CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 39 میوان

دایکانی من لە فیستیڤاڵی فیلمی میدیاوەیڤ لە ھەنگاریا نمایش دەکرێت

مەسعودی مەلا ھەمزە: فیلمی "دایکانی من" لە دەرھێنانی سینەماکارانی کورد "ئیبراھیم سەعیدی" و "زەھاوی سنجاوی" لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "میدیاوەیڤ" لە ھەنگاریا نمایش دەکرێت.

بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتی فیلمی "دایکانی من"، فیلمی بەڵگەنامەیی بڵندی "دایکانی من" لە دەرھێنانی سینەماکارانی کورد "ئیبراھیم سەعیدی" و "زەھاوی سنجاوی"، بە ئاوازدانەری موزیکزانی ناوداری ئێرانی "حوسێن عەلیزادە" و لە بەرھەمھێنانی "عەباس غەزالی" لە بەشی سەرەکی کێبڕکێی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "میدیاوەیڤ" MEDIAWAVI لە وڵاتی ھەنگاریا دەچێتە سەر پەردەی سینەما.
فیستیڤاڵی فیلمی "میدیاوەیڤ" کە بە یەکێک لە پڕبایەخترین فیستیڤاڵەکانی بەڵگەفیلم لە ئەوروپا دێتە ئەژماردن لە رۆژانی ٢ تا ١٢ی جوونی ٢٠١١ لە ھەنگاریا بەڕێوەدەچێت.
فیلمی بەڵگەنامەیی بڵندی "دایکانی من" کە بەرھەمی ھاوبەشی ئێران و ھەرێمی کوردستانە سەبارەت بە جینایەتەکانی رژێمی بەعس و کوشتنی بەکۆمەڵی کوردەکانە لە کوردستانی عێراق، ئەم فیلمە بە وردبوونەوە لەسەر بابەتی ئەنفال دەچێتە نێو چەندین بنەماڵەی بەجێماوی ئەو جینایەتە سامناکە و ژیانی سەخت و تاقەت پروکێنی دایکان، کچان و ھاوسەرانی قوربانییەکانی ئەم جینایەتە بەکۆمەڵە نیشانی بینەر دەدات.
فیلمی بەڵگەنامەیی بڵندی "دایکانی من" تا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵی جۆراوجۆری نێونەتەوەیی فیلم لە وڵاتی ئێران و سەرتاسەری جیھان نمایش کراوە و لە دوایین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە فێستیڤاڵی فیلم گەلی ئێرانی "بۆستۆن" لە شوێنی مۆزەخانەی ھونەرە جوانەکانی شاری بۆستۆن لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.