CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 131 میوان

دیدێکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی_ کورد لە دیدی سوێدییەکانەوە_

سەدیق سەعید ڕواندزی
زۆرجار ڕێککەوتووە، ناونیشانی وتارێک یاخود کتێبێک، سەرنجمان ڕادەکێشێتء لەو ڕوانگەیەشەوە، دەچینە نێوکتێیەکەو دەیخوێنینەوە. لە ھەندێ کاتدا،

ناونیشانەکان جوانء ءاتادارنء لە ھەندێ کاتیشدا، ناونیشانێکی سادەو ئاسایین.بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، کە ناویشان، کلیلی کردنەوەی ھەر دەقێکەوسەرەتاو دەسپێکی گرنگء سەرنج ڕاکێشە، بۆ ئەوەی خوێنەر کتێبەکە بخوێنێتەوە. زۆرجار ڕووبەڕووی ناونیشانی وادەبینەوە، کە خوێنەر سەرسام دەکاتء حەزدەکات لە زووترین کات کتێبەکە بخوێنێتەوە. کاتێکیش دەست بە خوێنەوە دەکەین، دەبینین کتێبەکە لە ئاست ئەو ناونیشانە گەورەیە نییە کە بۆی دانراوە. ناوەڕۆکێکی سادەو ساکاری ھەیە. کورد لە دیدی سوێدییەکانەوە، ناونیشانی کتێبێکە، کە کاوە ئەمین ئامادەی کردووەو ناوەندی توێژینەوەی مێژوویی جەمیل ڕۆژبەیانی لەوماوانەی ڕابردوودا،چاپی کردووە. خوێنەر کەئەوناونیشانە دەبینێت، بیری بۆ ئەوە دەچێت کە ئەو کتێبە، ڵێکۆڵینەوەیەکی سیاسیء سۆسیۆلۆژیء فەرھەنگییە، کە تیایدا سوێدییەکان لە بارەی کوردەوە نووسیویانە. یاخود دیدی فیکریء ڕەخنەییء کلتووری سوێدییەکانە بۆ جالیەی کوردوئاوێتەبوونی تاکی کوردییە، وەک تاکێکی ڕۆژھەڵاتی لە گەڵ کلتووری وڵاتێکی خۆرئاوادا. کەچی کە کتَێبەکە دەخوێنینەوە، دەبینین بە پێچەوانەوەیە. ناوەڕۆکی ئەو کتێبە، زنجیرە چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی سیاسیء ئەکادیمیء حزبیءئایینی، کە دۆستی کوردنء نووسەر لە میانەی چاوپێکەوتنیاندا، لەو کتێبەدا کۆی کردوونەتەوە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە،بە شێکی زۆری وەڵامی ئەو کەسایەتییانەو ھەڵسەنگاندیان بۆ نەتەوەی کورد، وەک گەلێکی بێ دەوڵەت، ھیچ پەیوەندییان بە ئێستای ئەزموونی کوردیء دۆخی سیاسیء کارگێڕیء ئابووریانەی ھەرێمی کوردستانەوە نییە. بەڵکو زۆربەیان پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی ساڵانی شەستء شۆڕشی ئەیلولء کارەساتەکانی گەلی کوردەوە ھەیە، لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا. نازانم ئەو وەڵامء پرسیارانە، چ پەیوەندییان بەخوێنەری کوردو تاکی کوردەوە ھەیە لە ئێستادا؟ ئەگەر خوێنەرێکی کورد مەبەستی بێت لە بارەی شۆڕشی ئەیلولەوە زانیاریی ھەبێت، پێویست بەوە ناکات لە دەمی بەساڵاچووێکی سوێدییەوە بیزانێت.چونکە ئەوەندە سەرچاوە ھەیە، لە بارەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە، کە خوێنەری کورد بە ئاسانی دەتوانێ لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکات. ھەر بۆنموونە:دووبەرگ لە کتێبەکەی مام جەلال، گێڕانەوەی مێژووی نزیکەی ھەفتا ساڵی سەدەی ڕابردووە. خۆشی وەک سیاسییەک لە نێو ڕووداوەکان دابووە. لەلایەکی ترەوە،ئامادەکاری کتێبەکە، ھەندێک پرسیاری ئاراستەی ئەو کەسایەتییانە کردووە، کە ھیچ پەیوەندییان بەکوردو دیدی سوێدییەکانەوە بۆ کورد نییە.بۆنموونە پرسیاری ئەوەیان لێدەکات، ژنەکەت ناوی چی بوو؟ کەی یەکترتان ناسی؟ بە خۆشەویستی بوو ؟ زەماوەندەکەتان چۆن بوو؟ یاخود پرسیاری کێشەی فەلەستینء ئسرائیلیان لێدەکات. یاخود باسی قڕکردنی جووەکان دەکات لە سەر دەستی نازییەکانەوە.نازانم ئەو پرسیارء سادەو نابابەتییانە چ پەیوەندییان بە کوردو خوێنەری کوردەوە ھەیە؟ ئەو دیدەسادەو ساکارانە، ھیچ بایەخێکیان لە ڕووی سیاسیء کلتوورییەوە بۆ کورد نییە. وێرای ئەمەش ئەگەر لەناوەڕۆکی وەڵامەکانی ئەو کەسایەتییانە بڕوانین، دەبینین ھەندێکییان زانیارییەکی ئەو تۆیان لە بارەی کوردەوە نییە. بۆنموونە: لە ڵاپەڕە ١١٩دا، ئامادەکاری کتێبەکە دەربارەی ئۆلف پاڵمە پرسیار لە یەکێکییان دەکات، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت:(من خۆم ھیچ کاتێک دەربارەی کوردەکان قسەم لەگەڵ پاڵمە نەکردووە). بەھەمان شێوە لەڵاپەڕە ١٧٤دا پرسیار لە بارەی ئۆجەلانەوە دەکات. ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت:(زۆرشت لەبارەی ئۆجەلانەوە نازانم!). دیسانەوە لە ڵاپەڕە ١٨٤دا پرسیار لە بارەی تۆمەت بارکردنی کورد لە کوشتنی ئۆلف پاڵمە دەکات،ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: (نازانم بۆچی کوردییان تۆمەتبارکرد).ئەگەر کەسێک ئاگاداری کێشەی کورد بێت، دەبێ بزانی بۆ ئەو تۆمەتەیان بۆداپاڵ کورد. لە شوێنێکی دیکەش پرسیار لە یە کێکییان دەکات، ئەویش دەڵێت:( تا ئێستا سەردانی کوردستانم نەکردووە). بێگومان ناونیشانی ئەو کتێبە، زۆر لە ناوەڕۆکەکەی گەورەترە. دیدی سوێدییەکان، مەبەست ھەموو گەلی سوێدە. بۆیە دەبوو ئامادەکاری کتێبەکە ناونیشانی( کورد لە دیدی چەند کەسایەتییەکی سوێدییەوە) بۆ کتێبەکەی دانابا. یاخود نووسەر لە بڕی پرسیارکردن لە بارەی ھەندێک بابەتی لاوەکیء سادە، دەیتوانی پرسیاری ئەزموونی حوکمرانیەتی کوردیءدیموکراسیەتء دیدی سوێدییەکان بۆ حوکمڕانی کورد بکات. دەیتوانی پرسیاری ئاوێتە بوونی مرۆڤی کورد لە گەڵ گەلی سوێدی بکات. پرسیار لە بارەی بەریەککەوتنی کلتوورەکان بکات. یاخود بۆبەشێکی زۆری مرۆڤی کورد کە دەچنەخۆر ئاوا، ناتوانن ئەو ئەقڵیەتە ڕۆژھەڵاتییە لە خۆیان دابماڵن، کەلە ڕۆژھەڵاتەوە پێی گۆشکراون.دەبوو لە بارەی کلتوور، زمان، ناسنامە،ئۆپۆزسیۆنء حوکمڕانیەتی کوردیء چەندین بابەتی دیکەی مێژووییء کلتووری فەرھەنگی، دیدی سوێدییەکانی بۆ کورد شیبکردایەتەوە. نەک پرسیاری ڕووداوێکی ساڵانی شەستییان لێبکات. کە بۆ خوێنەری کورد لە ئێستادا کۆنبوونء بوونەتە بە شێک لە مێژوو، بایەخیان نەماوە.منی خوێنەر کارم بە ژیانی تایبەتیء کەسی ئەو کەسایەتییانە چییە. وێرای ھەموو ئەو سەرنجانەش، کتێبەکە لە ڕووی زمانەوانیء ڕێنووسء ھەڵەی چاپ، چەندین کەمء کورتیء ھەڵەی تێدایە. وشە ھەیە بەچوارجۆری زمانەوانی جیاواز نووسراوە. وەک:( حکومڕانی_حوکومڕانی_ حووکومڕانی_حوکوڕانی). ھاوکات چەندین ھەڵەی زمانەوانی دیکەش ھەن، کە ئاماژە بە ھەندێکییان دەدەین.ڵا٥٢ نووسراوە(مەسحین)ڕاستکردنەوە(مەسیحی)ڵا٥٥نووسراوە(بوخوادی)ڕاستکردنەوە(بەخوای)ڵا٦٨نووسراوە(شەقڵاوا)ڕاستکردنەوە(شەقڵاوە)ڵا٧٢نووسراوە(داکۆکۆی)ڕاستکردنەوە(داکۆکی)ڵا٧٨نووسراوە(حەمدید)ڕاستکردنەوە(حەمید)ڵا٨٠نووسراوە(وگت)ڕاستکردنەوە(گوت)لا١٢١نوسراوە(بەکارلیۆس)ڕاستکردنەوە(بەکالۆریۆس)ڵا١٢٩نووسراوە(سەفر)ڕاستکردنەوە(سەفەر)ڵا١٤٨نووسراوە( تەماشی) ڕاستکردنەوە (تەماشای) ڵا١٨٩نووسراوە(تەموز)ڕاستکردنەوە(تەمموز). کە ئەگەر خوێنەران کتێبەکە بخوێننەوە ڕەنگە درک بە زۆر ھەڵەی دیکەش بکەن.َ

پەراوێز/ کورد لە دیدی سوێدییەکانەوە/ ئامادەکردنی کاوە ئەمین_بڵاوکراوەی ناوەندی توێژینەوەی مێژوویی جەمیل ڕۆژبەیانی/ ساڵی ٢٠١٧.