CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 127 میوان

بەهمەن قوبادی بووە دادوەری فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بووسان لە کۆریای باشوور

مەنسوور جیهانی ـ "بەهمەن قوبادی" وەکوو دادوەری بەشی پێشبڕکێی سەرەکی بیست و دووهەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بووسان لە کۆریای باشوور بانگهێشتکرا.

"بەهمەن قوبادی" سینەماکاری ناوداری کورد بە هاوڕێیەتی لەگەڵ "ئۆلیڤێر ئستۆن" Oliver Stone دەرهێنەر ناوداری سینەما لە وڵاتی ئەمەریکا، "ئێگنێس گۆدار" Agnès Godard بەڕێوەبەریی وێنەگرتن لە وڵاتی فەڕەنسا، "لاو دیاز" Lav Diaz دەرهێنەر لە وڵاتی فیلیپیین و هەروەها "جان سوون ـ وو" Jang Sun-woo دەرهێنەر لە وڵاتی کۆریای باشوور ئەندامانی دادوەری بەشی پێشبڕکێی سەرەکی بیست و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بووسان Busan لە وڵاتی کۆریای باشووریان لە ئەستۆدایە.
ژمارەیەکی زۆر لە فیلمسازان و ئەکتەرانی ناودار لە سەرتاسەری جیهان هەموو ساڵێک بەشداریی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بووسان دەکەن و هەروەها لە ڕوخسارە بەناوبانگەکانی سینەمای جیهانیش بۆ لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە بانگهێشت دەکرێن.
لە بیست و دووهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بووسان، لە "بەهمەن قوبادی" سینەماکاری ناوداری کوردی ئێرانی کە بەم دوایانە وەکوو 25 دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی بیست و یەکەمی جیهان دیاریکراوە، بۆ ئەندامی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە بانگهێشت کراوە.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بووسان BIFF کە لە شاری بەندەری بووسان لە کۆریای باشوور بەڕێوەدەچێت، وەکوو گرینگترین فیستیڤاڵی فیلمی ئاسیا ناسراوە و هەموو ساڵێک بە نمایشی بەرهەمی فیلمسازانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، لەوانە: "ڕەوتە نوێیەکان" و "شەپۆلی نوێی"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "پەنجەرەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا"، بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای ئەمڕۆی کۆریا"، بەشی تایبەتی "گاڵا"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای جیهان"، بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی "کورتە فیلم و فیلمی دیکۆمێنتاری و فیلمی منداڵان"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای کراوە"، "هەست و دڵەڕاوکێی نیوە شەو"ڵا "بەرنامە تایبەتەکان"، بەشی "بازاڕی فیلم" و بەشی "ڕێزلێنان لە سینەماکارانی کۆریای باشوور" لە ڕۆژانی 12 تا 22ی ئۆکتۆبەری 2017 بەڕێوەدەچێت.

بۆ زانیاری زیاتر:
www.biff.kr