CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 125 میوان

چۆن بتوانین بڕوابەخۆبوون بۆ مندالەکانمان دروست بکەین؟

نووسینی: جاکلین سمیس.
وeرگێرانی لە ئینگلیزیەوە بە دەستکاریeوە: د. علی عباس محمود
چاندنی تۆوی متمانە و بڕوا بەخۆ بوون باشترین دیاری دایک و باوکە بۆ منداڵەکەی.
(کارل پیکھارت)، زانایەکی بورای دەروونزانی و خاوەنی (١٥) کتێبە لە بواری پەروەردەی منداڵ و چۆنیەتی پەروەردەکردنی منداڵ، دەڵێ:
ئەو منداڵەی بڕوای بەخۆی نەبێت ناتوانێت کار و ئەرکی نوێ ئەنجام بدات چونکە ترسی ھەیە لە شکست و نائومێدکردنی کەسانی تر.ئەمەش

وا دەکات کە تەنانەت کاتێک ھەراش وگەورھش دەبێ نەتوانێ زۆر شت بکات و نەتوانێ سەرکەوتوو بێت لە کار و پیشەدا.
ئەو زانایە دەڵێ: ترساندنی منداڵ و قەدەغەکردنی منداڵ دوژمنی متمانە و بڕوا بەخۆبوونن. بۆیە ئەرکی تۆیە وەکو دایک و باوکێک کە منداڵەکەت ھان بدەیت و پاڵپشتی بکەیت لە ئەنجامدانی کار و ئەرکی قورس.
ئەمانەی خوارەوەش گرنگترین ئەو خاڵانەن بۆ پەرورەدەکردنی منداڵێکی خاوەن متمانە و بڕوابەخۆبوو:

١.لە کاتی یاریکردن ھەمیشە دەستخۆشی لێ بکە و ستایشی بکە، گرنگ نیە یاریەکە بباتەوە یان بیدۆڕێنێت.
لەو ماوەیەی کە منداڵ تیایدا گەشە دەکات، ڕێگا و شێوازی گەشەکردنەکە گرنگترە لە ئامانجی یاریەکە. بۆیە، ئەگەر منداڵەکەت لە یاریکردندا نەتوانی ئامانجی باش بەدەست بێنێت و تووشی دۆڕان ھات، دەست خۆشی لێ بکە و زیاتر ھانی بدە، چونکە ھەر وەک ئەو زانایە ئامۆژگاریمان دەکات، منداڵ نابێ ھەرگیز ھەست بە شەرمەزاری بکات لە کاتی ھەوڵدان یان دۆڕان. ھەروەھا دەڵێت: (بە درێژایی گەشەی منداڵ، پێوستە بەردەوام بەبێ پچڕان ھەوڵ بدرێ متمانە بنیات بنرێت، نەک جار جارە و کاتیی بێت).

٢.ھانی بدە کە چۆن بتوانێ لێھاتوو کارامە بێت، ئەمەش بە مومارەسە دەکرێت.
ھانی منداڵەکەت بدە لە مومارەسەکردنی ھەر یاریەک یان کارێک کە خۆی ئارەزووی لێیەتی، بەڵام بە بێ فشار خستنە سەر.
(ھاڕمۆنی شوو)، کە مناڵێکی بلیمەتە لە ژەنینی پیانۆ، دەڵێ کە ھەر لە تەمەنی سێ ساڵیەوە وەکو خولیایەک دەستی کردووە بە ژەنینی پیانۆ.
ھەر لەمبارەیەوە زانا (پیکھارت) دەڵێ: مومارەسەکردن و پراکتیزەکردنی حەز و خولیا خۆی لە خۆیدا وەربەرھێنانێکە لە ئەرک و چاوەڕوانی، متمانە بەخۆبوون زیاتر دەکات و لەئەنجامدا بەرەوپێشچوون ڕودەدات.

٣.بواریان پێ بدە تاکو خۆیان بیر لە چارەسەری کێشەکان بکەنەوە:
ئەگەر تۆ خۆت ئەرکە قورسەکانی منداڵەکانت جێبەجێ بکەیت، ئەوا ئەوان ھەرگیز ناتوانن ئەو توانا و متمانە بەدەست بھێنن بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە و ناتوانن پشت بەخۆیان ببەستن.
ھەر ئەو دەروونزانە دەڵێت: (لەم کاتانەدا، یارمەتی و بەشداری دایک و باوک ڕێگرە لە بەردەم بە دەستھێنانی بڕوا و متمانە بەخۆبوون و منداڵ وا لێ دەکات نەتوانێ خۆی یارمەتی خۆی بدات. بە واتایەکی تر، باشترە منداڵەکەت خۆی ئەرکی ماڵەوەی ئەنجام بدات، تەنانەت ئەگر نمرەیەکی نزمتریش بەدەست بنێت، نەک تۆ ئەرکەکەی بۆ ئەنجام بدەیت تەنھا لە پێناو نمرەی بەرز، چونکە باش فێرنەبوبێت.

