CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 61 میوان

فەیسبووکەچیرۆك - ١٥ - پیاوە گۆشت نەخۆرەکە

کوڕو کچەکانی گەیشتبون بە مەرامی خۆیان لەتەك ژن و مێردەکانیاندا ژیانیان دەبردە سەر، ئەو،خۆیو ژنەکەی لە شوقەیەك ژیانیان دەگوزەراند، رۆژی لێدەبویەوە ئەگەر کەشووهەوا لەباربوایە، بەخۆیو پاسکیلەکەیەوە باخچەو شەقامەکانی تەیدەکرد بۆ کۆکردنەوەی شووشە و قوتوی بەتاڵی بیرە، رۆژانی تریش لەم شەمەندەفەر دادەبەزی و سواری ئەوی دیکە دەبوو، لەبەر ئەوەی خانەنشین بوو کارتی مانگانەی پاس و شەمەندەفەری هێندە هەرزان بوو رۆژانە هەر سێ تا چوار بۆشی بەتاڵ دەکەوت، شەو درەنگانێك لە گەڕانەوەیدا خۆی بەخۆی وت تابەکەی سەربکەم بە تەنەکەی زبڵدا، بۆ ئەمنیش وەك دراوسێکەمان لە کۆمون لە خێزانەکەم جیانەبمەوە، ئەوکات مانگانەی هەردوکمان زیاد دەکات و شوقەیەکی تریشمان دەدەنێ، ئەویش بەڕەش دەدەین بەکرێ و پارەیەکی موفت دەخەینە تەنکەی باخەڵمان و قاچ لەسەر قاچ لێیدادەنیشین لە تەڕ دەخۆین لە وشك لێیدەخەوین .. هەر خۆی وەڵامی خۆی دایەوە ئەی بۆ نا، لەبەیانی زووتر نییە کۆمۆن خۆوبگرە و هاتم. ناوبەناو سەردانی کوڕو کچەکانی دەکرد ئەو دەمانەش کە دەچوە لای خێزانەکەی وەک دزێك یا بێگانەیەك خۆی دەکرد بەماڵدا. کچەزایەکی زۆری خۆشدەویست ، بووبوو بە مەراقی، باپیرە بۆ گۆشت ناخوات ..؟! بڵێی کۆلیسترۆڵی بەرز نەبێت ؟؟ دوای ئێوارەخوانێك لە هۆڵەکەدا بەدەم سەیرکردنی تەلەفزیۆنەوە کچەزاکەی هاتە تەنیشتییەوەو لییپرسی :- - باپیرە .. کۆڵیسترۆڵت بەرزە ؟ -- نا.. گوڵەکەم. - ئەی بۆ گۆشت ناخۆیت ؟! -- من .. ئا ، من لەوڕۆژەوە هاتومەتە ئاوروپا تەنها ماسی دەخۆم .. ئێ کێ دەڵێت ئەو گۆشتانە بەڕێگەی ئیسلامی سەربڕراون ؟! وا نییە .. ها .. ئەی تۆ دەڵێیت چی ؟؟

فەیسبووك بەدەر
هەموویان خولیای فەیسبووك بوون ، بەشێوەیەك بواریان نەبوو سەری خۆیان بخورێنن، ماڵ پەرش و بڵاو هەروەك بەشی ناوخۆیی دەهاتە پێش چاو، پیاوەکە خۆی لەوان بە کۆمەڵایەتی تر دەزانی بە فەیسبووك دانەدەکەوت ، لە دوو سێ تۆڕی کۆمەڵایەتی دیکە واڵی هەبوو، لە هەموو کاسەیەکدا ئەسکوێ بوو، لێکۆڵەرەوەی رامیاری .. ئابوری .. دەرونناسی، جاروبارە دەمیشی لە شیعرەوە دەدا و دەیشیعراند. ئەو ئێوارەیەی لە باخ بە باخەڵی پڕ بهاتبایەوە، شەوق و زەوقێکی هەبوو هەر مەپرسە بەدەم دارو دیوارەوە پێدەکەنی، نەرم نەرم گۆرانی دەگووت، هەر ئێوارەیەکیش بە لاتی بگەڕایەتەوە داخی دڵی خۆی بە هاوسەرەکەی یان کوڕەکەی دەڕشت، ئەم فلیمە ( باخەڵ پڕی، شەوق و زەوق .. شەق و تێهەڵدان ) ،چەند جارێك دوبارە بۆیەوە ئەمشەو ئامبازی هاوسەرەکەی بوو، لاچاوی کرد بە قۆخی گەیو، کوڕەکەی وێنەیەکی گرت و لەژێریا نووسی بۆ باوکە .. بۆ ؟ لە واڵەکەی خۆی دایبەزاند، چەند شەویك تێپەڕی، هاورێکانی کەڵەگا بەتایبەتی خزمەکانی یەکێك بەشی نامەی بەسەردا دادەخست، یەکێك بلۆکی دەکرد، یەکێك لە هاوڕێیەتی دەری دەکرد .. هاومێزێکی پۆستی کورەکەی نیشاندا. کەللەیی بوو هەر ئەوەندەی گووت مەگەر نەیگرم .. لالا موی دەکرد بەدەستێکی لەزەنگی دەدا و بەدەستەکەی دیکەی لە دەرگاکە، لە هۆڵەکەدا دەموولووتی کوڕەکەی پڕ کرد لەخوێن ، تا توانای تیابوو مۆدیۆمەکەی کێشا بەدیوارەکەدا، دەمی کەفی دەچڕاند رووی کردە هاوسەرەکەی و گووتی ئافرەت ئەگەر ئەو پۆستە تۆ داتبەزاندبا .. ئێستا سێ بەردەرەکە لە مشتا بوو.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی