CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 139 میوان

ئاگاداری و ڕاگه‌یاندن

پەیامی سەرەخۆشی

ئۆسلۆ، نۆروێژ، سێشەممە، ٣/١٠/٢٠١٧
بەداخ و کەسەرەوە ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکیەتی نیشتمانی و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق مان پێگەیشت.
مام جەلال لە تەمەنی لاوێتییەوە تێکەڵی بزاڤی رزگاریخوازی کورد بوو و هەر زۆر زوو وەک سەرکردەیەکی دیاری ئەو بزاڤە دەوری گێڕا. وێستگەکانی ژیان و خەباتی پڕ لە سەروەری مام جەلال لە سکرتێری یەکیەتی لاوانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەرکەوت و زۆری نەخایاند بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و دوای نەمر مەلامستەفا بارزانی، دیارترین کەسی ئەو سەردەمەی باشووری کوردستان بوو. دوای ئەو قۆناغە و بە دامەزرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، وەک کەسی یەکەمی یەکیەتی توانی بە نۆبەی خۆی بزووتنەوەی کورد لە باشوور بە سەربەرزییەوە رێبەریی بکا و بگەیەنێتە راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ی باشووری کوردستان.
قۆناغەکانی دیکەی تێکۆشانی مام جەلال دوای هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان و دانانی بەردی بناغەی هەرێمی کوردستان، درێژەی کێشا، بە جۆرێک هاوهەنگاو لە گەڵ کەس و لایەنەکانی دیکەی کوردستان و لە پاش رووخانی سەددام و رێژیمی بەعس چ ئەو کاتەی لە مەجلیسی حوکم بوو و چ ئەو ساڵانەی وەک سەرۆک کۆماری عێراق درێژەی بە خەبات دا، پیشانی دا کە مرۆڤێکی مەزن و کەسێکی دیاری گۆڕەپانی خەباتی کورد و عێراق و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
شوێن و پێگەی مام جەلال لەو وێستگەیانەدا شوێنێکی دیار و رۆڵێکی یەکجار بەرز و بەرچاوە. بۆیە ئەمڕۆ نەتەوەی کورد بە گشت چین و توێژەکانییەوە بۆ مەرگی ئەو مرۆڤە مەزنە خەمبارن.
ئێمەش لە وڵاتی نۆروێژ، بە نوێنەرایەتی بەشێک لە هونەرمەندان و رووناکبیرانی نیشتەجێی ئەم وڵاتە وێڕای بەداخ بوون بۆ کۆچی دوایی مام جەلال، سەرەخۆشی لە نەتەوەی کورد بە گشتی و بنەماڵەی کۆچکردوو بە تایبەتی دەکەین.
هیوادارین کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە تێکۆشەرەی نەتەوەکەمان ببێ بە هەوێنی تەبایی و یەکڕیزی ماڵی کورد. وەدیهاتنی ئەم ئاواتە لە لایەک گیانی مامی گەورەمان ئاسوودە دەکا و لە لایەکی دیکەشەوە دەبێتە هۆی سەرکەوتنی قۆناغی دوای گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
لە گەڵ رێز و وەفا بۆ پتر لە نیو سەدە تێکۆشانی مام جەلال تاڵەبانی
حەسەن گەرمیانی
قادرئەلیاسی