CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 192 میوان

"دۆڤلەتۆڤ" براوەی خەڵاتی "بەڕڵینالە" لە فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر نمایش دەکرێت

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" لە دەرهێنانی "ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" لە سی و شەشەمین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە تاران نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" Dovlatov لە دەرهێنانی سینەماکاری رووسی "ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" Aleksey German-junior براوەی خەڵاتی "ورچی نوقرەیی" Silver Bear بۆ بەشی "باشترین دەستکەوتی هونەری" لە شەست و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە ساڵی 2018 ناسراو بە "بەڕڵینالە" Berlinale لە بەشی "سینەمای سەعادەت" Cinema Salvation واتە بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" بۆ فیلمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکان لە میانەی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر FIFF بەشداریی دەکات و دەرهێنەر و "ئێلێنا ئۆکۆپنایا" Elena Okopnaya دیزاینی سەحنەی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە شاری تاران ئامادەدەبن و ڤۆرکشۆپی فێرکاریی بۆ هۆگرانی هونەری سینەما لە وڵاتی ئێران و وڵاتانی جیهان دەکەنەوە و هەروەها لە ڕێوڕەسمێک کە پێش لە نمایشی فیلمەکەیان لە کۆشکی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر بەڕێوەدەچێت؛ ئامادەدبن و سەبارەت بە بەرهەمەکەی خۆیان قسەدەکەن.

فیلمی سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" بەرهەمێکی ژیاننامەیی "ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر"ە کە 6 رۆژ لە ژیانی "سێرگئی دۆڤلەتۆڤ"ی Sergey Dovlatov بە وێنەگرتووە کە یەکێکە لە خۆشەویسترین نووسەرانی رووسیا لە دوایین ساڵانی سەدەی بیستەم.

فیلمی سینەمایی "دۆڤلەتۆڤ" چیرۆکی "سێرگئی دۆڤلەتۆڤ" نووسەر بۆ بینەر دەگەڕێتەوە کە ساڵی 1971 لە شاری لێنینگراد دەژیی و سەرقاڵی سەفەرکردنی هەڤاڵەکەیەتی بە ناوی "یوسێیف برۆدسکی" Joseph Brodsky کە لە ساڵانی دواییدا خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی بەدەستهێنا، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو لەوبڕوایەدایە کە لە وڵاتەکەی خۆی بمێنێتەوە و ژیانی ئاسایی لەگەڵ "ئالنا"ی هاوسەری و "کاتیا"ی کچی تێپەڕبکات. نووسراوەکانی دۆڤلەتۆڤ بەردەوام لە لایەن میدیا ڕەسمییەکانەوە وەرناگیرێت چونکە بە ڕوانینێکی نەگونجاو هەڵدەسەنگێندرێن و ... .

فیلمی سینەمایی دۆڤلەتۆڤ لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی شەست و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە ساڵی 2018 چووە سەر پەردەی سینەماکان و خەڵاتی "ورچی نوقرەیی" ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی بۆ بەشی "باشترین دەستکەوتی هونەری" بەدەستهێنا کە بە "ئێلێنا ئۆکۆپنایا" بەخشرا کە دیزاینی سەحنە و جلوبەرگی ئەم بەرهەمە سینەماییەی لە ئەستۆدابووە.

خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هاوکاریی پێشووی "ئێلێنا ئۆکۆپنایا" لەگەڵ "ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" فیلمێکی سینەمایی درامی ـ زانستی و خەیاڵاویی بوو بە ناوی "لە ژێر هەورە ئەلەکترونییەکان" Under Electric Clouds کە یەکەمین چالاکی سینەمایی ئەم سینەماکارەیە کە لە ماڵپەڕیی "ئای.ئێم.دی.بی" IMDB تۆمارکراوە کە لە بەشی شەست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە ساڵی 2015 ئامادەبوو و خەڵاتی "ورچی نوقرەیی" ئەم فیستیڤاڵەی بۆ بەشی "باشترین دەستکەوتی هونەری" بەدەستهێنا. بەڵام بە جیاوازییەک کە ئەم خەڵاتە بە "ئێوگنی پریڤین" Evgeniy Privin و "سێرگئی میخالچۆک" Sergey Mikhalchuk بەڕێوەبەرانی وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە سینەماییەی "ئالێکسی جێرمان" بەخشرا کە ڕووداوەکانی زۆربەی بەرهەمەکانی لە سەردەمی "ژۆزێف ئێستالین" Joseph Stalin و جەنگی جیهانی دووهەم تێپەڕدەبێت و ئەم سەردەمەی مێژوو لە باروودۆخێکی قەیراناویدا وێنە دەگرێت.

زۆربەی فیلمەکانی "ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" بە شێوازیی ڕەش و سپی یاخود بە شێوازێک کە ڕەنگوڕوویان پێوەنەمابێت وێنەدەگیرێت و هەر بەم هۆیەوە دیمەنێکی ڕەش و تاریک لەخۆدەگرن.

"ئالێکسی جێرمان ـ جۆنیۆر" ساڵی 2008 بە فیلمی سینەمایی "سەربازی کاغەزی" Paper Soldier لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی شەست و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" Venice لە وڵاتی ئیتالیا بەشداریی کرد و خەڵاتی باشترین دەرهێنانی ئەم فیستیڤاڵە بەنرخەی سینەمای جیهانی بەدەستهێنا

سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر بە بەڕێوەبەرایەتی "رەزا میرکەریمی" بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لە رۆژانی 19 تا 27ی ئەپرێلی 2018 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە شاری تاران لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.