CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 60 میوان

هۆنراوە

شتێك بە شتێك دەکەن

نوسراوە بۆ {ئێن-ئاڕ-تی، خاوەن و بەڕێوبەر و کارمەندە بە تواناکانی}

شتێك بە شتێك دەکەن

بە دویاندا بگەڕێن
بیانهێننە پشت شاشە

بە نەریتی خۆتان بیاندوێنن
لە کەشی ڕاشکاو و ژیرانەدا
بە کلیلی پرسیار
دەرگای ڕابردوویان بکەنەوە

با ئەم گەلە
تەم و لێڵ بەچاوا کراوە
ژیان و ڕاستیی لێ ونكراوە
پڕاوپڕ بیانناسن
بڕیاریان لێ بدەن
بە کامیان دەڵێن چڵکاو
بە کام خوێن دەڵێن گوڵاو

با ئاشکرا بن
ئەوانەی لە لەشیاندا
دەماریان وەك مار هینگك دەدا
لە زاریشەوە
زمانیان شانە وشەی هەنگوینیی دروست دەکا

وە ئەوانەش
وەك یادگارێکی لەناوچوویان لێ نەیەت
پەڕەكانیان نەسڕدرێتەوە
کە شەبەق و ئاوەدانییان تۆمار کردووە
ناخیان هەڵماڵن و
ڕوویان پیشان بدەن

مەلە دەنوك ناسك وخوێنەرەکان
دووپشکە ژەهراویی و پێوەدەرەکان
ساتێك دابین بکەن بۆ سەرنجدان
سەرنج بدەن
سەردەمێکە ڕۆژگار
گەڕاوەتەوە سەر خولگەی خۆی
لەگەڵ شەکەتەکاندا دەگەڕێ
هاوڕای ئاشکرا کردنە
مەبەستیەتی
بەناوبانگ بکرێن
ئەوانەی کەبۆ نازدار کردنی نیشتمان و
حەوانەوەی خەڵك قوربانییان داوە ،
بەهاریین بۆ گەشەپێدان بەرپان
ئەوانەش
کە نەگبەتیی و دەڕزان لەسەر دەستیان ڕوویداوە و
ئاگرن بۆ سوتاندن هەر پەل دەهاوێژن

داوایان بکەن
ئەگەر نەهاتن
خەریکی خۆشاردنەوە و بیانو دروست کردن بوون
ئاگادارنامە-یەکیان پێشنیار بکەن
کە هەنگاویان نەنا بەرەو هێڵ
کردارنامە-یان بخوێننەوە
سەرتاپایان ڕەنگ بداتەوە تیایدا
ئەمە سنور بەزاندن نییە
ئەوەی پێی هەستاون و ئەنجامیان داوە
ئەوەیە پەنجەی ئەخرێتە سەر و دیار دەکرێ

گەل ئەلەرێتەوە
بێزاریی و ژانی لێ ئەتەكێ
ڕێگایەکی خاوێن و مرۆییتان گرتووەتە بەر
بەو شاشە ڕووناکەوە ئەڕۆن هاوشانی
جوانییەكی ئەفسوناویی و
ئاسودە بوونێکی تریفاوییتان
خستووەتە ئامێزتان لەگەڵی

بەردەوام بوونتان شتێك بە شتێك دەکا
داییم ڕوانگەی تاکە ئاسایی و سادەکان وەرگرن
با وزەی دەنگیان بڵاوبێتەوە
ببیسرێ و ببینرێ
چیرۆکی بروسکەی ڕەوشت و هانا
ڕووداوی ناپاڵمی گرفت و ستەم
لەبەر سایە و دەمی ئەمانەدا
چی چێژراوە و بەسەرهاتووە
پێویستە دەنگبداتەوە ،
ڕێژەکانی
هەرجۆرە کردەوە و لێکەوتنەوەیەک
هەر ڕەنگێکی بۆچون و پێشبینییەك

دانا نمڕێژ