CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 36 میوان

هۆنراوە

گەڵاکان رەشپۆشن

فەرەیدوون سامان

(بۆ چلەی شەھیدبوونی (راوێژ) برازام، کە لەشەڕی ئازادکردنی گوندی وەردەک لە 17.10.2016 بەدەستی تیرۆریستانی داعش شەھیدکرا)

ئاسمانەکەی نیشتمانی ئێمە
ھێشتا سەر بە تەمە
باڵای خاک رەشپۆش
رووبار، کانی، دەشت و کێو
سەراسەر ماتەمە
ئیدی ئیدی باڵدار نافڕن..

گوڵان ھەڵدەورن
مەلی شیعر ناسترن
گەرووی شار
کپ و بێ دەنگ
چاوی شار خەواڵوو
سەر و سیما بێ رەنگ
بێ تۆ
ھەناسەم تەنگ،

وا دیسان کاروانی ئەستێرەکان
ھێدی ھێدی ئاوا دەبن
روو لەئاسمانی شین
روولە پەپوولە سپییەکان
گوڵە سپییەکان دەکەن،

نازانم بێ ئۆقرەیی لەگەڕانەوەت بێھوودەییە
چاوەڕوانیت چەند بێ واتایە...
کە ھەنگاوی قوڕسی رۆژگار
لەبەھاری تەمەنتدا تێپەڕی
گۆچآنێکی میھرەبان نەبوو دەستت بگرێت.

ئێستاش ئەوە من نیم
رەنگە سێبەری من بێت
کۆڵان بە کۆڵان لەدووتا دەگەڕێ
ئەرێ کێ
مشتێک ئاسوودەییم پێدەفرۆشێ
من سەرگەردانێکی نامۆی رێگاکەتم
کێ پیاڵەیەک شەرابی جاویدانیم پێدەبەخشێ؟

مەگەر تۆ
خەونی رەنگاورەنگی پەپوولەیەکی دڵشکاو نیت
خۆزگەی وەریوی گوڵێکی لە بنپێدا پڵیشاو نەبوویت
لەو رۆژەوە لەباوەشی نائومێدی وەرزی عیشقدا
ئۆقرەت گرت
لەسەر پشتی خەمەکانی رۆژگار پاڵ کەوتی
بەیەکجاری سەرتھەڵگرت
ئای نیشتمان چەند بێکەسی،
تۆ ھاتبووی نیشتمان بخەیە نێو جەنتاکەت
لەگەڵ خۆتدا ھەڵیبگری
وەک جانتای سەفەری خەونی ساڵانێک
کە پێت وا بووئەوە تۆی
بست بە بستی شاخ و دەشت و دۆل و نھاڵت
لە رۆحی خۆتدا ھەڵگرتووە
کەچی ھێشتا سەرگەردانی بۆنی مشتێ خۆڵی..

تۆ شەپۆلێکی خەمێکی تۆراوبووی
لەسەر کەناری بێدەنگی راکشای
لەچاوەروانی ھەواڵی
گەڕانەوەی رێبواری رێگایەکی دووربووی
تا ھەواڵ لەدوورگەی بە گڕ پاسدراوی
لەودیو سنوور
چەتەکان سروودبێژی سرووتی داڕمانن
بەسەر یادەوەرییەکانی مێژووی خۆیاندا کەوتوون
لوورەی گەلەگورگەبۆرن، داناکەسێن
ئەڤینی پێدەشتی مەحاڵی ئێمە تەی دەکەن
بۆ ماچێ گڕبە سەر شەپۆلی گڕکاندا تێپدەپەڕن
لەنێو رۆحی برینداری ئێمەدا
ئەڤین دەکەن بەمشتێک خۆڵەمێش

تۆ فەرھاد نەبووی
وەلی کێویش نەما، تاشەبەردی خەیاڵی لێ ھەڵنەکۆڵی
بیابان نەما، لەکۆچەکانتدا گەردەلولی لم داتنەپۆشێت
شەقام و کوچە وکۆڵانی شاری حەسرەت نەما
بۆی نەگەڕێی وەکو شێت
بووی بە میوانی شۆستەکانی نامۆیی

ئەگەردەمزانی بۆ بێدەنگیت
چیاکانم دەخستنە سەرپشت
سواری پشتی شەپۆل دەبووم
رەوتی دەریام رادەگرت
ھەنگاو بە ھەنگاو
ھەرچی بیابان ھەیە تەییم دەکرد
مەرگی خۆمم بۆ دەکردی بە دیاری
دوای تۆ
دوای ماڵاوایی تۆ
خاچێکم لەکۆڵ ناوە
حاشام لە خودایەک کردووە
کە رازییە ببێتە کەڵەگای
کۆیلەگەلێک مەرایی بۆ جەلادەکانیان دەکەن.س

(پرسە)
ژانێک سەدان ساڵە لە جەستەی شۆرە سوارێکی بریندارە
لە گلانی خۆی دەپرسیێت
رۆندک لە نابینایی چاو
سۆماکەی نە رابردوو، نە بەرایی خۆی دەبینێت
گەردنی بڵندی شکاوی ئەسپی خۆزگەیەکە
شۆڕەسوارەکەی بەپێوە مرد
لە سەر لوتکەی ھەڵدێرێک
تەرمەکەی بەجێما
کێو لە سەر کەشی لوتکە راما
عاشقان بە عیشقەوە گیانیان سپارد
شەپۆلی عەتری بیرەوەری وشک بوونەوە
کۆترەکانی خەیاڵ ھەڵفڕین
گڕ لە پووشی ھێلانەکان بەردرا

کێ پەپوولەی لە زەردەخەنە بیێ بەری کرد
گەڵاکانی رەشپۆش کرد
شار سەرانسەر بەرگی خوێنین؟!