CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 148 میوان

هۆنراوە

ستایشەکانی عیشق

فەرەیدون سامان

وەرزێکی دیکە ماوە بۆ عیشق
ژوانێک بۆ ئاوێتەبوونی ھەست
ئاوێتە بوونی رۆح
بەر لەوەی مانگ ئاوا بێ
چۆلەکەکان بەسەر درەختەکانەوە بمرن
شڵپەوشۆری تاڤگە کۆتاییان بێ
بەفرەکان بتوێنەوە
سەراپای زەوی ببێتە ئاو
ئاو جوانی خۆی لەدەست بدات
خۆرەتاو بەرائەتی خۆی بدۆڕێنێ
تۆنەبیت پەپولەکان روو لەباخچە ناکەن
رووناکی پاڵتۆی تاریکی دەپۆشێ
منداڵەکان خەون نابینن
فرمێسک ژەنک دەگرێ/ ھەناسە دەبێتەچەقۆ
سێبەر،تارمایی
شەقامەکان بە مین دەچێنرێن
درەخت دەبێتە خۆڵەمێش
ھەور قامچی گڕ دەوەشێنێ
جوانی دەبێتە برین
ماڵ،گۆرستان
نیشتیمان،تاراوگە
تۆنەبیت
منداڵەکان زوو پیر دەبن
پیری کەنەفت و ئۆفتادە
باڵندەکان لە فڕین دەکەون
رەنگەکان دەمرن
قسەکردن دەبێتە لاڵی
گۆرانیەکان،کەڕ
رێگاکانیش ناچنەوە سەریەک

ئەی عیشق تۆ نەبیت
تەمی خەمۆکی رووخساری ئاسمان دادەگرێ
شەممە دەبێتە سێ شەممە
ئەمرۆ،دوێنێ
دارستان دەبێتە بەرد
سەرەتا،کۆتایی

توخمەکانی عیشق

عیشق کتێبی رازەکانە
ھێشتا کۆدەکانی نەخوێندراوەتەوە
عیشقی ئەو خەونی رەنگاڵەیی
خەستترین شەراب و
سادەترین خەیاڵە
عیشقی ئەو...
گۆزەیەک ھەنگوینێکی تاڵە
عیشقی ئەو کارمامزێکی چیایی بوو
دەستێک ھاتو ھەڵیگرت
وێنای پڵنگێکی کاغەزی
نیو چیرۆکی مندالان لرفی کرد
بەڵام ئەو رەدووی ئەندێشەی شاعیرێک کەوت،
ئیدی لەو رۆژەوە
پیتەکان بوونە تەم
وشەکان لەشەقەی باڵیاندا
وێنەکان سڕانەوە
ئیستاتیکا واتایەکی نەبەخشی
لەو ساوە نە کەس ھەواڵی دەزانێ
نە چاوەکان شیعرەکانی دەخوێننەوە
نە باران سەردانی زەوی دەکات
نە سلاوێکیش دەنێرێ بۆ ئەستێرەکان،
درەختەکان وشک دەبن
کەسیش نایەتە پرسەی گەلاکان،
لەو ساوە ساتەکانی دیدار پیربوون
کاتەکانی ژوان بە سەرچوون،
ئەو لەوەتەی ھەواری عییشقی جێھێشتووە
شیعریش ھەواری خاڵییە لە واتاکان
کەس نازانێ شاعیر
بەرەو کوێ،کام تاراوگە باری کردووە
ئێستاش کە جارجارە وڕێنە ئەکەم
تای شیعر دەمگرێ و بەرم نادات
رۆحم رووباری خوێنی شیعری لێدەچۆرێ
ئاسمان بەرەو ژوور ھەڵدەکێشێ
خاک بۆ ھوندر رامدەکێشێ
ئاو دەمباتەوە نێو دەریا
ھەڵمدەلووشێ
ئاگر بەرگی عیشقی ئەوم لە بەر دەکات
دەبمە کوانووی خۆڵەمێش
خەیاڵی عیشقی ئەو
ژیانم پێدەبەخشێ...

چامەکانی عیشق
وێڵە سێبەری من بە شوێن ھەنگاوەکانت،
چاوی شار شەکەتەو رێگا ون
بستێک نەما لە شەقامی نیگەرانی بۆت نەگەڕێ
کەچی نەپێکدەگەین نە لێکتر جوێ دەبینەوە،
شەو ناخەوێ،بەڵام کە تۆ نیگات تیشکی رۆژە،
فرمێسکت ئاوابوون
ماچت زەردەخەنەی مانگە،
لێوەکانت خولگەی گەردون
تۆ چیڕەی درێژترین حیکایەتی عیشق بووی
لە درێژترین رووباری عیشق دەچووی
عیشقت خۆرەتاوێکە بەدەستمەوە،
تاریکی شەو راودەنێ،
کە ئاوێزانی یەکتر دەبین،
با دەھۆڵ دەژەنن
ھەور سەما دەکات،
فریشتە گۆرانی دەچرن
برین سارێژ دەبێ،
ھەناسە دادەمرکێ،
گڕکان خامۆش
تاریکی خۆی لە شەو دادەماڵێ،
رووناکی لە رۆژ،
رەنگ لەخۆی
تۆش لە من

دوو ئاراستەی جیاوازین،
من وخۆم ...
گوڵێکیم بە دەستەوە گرتووە
بە دەستێکی دیکە ششمشێر
کێڵگەی زامێک دەئاژنم

تۆ کە رەگت بەناخمدا رۆچووە
عیشقی سەرشێتانەم خولیای ھەورێک بووە
باران تاری بۆ دەژنێ،
بروسکە ئاوێزان دەبێ بە تەم
ھەناسەت ئاوێتە دەبێ بە ھەناسەم

دوور یت نزیکییە
بێدەنگیت تاریکییە
تاریکیت رۆناکییە
ئەگەر ھاتی لەو شەوەنووتەکە
لەم چاوەڕوانییە بێھودەیە
چرایەکت بۆ ھەڵدەکەم

تۆ خەیاڵی وەک نیشتمان،
ھەگبەی خەمێکی دێرینی لە کۆڵمدا
سنورەکان دەبەزێنی،یاساکان پێشیل دەکەی
دەبی بە ھاودەمی زیندان و بە قوربانی و نێچیری چەقۆی
رەشی دەستی تاوان

تۆ گەواڵەھەور و من ژانی بروسکە
تۆ زەریاو من شێتی شەپۆل
تۆ کێو من ھەڵدێری لوتکە
تۆ ئاگر و من مشتێ خۆڵ
تۆ ئازار، من چەشتن
تۆ شار و من نامۆیی
تۆ وێستگە و من نەگەیشتن

تۆ رێگای ،ھەموو رێگاکانیش بە تۆ دەگەن
منیش کوچەیەکی بنبەست
یەک ھەنگاویش بە تۆ ناگەم

دەرگای عیشقی من ئاوەڵایە
بە ھاتنت پشکۆ و کڵۆبەف،
ئاوێزانی یەکتر دەبن