CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 64 میوان

ئێمە بۆ خۆمان ناژین بەڵکو بۆ خەڵک و دەوروبەر دەژین

راپۆرت: توانا تەھا
زاری کرمانجی – سۆران: شەوبۆ رزگار، کچێکی تەمەن ٢٣ساڵەیەو دەرچووی پەیمانگەی تەکنیکیەو ماوەی دووساڵە کوڕێکی خۆش ئەوێت و دووجار ھاتوونەتە داوای کەچی ماڵەوەی رازی نەبوونە کچەکەیان بەو کوڕە بدەن، بەبیانۆی نەبوونی کارو بڕوانامە.

ئەو کچە گەنجە دەڵێت "بەلای خۆمەوە زۆر شتێکی ئاساییە، ھەمیشە پێم وابوو بڕوانامە مرۆڤ ناژینێت، کەی پارچە کاغەزێک دەتوانێت چارەنووسی ئێمە دیاری بکات، لەبەر ئەوەی ئەو کەسەی ھاوسەرگیری لەگەڵ دەکەم گرنگ نییە بڕوانامەی ھەبێت یان نا، بەڵکو ئەوە بەلامەوە گرنگە خاوەن کەسایەتیەکی بەرزو ئەقلاقێکی جوان بێت و شەرمم پێی نەبێت لە نێو کۆمەڵگەو ئەگەر کارێکی ھەبێت پێوەی بژیت ئەوە ھەر زۆر باشترە".
بەبڕوای شەوبۆ بەشێکی زۆر کچان ئارەزووی ئەوەدەکەن ئەو کوڕەی دێتە داوایان دەرچووی کۆلێژ یان پەیمانگەیەک بێت، لەبەرامبەریشدا کوڕانیش ئەو ھیوایە دەخوزان کە کچێک بێتە نێوژیانیان کە دەرچووی یەکێک لە کۆلێژەکان بێت یان ھەر بڕوانامەیەکی ھەبێت".
ئێمە بۆخۆمان ناژین،خەڵک دەستوەردەداتە نێو کاروبارو ژیامی ئێمە، لەبەر ئەوەی ھەمیشە چاومان لەوەیە کە چۆن بۆ درواسێکەمان بژین و ئەوانیش چۆن بۆ ئێمە بژین". کوردستان کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵە فەرمانبەر لەیەکێک لە دامەزراوە حکومیەکان وای وت".
رێزان ئەنوەر تەمەن ٢٥ساڵە دووساڵە ھاوسەرگیری کردووە ھاوڕایە لەگەڵ شەوبۆ پێیوایە کە مەرج نییە ئەو کەسەی ھاوسەرگیری لەگەڵ دەکەیت لەھەمان ئاستی خوێندنی کچەکەدا بێت و رایگەیاند "ئەوکاتەی ھاوسەرگیریم کرد خوێندکاری قۆناغی زانکۆ بووم، مێردەکەشم کرێکاریی دەکرد، بەڵام زۆر بەلامەوە ئاسایی بوو ھاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکدا بکەم کە ھیچ بڕوانامەیەکی ئەوتۆی نەبێت". رێزان پێیوایە ھەموو کەسێک ناتوانێت ئەوەی لەدڵی خۆیدا دای دەنێت بێتە دی، ئەگینا ھیچ کەس نییە پێی خۆش نەبێت خوێندن تەواو بکات و ماڵ و سامانی زۆری نەبێت و منداڵ و خانو ئۆتۆمبێڵ و گەشت و سەیران نەکات، کەسێک نییە ئەو ئارەزوانەی نەبێت، بەڵام ئایا دەکرێت ھەموو کەسێک ئەوی بۆ بێتە دی لەم ژیانە ئاڵۆزو جەنجاڵەو لە سایەی سیتەمێکی سەرمایەداری مرۆڤ کوژ".
رێزان بەشی دەرونزانی لەزانکۆی سەلاحەددین لەماوەی ساڵانی ٢٠١٠ و٢٠١١ تەواوکردووەو تیشکدەخاتە سەر چەندین ھۆکار کە وایانکردووە ھەندێک کەس بیر لەوەبکاتەوە کە بەرامبەرم چۆن بێت دەبێت خۆشم وابم، لەکاتێکدا ئەوە تەواو ھەڵەیەو پەنجەکانی دەستیش وەکو یەکنین".
بەبڕوای ئەم شارەزایەی بواری کۆمەڵایەتی، گرفتەکان لەخودی مرۆڤەکانن و ھیچ کەسێک ناتوانێت رێگری بکات، بەمەرجێک مرۆڤ خۆی بڕیار بدات و دڵی خۆی پاکبکاتەوەو بۆخۆی بژیت و واز لە دەوروبەر بێنێت، چونکە ئەو شتانە ژیان خۆش ناکەن، بەڵکو خاڵی ھاوبەش خۆشەویستی و رێزو لێک تێگەیشتنە، نەک بڕوانامەو ماڵ و سامان و شتی دنیای کە زۆر زوو تەواو دەبن".
زۆرجار گرێی نەبوونی بڕوانامە، یان ئاستی خوێندن و نەبوونی کاری سەربەخۆ لای زۆربەی خێزانەکان بۆتە یەکێک لە مەرجە بنەڕەتیەکانی بەشوودانی کچەکانیان و بەر لەپرسیارکردنی ھەر شتێکی دیکە ئەو پرسیارانە دەکەن".
ئیدریس مەحموود تەمەن ٤٥ ساڵ ھەموو کات بیر لەوە دەکاتەوە کە بتوانێت کەسێکی گونجاو بۆ کوڕو کچەکانی ھەڵبژێرێت،وەکو خۆی ئاماژەی بۆ دەکات "دیاریکردنی خۆشبەختی منداڵ لەئەستۆی باوک و دایکدایە، لەبەر ئەوەی رەنگە ئێستا زۆر گرنگ نەبێت، بەڵام داھاتووی ئەو نەوەیە گرنگە کە ئەوان دەیخەنەوە، پێم وایە خۆش بەختی و ئاسوودەی ھیچ پەیوەندی بە بڕوانامە نییە". ئیدریس خاوەنی کچێک و کوڕێکەو ئاواتی ئەوەیە ھەردووکیان بگەن بە ژیانی خۆیان و وەکو یەک خۆش بەخت ببن و کەسی باشیان بێتە نێو ژیان و خێزانێکی جوان و تەباو تەندروست پێکەوە بنێن".
ژیان کەمال، پێیوایە رێژەی گونجاندن لەنێوان ئەو کەسانەدا باشترە کە لەیەک ئاستی رۆشنبیریدان بەوپێیەی لە بیرکردنەوەیاندا دەگەنە یەک ئەنجام و دەڵێت "ھەندێک کەس ھەڵکەوتویان وایە کە باشتر دەگونجێن لەگەڵ بەرامبەردا لە ھەر ئاستیکدا بن، بەڵام ھەندێک کەس ناتوانن خۆیان بگونجێنن، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەرئاستی تێگەیشتن و لایەنە ھۆشیارییەکەی کە بەچ شێوەیەک دەتوانێت بەرامبەرەکەی تێبگەینێت و لێی تێبگات".