٤. لێیان گەڕێن با وەک تەمەنی خۆیان ھەڵسووکەوت بکەن:
چاوەڕوانی ئەوە لە منداڵەکەت مەکە وەک کەسێکی پێگەیشتوو ھەڵسوکەوت بکات. دەروونزانی ناوبراو دەڵێت: (کاتێک منداڵ وا تێدەگەیەندرێت کە ھەر دەبێ وەکو دایک و باوکی بێـت و ھیچ ڕێگا و شێوازێکی تر پەسەند نیە، ئەوا ئەم ستاندەرە نا واقعی و چەوتە دەبێتە کۆسپ لەبەر دەمی و دەیوەستێنێت. یۆیە ناکرێ ھانی منداڵ بدرێت کە ھەر دەبێ وەکو کەسێکی ھەراش ھەڵسووکەوت بکات، چونکە بێگومان ناتوانێ و تووشی نائومێدی دەبێت و دواجار دەبێتە ھۆی لەدەستدانی بڕوا و متمانە بەخۆبوون).

٥.ھانی زانستخوازی بدە:
ھەندێ جار پرسیارە سەیر و نەبڕاوەکانی منداڵان بێزارمان دەکەن، بەڵام دەبێ ئەم سیفەتە ھان بدرێت نەک بە پێچەوانەوە.
(پۆڵ ھاریس) لە (زانکۆی ھارڤەرد) دەڵێ: پرسیارکردن ڕاھێنانێکی بەھێزە بۆ گەشەکردنی منداڵ چونکە ئەوە دگەیەنێ کە منداڵەکە درک بەوە دەکات کە (ھەندێ شت ھەن کە نایانزانێ، ھەندێ زانیاری و جیھانی سەیر و سەمەرە ھەن کە ئەو نەیبینیون، بۆیە بەدوای وەڵامدا دەگەڕێ).
کاتێک منداڵ دەگاتە تەمەنی قوتابخانە، ئەوانەی لە ماڵەوە ھاندراون کە پرسیار بکەن و وەڵامیان دراوەتەوە و فێرە جۆرێک لە زانستخوازی و پرسیارکردن بوون ئاستیان بەرزترە لە ھاوپۆلەکانیان، چونکە پێشتر ڕاھاتوون لەوەی کە بە ووردی گوێ لە دایک و باوکیان بگرن و زانیاری نوێیان لێ وەربگرن. واتە، ئەوانە باشتر و زووتر لە مامۆستا فێر دەبن.

٦.فێری ئەرکی قورس و نوێێان بکە:
فێری منداڵەکەت بکە گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتنی گەورە دەبێ ھەنگاو بە ھەنگاو بێت و یەک لەدوا یەک بێت. بۆ نموونە: بۆ فێربوونی ھاژوانی پایسکل، دەکرێ لە ڕێگای پایسکلی دوو تایە بێت، یان بەھۆی لکاندنی دوو تایەی بچووکی تریش تاکو نەکەوێت. لەم بارەیەوە دەروونزان (پیکھارت) ئامۆژگارییمان دەکات و دەڵێ: (پێویستە دایک باوکان منداڵان ھان بدەن بۆ ھەندێ ڕووبەڕووبوونەوە و تەحەدای بەجێ ئەویش لە رێگای دیاریکردنی بەرپرسیاریەتی و ھاندان بۆ ئەنجامدانی ئەرکی قورس).

٧.منداڵەکەت لە سروشت و ژینگەی خۆی جیامەکەوە، فەرق و جیاوازی پێ مەکە لەگەڵ منداڵانی تر:
جیاکردنەوەی منداڵ لە ژینگە و دەورووبەری خۆی و لە رێگای مامەڵەکردنێکی تایبەت دیسان دەبێـە ھۆی کەمکردنەوەی متمانە و بڕوا بەخۆبوون. (پیکھارت) ئامۆژگارییمان دەکات و دەڵێ: مامەڵەی جیا لەگەڵ منداڵ متمانەی پێ نابەخشێت).
٨.ھەرگیز ڕەخنە لە ھەوڵ و کردارەکانی منداڵەکەت مەگرە:
ھیچ شتێک بەقەد ئەوە منداڵەکەت نائومێد ناکا کە ڕەخنە ئەدا و ئەرکەکانی بگریت. بەڵام دەبێ بە ئیجابی ئامۆژگاری بکەی و ڕێگای باشتر و گونجاوتری پیشان بدەیت، بەڵام ھەرگیز پێی مەڵێ کە (کارێکی خراپت کرد !)

