CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 111 میوان

بەهمەن قوبادی شانازی چوونە ناو 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهانی پێشکەش بە سەربەخۆیی کوردستان کرد

(ZNA) ـ "بەهمەن قوبادی" شانازی چوونە ناو 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهانی پێشکەش بە پرۆسەی ریفڕاندۆم لە هەرێمی کوردستان کرد.

سینەماکاری ناوداری کورد "بەهمەن قوبادی" لە نمایشی یەکێک لە بەرهەمەکانی لە فەڕەنسا شانازی چوونە ناو 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهانی پێشکەش بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ئەم فەخرە کە وەکوو رۆڵەیەکی کورد بە من بەخشراوە کە بە یەکێک لە 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهانی هەڵبژێردراوم، پێشکەش بە نەتەوەیی مەزڵووم، رەنجکێشاو و خەباتکاری هەرێمی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆکە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفڕاندۆم هەنگاو دەنێن و بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆن و ئەوە پێشکەش بەو جووڵە گرینگە دەکەم.

هەروەها گوتیشی: حەزم دەکرد خۆزگە لە ناو لیستی 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهانی لە پێش ناوەکەم بنووسرایە "بەهمەن قوبادی" لە کوردستان و منیش بە ناوی وڵاتێک وەکوو کوردستان ئەو شانازییەم بەدەست بهێنایە، ئاواتم ئەوەیە کە بە زووترین کات ئەوە ڕووبدات و بە ناوی کوردستانەوە فیلمەکانمان لە ئۆسکار بەشداریی بکات، نەوەکوو وڵاتێکی وەکوو تورکیا، یا عێراق، یا ئێران و یا سووریا.

قوبادی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەوە مافی نەتەوەکەمە و هەر بەم بۆنەیەشەوە ئەو شانازییەی 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی 21ی جیهانی پێشکەش بە نەتەوەیی زوڵم لێکراو، رەنجکێشاو، پاک، ئەنفالکراو و لێقەماوی هەرێمی کوردستان دەکەم. ئەو شانازییە هی من نییە و لەڕاستیدا هی ئەوانە کە ئێستاکە سەرقاڵی خەباتێکی گرینگن و بە زوویی داوای سەربەخۆیی دەکەن کە مافی سەتاسەدی ئەم میللەتەیە.