CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 92 میوان

کتێبێکی نوێ سه‌باره‌ت به‌"عه‌باس کیارۆسته‌می" له‌فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر بڵاوده‌بێته‌وه

مه‌نسوور جیهانی ـ هاوکات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر؛ کتێبێک سه‌باره‌ت به‌سینه‌مای "عه‌باس کیارۆسته‌می" پێکهاتوو له‌نووسین و وتارگه‌لێکی بڵاونه‌کراوه‌و ده‌قی وه‌رگێڕدراو له‌مه‌ڕ به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م

سینه‌ماکاره‌بلیمه‌ت و هه‌ڵکه‌وته‌یه‌و سێ دیمانه‌و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ خودی ئه‌و په‌رده‌ی له‌سه‌ر لاده‌درێت.

به‌پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر FIFF، "سه‌ید عیماد حوسێنی" به‌رپرسی یه‌که‌ی لێکۆڵینه‌وه‌و چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی کۆمیته‌ی زانستی و زانستگایی سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر سه‌باره‌ت به‌چالاکییه‌کانی ئه‌م بواره‌له‌فیستیڤاڵی ئه‌مساڵ، گوتی: کتێبێکی پێکهاتوو له‌نووسین و وتارگه‌لێکی بڵاونه‌کراوه‌و ده‌قی وه‌رگێڕدراو به‌مژار و بابه‌تی سینه‌مای "عه‌باس کیارۆسته‌می" Abbas Kiarostami و سێ دیمانه‌و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ خودی ئه‌و خه‌ریکه‌ئاماده‌ده‌کرێت که‌له‌رۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له‌رێوڕه‌سمێکدا له‌په‌ردیسی سینه‌مایی "چارسوو" له‌شاری تاران و به‌ئاماده‌بوونی هونه‌رمه‌ندان و سینه‌ماکارانی ئێرانی و بیانی په‌رده‌ی له‌سه‌ر لاده‌درێت.

به‌وته‌ی به‌رپرسی یه‌که‌ی لێکۆڵینه‌وه‌و چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی کۆمیته‌ی زانستی و زانستگایی سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر، ئه‌م په‌ڕتووکه‌‌پێکهاتووه‌له‌هه‌شت وتار و سێ چاوپێکه‌وتن که‌هه‌ندێک له‌وتاره‌کان و دیمانه‌کانی ئه‌م کتێبه ئه‌نجامی کار و تێکۆشانی لێکۆڵه‌رانی ئێرانی و هه‌ندێکیشیان به‌رهه‌می نووسه‌ران و خاوه‌نڕایانی بیانیه‌.

‌"سه‌ید عیماد حوسێنی" له‌مه‌ڕ شیکردنه‌وه‌ی زیاتری بابه‌ته‌کانی ئه‌م کتێبه‌رایگه‌یاند: هه‌ر یه‌که‌له‌وتاره‌کانی ئه‌م کتێبه‌له‌سووچێکی جیاوازه‌وه‌ده‌پرژێته‌سه‌ر به‌شێک له‌به‌رهه‌مه‌کانی "عه‌باس کیارۆسته‌می"، بۆ وێنه‌له‌وتارێکی خاتوو دکتۆر "پاک شیراز" مامۆستای زانستگای "ئێدینبرۆ" Edinburgh فیلمه‌کانی کیارۆسته‌می له‌روانگه‌ی جیهان بینیی ئیسلامی لێکدراونه‌ته‌وه‌.

حوسێنی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌فۆرم و ناوه‌رۆکی به‌رهه‌مه‌کانی "عه‌باس کیارۆسته‌می"دا ده‌توانرێ به‌شێوه‌ی جیددی شوێن پێی نیشانده‌ره‌فه‌رهه‌نگییه‌کانی شوناسی ئێرانی بدۆزرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و، له‌سه‌ر ئاستی جیهان بینه‌رانێکی زۆری له‌گه‌ڵ خۆی کردۆته‌و هاوڕێ و له‌فیستیڤاڵه‌گرینگه‌کانی دونیادا چه‌ندین خه‌ڵاتی پڕئه‌ژماری به‌ده‌ستهێناوه‌. ره‌نگه‌بی هۆ نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌و ناسراوترین سینه‌ماکاری ئێرانی له‌سه‌ر ئاستی جیهانه‌که‌هیوا ده‌خوازین ئه‌م کتێبه‌هه‌نگاوێکی کاریگه‌ر بێت بۆ لێکۆڵینه‌وه‌گه‌لی به‌ربڵاوتر سه‌باره‌ت به‌شێوازه‌کانی فیلم چێکردن و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌م‌که‌سایه‌تییه‌به‌رجه‌سته‌و دیاره‌ی سینه‌مایی وڵاتی ئێران.

به‌رپرسی یه‌که‌ی لێکۆڵینه‌وه‌و چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی کۆمیته‌ی زانستی و زانستگایی سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له‌کۆتاییدا گوتی: له‌سی و پێنجه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر کتێبێک به‌ناونیشانی "سڕینه‌وه‌ی دیارده‌رۆژئاواییه‌کانی خوێندنه‌وه‌ی فیلم" بریتی له‌وه‌رگێران، سه‌ره‌تا، چوار وتار و سێ دیمانه‌ی هه‌ڵبژێردراو له‌کتێبێک هه‌ر به‌و ناوه‌له‌ ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی "راتلێج" چاپ و بڵاو کرایه‌وه‌و په‌رده‌ی له‌سه‌ر لادرا که‌ئه‌مساڵیش کۆڕێکی پسپۆڕانه‌هه‌ر به‌و مژار و ته‌وه‌ره‌و به‌ئاماده‌بوونی مامۆستایانی ناسراوی زانستگاکانی ئه‌ورووپی به‌ڕێوه‌ده‌چێت که‌یه‌کێک له‌نووسه‌ره‌کانی ئه‌م کتێبه‌ش‌میوانی فیستیڤاڵی ئه‌مساڵ ده‌بێت.

سی و شه‌شه‌مین خولی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فه‌جر له‌رۆژانی 19 تا 27ی ئه‌پرێڵی 2018ی زایینی رێکه‌وتی 30ی خاکه‌لێوه‌تا 7ی گوڵانی 1397ی هه‌تاوی به‌ده‌بیریی "سه‌ید ڕه‌زا میرکه‌ریمی" له‌شاری تاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.