ئەگەر منداڵەکەت ترسی لەوە ھەبێـت کە ئەگەر ئەو شکست بێنێت ئەوا تۆ لێی توڕە دەبیت و تووشی نائومێدی دەبیت، ئەوا ئەو ھھرگیز ھەوڵ نادات شتی نوێ فێر بێـت و لە فێربوون دەترسێت. (پێکھارت) دەڵێ:( لە زۆربەی حالەتەکان، ڕەخنە و ترسی دایک و باوک لە ھەوڵی منداڵەکانیان متمانە بەخۆبوون وھاندان دەکوژێت و وا لە منداڵ دەکات بەھای خۆی نەزانێت).

٩.ھەڵەکردن وەک دەرفەتێک بۆ فێربوون سەیر بکە:
(پیکھارت) دەڵێ: (فێربوون لە ھەڵە متمانە بنیات دەنێت. بەمەرجێک، تۆ وەک دایک و باوکێک، ھەڵەکردن بکەیتە دەرفەتێک بۆ فێربوون و بەرەوپێشچوون).
ھەموو کات خۆت لە ھەموو شتێکی منداڵەکەت ھەڵمەقورتێنە. لێی گەڕێ با چۆنی دەوێ وا بیکا و ئینجا دوایی رێگا و شێوازە ڕاست و دروستەکەی پیشان بدەو فێری بکە چۆنە.
(پیکھارت) دەڵێ: پێویستە دایک باوکان بوار بە منداڵەکانیان بدەن و دەرفەتی یاریکردن و کارکردنیان بۆ بڕەخسێنن و لە شکست نەترسن.

١٠.فێری نوێکاریان بکە و دەرگای نوێیان بۆ بکەوە و ئەزموونی نوێیان فێر بکە:
زانا (پیکھارت) ئامۆژگارییمان دەکات و دھەێ: تۆ وەکو دایک و باوکێک بەرپرسیاری لەوەی کە ئەزموونی نوێ و کاری نوێ و بیرۆکەی نوێ پیشانی منداڵەکەت بدەی تاکو بتوانێ متمانە بنیات بنێـت و خۆی لەگەڵ جیھانی نوێ و ژینگەی نوێ بگونجێنێت.
کردنەوەی دەرگای نوێ و ڕەخساندنی دەرفەت بۆئاشنابوون بە ئەزموونی نوێ وا لە منداڵ دەکا لە رێگای ئەم نوێکاریە پەرە بە بەھا و توانا شاراوەکانی بدات ھەرچەندە سەرەتا جێگای مەترسی و جەربەزەیی بن، منداڵ فێری چاونەترسی و بوێریی دەکات.

١١.ئەو شتەی کە خۆت باشی لێ دەزانی منداڵەکەشت فێر بکە:
لە چاوی منداڵەکەتەوە، تۆ پاڵەوانی. بۆیە ئەو چاو لەتۆ دەکا. تۆش توانا و وزەی خۆت بەکار بێنە و فێری بکە کە تۆ چۆن بیر دەکەیەوە، چۆن ھەڵسوکەوت دەکەی، چۆن قسە دەکەی. واتە پێویستە تۆ نموونەیەکی ناوازە و سەرکەوتوو بیت بۆ منداڵەکەت و سەرنجی ڕابکێشی تاکو بتوانێت لەو شتانەی دەیەوێ لاساییت بکاتەوە.
(پیکھارت) دەڵێ: کاتێک منداڵ دەبینێ دایک و باوکی کەسی سەرکەوتوو و بەرھەمدارن، ھەست بە متمانەی زیاتر دەکات و وا دەزانێ ئەویش وەک ئەوان دەبێت.

