CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 40 میوان

فروخى فەڕڕوخزاد_ نامەیەک بۆ باوکم

بابە گیان، زۆر دەمێکە  نامەم بۆ نەنووسیووى. واتا نووسییوویشمە بەڵام بۆم نەناردووى. هێشتا لەسەر مێزەکەمدا دوو نامە دانراوە کەلەسەر هەردووکیان ناونیشانى تۆم لێنووسیووە، بەڵام هەمیشە بیرم لەوە کردۆتەوە کەپێویستە نامەکان بگۆڕم هەربۆیە بەو شیوەیە لەسەر مێزەکە ماونەتەوە. نازانم ئێستا دەتوانم چیت بۆ بنووسم. من باشم. وەک هەمیشە مرۆڤ هەرچەندە دەروێشانەتر بژى  زیاتر هەست بە ئاسوودەى دەکات.  من خۆم واڕاهێناوە کە زۆر چاوەڕوانیم لە ژیان نەبێت.

هەمیشە دەڵێم ئەوەى کە هەیە هێشتا هەرباشە. زۆر کەس هەن کەبەئەندازەى منیش خۆشبەخت نین و من بەم شێوەیە کەمتر بیردەکەمەوە و زیاتر دەژیم. ئەمیریش حاڵى باشە. ئێمە زۆربەى ڕۆژ یەک دەبینین و وەک هەمیشە زۆربەى گفتوگۆکانمان لەسەر دەوروبەرى تاران و هاوڕێیان و دایە و بابە دەسوڕێتەوە و ئەمەش تەنها بابەتێکە کە ئێمە دەتوانین ڕۆژانێکى زۆر لێوەى بدوێن و هەرگیز هەست بەماندووبوونیش نەکەین. ئێمە کاتێک بەیەکەوەین هەردووکمان هەستبەوەدەکەین کەچەندە ئەم کەسانەمان خۆشدەوێ و چەندمان پێخۆشە ئەوانە وجودیان هەبێت لە ژیانى ئێمەدا و هەست بەخۆشەویستى ئەوان بکەین. من بەنیازبووم لەسەرەتاى زستان بگەڕێمەوە بۆ ئێران. بەڵام ئەمیر ڕازى نیە و ئەو وابەباش دەزانێ جارآ هەر لێرە لاى ئەو بمێنمەوە و لەگەلڕ ئەودا بگەڕێمەوە بۆ ئێران. من هێشتا بڕیارم نەداوە. دڵم بۆ کامى تەنگ بووە. بەڵام لەلایەکى تریشەوە واهەست دەکەم هێشتا بارودۆخى دەرووننیم باش نیە و بەئەندازەى پێویست بەهێز و ئاسایى نەبوومەتەوە و ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ ئەوآ دووبارە هەمان ژیانى دۆزەخاویم سەرلەنوآ دەست پێدەکاتەوە و من دەترسم کە نەتوانم تەحەموولى هەندێک شت بکەم.  بابە تۆ دەربارەى وەزعى کار و خوێندنى من پرسیارت کردبوو. ئێوە دەزانن کەمن لەژیانمدا چ ئامانجێکم هەیە. ڕەنگە هەندآ نەفامانەش بێت، بەڵام من لێرە هەست بە ئاسوودەیى و خۆشبەختى دەکەم. من دەمەوآ ببمە شاعیرێکى مەزن و هۆنراوەم خۆشدەوآ. هەرگیز جگەلەمەش هیچ کارێکى ترم نەبووە، یەعنى لەو کاتەوەى کە خۆمم ناسیووە هەستم کردووە هۆنراوەم خۆشدەوآ. من ئەو کارەى دەیکەم بۆ فراوان بوونى بوارى تێگەیشتن و شعوورى خۆم دەیکەم. من هەرگیز بۆ بەدەستهێنانى دبلۆم یا خوێندنى باڵا دەرسناخوێنم، بەڵکو مەبەستى من ئەوەیە بتوانم بەفراوانکردنى بوارى زانیاریم