CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 61 میوان

پیاوه‌ بێهیواکه‌

نـه‌بـه‌ز بازیانى-به‌ریتانیا .له‌نده‌ن
ئێواره‌یه‌کى دره‌نگ ى زستان،له‌ئاسۆیه‌کى دوره‌ ده‌ست دوواجار خۆرى ئه‌و رۆژه‌ش بارگه‌ى پێچایه‌وه‌و زه‌رده‌ى هه‌تاویش ئاوابوو .وه‌ک هه‌موو شه‌وانێکى خوپێوه‌گرته‌ی،دوواى تێپه‌ربوونێکى زۆرى روناکى به‌سه‌ر رۆژدا،به‌سه‌ر ئه‌و ڕێره‌وه‌ده‌ تێده‌په‌رى که‌ هه‌ڵگرى زۆرێک له‌ نهێنیه‌کانى به‌ په‌نهانى له‌خۆى دا قه‌تیس کردبوو،شه‌و تاریکى ته‌واو شاباڵى راکشاندبوو به‌سه‌ر شاردا،تاده‌هات بارانه‌که‌ زیاتر غوره‌مى ده‌کرده‌ خوارێ و گیانى ته‌واو خوساندبوو،دڵۆپه‌ بارانه‌کان به‌نێو پرچه‌کانى دا دڵۆپ دڵۆپ تلۆر ده‌بوونه‌وه‌و نمایشێکى فرمێسک ئاسایان به‌سه‌ر روخسارى دا ده‌نواند.خۆى کرد به‌ کۆڵانه‌ ته‌نگه‌ به‌ره‌که‌ى شازده‌دا،هه‌نگاوه‌کانى ئارام ئارام ده‌نا چاوى ته‌واو شۆر کردبووه‌وه‌ به‌ر پێی،له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ى سى و دوو ئیستێکى کرد،ته‌واو سه‌رى لێشێوابوو جار جاره‌ش به‌ده‌م خۆیه‌وه‌ ده‌ى گوت ئێره‌یه‌ هه‌ر ئه‌وه‌و جه‌ور ئاوا سه‌رى لێشێواندوم،پاڵتۆ خورماییه‌ سێ گیرفانیه‌که‌ى ته‌واو هه‌ڵته‌کان سه‌رو خوارى کرد،به‌ڵام کلیله‌کانى نه‌دییه‌وه‌،هێزێکى دا به‌خۆى تا به‌ره‌و ده‌سکى ده‌رگاکه‌ هه‌نگاو بنێت ده‌سکه‌ ئیستیله‌که‌ى به‌لاى راست دا خولانده‌وه‌ ده‌رگاکه‌به‌ئارامى کرایه‌وه‌،به‌ده‌م خۆیه‌وه‌ گوتی،خودایه‌ چیم لێهاتووه‌ به‌جۆرێک ناتوانم ده‌رگاکه‌شم دابخه‌م ،بێهۆشى ته‌واو ژیانمى ته‌نیووه‌.
خۆى کرد به‌ژوره‌ سێ به‌ چواره‌که‌ى دا جگه‌ له‌ چه‌رپایه‌ک و دۆڵابێکى دووتاکى و چه‌ند کتێبێک هیچى دیکه‌ى تێدا نه‌بوو، له‌سه‌ر چه‌رپا که‌ى به‌پشتا راکشا،چه‌ند جارێک راست و چه‌پى کرد هیچ خه‌وى پێدانه‌ده‌که‌وت،چاوى چووه‌ سه‌ر ئاوێنه‌ شکاوه‌که‌ى به‌خێراى هه‌ستایه‌ سه‌ر پێ له‌روخسارى خۆى رووانى ده‌ستى به‌روخسارى دا ده‌هێنا وهه‌روا به‌ هێورى ده‌شى گوت،بۆ به‌و ماوه‌ کورته‌ وا گۆراى سه‌یرکه‌ ده‌ڵێى وه‌نه‌وزى مردن ده‌ده‌یت!.
په‌رده‌که‌ى لادا له‌باخچه‌که‌ى پشتى ژوره‌که‌ى نوارى چاوى چووه‌ سه‌ر ئه‌و دارچناره‌ى رۆژانێک له‌ته‌ک ئه‌م دا ئه‌ویش سه‌وزبوو ،لێ ئێستا روته‌ڵه‌ و بێگه‌ڵا،هه‌ناسه‌یه‌کى هه‌ڵکێشا.