١٢.کاتێک نیگەرانی بۆ منداڵەکانت، پێیان مەڵێ:
نیگەرانی دایک وباوک بۆ منداڵەکەی لای منداڵ ئەوە دەگەیەنێ کە دایک و باوکی متمانەیان پێی نیە. (پیکھارت) دەڵێ: ئەگەر دایک و باوک تمانەیان بە منداڵەکەیان ھەبوو، منداڵەکەش متمانەی بە خۆی دەبێت.
١٣.کاتێک منداڵان ڕووبەڕووی سەختی و دژواری دەبنەوە ستایشیان بکە:
ژیان دادپەروەر نیە. دەبێ منداڵان فێری ئەوە بکرێن کە ژیان سەختە و پڕە لە نەھامەتی و ناخۆشی. بۆیە ھەرکاتێک منداڵان تووشی سەختی و بارگرانی ژیان دەبنەوە، دەبێ دایک و باوکان تێیان بگەیەنن کە پاداشتی خۆڕاگری و ئارامگرتن و کۆڵنەدان زۆر بە پێز و پڕ بەھایە. (پیکھارت) دەڵێ: زۆر گرنگە منداڵەکەت تێبگەیەنی کە ڕێگاکانی سەرکەوتن پڕن لە ھەوراز و نشێو و سەرکەوتن و ھەڵسانەوە.

١٤.پێویستە یارمەتی و پاڵپشتی تۆ بۆ منداڵکەت سنوورداربێت، واتە ھەموو شتێکی بۆ نەکەی:

زانایانی بواری پەروەردە و دەروونزانی دەڵێن: ھەر کاتێک منداڵ ویستی و داوای یارمەتی کرد و تۆش یەکسەر بەھانایەوە چووی ئاکاری نێگەتیڤی دەبێ و لە توانا و خھەونی منداڵ کەمدەکاتەوە و وای لێدەکات پێشت بەخۆی نەبەستێت. بەڵکو دەبێ ھانی بدەی خۆی یارمەتی خۆی بدات و ئینجا تۆش پاڵپشتی بکەی.

١٥.ھەر کاتێ منداڵ شتێک یان کارێکی نوێی تاقیکردەوە، ستایشی بکە:
ھەر کاتێک منداڵ یاریەکی نوێی تاقیکردەوە یان کارێکی نوێی ئەنجامدا، پێویستە دایک و باوکان دەستخۆشیان لێ بکەن و پێزانینی خۆیان دەرببڕن بەرامبەر ئەو ئەزموونە نوێیەی منداڵەکەیان. بۆ نموونە دەکرێ پێی بڵێی: (بەڕاستی تۆ ئازا و بوێری کە ئەم کارەت\یاریەت کردووە). (پیکھارت) دەڵێ: ئەو شتانەی منداڵ دەیززانێ و دەیکا خۆشی پێ دەبەخشێ، بەڵام ئەو شتانەی منداڵ نایزانێ بەڵام ھەوڵ دەدا ودەیکا ئازایەتی و بوێری پێ دەبەخشێ.

١٦.لە پڕۆسەی فێرکردن و فێربوونی منداڵەکەت خۆشی و شادی دەرببڕە:
وەک گوتمان منداڵ سەیری دایک و باوکی دەکا کە کاردانەوەیان چۆنە بەرامبەر پێشھاتە نوێکان. بۆ نموونە کاتێک دەبینن تۆ وەک دایک و باوک زۆر دڵشاد و کامەرانی کە ئەوان فێری مەلەوانی دەبن یان فێری زمانێکی بیانی دەبن، ئەوانیش ھەمان ھەست و سۆز دایان دەگرێت و چێژی لێ وەردەگرن.
(پیکھارت) ئامۆژگارییمان دەکات و دەڵێ: فێربوون ئەرکێکی قورسە، بەڵام تام و چێژی خۆی ھەیە و متمانە بەخۆبوون زیاد دەکات. بۆیە ئەم ویست و خواستی فێربوونە پەرە پێ بدە لە منداڵەکھت.
١٧.لەگەڵ منداڵ تۆزێک توند بە، بەڵام فشاری مەخەرە سەر:
ئەگەر دایک و باوک لەگەڵ منداڵ توند و خۆسەپێن بوون ئاکاری باشی نابێت و لە متمانە و بەھای منداڵ کەمدەکاتھوە. نابێ منداڵ ھەمیشە سەیری قسەی دەمی دایک و باوکی بکات و بەبێ ڕەزامەندی ئەوان ھیچ نەکات. چونکە ئەوکات ناتوانێ ھیچ ھەنگاوێکی نوێ بھاوێژێت و پەکی دەکەوێت. ئەمە بە گوتەی زانایانی بواری پەروەردە و دەروونزانی.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی (ئیندیپێندێنت) ی بەریتانی.