CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 179 میوان

سێبەری وەرینی گەڵا

سەردار جاف
لە بن سێبەری دارێکی رووت رووت ھەڵکوڕماو، لە خەیاڵدانیدا ئەفسوس خەم ھەناوی دەخوا، گێنگڵی دەدا، لە کوێی دەرگای ئەو ھەستانەوە ھەڵدەکڕووزێی، کە ئەوت کردە ھاودەمی ئازارەکانت مەیلەکانت بۆی نەدەبزوا؟ ئەو ھەناوی سەراپا لە ئاگردانی کولیتەیەکی قوڕاوی گوندێکی دوور دەست دەچوو، نێڵەی گڕی مەجمەرەکە لە زمستانێکی شەختە و دەست و پەنجە تەزیو و ڕچیودا دۆراندۆرەکەی پڕ ئۆخەی دەکردن، وەک شەمەندەفەرەکانی مێژوویش چڕە دووکەڵی سەربانێژە داخراوەکە قەف قەف سپی سپی لە تەک ھەورا ئاوێزان دەبوون، ئەوە ئاە و نزولەی دڵە ھەڵقرچاوەکەیەتی ئاگر و ئاو باوەش بە یەک دەکەن و دەبنە ئازیز.
شەو گوناھی نییە تاریک دادێ، ئەو راپێچکراوی دەستی زۆرەملێی دیکتاتۆرێکە ھێشتا لە کەفی ھەڵچوونی برین تێنەگەیشتووە، بە گریان بڵێن چیدی لە گەڵ شەوی تاوانبار ژوان نەبەستێ ، چونکی ئازارەکانیش لە ھەناوی شەوەوە ھاوێر دەبن، ئەویش بەرگەی ئەو مۆتەکەی حەسرەت و کەسەرییە ناگرێ، شەو ھێندە ڕەشە کڕنوش بۆ بەردەرگای جریوەی ئەستێرەیەک دەبا عەوداڵی سوکنایی کۆڵانە سەرشێتەکانی شینگێڕییە.
شەو لە مرۆڤێکی نابووتی رەزا قورس و وەڕس و بێزارکەری سیرەگڕی رۆح دەچێ، تروسکایی و نوزەی رۆشنایی بەدیل دەگرێ ودڵە داخورپاوەکان زێتر دادەچڵەکێنێ، ناھێڵێ ئۆخەی لە بەر خرمژنی میلۆدییەکی سەماو رۆمانتیکییەوە بکا، ئەوە کۆچە و بە دووی رۆحەوە ئاشنابووە، گەرەکییەتی رەدووی کەوێ لە تەک باڵندە نابیناکان لە تاریکستانی ئاسمانی غوربەتا شەقشەقەی باڵی بێ، ئەو باڵشکاوی ھەناسەی ترێیە چەوا لە ئاسمانی شلوێدا ئاوازی بۆ دەچڕێ، ھەناسەکانی ھەناری لێ قۆرخکراوە، بە باریکتریین تالە مووی سۆزی روناھی دەگەڕێتەوە بۆ بن بەفر و بە پەنجە تەزیوەکانی بۆڵە ترێ لە باخەوان دەڕفێنێ و لە بری شەو دەبێتە تاوانبار، پرچی بەیانی لەرۆخی ساراستانی دارئەرخەوانە ئیدی چۆن سەیوان بۆ گریانەکانی ھەڵنادا، مەحاڵە خەزان بە خەزان ناسپێرێ دوورە پەرێز نابێ، ئەوە جەللادی ھەناسەی ترێیە زێتر لە نێو خەزانی نوقم دەکا، ئەوە دەست و پەنجە بە زنجیر و یەخسیرکراوەکەیە شەوی لە ئاوێزان کردووە و بە شەرابی مێوژێک نامۆ و دوورە تەریقەتە.
شوێنکەوتەی ئەو خەڵوەتەیە تا لە دەرگای رۆژی سووری دیرۆک بدا، ئااااە حیلەی ئەسپەشێکەی سەرمەست و کاسەوڕ و گێژاوی نێو گێژەلوکەیە، بۆ خۆیشی نازانی لە کام کڵاورۆژنەی رۆحییەوە بۆ دڵێک غلۆر بۆتەوە جگە لە کەسەرباری چیدی تیا جێ نەبۆتەوە، لە سێبەری دوێنێ ئاوەز پشووی حەوانەوەی وەرگرتبوولە پڕ شمشێری ھەورەچەخماخەی چڵکنی شەو نرکە و ناڵەی خۆی ھەلزنان بە رۆحێکی نوستوو و شەقار شەقاری گاگۆڵکێی ئاوبەربوویھەناری تازە رۆنیشتووی دڵ، ئەمشەو لە کوێی غەریبیت دەکا لە کام یاداشتی نوێبوونەوەی خۆیا تۆمارت بکا لە کام شینگێرەوە قورتارت بکا و لە ساتەوەختی حەساری عەقڵا قوڵبەستی قوڵفبەندی گرێبەستێکت بکا، لە دێوجامەی نەبوونی مرۆ بوونا ئازادی و رەھایی خود لە گەردن بنێی، ھێشتا خۆرئاوا نەببوو لە دێوجامەی ئەسرینەکانت ئاخنیم، ئاخر چۆن شەوی لێ بروا..... دەزانی شێتە ئەوە رۆحم بوو پێی شەرم بوو خۆی بدوێ منی راسپارد بۆتان بنوسم ........