە نمایشێکی ئیستعڕازی بۆ فەرھاد نەک گەیاندنی پەیامێکی ھونەری .. جوینەوەی ئەو چەندین وێنەیەش و گەڕانەوەی یەک لە دوای یەکی فەرھاد لە ماوەی نزیکەی ٨٠ خولەک زێتردا ، وای کردووە ھەناسەی چێژ لای بینەر ببڕێ و وای لێ بکات کەسایەتیەکان لە ھەر شێوەو ئاستێکدا بن دووبارە کردنەوەیان نەک ھەر تەنھا کەسایەتیەکانی دووچاری جۆرێک لە سوان کردووە ، بەڵکو بۆتە مایەی دابەزینی ئاستی چێژ وەرگرتن لای بینەر .. بەڵگەش بۆ راستی ئەو بۆچوونە ئەوەیە کە ئایا ئەگەر بینەرێک فیلمەکەی دیبێ ئامادەیی ھەیە بۆ جارێکی دیکەش فیلمەکە ببینێتەوە ...من ئەگەر یەکێک بم لە بینەرانی فیلمەکە ئەوە بێجگە لە دیمەنی سەمای جوانی کچەکە نەبێت لە بیابانەکە ئەوە شتێ لە فیلمەکەدا نابینم کە ئارەزووی ئەوەم پێ ببەخشێ جارێکی دیکە قەستی بینینەوەی فیلمەکە بکەم .. ئایا ئەم حاڵەتە نیشانەی ئەوە نیە کە توخمەکانی چێژ وەرگرتن لە فیلمەکەدا ونە ؟

سیناریۆی ئەدەبی و سیناریۆی سینەمایی
رەنگە فەرھاد پیربال بۆ ئەو ھەموو فانتازیا و فەلسەفەو ئایدیایانەی دەیویست لە سیناریۆیەکی سینەماییدا دایانڕێژێ ، کارێکی سەختو ئاڵۆز بێت ، چەنکە سیناریۆی ئەدەبی جیاوازییەکی زۆری ھەیە لە گەڵ سیناریۆی سینەمایی .. رەنگ فەرھاد لە سیناریۆی سینەماییدا دەست کورت بێت بەڵام ناکرێت دەرھێنەرێکی سینەمایی جڵەوی ھونەریی خۆی بداتە دەست نووسەرێک کە تەنھا خەیاڵی ھەیە بۆ بەرھەمێک کە تەنھا بەرژوەندییەکانی خۆی تێدا رەچاو بکاو بەرژوەندی بینەر بەلاوە بنێت کە بەرزترین ئامانجە لە سینەمادا ..ھەر بۆ نموونە بۆ ئەوەی فەرھاد توانستی خۆی لە بواری زمانی فرەنسی نیشان بدات چەند دیمەنێکی بە زمانی فرەنسی ئاخنیوەتە ناو سیناریۆکە ، بۆ ئەوەی ئارەزووی بۆ مەقام گوتن نیشان بدا ، چەند گرتەیەکی بۆ مەقام گوتن بە دەنگی خۆی رەخساندووە ، بە کورتی زۆر لە پارچەی سیناریۆکە بۆ حەزو ئارەزوو ھزری تایبەتی فەرھاد تەرخان کراوە
فەرھاد پیربال لە سیناریۆکەدا قەستی ئەوەی کردووە ، کە کۆمەڵێ ململانێی سیاسی و ئایدیایی و فەلسەفی و ھزری لە توێ ی فیلمەکەدا بتوێنێتەوە ، بیرو بۆچوونی خۆی لە ھەمبەر ھەندێ پرسی ئایینی بخاتە روو ، بەڵام ھیچ لەو پرسانە نایانتوانیووە بە ھۆی چڕی پرۆسەکان و جەنجاڵی بابەتەکان ئامانجی خۆیان بپێکێنن ، بەڵکو زۆربەیان شێواندراون ،بە دەر لە پرسی خۆشەویستی نەبێت لە کەسایەتی شەھابەدا کە بینەر وا ھەست دەکات فیلمێکی سەربەخۆی دابڕاوە لە گەڵ پرسەکانی دیکەی نێو فیلمەکە دا..
