CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 126 میوان

بەرهەمی سینەماکارانی کورد لە فیستیڤاڵی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەهان نمایش دەکرێن

مەنسوور جیهانی /ئیسفەهان ـ بەرهەمی سینەماکارانی کورد لە 30مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە شاری ئیسفەهان نمایش دەکرێن.

کۆمەڵێک فیلم لە دەرهێنان و بە رۆڵبینینی سینەماکارانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە بەشە جیاوازەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی 30مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران لە شاری ئیسفەهان نمایش دەکرێن و هەروەها چەندین سینەماکاری کوردیش بە بەرعەمەکانیان لە بەشە تەکنیکییەکانی ئەم فیستیڤاڵەدا بەشدارن، کە بریتین لە:

ـ فیلمی سینەمایی "21 روز بعد" واتە "21 رۆژ دواتر" لە دیزاینی سەحنە و جلووبەرگی سینەماکاری پیرانشاری "کامیاب ئەمیر عەشایری" و لە دەرهێنانی "محەمەد رەزا خێرەدمەندان" لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵیندە سینەماییەکان" سینەمای ئێران.

ـ فیلمی سینەمایی "چهل کچل" واتە "چل کەچەڵ" بە رۆڵبینینی ئەکتەری ناوداریی سنەیی خاتوو "مریەم بووبانی" و لە دەرهێنانی "سادق سادق دەقیقی" لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵیندە سینەماییەکان" سینەمای ئێران.

ـ فیلمی سینەمایی "کاتی و ستارە" واتە "کاتی و ئەستێرە" بە رۆڵبینینی ئەکتەری سنەیی خاتوو "شۆهرە قەمەر" و لە دەرهێنانی "رەزا مەجلێسی" لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵیندە سینەماییەکان" سینەمای ئێران.

ـ ئێپیزۆدی "دایک (کوردستان)" لە دەرهێنانی سینەماکاری شنۆیی خاتو "ماریا ماوتی" و هەروەها ئێپیزۆدی "دادوەری (عراق)" لە دەرهێنانی "محەمەد ئیسفەندیاری" بە زمانی کوردی بەشێک لە فیلمی سینەمایی "ئاگۆست" لە بەشی فیلمە بڵیندە چیرۆکییەکان.

ـ کورتە فیلمی "بی نام" واتە "بێ ناو" بە رۆڵبینینی سێ ئەکتەری منداڵی کورد بە ناوەکانی "نیما حەسەن پوور"، "محەمەد رەوانگەر" و "ئاریا گوڵ محەمەدی" لە دەرهێنانی "ئەمیر کەریمی" لە بەشی کورتە فیلم و فیلمە نیوە بڵیندە چیرۆکییەکان.

ـ کورتە فیلمی "تابستان قوها" واتە "هاوینی قووەکان" لە دەرهێنانی خاتوو "مریەم سەمەدی"، لە مۆنتاژی سینەماکاری کورد "تۆفیق ئەمانی" و بە رۆڵبینینی چەندین ئەکتەری منداڵی کورد بە ناوەکانی "هیوا تەمری"، "هێمن تەمری"، "ئەمین محەمەدی"، "سارا دیندار" و ... لە بەشی کورتە فیلم و فیلمە نیوە بڵیندە چیرۆکییەکان.

ـ کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی "ناگهان باد برمی خیزد" واتە "لەناکاو با هەڵدەکات" لە دەرهێنانی سینەماکاری مەهابادی "ئیدریس سامانی" لە بەشی پێشبڕکێی "نێودەوڵەتی" و بەشی "کورتە فیلم و فیلمە نیوە بڵیندە ئەنیمەیشنییەکان".

ـ سیناریۆی "برندە" واتە "براوە" لە نووسینی "فەرەیدوون دانشمەند" لە شاری سنە لە بەشی "سیناریۆکانی بەشی پیشەیی وەرگیراو".

ـ سیناریۆی "افسانەهای هزار اینە" واتە "ئەفسانەکانی هەزار ئاوێنە" لە نووسینی "فەرەیدوون دانشمەند" لە شاری سنە لە بەشی "سیناریۆکانی بەشی ئەنیمەیشن".

ـ سیناریۆی "روح بازی" واتە "رۆحی یاری" لە نووسینی خاتوو "شوعلە شەریعەتی" لە شاری سنە لە بەشی "سیناریۆکانی بەشی پیشەیی نووسراو".

ـ سیناریۆی "پرواز کن وریا" واتە "هەڵفڕە وریا" لە نووسینی "ئەمیر عەباس رەسافی" لە شاری کرماشان لە بەشی "سیناریۆکانی ئەندێشە نوێیە نووسراوەکان".

ـ سیناریۆی "ملاقات با بابا و مامان" واتە "دیدار لەگەڵ دایک و باوکم" لە نووسینی خاتوو "مریەم سەدیق" لە شاری کرماشان بە هاوبەشی لەگەڵ "موحسین زەمانی" لە بەشی "سیناریۆکانی ئەندێشە نوێیە نووسراوەکان".

ـ دیزاینەری کورد "عەلی باقری" بە پووستەری فیلمی سینەمایی "نەفەس" لە دەرهێنانی خاتوو "نەرگس ئابیار" لە بەشی پێشبڕکێی "کەرەستە ریکلامییەکانی پووستەر".

30مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران بە بەرپرسیاریی "عەلیرەزا رەزاداد" و بە هاوکاریی رێکخراوەی سینەمایی ئێران، شارەوانی ئیسفەهان و ناوندیی سینەمایی ئێران و هەروەها بە بەشداریی بەرهەمی وڵاتانی جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی کارگا و ڤۆرکشۆپی فێرکاریی، بەشی کۆڕ و کۆبوونەوە پسپۆڕانەی هونەریی سینەما و هەروەها چەندین لێزلێنان و بیرئانین لە رۆژانی 30ی جوون تا 6ی جوولای 2017 لە شاری مێژوویی ئیسفەهان لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵان.