CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 105 میوان

بە ئامادەبوونی سینەماکارانی دنیا فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر بەڕێوەدەچێت

مەنسوور جیهانی ـ بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە سینەماکارانی دنیا سی و شەشەمین فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە شاری تارانی پێتەختی ئێران بەڕێوەدەچێت.

کەمتر لە یەک مانگ بۆ بەڕێوەچوونی سی و شەشەمین خولی فیستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر FIFF کات ماوە و ئەم خولەی فێستیڤاڵ، بە بەڕێوەبەرایەتی سینەماکاری ئێرانی سەید "رەزا میرکەریمی" و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە سینەماکارانی دنیا لەونە: دادوەران، دەرهێنەران، رۆژنامەنووسان، رخنەگران و میوانانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "سینەمای سەعادەت" واتە بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتی" بۆ فیلمە بڵیندە سینەمایی و کورتە فیلمەکان، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "ڕوانگەی شەرق" واتە "پانۆڕامای سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "جامی جیهان نەما" واتە فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان، بەشی دیکۆمێنتاریی "ژێر گەورەکردنەوە"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "نمایشی تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیهان و هەروەها بەشی "دارۆلفۆنوون" واتە "پەیداکردنی بەهرەمەندان"، کۆڕ و کۆبوونەوە زانکۆیی و ڤۆرکشۆپی فێرکاریی لە رۆژانی 19 تا 27ی ئەپرێلی 2018 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە شاری تاران بەڕێوەدەچێت.

ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 5000 فیلمی بڵیند و کورتە فیلم بۆ بەشداریی لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر فۆڕمی بەشداربوونیان پڕکردبۆوە و لە دەرئەنجامدا 140 فیلم لە 58 وڵاتی جیهان گەیشتنە قۆناغی کۆتایی فێستیڤاڵ و بە گشتیی زیاتر لە 150 بەرهەم لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی نمایشکران، لەوانە: 15 فیلم لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای سەعادەت" Cinema Salvation واتە پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، 16 فیلم لە بەشی پێشبڕکێی "فێستیڤاڵی فێستیڤاڵەکان" واتە "جامی جیهان نەما" Cup of Divination، 15 کورتە فیلم بۆ نمایش لە بەشی "ڕوانگەی شەرق" Eastern Vista واتە "پانۆڕامای فیلمەکانی وڵاتانی ئاسیایی و ئیسلامی"، 10 کورتە فیلم، فیلمی دیکۆمێنتاری و فیلمی سینەمایی لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "زەیتوونە بریندارەکان" Broken Olive Trees، 7 فیلم لە بەشی "چاوخشاندنێک بە سینەمای کۆریای باشوور"، 7 فیلم لە بەشی "سینەمای باڵتیک" لە سێ وڵاتی لیتوانی، لێتۆنی و ئستۆنی، 5 فیلم لە وڵاتانی کۆریای باشوور، ژاپۆن، رووسیا، پۆڵەندا و مەکزیک و فیلمێکی ئێرانی لە بەشی سینەمای وەحشەت Horror بە ناونیشانی "سێبەرەکانی ترس" Shadows of Horror، 12 فیلمی بیانی و دوو فیلمی ئێرانی لە بەشی "نمایشە تایبەتەکان" واتە بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانی سینەماکارانی گەورەی جیهان Masters of Cinema لەوانە: فیلمی دیکۆمێنتاری ئەمەریکی "سەفەری کات" Voyage of Time لە دەرهێنانی "ترێس ماڕڵیک" Terrence Malick، فیلمی سینەمایی "من دانیل بلیک" I، Daniel Blake "کەن لووچ" Ken Loach، فیلمی پۆڵەندی "ئەوپەڕی دیمەن" Afterimage لە دەرهێنانی "ئاندرێ وایدا" Andrzej Wajda، فیلمی سینەمایی "کچی نەناسراو" The Unknown Girl لە دەرهێنانی "لوک داردەن" Luc Dardenne و "ژان پیێر داردەن"Jean-Pierre Dardenne لە وڵاتی فەڕەنسا و ...، 8 فیلمی بیانی و 4 فیلمی ئێرانی لە بەشی لاوەکی دیکۆمێنتی "ژێر گەورەکردنەوە"، 8 فیلمی بیانی و فیلمێکی ئێرانی لە بەشی "خۆشەویستی لەگەڵ ژینگە"، 7 فیلمی بیانی و 3 فیلمی ئێرانی لە بەشی "کلاسیکە نوێژەن کراوەکان" Classics Restored لەوانە: فیلمی سینەمایی "دز" Pickpocket لە دەرهێنانی "رۆبێرت بێرسۆن" Robert Bresson، فیلمی سینەمایی "ئستیمبۆت بیل جۆنیور" Steamboat Bill، Jr. لە دەرهێنانی "باستێر کیتۆن" Buster Keaton و "چارڵز رایسنێر" Charles Reisner، فیلمی سینەمایی "دوایین شانس" The Last Chance لە دەرهێنانی "لێئۆپۆلد لینتێربێرگ" Leopold Lindtberg، فیلمی سینەمایی "شەڕ" Ran لە دەرهێنانی "ئاکیرا کۆرۆساوا" Akira Kurosawa، فیلمی سینەمایی "دەنگی تەنیایی مرۆڤ" The Lonely Voice of Man لە دەرهێنانی "ئلکساندێر سۆکۆرۆف" Alexander Sokurov، فیلمی سینەمایی "خۆرهەڵدێت" Daybreak لە دەرهێنانی "مارسێل کارنێ" Marcel Carné و فیلمی سینەمایی "ڕۆشناییەکانی شەو" City Lights لە دەرهێنانی "چاڕلی چاپلین" Charlie Chaplin و 3 فیلمی سینەمایی لە دەرهێنانی سینەماکارانی ناوداری ئێرانی لەوانە: فیلمی سینەمایی "ماڵی خودا" لە دەرهێنانی "جەلال موقەدەم"، "ڕووداوێکی ساکار" لە دەرهێنانی "سۆهراب شەهید سالس" و "ناخودا خورشید" لە دەرهێنانی ناسر تەقوایی و ... .

ساڵی ڕابردوو، لە بەشی "دارۆلفۆنوون" 70 میوان لە وڵاتانی جۆراوجۆر و هەروەها 52 لاو لە پارێزگا جۆراوجۆرەکانی ئێران ئامادەبوون و بە مامۆستایەتی سینەماکارانی ناودار و بەئەزموون و فیلمسازانی لێهاتووی بیانی و ئێرانی زیاتر لە 50 ڤۆرکشۆپی فێرکاریی و کۆڕ و کۆبوونەوە زانستی بەڕێوەچوو.

"دارۆلفۆنوون" کە بە "ئۆردووی بەهرەمەندان" Talent Campus لە فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر ناسراوە، بە مەبەستی فێرکردن و ناساندنی بەهرەمەندە لاوە فیلمسازەکان لە ناوچە ووڵاتانی دیکە دامەزراوە و بەلەبەرچاوگرتنی بێوێنەیی ئەم جۆرە ڤۆرکشۆپانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئاسیا پێشوازییەکی بەرچاو لەم بەشەی فێستیڤاڵ کراوە.

هەروەها لە تەنیشت بەڕێوەچوونی سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە ساڵی 2017، بیستەمین خولی بازاڕی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر بە ئامادەبوونی 177 نوێنەر لە 92 کۆمپانیای ئێرانی و بیانی لە وڵاتانی فەڕەنسا، لوبنان، ئەڵمانیا، مەغریب، بۆسنی، تایوان، چین، کۆریای باشوور، ژاپۆن، رووسیا، ئیتالیا، مالزی، ئەفغانستان، ئازەربایجان، سویسڕا، نۆروێژ و ... بەڕێوەچوو.

لە ساڵی 2018 تا ئێستا لە لایەن دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، زیاتر لە 1200 بەرهەم بۆ نووسینگەی سی و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی فەجر لە ئێران ڕەوانەکراوە کە دوای دەستنیشانکردن لە لایەن ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فێستیڤاڵەوە، ژمارەیەک لەم فیلمانە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی ئەم فێستیڤاڵە لە رۆژانی 19 تا 27ی ئەپرێلی 2018 لە کۆمەڵەی پەردیسی سینەمایی "چارسوو" لە شاری تاران نمایش دەکرێن.