دەکرا دەرھێنەر شەھابە بکات بە تەوەری سەرەکی فیلمەکەی و پرسە فەلسەفی و ھزرییەکانی دیکە بکات بە پرسی لاوەکی ، خۆ ئەگەر ئەو گۆشەی شاھابەیە نەبوایە لە ناو فیلمەکەدا کە گۆشەیەکی بە تامو چێژو تایبەتی بوو ئەوە رەنگە فیلمەکە دووچاری رووخانێکی گەورە دەبوو ،
شەھابەش دیسان ھەر لە فیلمەکەدا غەدری لێکراوە ، چونکە نەتواندراوە نرخی راستەقینەی خۆی پێ بدرێ و ئەو چیرۆکە بە تامو چێژەی ئەڤینداری و ئەو بلیمەتیەی شەھابە لە فیلمەکەدا بەرجەست بکرێت ، بە تایبەت لە رووی دەنگ و بانگ دانەوە ، کە نەدەکرا بە دەنگی فەرھاد بوایە ، کە کەسایەتیەکەی لە بەر چاوی بینەر لاواز کرد .. بەڵکو بەلانی کەمەوە دەکرا بانگ دانەکە بە دەنگێکی بە ھێزو بە تام و چێژ بوایە کە لە دەنگی شەھابەوە نزیک بێت .. نەک بە دەنگی فەرھاد بۆ شەھابە !
نواندن
دەرخستنی ھونەری نواندن لە فەرھاد پیربالدا ھونەرێکی نوێیە ،بەلای منەوە فەرھاد پیربال بۆ نواندن خوڵقاوە تا ھەر ھونەرێکی دیکەی کە ئەو لە زۆربەیاندا خۆیانی تێدا نەدۆزیوەتەوەو تا ئێستاکەشی لە گەڵ دابێت بە دوایاندا دەگەڕێت ..زۆرن ئەو خاڵانەی لە پێکھاتەی فسیۆلۆزی و جەستەیی کەسایەتی فەرھاد دا ھەنە ، لەوانە :
١.لە رووی شێوەوە .. شێوەیەکی تایبەتی کەسایەتی خۆی ھەیە کە تا راددەیەک جیاوازی لە گەڵ شێوەی باودا ھەیە و وەک کەسایەتیەکی فەلسەفی خاوەن نیشانەی تایبەتی دەردەکەوێت لە رووی قژو سمیڵ و روخسارەوە ، کە ھەوڵ دەدات لە سلڤادۆر دالی و ئەنیشتاین بچێت .
٢.لە رووی ئیلقاو دەنگەوە .. کەم لە ئەکتەرانی ئێمە لە رووی ئیلقاو دەنگەوە توانای فەرھاد پیربالیان ھەیە
٣. لە رووی ئەداوە فەرھاد پیربال کەسێکی کەم وێنەیە چونکە ئەو ئەدایە لە ژیانی رۆژانەی خۆیدا پیادەی دەکات و توانستی ئەوەی ھەیە ئەدا بە ھەموو رەنگەکانیەوە نیشان بدات .
٤. بڕوا بە خۆ بوون و سەربەخۆیی دان بە خود وای کردووە کە لە چاوی کامیرا نەترسی و وەک پێویست رەسمی کەسایەتیەکانی خۆی بکات .
لە فیلمەکەدا فەرھاد پیربال وەک ئەکتەر توانی سوود لە ھەموو ئەو پێکھاتە جەستەییانەی خۆی ببینێ ، بۆ ئەوەی حەوت کەسایەتی جۆراو جۆر نمایش بکات ، ئەوەی واشی کردبوو کە ریتمی فیلمەکە ھاوسەنگی خۆی رابگرێت ، ریتمی نواندنی فەرھاد بوو ،کە وەک ئەکتەرێکی خاوەن ئەزموونیکی دوورو درێژ نەک ئەکتەرێکی سەرەتایی ئەدای کەسایەتیەکانی کرد کە رەنگە ھەر یەک لەو کەسایەتیانە کە ھەر یەکەو پێویستییان بە شێوازو دەقێکی جیاواز و سایکۆلۆژیەتێکی تایبەتی ھەبوو ، کارێکی ئیجگار سەخت و دژوار بوو کە ئەکتەرێک بتوانیت ھەر ھەموو کەسایەتیەکان بە سەرکەوتوویی بەرجەستە بکات .. ھەر بۆ نموونەش بێگومانم بینەر درک بە گۆڕینی ستایلی نواندنی فەرھاد دەکات و دەبینێت کە چۆن لە بەرجەستە کردنی کەسایەتی شەھابەدا چەند شەفاف و میللی و سروشتیە ، کەچی لە کەسایەتیەسوریالیەکانیشدا چۆنە ، ئەمە نیشانەی دەرخستنی توانستی ئەکتەرە کە بتوانێت شیوازی نواندنی لە قالبیکی دیاری کراودا دەربێنێ ، پاشان بینەر ھەست بەوە دەکات کە فەرھاد چۆن چۆتە ناخ شەھابەو چۆن توانییوویەتی مانایێکی گەورە وبە خۆشەویستیەکی نەمر ببەخشێت و کارێک بکات کە بینەر درک بەوە بکات کە شەھابە ئاشقێکی چەند گەورە بووە .
