CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 140 میوان

چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" لە وڵاتی سوید بەڕچوەچوو

مەنسوور جیهانی / یۆتۆبۆری ـ بە یادی قوربانیانی کارەساتی دڵتەزێنی بۆمەلەرزەی کرماشان، چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" لە سوید بەڕێوەچوو.

بە ئامادەبوونی "دڵشاد ئەحمەد" سەرۆکی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" Goteborg و سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، "لاگێ بیۆرک" Lage Björk بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری، "شەماڵی عەبە ڕەش" ئەکتەری ناوداری شانۆ، "سیروان جەمال" ئەکتەری بەئەزموونی کورد، "شادان فوئاد" ئەکتەری بەئەزموونی شانۆ، "فازڵ قەساب" دەرهێنەر و ئەکتەری پێشەنگی شانۆ، "سدیق عەزیز" دەرهێنەر و ئەکتەری شانۆ، "میدیا رەئووف بێگەرد" ئەکتەری و شانۆ و سینەما، "دلێر ئەمین" دەرهێنەری شانۆ، "ڤیان نەوشیروان" ئەکتەر، "پەرژین عەبدوالڕحمان" ئەکتەر و هەروەها کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی سوید و بە نمایشی کورتە فیلمی "مایکرۆفۆن" لە دەرهێنانی "کەریمۆک" و هەروەها بە نمایشی فیلمی سینەمایی "ئۆتێلی مەرگ" لە دەرهێنانی عەدنان عوسمان، کاتژمێر 6ی دوانیوەڕۆی هەینی 24ی نۆڤەمبەری 2017 چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" بە دروشمی "سینەما چاوی مرۆڤایەتی و داهێنانە" لە هۆڵی سینەمایی "فۆڵکت هیووس" Fulket Hus لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید دەستی پێکرد و تاکوو رۆژی یەکشەمە 26ی نۆڤەمبەری 2017 بۆ ماوەی سێ رۆژ درێژەی هەبوو.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕێوڕەسمی کردنەوەی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" یادی قوربانییان و بریندارانی کارەساتی دڵتەزێنی بۆمەلەرزەی کرماشان بەرزڕاگیرا و لە درێژەدا موزیکزانی کورد "ئاسۆ دیلان" بە ئامێری عوود و بە دەنگی "هەڵبەست دیلان" گۆرانی "خۆشم دەوێی وڵاتەکەم" لە بەرهەمەکانی گۆرانیبێژی نەمری کورد مامۆستا "محەمەد ساڵح دیلان"یان پێشکەش کرد.
لە درێژەی ئەم رێوڕەسمەدا کە بە پێشکەش کاریی "کەماڵ هەلویست" و "ریبین رەشید" بەڕێوەچوو، "دڵشاد ئەحمەد" سەرۆکی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری" گوتی: بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکان دەکەم، هیوادارم کە لە بینینی فیلمەکان چێژوەربگرن، ئامادەبووانی بەڕێز، وەکوو نەریتێکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان، هەمیشە لە خەباتی ئەوەدایە ئەو توانایەی کە هەمانە بیبەخشین بەو کەسانەی کە لە تاراوگەدا دەژین و هەوڵ و تێکۆشانی ئێمەش کارێکی ئاسان نییە بەڵکوو کارێکی تاکەکەسی نییە و کارێکیی گرووپییە.
هەروەها گوتیشی: ئەوە جێی داخە ئەمڕۆ لە کوردستانی ئێمەدا جگە لەوەی کە کارەساتێکی سرووشتی وێرانی کردووین هەروەها کارەساتی دەسەڵاتی کوردیش وێرانی کردووین. کارەساتەکان هەموویان دڵتەزێن و وێرانکەرن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەوڕەوەی ژیان ناوەستێت، بۆیە ئێمەی هونەرمەندان وای بە چاک دەزانین هەمیشە دیوە جوان و گەشاوەکەی مرۆڤایەتی و هونەر پێش بخەین و نیشانی بدەین.
سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری ئەوەیشی خستەڕوو: هەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان هەمیشە لەوەوە سەرچاوە هەڵدەگرێت کە وا دروشمی خەباتی مرۆرڤایەتی پێش خەباتی هەموو شتێکە، بۆیە هیواخوازم بە کۆمەکی هەموو لایەک هەر هیچ نەبێت بۆ ڕەوەندی کوردیی کە لە تاراوگەدا دەژیت بتوانین بۆ ساتێکیش هەلی گونجاو بۆ باریی دەروونییان بڕەخسێنین.
"دڵشاد ئەحمەد" ئەکتەر و دەرهێنەری ناوداری کورد لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: چالاکی داهاتوومان دەکەوێتە مانگی 5ی 2018 کە ئەویش سێیەمین دیداریی شانۆی کوردی "یۆتۆبۆری"یە کە لە ئێستاوە سەرقاڵی پلاندانانین، بەڵام دیدار بەردەوامە و تا ئێوە هەبن دیدارەکەشمان گەشاوە دەبێت. لەگەڵ رێز و خۆشەویستی سەردەم ستافی دیداری چوارەمین دیداری فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری".
لە بەشێکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا، "لاگێ بیۆرک" Lage Björk بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی "یۆتۆبۆری" گوتی: زۆر بەخێربێن بۆ چوارەمین دیداری فیلمی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری من ناوم "لاگێ بیۆرک"ـە و لەم کۆمەڵەیەدا ماوەی چەند ساڵێکە کە لەگەڵ چەندە هەڤاڵێکی دیکەدا شان بە شانی یەکتری کاردەکەین. زۆربەتان لەسەر کۆمەڵەکەمان شەرەزاییتان هەیە. کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی "یۆتۆبۆری" لە ساڵی 1999 لە گەڕەکی "هۆمەرکۆلێن" Hammarkullen لە شاری یۆتۆبۆری دامەزراوە و ساڵانێکی زۆرە لە بوارەکان کەلتووری، هونەری، کۆمەڵایەتی و هەندێک مەجالی دیکەدا کار و چالاکی دەکات و لە ساڵی 2014 دەستمان کردووە بە دیداری فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری".
هەروەها گوتیشی: مەبەستیش لەم دیدارە، زیاتر دروست کردن و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانەیە لە نێوان کوردستان و وڵاتی سویددا. هەروەها بۆ ئەوەی کەسانی بەتوانا دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنین کە بێنە پێشەوە و بەرهەمەکانی خۆیان پێشکەش بکەن. بەشێکی دیکەی مەبەستی ئەم دیداری فیلمە، ئەوەیە کە ئێمە لەم رێگایەوە شوێنێک دروست بکەین کە تییایدا کۆبینەوە و یەکتری ببینین و ئاڵووگۆڕیی کەلتووری و کۆمەڵایەتی بکەین.
"لاگێ بیۆرک" لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: لە رێگای کەلتوورەوە دەتوانین زیاتر کاری ئینسانی و کۆمەڵایەتی هاوبەش بکەین. لە دیدارتان لەم خولەی فیستیڤاڵ خۆشحاڵیم و بەو هیوایەی کە پێکەوە کۆمەڵێک فیلمی جوان و سەرنجڕاکێش ببینین.

وێنەکان: مەنسوور جیهانی

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی چوارەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی "یۆتۆبۆری".