ئامادەبووانى ئێستا 128 میوان

( ئۆرگازم ) و ئەندامی سەرەکی سێکسیی مێینە

سامان سیوەیلی‌ : ‌لەکۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردەواریدا کە قسەکردن لەسەر مەسەلە سێکسیەکان و کێشەکانی تایبەت بەم بوارە تەنانەت لەنێوان ھاوسەرانیشدا تا ئەندازەیەکی زۆر بە ھێڵی سوور ھەژمارکراوە ، ئەم ڕەوشە کارێکی

ئەوتۆی کردووە کە زۆربەی ھاوسەران کێشە و گرفتە سێکسیەکانی خۆیان بەپەنھانی حەشار دابێت و بەردەوام لە دەروونیاندا خۆیان بخۆنەوە و ناڕەزاییەکانیان لەیەکدی بێ چارەسەر بھێڵنەوە ، ھەربۆیە ئەم ھەڵوێستە نێگتیڤە لەھەمبەر سێکسدا وای کردووە کە ئەو کێشە و گرفتانە دەمامکی بۆ بکرێت و لە فۆرمی جیاواز جیاوازدا بەرجەستەی بکەن و مەسەلە یاخود کێشە بنەڕەتیەکەی پێ پەردەپۆش بکەن ، بۆ نموونە ژنان ڕەنگە بکەونە بیانوو پێگرتن لە ھاوسەرەکانیان کە کەمتەرخەمن یاخود گلەیی و گازندە کردن لە ماڵە خەزوران و ... ھتد
لەبەرامبەردا پیاوانیش دەکەونە بیانوو پێگرتن بەوەی ژنەکانیان تەمەڵە و ماڵی پێ بەڕێوە ناچێت و باش خزمەتی مناڵ ناکات و میوان دۆست نیە و ... ھتد . بۆیە ڕۆشنبیری سێکسی زۆر گرنگە کە ھەردووڕەگەزی پێ چەکدار بکرێت بەتایبەتی ئەوانەی پێ دەنێنە ژیانی ھاوسەریەوە تاکو ئارامی و ئاسوودەیی باڵ بەسەر ھاوسەراندا بکێشێت و خۆیان لە چەندین کێشە بەدوور بگرن .
یەکێک لەو گرفتانەی کە نەزانی یاخود کەمی ڕۆشنبیریی سێکسی پیاوان بۆ خۆیان و ھاوسەرەکانیان دەیخوڵقێنن ، لەلایەک ئافرەتی تێدا دەکەنە قوربانی و لەلایەکی ترەوە بەجۆرێکی تر و بە درێژبوونەوەی ماوەی ژیانی ھاوسەری خۆیشیان دووچاری وەڕس بوون دەکەن لە وەڵامدانەوە سێکسیەکانی ھاوسەرەکانیان ، ئەوەیە کە زۆربەی پیاوان ( نێرینە ) پێیان وایە زێ ئەندامی سەرەکی سێکسیی مێینەیە ، ئەم باوەڕەش وایلێکردوون کە لەجووت بوونی سێکسیدا جەخت لەم ئەندامە بکەنەوە و جووت بوونی سێکسی نێوان خۆیان و ھاوسەرەکانیان لە چوونەناوەوەی چوکی خۆیان بۆ ناو زێی ھاوسەرەکانیان بە پرۆسەیەکی تەواوکار لەقەڵەم بدەن . ئەگەرچی جووت بوونی سێکسی بەم شێوەیە ترۆپکی چێژ یاخود ئۆرگازم بۆ لایەنێکی پرۆسەکە زامن دەکات کە پیاوانن بەڵام بۆ لایەنەکەی تر ھەمان دەرئەنجام بەدەستەوە نادات یاخود مەرج نیە بەدەستیەوە بدات ، لەکاتێکدا پرۆسەی سێکسی دروست و ھاوسەنگ لەنێوان ھاوسەراندا ئەوەیە کە ھەردوولا بگەنە ترۆپکی چێژ و پێچەوانەی ئەمەش بەدڵنیاییەوە ( بەو شێوەیەی ئاماژەی بۆکرا )‌ دەبێتە خوڵقانی جۆرەھا گرفت لەنێوان ھاوسەراندا لەوانە ناپاکی ھاوسەرێتی و لێکترازانی خێزانی و ئاژاوە و ناتەبایی و ساردی سێکسی لای ئافرەتان و ناڕەزایی و وەڕسی بەردەوام لە ‌ھاوسەر و ژیانی ھاوسەری .
لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە ( ٧٠% ) ژنان ناگەنە ئۆرگازم یاخود ترۆپکی چێژ ئەگەر جووت بوونی سێکسی تەنھا لەڕێگەی ( زێ ) وە ئەنجام بدرێت لەگەڵیاندا ، وە ڕێژەکەی تر ( ٣٠% ) پێویستیان بە تێکڕای ( ١٠ – ١٥ ) خولەک دەبێت کە بەبەردەوامی لەڕێی ( زێ ) وە سێکسیان لەگەڵدا بکرێت بۆ ئەوەی بگەنە ئۆرگازم ( ڕەنگە ئەمەش سانا نەبێت بۆ ئەو گەنجانەی ( نێر ) کە لە بیستەکان یان سەرەتای سییەکانی تەمەنیاندان ) ، ھەروەھا سەلمێنراوە ئۆرگازم لای مێینە لەم حاڵاتانەدا ( کە جووت بوونی سێکسی تەنھا لەڕێگەی – زێ – وە بەڕێوە بچێت ) دەرئەنجامی وروژانی قیتکەی مێینەیە بە پلەی یەکەم ، کە بەھۆی جوڵانی چووکی پیاو بۆ دەرەوە و ناوەوە ڕوودەدات کە بەھۆیەوە ئەو پێستە دەجوڵێت کە قیتکەی داپۆشیوە و ئەم پرۆسەیەش دەبێتە ھۆی وروژانی قیتکە .
کەواتە ئەی چاری ئەو ژنانەی تر چیە کە ( ٧٠% ) ‌پێکدەھێنن بۆ ئەوەی بگەنە ئۆرگازم و لەو چێژە بێبەش نەبن و نەبنە ھۆکارێک بۆ تێرکردنی یەک لایەنەی جووت بوونی سێکسی و ئەو کێشە و قەیرانانەش ڕوو نەدات کە دەرھاویشتەی ئەم بێبەش بوونەیە ؟
لەڕاستیدا ورووژاندنی ڕاستەوخۆی قیتکە وەڵامی ئەم پرسیارەیە ، ئەگەرچی ورووژانی ئەندامە ھەستیارەکانی تری جەستەی ئافرەت وەک گۆی مەمک و لێو و .. ھتد ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن ، بەڵام لەبەرئەوەی قیتکە بە ئەندامی سێکسیی سەرەکی دادەنرێت لە مێینەدا بۆیە جوڵاندن و دەستلێدان و ورووژاندنی بەشێوەیەکی بەردەوام ( پێش ئەوەی جووت بوون لەڕێگەی – زێ – وە دەستپێبکرێت و تەنانەت لەکاتی جووت بوونیشدا ) مەرجێکی سەرەکیە بۆ گەیشتنی مێینە بە ترۆپکی چێژ ، جا ئەم ورووژاندنە لەلایەن پیاوەوە بێت یان لەلایەن خودی ژنەکەوە ( بەدەستی خۆی ) بێت .
قیتکەی مێینە وەک ئەندامی سێکسیی سەرەکی بەرامبەر بە چووکە وەک ئەندامی سەرەکی نێرینە ، ھەربۆیە دانانی زێ بە ئەندامی سێکسیی سەرەکی مێینە بەرامبەر بە چووک لە نێردا دانانێکی نازاستیانەیە . لەشەش ھەفتەی یەکەمی گەشەی کۆرپە لەناو مناڵدانی دایکدا ئەندامە سێکسیەکانی نێر و مێ وەک یەکن و لەشێوەیەکدان کەناودەبرێت بە بارستەی سێکسی ، پاشان ئەم بارستەیە گەشە دەکات و دەگۆڕێت بۆ چووک لە نێر و قیتکە لە مێدا . وێڕای ئەمەش ژمارەی ئەو دەمارە سێکسیانەی لە قیتکەدا ھەیە دوو ئەوەندەی ژمارەی دەمارە سێکسیەکانی چووکی نێرە ، ھەروەھا ژمارەی دەمارە سێکسیەکانی زێ نیو ئەوەندەی ( بەنزیکەیی ) ژمارەی دەمارە سێکسیەکانی قیتکەیە ، ئەمانە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە قیتکە ئەندامی سێکسیی سەرەکیە لای مێینە و بایەخێکی زۆری ھەیە لە ورووژانی سێکسیدا .