له‌ژوره‌که‌ى هاته‌ده‌ر خۆى کرد به‌ ئاش خانه‌که‌دا،روى کرده‌ باده‌که‌ى شه‌وى رابردوى په‌رداخێکى لێپرکرد،بوو به‌ دوو بوو به‌سێ بوو به‌ چوار و هه‌روابه‌خێراى ده‌مى پێوه‌ده‌نێ و قوتى ده‌دات،ورده‌ ورده‌ مه‌ستى داى ده‌گرت،ماڵه‌که‌ ته‌واو خامۆش بوو،ئه‌و چێژى له‌و بێده‌نگیه‌ وه‌رده‌گرت،
تا دواى نیوه‌شه‌و له‌ ئاشخانه‌ تاریکه‌که‌ مایه‌وه‌، ته‌نها چرکه‌ چرکى کاتژمێره‌که‌ ڕێگر بوو که‌ شوێنه‌که‌ نوقمى بێده‌نگى بێت،
له‌ پر په‌رداخه‌که‌ى ناو ده‌ستى گرته‌ کاتژمێره‌که‌ و پر به‌ ماڵه‌که‌ى هاوارى کرد و به‌ گریانه‌وه‌ ووتی: ئه‌رێ بێزار نه‌بووى له‌ ژماردنى ئه‌م ژیانه‌ نه‌فره‌تییه‌!؟ده‌بێده‌نگ به‌،من بێزارى و بێهیوایم لێ ده‌چۆرێ،تاقه‌تم چوو له‌ده‌ست ئه‌م ژیانه‌ که‌چى تۆش ئارام ئارام هه‌ر ده‌ڵێى هیچ نه‌بووه‌ ،به‌رده‌وامى له‌ ژماردنى چرکه‌کانى نه‌گریسیه‌کانى ئه‌م رۆژگاره‌ .
ته‌کانێکى به‌خۆى داو له‌سه‌ر کورسیه‌که‌ى هه‌ستا روى کرده‌وه‌ ژوره‌که‌ى هه‌مدیس هه‌وڵى دا بنوێته‌وه‌،جارێکى تر چه‌ند جارێک راست و چه‌پى کرد،که‌چى ده‌تگوت شتک نیه‌ به‌نێوى خه‌و له‌ ژیانى ئه‌م دا.نیگاى چووه‌ سه‌ر کتێبه‌کانى هه‌ستایه‌وه‌و به‌ره‌و رویان چوو ده‌ستى برد بۆ یه‌کێک له‌ کتێبه‌کان به‌ده‌م سه‌ر گه‌رمى خۆیه‌وه‌ گوتی،هه‌ر تۆ باش تێگه‌شتى ژیان یانى خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن (سادق هیدایه‌ت)ئێستا له‌م کتێبه‌ت تێده‌گه‌م که‌ بۆ تیایدا نوسیوته‌".
ئایا ژووره‌که‌م داره‌مه‌یتێک نه‌بوو؟ پێخه‌فه‌که‌م له‌ گۆڕێ‌ ساردوسڕتر نه‌بوو؟ ئه‌و پێخه‌فه‌ى هه‌میشه‌ هه‌ڵکووڕمابوو و شه‌وانه‌ بانگێشتى خه‌وى ده‌کردم -چه‌نده‌هاجار برووسکه‌ى ئه‌م خه‌یاڵه‌ مێشکمى سمیووه‌ که‌ له‌ داره‌مه‌یتدام- به‌ڕاده‌یه‌ک که‌ پێموابوو به‌ره‌-به‌ره‌ ژووره‌که‌م ده‌چووه‌وه‌یه‌ک و ده‌یگووشیم، داخۆ مردووه‌کانیش له‌ گۆڕدا هه‌مان هه‌ست ناکه‌ن؟ ئایا که‌س ئاگاداره‌ له‌ هه‌ستى دواى مردن؟ خۆ هه‌ڵبه‌ته‌ دواى مردن خوێن له‌ لاشه‌دا مه‌نگ ده‌بێت ئینجا پاش شه‌ووڕۆژێک بڕێک له‌ ئه‌ندامه‌کانى جه‌سته‌ ده‌ستده‌که‌ن به‌ شى بوونه‌وه‌، که‌چى دواى ماوه‌یه‌ک له‌ مردن ئه‌مجا نینۆک و تاڵه‌کانى قژ هه‌ڵده‌وه‌رێت. ده‌سا ئاخۆ هه‌ست و بیره‌کانیش دواى ڕاوه‌ستانى ترپه‌-ترپى دڵ تیا ده‌چێت؟ یاخود هه‌تا ماوه‌یه‌ک ده‌بێته‌ پاشماوه‌ى خوێنى نێو موولووله‌ گچکه‌ڵه‌کان و فڕکان‌فڕکان له‌ دووى ژینێکى ته‌مومژاوییه‌وه‌ ده‌بێت؟
مه‌رگ بۆخۆى هه‌ستێکى تۆقێنه‌ره‌ نه‌خوازه‌ڵا کاتێک هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌وا مردوون!
.