لەو کارەى کە خولیایبووم واتا هۆنراوە بەردەوام بم و تێیدا سەربکەوم. لە ماوەى حەوت مانگدا لەم وڵاتە زمانى  ئێتاڵى بەباشى فێربووم. دوو  کتێبى هۆنراوەشم لەئیتالییەوە وەرگێڕاوە و ئێستاش بە یارمەتى ئەمیر سەرگەرمى وەرگێڕانى کتێبێکى ئەڵمانیم. کتێبێکى تریشم وەرگێڕاوە و ناردوومەتەوە بۆ تاران بۆ چاپکردن ئەڵبەتە دەرامەدتََکیشم لێى دەست دەکەوآ. من لەماوەى ئەم دە مانگەدا کە لەئەوروپادام کتێبێکى هۆنراوەشم نووسیووە  و بەنیازم چاپى بکەم بەناوى هۆنراوەى( خوداى من) . یەعنى من تائەو ئەندازەیە هۆنراوەم خۆشدەوآ. من شەو و ڕۆژ بەو خەیاڵەوە دەگوزەرێنم کە بتوانم هۆنراوەیەکى تازە و جوان بڵێم کە هیچ کەس تاوەکو ئێستا نەیووتبآ. ئەگەر بێتوو ڕۆژێک لەگەلڕ خۆمدا بەتەنها نەبم و بیر لەهۆنراوە نەکەمەوە ئەوا بەلاى منەوە ئەو ڕۆژە جگە لەڕۆژێکى بەتاڵ و بێمانا هیچى تر نیە. ڕەنگە هۆنراوە نەتوانآ بەڕواڵەت من خۆشبەخت بکات بەڵام لاى من خۆشبەختى ڕەنگێکى ترى هەیە. بەلاى منەوە خۆشبەختى ...جلى جوان و ژیانى باش و خواردنى خۆش نیە، من ئەو کاتە هەست بەبەختەوەرى دەکەم کە هۆنراوە ڕۆحى من ڕازى دەکات، گەربێتوو هەموو ئەو شتە جوانانەى کە خەڵکى حەسرەتى بۆ دەخۆن ببەخشنە من و لەبەرامبەردا تواناى هۆنراوەگوتنم لێبسەننەوە ئەوا یەکسەر خۆم دەکوژم. بابە تۆ لەمن خۆشبە، لێگەڕآ با بەلاى خەڵکیەوە من کەسێکى بەدبەخت و سەرگەردان بم بەڵام من هەرگیز سکاڵا لە ژیان ناکەم. بە خوا و بە مەرگى کوڕەکەم من تۆم خۆشدەوآ. بیرکردننەوە لە تۆ چاوەکانم پڕدەکات لە فرمێسک. من هەندێک جار بیرم لێکردۆتەوە و بەردەوامیش بیری لێدەکەمەوە کە بۆچى خودا منى بەم جۆرە ئافەراندووە و ئەو شەیتانەى بەناوى هۆنراوەوە لە وجودى مندا زیندووکردۆتەوە تا من نەتوانم ڕەزایەت و خۆشەویستى تۆ بەدەستبێنم. بەڵام خەتاى من نیە.  من توانا و تەحەموولى ژیانێکى ئاسایى وێناى ژیانى ملوێنان کەسى تر لەخۆمدا نابینمەوە. من نیازى هاوسەرگیریم نیە. من حەزدەکەم لە ژیانمدا جیاوازبم و لە کۆمەڵگادا ژنێکى دەرکەوتووبم و بڕواناکەم تۆ نەتوانى باوەڕ بەقسەکانم  نەکەى. بابە تۆ نامەم بۆ بنووسە چونکە من نامەکانى تۆم خۆشدەوآ. من حەزدەکەم شتێکى باشت بۆبکڕم و بۆتى بنێرم بەڵام نازانم تۆ حەزت لەچیە. من کەمآ پارەم هەیە کە دەمەوێت بۆ یەکەمین جار دیارییەکى بچکۆلانەى پێبکڕم بۆ باوکە باشەکەم،  بەڵام دەبێت  بۆمى بنووسى حەزت لەچیە.  ماچت دەکەم.
فروخى فەڕڕوخزاد
سەرچاوە سایتى:  دیباچە

 

 

و: کەژال عەلا