CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 38 میوان

هۆنراوە

مەرگی پەپوولەکان

پێشکەشە بە رووحی پاکی سێ پەپوولەکەى کۆلیژی دەرمانسازی (لاوەند ، علی، سیبور)
نەمئەزانی:
 بۆچى ئەمرۆ زەوى هێندە بێئارامەو ڕۆژی رووناکی هاوینمان بە تەمی ڕەش داپۆشراوە؟! ئەمرۆ ئاسمان، زەوی و زەمان زۆر گۆراوە! بۆچى خەندەو شادی دڵان وا تۆراوە؟؟
دە پێم بڵێن:
کێ هاوبەشی خەممان ئەبێت، دڵنەوایی ئەم ئاهەمان ئەداتەوە؟ چی بۆ مەرگی سەختی ئێوە ئارامبەخشی دڵەکانەو بۆ چرکەیەک ئۆقرە بەخشەو نارەحەتی ئەباتەوە؟
وەرنەوە گۆ پەپوولەکان، توخوا یەک جار وەڵام بدەن، پێمان بڵین کە بۆ هاتن؟ هەربۆ ئەوەى بە تەمەنى تاقە وەرزی پەپوولە ئاساتان لە ناو دڵی ئازیزانتان تاهەتایە ببنە کەسەر؟  یان بۆ ئەوەى جەرگی دایەو رۆحی بابە تا ئەو دنیا بە سۆ بێنن؟؟
بۆ کۆچتان کرد؟ هەر بۆ ئەوەى لەگەڵ خۆتان چی بزەو پێکەنینە لەم سەر زەمینە فراوانە گشتی ببەن؟ لە گەڵ کۆچى سەختی خۆتان شادی و خەندە لەم کۆلیژە بتۆرێنن؟
خۆتان بڵێن: حەزى کامتان ئەوەى ئەویست؟ خۆتان بفرن چەشنی پەپولەی بەهاران بەرەو میهرەبانى باڵ گرن، یاران هەموو بۆ گەرمی ووشکی ئەم هاوینەى سەر زەمینە جێ بهێلن...



لاوەند لاوی ئێمەت مراند، خۆژی ژیانمانت سووتاند..
سێبووری ئێمە کەوا چوو ئێستا کێ سەبووری خەمان بێت؟
کاکە علی چاوانی ئێمەت زۆر گریاند، شادیت لە دڵانمان تۆراند..
بۆ نازانن؟ هەتا ئێستاش ئازیزانتان هەر لە کۆلیژ چاوەروانن؟؟ دە وەرنەوە تەنها یەک جار بە رووی جوانى وەکو گوڵی گەشی بەیان لە دەرگای کۆلێژەکەمەوە دەرکەونەوەو خۆشی و شادی بگێرنەوە.. دڵنیا بن کە بێ ئێوە خۆشی لێرە ناژێتەوە، باش بزانن مەرگی پڕ حەسرەتى ئێوە لێرە شادی بەجارێک سریەوە..
ئیوە گەورەتر بوون لە ژیان بۆیە وا زوو بە جیتان هێشت، رووحى پاکتان گەورە تر لەم زەمینە بۆیە وا زوو بەرەو ئاسمان هەنگاوتان نا.
خۆزگە تەنها تاقە جارێک چاوە گەشەکانی ئێوە دەرکەوتایە.. تا ببینن کۆستی ئێوە چەندە گرانە لەسەر دڵان؟  تا ببینن چۆن ئەم ووڵاتە دەریاى فرمێسک دایپۆشیوە، چۆن گەڵاو گووڵی کۆلێژەکەتان پایز ئاسا رەنگی زەردیان هەڵگرتووە..
منێک وەک خۆم، لەم ڕۆژی پایزی ژیانەدا، لەم ئازاروو گریانەدا، دێمە دووان بێتان ئەڵیم بمان بەخشن. لە هەر رووگرژیەکی مرۆڤیکى پەست کە بە رووی گەشتاندا کرا بێت. بمان بوورن لە هەموو نارەحەتیەکی ئەم زەمانە کە دڵی گەورەی ئێوەی ئازار دابێت. لە هەر خەمێک کە لەم زەمینە نا پاکەدا تەنها چرکەیەک ئێوەى تووشی خەم کردبێت.. بمان بەخشن بمان بەخشن.
د.بیاد یحی
25-07-2010
ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.