من خودی خۆم ئاواتم بوو وەک زۆر لە بینەرانی دیکە تەواوی فیلمەکە تەرخان کرابوایە بۆ داستانی پڕ لە دراماتیکی شەھابە و ئەو داستانە تێر تر بکرابوایە ، دڵنیام کە سەرکەوتنێکی گەورەی بە دەست دەھێنا .
مۆنتاژ
لە سینەمادا دەستەواژەیک نیە ناوی پۆستەرە فیلم بێت ، بەڵام ئەگەر وەک پۆستەرە شیعر پۆستەرە فیلمیش ھەبوایە ئەوە من مۆنتاژی فیلمەکەم ناو دەنا پۆستەرە ، چونکە وێنەکان تەنھا لە شێوەی پۆستەر دەردەکەوتن ، فەزایێکی ئەوتۆیان بۆ دروست نەکرابوو کە بینەر بە ناخیاندا شۆڕ بێتەوە ، لە ھەندێ دیمەندا پۆستەرەکان ھەناسەیان زۆر کورت بوون ، بە سیناریۆو دیالۆگ و دیمەنی تێر بەرجەستە نەکرابوون ، کە بینەر خوێندنەوەیەکی ئەوتۆی بۆ دیمەن و وێنەکان ھەبێت ، بەڵکو وەک جوانکارییەک لە شێوەدا خرابوونە روو ،
بینەر ھەست دەکات کە جۆرێک لە خنکان لە مۆنتاژدا ھەیە ، چڕو پڕی کەسایەتیەکان و تێک چرزانیان وای کردووە ، جۆرێک لە جەنجاڵی دروست بێت ، دواتریش گۆڕان لە ستایلدا لە سوریالی بۆ رۆمانسی و پاشان گەڕانەوە بۆ سوریالی کێشەی زۆری بۆ مۆنتاژ دروست کردووە ، چونکە ناوەڕاستی فیلمەکە کە دیمەنەکانی شەھابەیە دەیەوێت رەوتی مۆنتاژەکە بە ئاراستەیەکی دیاری کراو بەرێت ، بەڵام کاتێ دەگەڕێینەوە سەر دیمەنە سەرەتاییەکان گرفتیکی گەورە بۆ مۆنتاژ زەق دەبێتەوە ..پێشم وایە دیمەنەکانی کۆتایی شتێکی زێدەکارییان نەخستە سەر دیمەنە بەراییەکان .
وێنە گرتن
نکۆڵیش لەوەدا ناکرێت کە وێنەگر ھاوکار فەرھاد دەسەڵاتێکی گەورەی داھێنانی لە وێنە گرتندا نیشاندا کە لە ئاستی وێنەگرە پرۆفیشنالەکان دابێت ، بەڵام لە زۆر دیمەندا وێنە بە ھۆی لاوازی رووناکی زۆر لە بەھا ھونەرییەکانی خۆی لە دەست دابوو .. بە تایبەت لەو دیمەنانەی کە دیمەنی سایکۆلۆژی بوون و بە بێ تارییکیەکی زێتر و دابەشکردنێکی ھونەرییانەی رووناکی مۆمەکان و جلو بەرگ و روخساری کەسایەتیەکان نرخ و بەھای خۆیان نەدەبەخشی .
ئەو فۆرمە دیمەنە سوریالیانە ھەموو پشت بەستنێکیان بە رەنگ و رووناکی ھەیە ، بۆ ئەوەی بتوانن وەک پێویست گوزارشت لە ناخی کەسایەتیەکان بکەن و کەشو ھەوایێکی دەروونی وروژێنەر لای بینەر دروست بکەن ، بۆیە دەبوا دەرھێنەر بایەخی زێتری بە دابەشکردنی رووناکی و موزیک و ریتمی موزیک دابوایە ، پاشان بواری زێتری بۆ بینەر بڕەخساندایە تا دەرفەتی ئەوەی بدرێتێ بچێتە نێو کەشو ھەوای دیمەنەکان و خوێندنەوەی ئەمدیوی دەروونی و ھزری کاراکتەرەکان .