CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 45 میوان

خەڵكی هەرێم لە خاویی هێڵی ئینتەرنێت بێزارن

هاووڵاتیانی هەرێم كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت بەوە تۆمه‌تبار دەكەن كە ئینتەرنێتێكی گران و خاویان پێ دەفرۆشن، بەڵام كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە هۆكاریی خاویی هێڵەكەیان لە قەڵەم دەدەن.

"بە دەست ڕێبەرەوە بوومەتە فیلم، تا لاپەڕەیەك دەكاتەوە، یەك دنیا خەم دەخۆم.
" ئەمە قسەی نەوزاد عارفی 24 ساڵانە كە لە داخی خاویی هێڵی ڕێبەر، بڕیاری داوە هێڵی های ماكس بكڕێت. هێڵی "های ماكس"ـیش وەك هێڵی "ڕێبەر" هیی كۆمپانیای "نەورۆز تیلیكۆم"ـە كە زیاتر لە یەك ملیۆن بەشداربووی هەیە.

بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆم ئالان باریی دان بە خاویی هێڵی ئینتەرنێتەكەیاندا دەنێت و هۆكارەكەی بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەگەڕێنێتەوە.

ئالان باری ڕوونی دەكاتەوە كە لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و پڕۆژەكانی حكوومەتدا كێبڵەكانی ئینتەرنێت دەپچڕێن و ئینتەرنێتەكە خاو دەبێتەوە.

بە گوتەی ئالان ئەوان ئامێرێكی تازەی هەڵكەندنیان كڕیوە كە هێڵەكان باشتر دادەنێت و 99%ـی گرفتەكانیان چارە دەكات.

هاوكات بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی كۆمپانیای ئاڵای نەورۆز تیلیكۆم فاتیح ئیسماعیل كۆسپەكانی بەردەم دانانی تاوەرەكانیان بە هۆكارێكی دیكەی خاویی هێڵەكەیان لە قەڵەم دەدات.

ئەو دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی دانانی تاوەر پێوەندی بە كاری شارەوانییەوە نییە، بەڵام گرفتمان بۆ دروست دەكەن.
"

فاتیح ئیسماعیل ڕوونی دەكاتەوە كە شارەوانی بیانووی ئەوەیان پێ دەگرێت كە لەكاتی دانانی تاوەر لە سەربانی ماڵێك، دەبێت رەزامەندیی دراوسێ و ماڵە نزیكەكانی تاوەرەكەیش وەربگیرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پسپۆڕی بواری تەكنەلۆژیی زانیاری هەردەوان نەقشبەندی هۆكاری خاویی ئینتەرنێت بۆ دواكەوتوویی سیستەمەكە و قۆرخكاری لەو بوارەدا دەگەڕێنێتەوە.

نەقشبەندی ئاماژە بە گرێبەستی نێوان كۆمپانیایەكی ئینتەرنێت و حكوومەت لە هەولێر دەدات كە بە پێی ئەو گرێبەستە هیچ كۆمپانیایەك تا 20 ساڵی دیكە بۆی نییە ڕكابەرایەتیی بكات.

بە گوتەی نەقشبەندی ئەگەر بازاڕ بۆ كەسێك قۆڕخ بكرێت و كەس نەتوانێت كار بكات، بەرهەمەكە خراپ و گران دەبێت.

لە بەرانبەردا گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئومێد محەممەد ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە ئینتەرنێت قۆرخ كرابێت و دەڵێت "ئەو گرێبەستە بۆ هێڵی فایبەر ئۆپتیكە كە لەگەڵ كۆمپانیای نەورۆز تیلیكۆم كراوە و لە ساڵی 2006ـدا واژۆ كراوە.
"

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی گواستنەوەی و گەیاندن 27 كۆمپانیای ئینتەرنێت لە بواری ئینتەرنێت لە هەرێمدا كار دەكەن كە هەموویان سەر بە كەرتی تایبەتن.

زۆریی ژمارەی كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت بە بڕوای هەردەوان نەقشبەندی بە مانای ئەوە نییە كە بوارەكە قۆرخ نەكرابێت.

نەقشبەندی دەڵێت "ئەو كۆمپانیایانەی لە هەولێر كار دەكەن، هەموویان كار بۆ یەك كۆمپانیای سەرەكی دەكەن و بەرهەمەكانی ئەو كۆمپانیایە بە شێواز و ناوی جۆراوجۆرەوە دەخەنەوە بازاڕەوە.