ئەگەر لەڕووی توێکاری یان پێکھاتەییەوە لەھەردوو ئەندامی چووک و قیتکە بڕوانین ئەوا وەک یەکن جگە لەبوونی یەک جیاوازی ، وەکیەکیان لەوەدایە کە ئەم ئەندامە سێکسیەی نێر پێکھاتووە لە چووک ( بەشە درێژ و بینراوەکە ) و سەری چووک ، لەکاتێدا قیتکەش ئەم دووبەشەی ھەیە ، بەشە درێژەکەی کە بە چینێک پێست داپۆشراوە و درێژبۆتەوە و بەدرێژی ( ٧ ) سم ( بەنزیکەیی ) چۆتەوە ناو جەستە و بەچاو نابینرێت و بەشەکەی تری کە دەبنرێت سەری قیتکەیە کە بەشە بچوکەکەی قیتکەیە و بەقەد دەنکۆڵەیەک دەبێت . بەڵام تاکە جیاوازی نێوان چووکی نێر و قیتکەی مێ لەڕووی توێکاری یان پێکھاتەییەوە لەوەدایە کە چووکی نێر جگە لەو دوو شانە ئەسفەنجیەی توانای کشانی ھەیە ، ئەسفەنجی سێیەمیشی ھەیە کە بۆرییەکی لەخۆگرتووە وەک ڕاڕەوێک بۆ میز و سپێرم‌ ، بەڵام قیتکە تەنھا دوو شانەی ئیسفەنجی ھەیە کەتوانای کشانیان ھەیە ( لەکاتی وروووژانی سێکسیدا ) و شانەی سێیەمی نیە وەک چووک کە ڕێڕەوی میز لەخۆ بگرێت ، لەجیاتی ئەمە مێینە دەرچەی تایبەت بەمیزی ھەیە کە لەدووری ٢ یان ٣ سم لە خوار قیتکەوەیە .
چووکی نێر ھەردوو فەرمانی پرۆسەی سێکسی و میزدەردان بەجێدەھێنێت ، زێی مێینەش چەند فەرمانێک بەجێ دەھێنێت وەک پرۆسەی سێکسی و دەردانی خوێنی بێنوێژی و دەرچەیەکە بۆ مناڵبوون ، بەڵام قیتکە تەنھا یەک فەرمانی ھەیە ئەویش ورووژاندنی سێکسیانەی مێینەیە .
لێرەدا پرسیارێک سەرھەڵئەدات کەی دەبێت قیتکە بورووژێنرێت لە پرۆسەی سێکسیدا ؟
پێویستە قیتکە لەدوا ئەندامەکان بێت کە دەبێت بوروژێنرێت لەلایەن پیاوانەوە و ژن گەیشتبێتە ئاستێکی بەرز لە ورووژاندن لەڕێگەی ئەندامانی تر و بەشێوازی تر ئەوجا قیتکە بورووژێنرێت بەجۆرێک کە زێ دەبێت تەڕ بووبێت بە دەردراوە تایبەتیەکانی خۆی لەئەنجامی دەستبازی و ورووژانی ترەوە ئەوسا نۆرەی قیتکە دێتە پێشەوە . دەکرێت قیتکە بە دەست یان پەنجە یان ھەرشێوازێکی تر بورووژێنرێت .
فەرامۆش نەکردنی ڕۆڵی ئەم ئەندامە سێکسیە سەرەکیەی ژنان لە پرۆسەی جووت بوونی سێکسیدا پرۆسەکە ئاسانتر و ھاوسەنگتر دەکات و ترۆپکی چێژ بۆ ژنان مسۆگەر دەکات ئەگەر ھۆکاری تر ئامادەیی نەبێت بۆ ساردی سێکسی لای ژنان . دیارە لە کولتوری ئێمەدا زۆربەی ژنان ئەگەر نەش‌ڵێین ھەموویان ، لەژێر ساباتی ژیانی ھاوسەریشدا نەیاتوانیوە ( بۆ ڕابردوو ) وە ناتوانن ( بۆ ئێستا ) کە گوزارشت لە حەزە سێکسیەکانی خۆیان بکەن لەگەڵ مێردەکانیاندا جا یان لەبەرئەوەی تۆمەتبار نەکرێن لای مێردەکانیان بەوەی خاوەنی باکگراوەندێکن لەم بوارەدا یان لەشەرم یان لەترس یان بەھۆی لووتبەرزی پیاوسالاریانەی پیاوەکەوە بێت یان بەھەر ھۆکارێکی ترەوە بێت ، کە تێکڕا ئەم ھۆکارانە ڕەوشێکی جەستەیی و دەروونی نالەباری وەھا بۆ ژنان دەخوڵقێنن کە بەشێوەیەکی تر دەبنەوە بە قوربانی و ئامڕازێک بۆ تێرکردنی حەز و ھەوەسەکانی پیاو ، قوربانی بوونی ژنان لەم بارەشدا ھیچی کەمتر نیە لەو پێشێلکاریانەی تری مافەکانیان کە ڕۆژانە لە کۆمەڵگەکەماندا ڕوودەدەن .
سەرچاوە:سێکسزانی