CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 39 میوان

فایه‌ق بێكه‌س 1948 – 1905

شاعیری‌ نیشتمانپه‌روه‌رو قاره‌مانی‌ راپه‌ڕینه‌كان فایه‌ق بێكه‌س، ناوی‌ فایه‌ق‌ ‌ عه‌بدوڵڵا به‌گی‌ كوڕی‌ كاكه‌ حه‌مه‌ی‌ كوڕی‌ ئه‌لیاسه‌ قۆجه‌یه‌.ساڵی‌ 1905 له‌گوندی‌ (سیته‌ك)ی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ خوێنده‌وارو ناسراو له‌دایكبووه‌.

دوو ساڵی‌ سه‌ره‌تای‌ ته‌مه‌نی‌ له‌ (سیته‌ك) بردۆته‌ سه‌رو پاشان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌ شاری‌ سلێمانی‌ نیشته‌جێ‌ بووه‌.
به‌ منداڵی‌ خراوه‌ته‌ حوجره‌، باوكی‌ فه‌رمانبه‌ری‌ عوسمانی‌ بووه‌ نه‌قڵی‌ به‌غدا كراوه‌و دواتریش چۆته‌ توركیا. ئه‌و كاته‌ی‌ باوكی‌ ئه‌مانی‌ به‌جێهێشتووه‌، به‌ماڵه‌وه‌ له‌به‌غدا بوون‌و له‌ ساڵه‌ سه‌خته‌كانی‌ جه‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ جیهانی دا كوێره‌وه‌رییه‌كی‌ زۆری‌ چه‌شتووه‌. هه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ برایه‌كی‌و دایكی‌و خاڵی‌ كۆچی‌ دواییان كردووه‌و فایه‌ق به‌ بێکه‌سی‌ ماوه‌ته‌وه‌.
ساڵی‌ 1918 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سلێمانی‌و تا ساڵی‌ 1923 له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وامبووه‌.
له‌ ناوه‌ڕاستی‌ بیسته‌كانداو بۆ په‌یداكردنی‌ بژێوی‌ ژیان چه‌ند ئیشێكی‌ گرتۆته‌ده‌ست‌و ماوه‌یه‌كیش مامۆستایی‌ كردووه‌.
سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 1930 بۆ سۆراخكردنی‌ كه‌سوكاری‌ باوكی‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ میراته‌كه‌ی‌ سه‌فه‌ری‌ توركیای‌ كردووه‌.

 

ئه‌م پیاوه‌ بلیمه‌ته‌ هه‌ر له‌ته‌مه‌نی‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ به‌هره‌ی‌ شیعری‌ تیاده‌ركه‌وتووه‌و له‌هۆنینه‌وه‌ی‌ شیعردا شێوازی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌بووه‌. فایه‌ق بێكه‌س نیشتمانپه‌روه‌رێكی‌ به‌هه‌ڵوێست‌و تێكۆشه‌رێكی‌ راستگۆ بووه‌. به‌شێكی‌ زۆری‌ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی‌ ته‌رخانكردووه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بیروباوه‌ڕی‌ نیشتمانیی‌و شیعره‌كانی‌ تا ئێستاش چه‌كێكی‌ كاریگه‌رن به‌ڕووی‌ داگیركه‌ران‌و كۆنه‌په‌رستاندا.
بێكه‌س رۆڵێكی‌ یه‌كجار گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو له‌ به‌رپاكردنی‌ راپه‌رینه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ شه‌شی‌ ئه‌یلول له‌ سلێمانی‌و له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ زیندانی‌ كرا. پاش ئازادكردنی‌ بۆته‌وه‌ به‌ مامۆستاو له‌ گه‌لێ‌ ناوچه‌دا خزمه‌تیكردووه‌.
ساڵی‌ 1937 فه‌رمانی‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ ده‌رده‌چێت بۆ شاری‌ (عه‌مماره‌)ی‌ خوارووی‌ عێراق و بێكه‌س-ی‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ‌ ناكات.
ساڵی‌ 1948 ده‌ستیكردۆته‌وه‌ به‌ مامۆستایی‌.
ئه‌م شاعیره‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌ی‌ كورد رۆژی‌ 18ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 1948 له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كۆچیدوایی‌ كردووه‌و ته‌رمه‌كه‌ی‌ له‌سلێمانی‌ به‌خاك سپێردراوه‌.

 

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی کوردسات.تیڤی